ئینگە و لەنگەی شۆڕشەکانی کورد و پلانگێڕیەکان (١٩بەشی)
Saturday, 25/04/2015, 23:23
2067 بینراوە
کوردستان و شەڕی داعش...
- دوای ئەوەی داعش لە چاو تروکاندنێکدا ڕۆژی ١٠-٦-٢٠١٤ز. موسڵی گرت و بە ویلایەتی ژێر خەلافەتی خۆی ڕایگەیاند، پەلاماری بەرفراوانی بۆ دەوروبەر و دوور و نزیک برد و ترس و دڵڕاوکێ و نائارامی سەرجەم کوردستان و عێراق و جیهانی گرتەوە...
- لە سنورەکانی موسڵەوە پاش ماوەیەکی کورت شەنگال و مەخموری بەشی کوردستانی داپلۆسی و خستیە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و کۆمەڵکوژی و ئەنفالی لەو دەڤەرانە ئەنجامدا!! کورد نەیتوانی تا ئەو کات هیچ بەرنگارییەکیان ببێتەوە!!.
- سیاسەتی کوردی و دەوڵەتی کورد لە کوردستانی باشور تا ئەو کات لە بەرامبەر ئەو جۆرە پەلامار و هەڕەشانە وەک نوستوو وابوون! سەرقاڵی خۆیان بوون.. ململانێ و دووبەرەکی چەند دەستە و ئیدارەیی، نەبوونی هێزی یەکگرتوو و پارێزەر، نەبوونی پلان و پارێزگاری لە کوردستان؛ لە لایەکیترەوە خەریک بوون بە بازرگانی و گیرفان ئاخنین و پرۆژەی جەردەیی و فرۆشتنی سەروەت و سامانی سروشتی و نەتەوەیی بە دەورو بەر و جیهانی دوور و نزیک، لە سەرقاڵیی خاک و ناوچە داگیرکراوەکان لە گەڵ بەغدا و بێئاکام مانەوەیان و پاڵ لێدانەوەیان، کەوتبوونە سارد بوونەوە و خۆ ون کردن لە ئاست بەرژەوەندیە ستراتژیەکانی گەل و نەتەوە و خاک و مێژوو و وڵاتەوە.! جرت و فرت بۆ دەوڵاتانی دراوسێی دژە کورد، کڕین و فرۆشی خاک و سەرمایەی کورد و کوردستان و خستنە ژێر پرسیاری سەروەری نیشتمانی؛ ببوونە هۆکاری پلان و دەسئاواڵایی دوژمن و پیلانگێڕان بۆ سەر کوردستان و دیسان لە بار بردنی ئەو ئەزموون و دەسکەوتە گرنگە کە بۆ کورد و کوردستان بە دەست هاتبوون!.
- گرتنی شەنگال و چەند ناوچەیەکی گرنگی کوردستان لە لایەن داعشەوە، بە داخەوە کارەساتی زۆر قێزەون و نامرۆیی لێکەوتەوە و ئەو ناوچانە بە دانیشتوانی و جێگاو شوێنیانەوە، مەرگ و ترس و ئاگر و ئاسن و گولە، دەستدرێژی و بێڕێزی لە لایەن پەلاماردەرانەوە کەرامەتی هەر تاکێکی کوردی وڕوشاند!
- بێویژدانی نەبێت و ئەوەشمان لە بیر نەچێت کە پێش ئەو هێرشانە بۆ سەر خاکی کوردستان، بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەلە قاژەدا بوو بۆ ڕاگەیاندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و لە چەند دیمانەیەکی ڕاستەوخۆدا باسی لەو ئامادەسازی و کار و چالاکیانە کرد کە دەبێ چۆن و چی بکەین بۆ سەربەخۆیی... باسی ڕیفڕاندۆمی کرد لە ناو کۆمەڵگەی کوردی لە کوردستانی باشوور بۆ ئەو پرۆسەیە و سەرنجی دۆست دوژمنی بۆ لای خۆیان و مەسەلەی گرنگی کورد ڕاکێشا، ئەمە وێڕای ئەوەی کە لە ڕوانگەی زۆر کەسانەوە پێیان وا بووە و وایە کە بارزانی لە پێناو بەرژەوەندی و چەسپاندنی زیاتری پلەو پایەی خۆی حیزبەکەی بۆ هەتایە لە کوردستان دەیەویست و دەیەوێ بەردەوام بە تاک و حیزبی یەکەم و دەسەڵاتدار بمێننەوە؛ کە ئەوەش مافی هەر کەس و حیزبێکە ئەگەر لە حیسابی گەل و نەتەوە و پاماڵکردنی حەقی خەڵک و حیزب و کەسانیتری کوردستان نەبێت!....