هێرۆ و نەوشێروان

Tuesday, 21/04/2015, 18:22

9472 بینراوە



نەوشیروان مستەفا بۆ ئەوەی حیزبەكەی لەگەڵ یەكێتی یەكبگرێت مەرجی هەیە (رووداو) .٢٠/٤/٢.١٥ لە سەرچاوەیەكی نزیك لە نەوشیروان مستەفاوە زانیویەتی كە مەرجەكانی ئەمانەن "نابێ هەندێ لە سەركردەكانی یەكێتی لە سەركردایەتی بمێنن، لەوانەش كۆسرەت رەسوڵ، حاكم قادر، عومەر فەتاح و مەلا بەختیار، چونكە كاتی خۆشی كە كاك نەوشێرواان لەنێو یەكێتیدا بوو دژی ئەمانە بوو، بەڵام بەردەوام مام جەلال بەرگری لەو كەسانە دەكرد". 
ئەگەر ئەوەی کەناڵی روداو دەێلێت راست بێت، دوور نییە ئەو هەنگاوە قازانجی تایبەتی کاتی تیادا بێت بۆ سەرکردایەتی پارتی گۆڕان بەڵام هەرگیز قازانجی میللەتی کوردی تیادا بەدی ناکرێت لە مەدای دوردا بە زەرەری خۆشی دەکەوێتەوە.  
 نەوشێروان، گوڵ بژێری نەکردوە لە هەڵبژاردنەکەی، هێرۆ هیچ باشترێک نییە بە بەراوردکردن بەو ناوانەی رێزبەند کراون. تاڵەبانی و هێرۆ دەستێکیی باڵایان هەبووە لە گەندەڵ کردنی یەکێتیی لە ژیانی رێکخراوەیی، سیاسیی لەسەر ئاستی هەرێم و ناوەند. گومان لەوەدا نییە کە هەردوکیان هەمان بیرکردنەوە، قەناعەتیان هەبووە لە جۆری ئاراستەکردنی هێزی یەکێتیی نیشتمانی.  درێخیان نەکردوە لە ڕاکردن بۆ ئەوروپا لەکاتی تنگەژە سەربازییەکان، دامەزراندنی خزمەکانیان لە پۆستە حزبیەکان و حکومیەکاندا، دزینی سامانی گشتی وڵات، بوون بەجاشی ئێران، دەست تێکەڵاوکردن لەگەڵ بنەماڵەی بارزانیی بۆ پاراستنی دەستەکەوتەکانیان، پشتیوانی کردن لە فایلداران، ئەنفالچی سەرۆک جاشەکان.  
هێرۆ خاوەن هێزێکی مادییە نەوەک جەماوەریی، وەریسی سیاسیی تاڵەبانییە، دەستەڵاتداری یەکەمە لە نێو یەکێتیدا، داردەستی رژێمی ئیسلامی ئێرانە، نزیکترین باڵە لە بنەماڵەیی بارزانیی، کۆمەڵێک بەرژەوەندیی مادیی و سیاسیی پێکەوە دەیان بەستێتەوە.
کۆسرەت رەسوڵ، باڵێکی بەهێزە کە حاڵی حازر دژ بە هێرۆیە، گومان لەوەدا نییە ئەوەی کۆسرەت دژ بە هێرۆ پێی دەکرێت ئەگەر بڕیار بدا بیکات، ئەوا بە ئەوانی تر ناکرێت، بە تایبەتی لە پارێزگایی هەولیر هێشتا ئەو سەنگەی ماوە، بنکەیەکی ئابوری چەکداری دابین کردوە، پارتیش هەژماری بۆ دەکات، بەجۆرێک لە جۆرەکان دەتوانێت سودمەندیش بێت لەو هەڵبژاردەییە.

لێکدانەوەکان ئەوە دەردەخەن لە ئایندەدا ئەو رێکەوتنە بە قازانجی هێرۆ دەشکێتەوە. هێرۆ پشتگیری تەواوی دەبێت لە لایەن ئێرانەوە. ئێران ئیمرۆ لە هاوکێشە سیاسییەکانی رۆژ هەڵاتی ناوەراستدا پێگەی بەهێزە، قسەو گفتی لەلایەن زلهێزەکاندا هەژماری بۆ دەکرێت، دەوری سەرەکیی هەیە لە ناکۆکییە مەزهەبیەکانی نێوان سونەو شیعەدا، جەمسەریکی بەهێزە لە راگرتنی هاوسەنگی ئەو دوو هێزە کە ئەمە خواستی زلهێزەکانە. ئێران دەوری هەبوو لە دامەزراندنی داشی هێرۆ بە سەڕۆک کۆماری عیراق. لە هاوکێشەکانیشدا تورکیا وکو پشتیوانی ماڵی بارزانی دێتە پێشەوە، دەوری دەبێت لە هاوسەنگ راگرتنی بەرژەوەندی ماڵی بارزانی و هێرۆ.
لە دوای ساغ بوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان باڵەکان، هێرۆ دەبێتە دەستەڵاتداری بێ ڕکابەر لە نێو یەکێتی، پێگەی لە ئێستادا بەهێزتر دەبێت، هەوڵدەدات قوبادی کوری ئامادە بکرێت بۆ سەرۆکی هەرێم یان سەرۆکی حکومەت.  نەوشێروان وەکو ئەوانی تر پەراوێز دەخرێت ئەگەر تەمەنی رێگای ئەو ئایندەییە بدات، هەمان ئەزمون دوبارە دەبێتەوە کە لە سەرەتایی نەوەتەکان نەوشێروان رووی لە دەرەوەی وڵات کرد بە تەنیا. 
پشتیوانی نەوشێروان بۆ هێرۆ، دووبارە کردنەوەی دوو هەڵەی سیاسیی مێژوویە لە ژیانی سیاسیی خۆیدا یەکەم، هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵەی رەنجدەران، تەسلیم کردنی ئەو هێزە حازر بەدەستە بوو بە تاڵەبانی و هێرۆ لە ساڵی ١٩٨٩.  دووەم بردنی دەنگە نارەزاییەکانی نێو میللەت لە چوارچێوەی پارتی گٶڕان بۆ نێو حکومەتی بنکەفراوان لە ساڵی ٢.١٣دا. میژوو سەلماندی کە هەر دوو ئەزمون لە بەرژەوەندی دۆزی رەوای میللەتەکەمان نەبوو. ئەو هەڵوێستەی ئیمرۆش  دەبێتە هۆکارێک بۆ  لەدەستدانی خەرمانەی خەبات و ماندوو بوونی نەوەیەکیی تر لە نێو میللەتی کورد لە باشوری وڵات.  دوبارە نەوشێروان هێزێکی حازر بەدەست وەکو کەکڵە گوێزێک تەسلیم بەدەستی هێرۆ و قوباد دەکات، نەهامەتیەکەش بۆ میللەتی باشوور بەجێدەهێڵێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە