شیعر جوانترین و ناسکترین هونەرە، گرنگترین لقی ئەدەبە .. هەست و خۆشییەکی تایبەتی بە دڵ و دەروون و هۆشی مرۆڤ دەبەخشێت .. ئێمەی کورد بە سروشتی گەلێکی دڵپاک و هەست و نەست ناسکین و سۆزدارین، رووخۆش و گوفت و لوفت شیرینین .. هەر لە کۆنەوە ئاڵودەی خۆشی و شادی و، بەزم و گۆرانی و گۆڤەند و هەڵپەڕکێ و زەماوەند بووینە .. لەگەڵ داهێنانی زماندا، لەگەڵ پێکەوەنانی رستەی شیرین و، ترپە و سەروادا، چڕینیان بە دەنگێکی ناسک و بە ئاوازێکی خۆش و پڕ لە خرۆش، گۆرانی و شیعر سەریان هەڵداون .. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ، ئێمەی کورد لە هەموو میللەتێکی تر زیاتر رمودە و هۆگری گۆرانی و شیعر و سروود بوینە .. جوانی و ئەفسووناوی سروشتی کوردستانی رەنگین و قەشەنگمان، زیاتر کاری لە هەست و سۆز و دەروونمان کردووە، رەنگدانەوەیان لە گۆرانی و شیعر و سروودی کوردیدا هەبووە و هەیە .. بە گۆرانی و بە شیعر گوزارشتمان لە خۆشییەکان و، لە ناخۆشییەکانی ژیانمان کردوون، ناخی دڵی خۆمان بە شیعر و گۆرانی و ئاوازی خۆش دەربڕیوە .. هەر لە کۆنەوە شیعر و گۆرانی بوونە بە بەشێک لە ژیانمان .. تێکەڵاوی خوێنمان بوونە، هەستیان بزواندووین، بوونەتە خۆراکی دەروونمان، بە ویردی سەر زمانمان، بە چەکی بەرگریمان، کاریگەرییان لە رووحی رەوانمان کردوون .. کەم گەل هەیە، بە قەی ئێمەی کورد، هێندە جوانی پەرست و شیعردۆست بن .. سەرەڕای ئەو هەموو کوێرەوەری و هەژاری و نەهامەتییانەی کە داگیرکەرانی کوردستان بە سەری ئێمەی کوردیان هێناون و دەهێنن، بۆ سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەییمان، بۆ کاڵکردنەوەی فۆلکلۆرمان، بۆ کوێرکردنەوەی کەلتوور و کەلەپووری رەسەنی کوردیمان .. بۆ قەدەغەکردنی جەژنی نەورۆزمان .. بەڵام شکستیان هێنا و، نەیانتوانی فۆلکلۆر و داب و نەریتی خۆڕاگری گەلەکەمان لە ناوبەرن، ئەگەرچی دزییەکی زۆریان لێکردووین و، بە دەیان گۆرانی فۆلکلۆری کوردییان کردوون بە موڵکی خۆیان، بەڵام بە زەقی رەسەنایەتی و مۆرکی کوردییان پێوە دیارن .. کورد یەکێکە لە گەلە هەرە دەوڵەمەندەکانی جیهان، لە سامانی گۆرانی و بەیتی فۆلکلۆریدا .. خاوەنی گەنجینەیەکی زەبەند و لەبنەهاتوی فۆلکلۆرین .. کە بۆتە مایەی شانازیمانە.
لە ئەمڕۆدا، تەکنۆلۆژیا و داهێنان و گۆڕان، خەریکە زۆر شت کاڵ بکەنەوە .. جا بۆ پاراستن و لە ناونەچوونی ئەم سامانە بەنرخەمان، کە بەشێکی گرنگە لە گەنجینەی سامانی فۆلکلۆری کوردیمان .. پێویستە کۆبکرێنەوە و، بە ئەرشیف بکرێن و، بپارێزرێن .
( شیعر ) یا (هۆنراوە ) یا ( هەڵبەست ) یا (هۆزان ) چوار وشەی هاومانا و هاومەبەستن، لە ئەدەبی کوردیدا هەر چوار وشەکە بەکاردەههێنین .. بەڵام ( شیعر ) زیاتر دەقی گرتووە و زۆرتر لە ئاخاوتن و لە نووسیندا بەکاری دەهێنین .. بێگومان بایەخی شیعر لە بایەخی چیرۆک کەمتر نییە، شیعر ختووکەی هەست و نەست و سۆزمان دەدات .. چێژ و خۆشی و شادییەکی زۆر بە هۆش و دەروونمان پێ دەبەخشێت ... شیعر ئەندێشە و خەیاڵمان گەشتر دەکات، ئاستی رۆشنبیری و زانستی و زانیاریی گشتیمان فراوانتر دەکات .. گەشبینتر و هیوادارترمان دەکات .
شیعری منداڵان، بەشێکی گرنگە لە ئەدەبی منداڵاندا، نزیکترین هونەرە لە دەروونیانەوە، گرنگترین کاریگەری هەیە، لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتوویان .. هەر لە کۆنەوە دایکانی میهرەبان و بەسۆزی کوردمان، بە لای لایە و گۆرانی و لۆرین و لاواندنەوە، بە دەنگێکی ناسک و، بە ئاوازێکی بەسۆز و شیرین، کۆرپەکانیان لاواندوونەتەوە، بە دەم لای لایە و گورگانە شەوێ، لانکەکانیان راژەندوون و، کۆرپەکانیان ژیرکردوونەتەوە و، کردوویاننە خەو .
تێکڕای منداڵان حەزیان لە گۆرانی و شیعر و سروود هەیە، بە تایبەتیش ئەو شیعر و گۆرانییانەی کە خۆشی و شادییان پێ دەبەخشن، باسی ژیان و ژینگەیان دەکەن، باسی باڵندە و ئاژەڵ و یاری و شادی و، خۆشی و ئازادی و، ئازایی و سەرچڵییان بۆ دەکەن، باس لە هیوا و خواست و ئارەزوو و حەز و خەونەکانیان دەکەن، بە ئاسانی لێیان تێدەگەن و، ژیانی خەیاڵی خۆیانی تێیاندا دەبیننەوە .
ئەو ئامانجانەی کە شیعری ناسک و جوانی منداڵان دەیان هێننەدی، زۆر لەو ئامانجانە زیاترن کە تا ئەمڕۆ باسیان لێکردوون .. بایەخ و گرنگی شیعر لە سەر سۆز و دەروونی منداڵان، پێویستی بە توێژینەوەیەکی قووڵ و ورد هەیە .. ئێمە بە چڕی و بە کورتی باسی هەندێ لە ئامانجە گرنگەکانی شیعری منداڵان دەکەین، لەوانەش :
شیعری منداڵان کاریگەرییەکی باشی هەیە، لە فراوانکردنی ئاسۆی ئەندێشە و خەیاڵی منداڵاندا، لە گەشەکردنی زەین و هۆشیان، لە قووڵترکردنی بیریان، لە ختووکەدانی هەست و سۆزیان، چێژ و خۆشییەکی زۆریان پێدەبەخشێت، گەلێ گرێ و کێشەی دەروونی منداڵان چارەسەردەکات، بەشێک لە هەڵەکانیان راست دەکاتەوە، لە رێی شیعری جوانەوە گەلێ لە ئامانجەکانی پەروەردەیەکی دروست دێنەدی .. شیعری منداڵان هۆکارێکە بۆ فێرکردن و فێربوون، منداڵان بە تاک و بە کۆمەڵ، بە دەنگ و ئاواز و جووڵەوە، شیعر و سروود و گۆرانی دەڵێن، شەرمیان دەشکێ و، ئازایەتی ئەدەبییان دەبێت .. شیعر هۆکارێکی گرنگە بۆ بنیاتنانی کەسایەتییەکی دروست، بۆ رواندنی رەوشتی بەرز و خووی جوان و بەهای پیرۆز، بۆ فێربوونی نەریتی رەسەن و رەفتاری باش و هەڵسوکەوتی راست، بۆ زاخاودانی هۆش و هەست و دەروونی منداڵان، بۆ زیاتر خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ گەل و نیشتمان .. ئەوە شیعرەوە، کوردیلە چاوگەشەکانمان بە کوردایەتی و کوردستان پەروەری گۆش و پەروەردە دەکات .. فێریان دەکات کە هەمیشە دڵسۆزی گەل و نیشتیمانەکەیان بن، پاک و راستگۆ و ئازا و قارەمان بن، خێزان و کەسوکار و هاوڕێکانیان خۆشبوێ .. ئەوە شیعرە، فێری خەبات و تێکۆشان خۆڕاگری و بەرگری و کۆڵنەدانیان دەکات .. فێری ئازادیخوازی، ئاشتیخوازی، هاوڕێتی، چاکەخوازی، دادپەروەری و، مرۆڤایەتییان دەکات .. ئەوە شیعرە، فێری خۆشەویستی و پەیوەندی خوشک و برایی و، یەکێتی و تەبایی و، هاوکاری ویەکڕیزی و سەرکەوتنیان دەکات .. ئەوە شیعرە، فێریان دەکات، زمانی شیرینی کوردیمان لایان شیرینتر بێت ، کوردستانیان لا پیرۆزتربێت، ئاڵای کوردستانیان لا جوانتربێت، پێشمەرگەیان لا خۆشەویستربێت، شەهیدە نەمرەکانی کوردستانیان لا شکۆدارتربێت، پاڵەوانێتی و رۆڵی سەرکردە و کەسایەتییە ناودارەکانمان و، کەڵە ئافرەتە قارەمانەکانمانیان لا بەرزتربێت .. بۆیە بە چاوێکی رێزەوە لە شاعیرانی منداڵان دەڕوانرێت .. چونکە شاعیرانی منداڵان دراوێکی گرانبەهای دەگمەنن.. ئەرکێکی زۆر پیرۆز و هەستیاریان لە ئەستۆ گرتووە، بەرپرسێتییەکی مەترسیداریان هەڵبژاردووە .. پێویستە زۆر بە دڵسۆزییەوە، بە ئەوپەڕی وریای و ئەمانەتەوە، ئەرکی سەرشانیان جێبەجی بکەن و، پەیامی پیرۆزی شیعری رەسەنی منداڵان بهێننەدی .. هەر هەڵە و کەموکوڕییەک لە شیعرەکانیاندا هەبن، کاریگەرییەکی خراپیان لەسەر ژیانی ئەمڕۆ و داهاتووی منداڵان دەبێت .. دەبنە بەشێک لە رەفتار و ژیانیان، راستکردنەوە و رەگ هەڵکێشانیان ئاسان نابێت، باجێکی زۆری ئەو هەڵانە دەدەینەوە .. ئەم گوناه و زیانەش لە ئەستۆی شاعیری منداڵانی نابەڵەد و دوور نەبیندایە.
نووسینی شیعر بۆ منداڵان، کارێکی هەڕەمەکی و ئاسان و ساکار نییە، لە نووسینی شیعر بۆ گەورەکان گەلێ گرانترە، چونکە شیعری منداڵان، هەر ئەوە نییە، کە شاعیر چەند دێڕێکی کێش و سەروادار رێکبخات و ناوی لێبنێت ( شیعر بۆ منداڵان )، شیعری منداڵان بنەما و تایبەتمەندی خۆی هەیە، کە پێویستە شاعیر لە نووسینی شیعرەکانیدا بۆ منداڵان رەچاویان بکات .. پێویستە شیعری منداڵان، وشەکانی ئاسان و رەوان و تەڕ و پاراو بن، وەک گوڵ جوان و گەش و بۆنخۆشبن، هیچ گرێ و گۆڵێک لە شیعرەکاندا نەبن، لە ئێستادا باوی کێشی عەروزی شیعر نەماوە .. پێویستە کێشی شیعرەکان خۆماڵیبن ( پەنجەیی ـ بڕگەیی ) و کورت بن . زۆربەی شاعیرانی منداڵان، شیعرەکانیان بە کێشی پەنجەیی دادەڕێژن کێشی ( ٥ ، ٦، ٧، ٨، ١٠) برگەیی . ( کێش ) و ( ترپە ) و (موزیک) سێ بنەمان لە بنەماکانی شیعر، پەیوەندییان بە یەکەوە هەیە و، تەواکەری یەکترین، یا بڵێن گیانێکن و لە سێ جەستدان .. گونجانی هەرسێکیان پێکەوە .. جوانی و شیرینی و چێژێکی خۆش بە شیعر دەبەخشن .. ریتم و تەکنیکیش پێویستە بە پێی پێوەرەکانی شیعری منداڵان بن . شاعیری منداڵان، کاتێ دەتوانێ شیعری بە سوود و کاریگەر بۆ منداڵان بنووسێت، کە شارەزاییەکی تەواوی لە قۆناغەکانی گەشەی منداڵ لە رووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و ژیری و سۆزی و زمانی و بیردا هەبێت .. پێویستە شارەزابێت، لە زانستی دەروونناسی و جوانناسی و پەروەردەی نوێی منداڵدا، ئەوە بزانێت کە هەریەکە لە قۆناغەکانی گەشەکردن و هەراشبوونی منداڵ، ئاستی تێگەیشتن و توانای بیرکردنەوە و، ئاسۆی بڕکردنی خەیاڵ و، فەرهەنگی زمان و، حەز و ئارەزوو و پێویستی و پێداویستیی خۆیان هەیە . ئەوە بزانێت کە شیعری منداڵان، دەبێت وەکو منداڵان پاک و سادە بێت.