چیرۆکی پیاوێکی سەرخۆش

Thursday, 30/04/2015, 18:11

6049 بینراوە


 ئەم جارەیان بینیم یەك ڕیز ددانی پێشەوەی نەماوە و چۆنێتی گفتۆگۆ و قسەکردنیشی بەتەواوی گۆڕابوو.لێم پرسی ئەوە چی بووە،ووتی وەڵا ئەوە دەردی سەیارە نەعلەتیەکەیە. منیش هەروەك جاران ئەم زانی کەوا هەر چی بەسەری  بێ نایخاتە سەر خۆی و خۆیی لێدەرباز ئەکا بەوەی کەوا ئەوەی ڕووئەدا تەنها خەتای ئوتۆمۆبیلەکەیەتی. کورد ئەڵێ(بیانووی تڕ نانی جۆیە)، هەربۆیە بڕیاری دا کە ئەم جارە ئەو بەڵایە لەکۆڵ خۆی بکاتەوەو سەیارەکەی بفرۆشێ.
من خۆم باشم ئەزانی کەوا ئەو ئۆتۆمۆبیلە چەند شوومە، ئەوە سەری سێهەمین جارە تووشی ڕووداوم ئەکا و باشترین شت ئەوەیە بەتەواوەتی لەمێشکی خۆمی دەرکەم و پاڵی پێوەنێم و بیفرۆشم. ئا بەم شێوەیە شیکردنەوەی بۆ ئەو ڕووداوانە کرد کە تووشی هاتوون لەماوەی ئەو کاتەی  خاوەنی ئەو ئۆتۆمۆبیلە بوو. منیش لەدڵی خۆمدا ووتم؛ ئاخر تۆیەکی بێ ئاگا و بەردەوام سەرخۆش کاتێ ئۆتۆمۆبیل لێبخوڕی چۆن  ئەو ڕووداوانە ڕوونادا؟!؟!! ئەوەی لەم کابرایە ڕوویدا تەنها و تەنها خەتای خۆیەتی و بەس. کەس بیستویەتی ئۆتۆمۆبیل شووم بێ؟ نەخێر.
کاتێك هەریەك لە مەلیك مەحمود و قازی پێشەوا دەوڵەوتی کوردیان ڕاگەیاند و ئاڵاکەیان بەرز کردەوە هەریەك لە ئێران،عێراق و تورکیا دەوڵەوت بوون و دراوسێمان بوون. کەچی لەبەرئەوەی خاك و گەل و نیشتمانیان خۆشەویست و بەرژەوەندی کوردیان خستە پێش بەرژەوەندی خۆیان و بنەماڵەکانیان،توانیان(گەر بۆ ماوەیەکی کورت)یش بوبێ ''دەوڵەوتی کوردستان'' یان ڕاگەیاند. ئەم ئازایەتی و بوێریەی ئەم دوو سەرکردەیە جگە لەوەی لەنەمانی خۆیان کۆتایی هات،لێ بوونە نمونە وپێشڕە بۆ نەوەکانی دوای خۆیان. ئەوڕۆ لە گەلی کوردا دەیەها و سەدەها خەڵکی دڵسۆز،بوێر،چاونەترس بونیان هەیە و ڕۆژانە داستان و قارەمانێتیان تۆمار ئەکرێن.
لەپاڵ ئەمانەشدا چەندین کەسایەتی نزم و تێکشاوی وەك بارزانی و تاڵەبانی هەن کەوا پاساوی سەیر و نامۆ دێننەوە کە کورد شایستەی دەوڵەوت نیە و خەونی شاعیرانە. ئەم جووتە لەوەتی هەن لەهەوڵی ئەوەدان ماندوو نەناسانە کە کورد نەکەوێتە سەر پێی خۆی و هەرچەند بۆیان کرابێ لەتێكشاندنی تاکی کورد،هەڵوەشاندنەوەی کۆمەڵگا و فەرهەنگەکەی، مردار کردنەوەی گیانی نەتەوەیی و گیانفیداکردن، نیشاندانی  کورد وەك میلەتێکی مشەخۆر و بێ بەرهەم، یەکسان کردنی خیانەت ،جاشایەتی،سیخۆڕی وەك دەستەکەوتی نیشتمانی و خۆگەورەکردن پێوەی،ڕێزگرتن لەجاش و موستەشار ، فەهود کردنی سەروەت و سامانی ووڵات و کردنی کۆمەڵگای کوردی بە کۆمەڵگایەکی حزبی تەمەڵ و تەوەزەل، ئەتککردنی ئافرەت و کوشتنی دەنگی ناڕەزایی و ڕەخنەگر، کلکە لەقێ بۆ دوژمنان و هێنانی چەندین و جۆرەها دوژمنی وەك ئێران،تورکیا و عێراق و داعش. دروست کردنی چەندین جۆری قەیران لەسەر قەیران. نانەوەی ئاژاوە بەناوی شەڕی ناوخۆ و شەڕکردن لەسەر پارە و گومرگ و نەوت. ئەمانەو چەندین شتی نامۆ و ناشایستە کەوا بوون بەپاسا و بۆ ئەم دوو بنەماڵەیە کە کورد بەو هەموو پشتگیری و پارە و داهاتی نەوتە نەتوانێ قەوارەیەك بۆ خۆی دروست بکا.
ئەم دوو کەسایەتیە هیچ جیاوازیەکیان لەگەڵ ئەو  کابرا سەرخۆشە نیە کەوا هەرچی نەهامەتی ڕووی تێکرد خستیە سەر ئەو سەیارە داماوە. ئەمانیش هەرچی ڕوو لەکورد ئەکا لەسەر شانی خۆیانی لا ئەبەن و ئەیخەنە سەر عێراق و تورکیا و ئێران و داعش و ئەمریکا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە