بەرداشی ئەمریكا و ئێران لە سایەی ئیسلامدا ؟

Saturday, 11/04/2015, 22:13

3348 بینراوە


ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چەقی ناكۆكی و ململانیەكانی دوو سیستەمی جاوازی دژبەیەكە، ڕەنگە ئەم هەڵپەی هەژمونی دەسەڵاتداریە ڕیشەیەكی زۆر لەوە كۆنتری هەبێت كە بە چاویلكەی ئەمڕۆ لێی بڕوانین ، ئەوەی لە بەرچاوە نمایش و مانۆڕی دەسەڵاتی دوو هێزە كە پێكهاتووە لە ئەمریكای خاوەن سیستەمی كاپیتالیز م گڵۆباڵلیزم كە دەخوازێ جیهان سەرلەنوێ بە پێوەری بەرژەوەنی خۆی دیزاین بكاتەوە،
هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێران كە پێداگری لە سەر شێوازی حكومڕانی خۆی دەكات و پشت بە هێزی دەوڵەت و لایەن و گروپە موحازكارەكان دەبەستێت، هەردوو هێزی ڕكەبەر لە دوو فۆڕمی جیاوازدا لە خاڵێكی هاوبەشدا بەیەك دەگەن، ئەوەش ئاینی ئیسلامە بەدوو ئاینزای جیاوازەوە، هەردوو لایان  ئاینی ئیسلام وەك كەرەستەی گۆڕەپانی جەنگ بەكاردێنن و  هاوشێوەی  داینەمۆ بەرداشی خۆیانی پێدەگێڕن،
هەردوو هێزی ناوبراو لە دەروەی سنوری جوگرافیای وڵاتی خۆیان درێژە بە شەڕەكەیان دەدەن و هەردوو لایان لە ئێستادا لە سایەی ئاینی ئێسلامەوە كەرەستەی سەرەكی جەنگ كە مرۆڤە دەستەبەردەكەن، لە كۆی پەنجاو پێنج وڵاتی بە ئاین ئیسلام و لە ناویاندا بیست و دوو وڵاتی عەرەبی سەرجەمیان جڵەوگیری سیاسەتی ولایەتە یەكگرتۆكانی ئەمریكان جگە لە كۆماری ئیسلامی ئێران كە لە سەنگەری دژ بەو بەرەیە جێی خۆی قایم كردووە و لە ململانێیەكی سەختدایە،
ئەو دوو بەرداشە لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا تا ئێستا گەلانی ناوچەكە دەهاڕن و خۆیان بە كەمترین زیانی مرۆیی ماونەتەوە، ئەمریكا بە بانگەشەی بەرجەستەكردنی تێزێكی نوێ وسەقامگیری و دەستەبەركردنی دیموكراسیەت لە ناوچەكەدا بە چوارلادا لە هەوڵی پەل هاویشتندایە، ئێرانیش وەك دەسەڵاتێكی خاوەن هەژمون لە ناوچەكەدا وەك پێشەنگی دژەتێزەكان خۆی دەنوێنێت،
چڕبونەوەی شەڕی تێزو دژە تێز یاخود شەڕی دوو جەمسەر لە دوای بەناو بەهاری عەرەبیەوە بەشێوەیەكی دژوارتر فۆڕمیلەكراوە، هەردوو لا لە ژیر ناوی ئیسلامدا بەرداشەكەیان خیراتر كردووە، دەكرێ بڵێن لە گۆڕەپانی ڕۆژهەڵاتی ناوین مێژو خۆی دوبارەدەكاتەوە بە شەڕی نێوان دوو ڕەوتی ئیسلام ، بەڵام جیاوازترو بە شێوازی شەڕی بەرەی ئیسلامی ئەمریكاو بەرەی ئیسلامی ئێران،  
داعش وەك بەهێزترین چەكی بەكار نەهاتوی ئەمریكا لە گۆڕەپانەكەدا بكارهێنرا، بەڵام بە شێوەیەكی دمامك بۆكراو خرایە سەر شانۆی شەڕ و ناسنامەیەكی ساختەی پێبەخشرابوو، داعش كە زادەی ئیسلامی ئەمریكایەو چەندین وڵاتی ئیسلامی گوێڕایەڵی ئەمریكا لە ناوچەكەدا لە پشتێیەوە بون بەردەوامن لە هاوكاریكردنی، بە سەرهەڵدان و بە هێزبونی حوسییەكانی یەمەن كە ئیسلامی ئێرانن  بەتەواوی دەمامكە ساختەكە لە سەر ڕوی ئەو گروپە دڕندەیە داماڵێنراو ناسنامەكەی ئاشكرا بوو،
بێدەنگی و چاوپۆشی وڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە تاوانەكانی داعش ، هەروەها  پێكهێنانی بەرەی عەرەبی و دەسپێكردنی گەردەلولی پێداگری بە بەشداری سەد فڕۆكەی جەنگی وئامادەكردنی  سەدوپەنجا هەزارسەرباز لە هێزی زەمینی لە لایەن دە وڵاتی عەرەبیەوە، هاوكات پشتیوانی توركیاو پاكستان بۆ ئەو پرۆسە سەربازییە دژ بە حوسیەكانی یەمەن گوزارشتێكی رۆن و ئاشكرای یەكڕیزی و هاوپەیمانی سەرجەم باڵەكانی ئیسلامی ئەمریكایە دژ بە ئیسلامی ئێران، 
گونگرەی لوتكەی عەربی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا 28 و 29 مانگی ئازار لە میسربەسترا جەختی لە سەر گەڕانەوەی سەروەری بۆ یەمەن و پێداگری لە سەركوتكردنی حوسیەكان كردەوە، لە كاتێكدا بەشێك لە ئێراق و سوریا لە ژێر كۆنترۆڵی داعشدایە، بەڵام سوریا و ئێراق نەك باسی سەروەریان نەكرا دیمەشق كورسیەكەی بە چۆڵ هێشتریەوە و بەغداش بە لاوازی و دورە پەرێزی  لە هاوكێشەكە دە بینرا، 
لە كۆتایدا ئەوەی ئاشكرایە ئەو دوو بەرداشە بەردەوام باراشی خۆیان دەهاڕن و هەركەس لەو نێوەندەدا لە هەوڵی ئەوەدایە تێشویەك لە بەرژەوەندی خۆی بهاڕێت، هەڵبەتە كەرەسەی هاڕین لە هەموو لایەك مرۆڤەكانن، بەشكی هاڕینەكە بەر كوردیش كەوتووە، بێگومان ئەگەر لە نێوان ئەو دوو هێزە ئیسلامە دەژبە یەكە دا  ژیرانە مامەڵە نەكرێت كورد لە هەموو لایەك زیاتر باراشێكی بەردەستە بۆ هاڕین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە