وریای بن! خەمۆکی لە پیریدا

Saturday, 25/04/2015, 21:21

9298 بینراوە


لە چەند ساڵی دواییدا لە هەرێمی کوردستان بە هۆی میدیا کانی بینین و بیستن و نوسینەوە هەواڵی  مردنی لە پڕ و چاوەڕواننەکراوی پیاوان و کەمتر ژنانی پیر و بەساڵاچو  بڵاوکراوەتەوە و ئەگەری ئەوەی مردنەکە خۆکوشتنبێت باسکراوە. زۆرجار بیروئایدیای وەک (خوا ڕۆژی تەواوکردبو، ئەجەلی هاتبو، پێویست بە تێڕوانینی پزیشکی دادوەری ناکات...)،  یا درۆ و پاگەندەی بێبەڵگە ی وەک (مەهێڵن بیبەن بۆ پزیشكی دادوەری چونکە گورچیلە و چاو و ئەندامەکانی تری کەسەکە دەردەهێنن و دەیفرۆشن،...)، یا ترس لە لێکەوتە کۆمەڵایەتی و یاساییەکان نەیانهێشتوە پزیشکی دادوەری هۆی مردنە گوماناویەکە ڕونبکاتەوە. جاری واش هەیە خۆکوشتنەکە ڕون و ئاشکرایە  بەڵام لەبەرعەیبە نکولی یا بێدەنگیی لێدەکرێ یا هۆیەکی تر بۆ مردنەکە دەهێنرێتەوە، بۆ نمونە ئەگەر کەسەکە بە فیشەک خۆیکوشتبێ دەوترێ فیشەکی لە دەس دەرچوە! گرنگترین و بڵاوترین هۆی خۆکوشتن لە هەمو تەمەنەکاندا خەمۆکیە. خەمۆکی زۆر جار نە کەسەکە خۆی نە خزمەکانی پێی نازانن و بێچارەسەر دەمێنێتەوە .ئەم نەخۆشیە لە هەندێ کەسا لە تەمەنی پیری وردە وردە دەردەکەوێ ئەگەرچی کەسەکە پێشتر هەرگیز خەمۆکیی نەبوە.خەمۆکی لە پیریدا زۆرجار خەڵەتێنەرانە و بە ڕوپۆشەوە (ماسک) لە شیوەی ئێش و ئازاری جەستەیی جۆراوجۆر دەردەکەوێ کە دوای چونەلای دەیان دوکتۆر و خستنە ژێرباری دەیان تێڕوانینی تاقیگەیی وەک هەناوبینی و سۆنەر و خوێن و قەستەرە  و وێنەی تیشکی و تەنوری هیچ هۆیەکی جەستەیی ڕون بۆ ئێشەکە نادۆزرێتەوە. نیشانەکانی تری ئەم نەخۆشیە: بێوزەیی و وەڕسی و بێزاری لە ژیان ، دابڕان و گۆشەگیری و نەچونەدەرەوە وخۆکشانەوە لە پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکان لە گەڵ خزم و کەس و هاوڕێیان، کش و ماتی و داخران و خۆخواردنەوە و دەرنەبڕینی (دەردی دڵ) و سکاڵاکانی ژیانی ئێستا و ڕابوردو، یا بە پێچەوانەوە بۆڵەبۆڵ و بیانوپێگرتن و نارازیبونی بەردەوام و بێئۆقرەیی و نائارامی و توڕەیی و زوهەڵچون لە سەر شت و کێشەی بچوک و ناگرنگ. خەمۆکی لە پیریدا لەو کەسانەش دەردەکەوێ کە نەخۆشیی قورسی جەستەیی درێژخایەنیان هەیە وەک هی دڵ و شەکرە و بەرزیی پەستانی خوێن، یا دوای جەڵتەی مێشک یا سەرەتان. هۆکانی تری  خەمۆکی لە پیریدا: خانەنشینی و مانەوە لە ماڵدا و  نەبونی هیچ چالاکیەکی کۆمەڵایەتی یا وەرزشی یا هونەری و ڕۆشنبیری، مردنی هاوژین و یەک لە دوای یەک مردنی  خزم و هاوڕێیانی هاوتەمەن ،ترس لە مردن و دوای مردن، ترس لە نەخۆشی و پەککەوتەیی و بون بە بار بەسەر خزم و کەسەوە، نەگەیشتن بە ئاواتەکان، نەداری و بێدەرەتانی، گوێپێنەدان و چاودێرینەکردن لە لایەن خێزانەوە، کێشە و ناکۆکیی کۆمەڵایەتی و ئابوری ناوخێزان. تەنیا دوکتۆری دەرونی دەتوانێ خەمۆکی لە پیریدا بدۆزێتەوە و سەرکەوتوانە چارەسەری بکات.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە