نەخۆشى کورسى

Sunday, 19/04/2015, 22:30

2879 بینراوە


 لەوانەیە ناونیشانى ئەم بابەتە بەلاى هەندێکتانەوە سەیر بێت ، بەڵام دواى خوێندنەوەى بابەتەکە دەگەنە ئەو باوەڕەى کەناونیشانەکە پڕپیستى بابەتەکەیە ، ئەوەى کەبووە هۆى ئەوەى ئەم بابەتەش بنووسم ، ناسروشتى مامەڵەى هەندى ساسەتوان وبەرپرسانى سیاسى وئیدارى حکومەتى هەرێمە ، کەژمارەیەکى زۆریان لەپاش دەرکەوتنى بزووتنەوەى گۆڕان بەتەواوى خۆیان لەخەڵک نزیک کردووەتەوە .
هەموومان وەکو مرؤڤ حەز بەسادەیى وخاکى ومتواضعى دەکەین ، بەڵام هەموو خاکى بوونى کەسانێک خاکى بوونێکى ڕاستەقینە و جەوهەرى نیە ، بەڵکو خەلفیەتیەکى تەمومژاوى وشاراوەی هەیە کەتەنها خۆى وخودا دەزانێ چ لەهەگبەى بیرکردنەوەى دایە .. 
بەپێی خوێندنەوەى ئێمە بۆ ئەوکەسانە ، دەتوانین بڵێین کەسانیکى مەطاطی ولاستیکین ، کاتیک دەسەڵاتیان بەهێز وخەڵک بەزۆرى لەدەوریان کۆبووەتەوە بێگومان لەم حاڵەتەدا دەگەنە لوتکەى لەخۆبایبوون ، بۆسەردانێکیان دەبێت سەد ژوور تێپەڕینى تابگەیتە پرسگەى فەرمانگەکەیان ، بۆ زانیارى وەرگرتنێک لێیان دەبێت سەد جار پەیوەندى بەسکرتێرەکانیانەوە بکەى ئەگەریش وەڵام بدەنەوە ..
بەکورتى سەرکردەیەکى ئاسایى وسروشتى نین بەڵکو هەمیشە لەدەرەوى بازنەى ووڵات وجەماوەرن .
هەرخودى ئەم سەرکردانە کاتێک بەشێکى زۆرى جەماوەر لەدژیان دەرژێنە سەرشەقام ودەنگى ( نا ) بەرەو ڕوویان بەرز دەکەنەوە .. سەد وهەشتا پلە دەگۆڕێن بەڵام گۆڕینیکى ساویلکانە ونەفامانە ، گۆڕینێک کەتەنها بۆچەواشەکردن وخۆڵ کردنە چاوى خەڵکە گۆڕینیک تەنها لەپێناو مانەوەیان لەسەر کورسى ودرێژە دان بەدەسەڵاتە نەگریسەکەیان نەک لەپێناو هەستى خەڵک وبەرژەوەندى نیشتمان وجەماوەر ، هەندێکیان لەم حاڵەتەى دووەم دا تەوقە لەگەڵ منداڵە هەژارە ئاوارە نشینەکان دا دەکەن وێنەیان لەگەڵ دەگرن ، هەندێکیان ماچى دەستى ئافرەتە ئەنفالکراوەکان دەکەن ، هەندێکیان تەنها لەبەر گرتنى وینەیەک لەبەردەم کامیرا خۆیان دەکەنە کرێکار و بەرگى کرێکارى لەبەردەکەن ، هەندێکیان لەپڕێکدا سەردانى ماڵەکان دەکەن بەبێ پرسى خاوەن ماڵ ، هەندێکیان خۆیان دەکەنە پاککەرەوە ولەگەل خزمەتگوزارەکانى ژینگەدا تەنەکەى زباڵەکان هەڵدەگرن ، هەندێکیان واخۆیان بچووک وسادە دەکەنەوە بەنێو بازاردا بەتەنها پیاسە دەکەن ، وهەندێکیان تادوێنى خۆى بەسەدام نەدەگۆڕییەوە کەچى لەکاتى هەڵبژاردن دا چکلێتى بەسەر دوکانەکانى بازاڕدا دابەش دەکرد ،...هتد .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە