دونیایەکی سەیرە! چی ئەم سیانەی کۆکردۆتەوە؟!

Monday, 20/04/2015, 18:21

4487 بینراوە



چەند ناشیرینە ، دەست بخەیتە  دەستی کەسێکەوە، کە زۆرینەی نەتەوەکەت، نەفرەتی لێبکات .
چ نەگبەتییەکە ،هونەرمەندێکی شۆڕشگێڕ ،دواڕۆژی خۆی، ئاوا هەرزانفرۆش بکات..
بیرمە ساڵی 1989 لە بەرنامەیەکی، ڕادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانی حیزبی دیموکرات، بەرنامەکە بەراوردێک بوو لەسەر هەڵوێستی شڤان و برایم تاتلیسەس.لەوێدا  قسەیەکی تاتلیسەس باسکرا کە وتوویەتی:  من بۆیە بە زمانی تورکی گۆرانی دەڵێم، ڕێز لە یاسای تورکیا دەگرم،شڤانیش لە دژی ئەو قسەیەی ئەو ،وتویەتی :من ڕێز لە یاسایەک ناگرم ،ئەگەر ڕێز لە زمانی نەتەوەکەم نەگرێت.
دیارە ئەوە بۆ کاتی خۆی، هەڵوێستێکی جوان بووە و هیچ کەسیش  گومانی لە دەنگ و کاریگەری شڤان لە ڕابردوودا، لە سروودو گۆرانیدا، لەسەر زۆرێک لە خەڵک نییە.
هونەرمەند موڵکی میللەتە. هونەرمەند ئەوکاتە خەتا دەکا و لە ڕێزی خۆیی و هونەرەکەی دێنێتە خوارەوە،کە دەبێتە لایەنگرێکی بێتامی حیزب، گۆرانی بە بەژن و باڵای سەرکردەی حزبێکدا هەڵدەدا و بە فەرمانی حیزب و سەرکردە دەجوڵێتەوە.
شڤان لەبەر هەڵوێستە خراپەکانی وچەندینجار  ئەمبەرو ئەوبەر لە نێوان پکک و پارتیدا، زۆرێک لە نرخی خۆیی و هونەرەکەی هنێناوەتە خوارێ ،وایلێهاتووە خەڵک وەک جاران نە ڕێزی دەگرن و نە خۆشیشیان دەوێت.
هەموو دەزانین لە ئێستادا،هەندێک گۆڕانکاری لە تورکیادا هاتۆتە کایەوە،بەڵام هێشتا هیچ نین لەچاو میللەتێکی زیاد لە 20 ملیۆنیدا. ئەوەش دەزانین. چونەوەی شڤان بۆ تورکیا ،بە یارمەتی و پاڵپشتی  راستەخۆی پارتی  بووە. لێرەدا نزیک بوونی پارتی و ئەردۆگانیش هۆکاری سەرەکی بووە.
رەنگە گەرانەوەی هونەرمەندێک، پاش ساڵانێکی زۆر دابڕان  لە نیشتیمان، لە سەروبەندی  ئەو گۆڕانکاریانەدا، هێند کێشە نەبێت،بەڵام بە ڕاستی ئەوە شەرم و  عەیبێکی گەورەیە، هونەرمەندێکی شۆڕشگێری دوێنێ، ئەمڕۆ ببێت بە پڕوپاگەندەکەر، بۆ  پیاوێک و دەسەڵاتێک کە بکوژی ڕۆڵەی نەتەوەکەت بن.
ئاخر ئەوکاتەی هونەرمەندێک، دەبێتە بووکەڵە بە دەستی حیزبەوە، حیزبیش بۆ مەرام و پیاوەتی خۆی ئاوا سوک و ڕیسوای دەکات.
چوونەوەی شڤان بۆ ناوخۆی تورکیاو وێنەگرتنی لەگەڵ ئەردۆغان و بلە تاتلیسەس،هیچ خوێندنەوەیەک هەڵناگرێت،جگە لە پروپاگەندە بۆ ئەردۆگان و حیزبەکەی.ئەمەش چۆن هەڵیبسەنگێنیت،دەچێتە خانەی خیانەت و  خۆفرۆشتنەوە.ئەوەش  هیچ نییە جگەلە تۆمارکردنی ڕیسواییەکیتر و خستنە ژێرپرسیاری هەموو مێژووی ڕابردوویەوە . قسەش لەوەدەکرێت کە برایەکی شڤان کاندیدای ئاکاپەیە بۆ هەڵبژاردنەکان،گەرچی دڵنیام  کەسیش گوناهی کەسێکیتر هەڵناگرێت.
هەڵوێستە شەرمهێنەکانی  ئەم پیاوە، لە کاتێکدایە ،کە کورد ،یەک دەنگ و یەک دەست، ئومێدێکی  گەورەی، بە هەڵبژاردنی ئەمجارە هەیە،کە بەربەستی ڕێژەی دیاریکراو بشکێنێت،کەچی ئەم گۆرانیبێژە،لەم کاتە ناسکەدا، بە یارمەتی و پیاوەتی پارتی، بووەتە زوڕنا ژەن و پڕوپاگەندەکەر بۆ ئاکپارتی و ئەردۆگان. دڵنیام ئەم هەڵوێستەشی هێندەیتر دەبێتە هۆی سوو ڕیسوا کردنی .زۆربەمان ئەو ڤیدیۆەشمان بینی کە چۆن لەسەر شانۆ دەیهێننە خوارەوەو سوکایەتی پێدەکەن.ئەوەیە بەرەنجامی دەست خستنە ناو دەستی ئەردۆگان و هاوشێوەکانی....لەوەتی هەین باسی یەکبوون و یەکێتی و یەکگترن دەکەین، چ میللەتێکی درۆزنین !

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە