لەیادی پێنج ساڵەی تیرۆر کردنی ئازادیدا!

Wednesday, 06/05/2015, 16:23

1788 بینراوە


پێش پێنج ساڵ دەستی تیرۆری ترسنۆک لەهەرێمی باشوردا، نەیتوانی بەرانبەر بەهەیبەتی پڕ لەتوانای سەردەشت عوسماندا خۆی بەپێوە ڕابگرێت،بۆیە هاتن و لەڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا باندی چەتە ڕفاندیان و زۆر نامرۆییانە دەستیان چوە جەستەی پڕ لەهیوای ئەو گەنجەو لەنێویان برد.
ئاخۆ گەر سەردەشت پەیام و بەرگریکارێکی مەزن نەبوایە بۆ ماناکانی ئازادی بۆ گشت لایەک؛تیرۆر دەکرا؟ئاخۆ سەردەشتی لاوی پڕ لەتوانا مەترسی بوو بۆسەر ئەمنیەتی قەومی؟ ئاخۆ گێل ترین بنیادەم بڕوا بەوە دەکات کە سەردەشت لەنێو گروپی تیرۆریستی ئیسلامی سیاسدا بوو بێت؟ئاخۆ گەر ئەندام حیزبیەکان ڕۆبۆت نەبن و کەمترین بەهای مرۆڤ بونیان تێدا بمایە دەچونە ژێر باری ڕاپۆرتی ئەو لێژنە کارتۆنیەی ووتی سەردەشت تیرۆریست بوە؟
ئاخۆ گەر بزوتنەوەی گۆڕان لەهەمان ئاستی ئەو پێگە ناڕەوایەی دەسەڵاتدا نەبوایە،دەبوو تا ئێستا بێدەنگی هەڵبژاردایە بەرانبەر چارەنوسی نادیاری بکەرانی ئەو تاوانە چەپەڵە؟ یان دەبوو بۆ هەرساتەی لە کاری جیدیدا بوایە بۆ دۆزینەوەی ئەو گروپەو ئەو پارتەشی کە لەپشتی پلان داڕێژیەکەیدا بوە؟ ئاخۆ بزوتنەوەی گۆڕان هێندە توانای بۆڵە بۆڵی هەبو تا لەڕێی ناڕەزایەتەکانی خەڵکی زەحمەتکێش و ناڕازیەوە خۆی بگەیەنێتە نێو دەسەڵات و ئیتر دوای ئەوە کارێکی نەما بەو هێزە ناڕێکخراوە خۆ نەناسەوە؟ 
ئاخۆ ناهەقمانە لەم یادی پێنج ساڵەی تیرۆر کردنی ئازادیدا ڕوی دەمان بکەینه بزوتنەوەی گۆڕان و پێیان بڵێین؛ بەڕێزان ئێوەش هێندەی دەسەڵات بەشدارن لەو تیرۆر کردنەدا؟ کوا کردارتان؟ چیتان کرد کە ڕەفتارتان جیاوازتر بێت لە ڕەفتاری دەسەڵاتی دەرەبەگ ،بۆرژواکانی حاکمانی هەرێم؟ کوا لەسایەی چونە نێو دەسەڵاتی ئێوەدا،ڕێژەی ژن کوشتن کەمی کردبێت؟کوا لەسایەی چونە نێو دەسەڵاتی ئێوەدا کەمترین گۆڕان دروست بوبێت لەنێو هەیکەلەی ئەو دەسەڵاتە چەوسێنەرە ،ئازادی تیرۆر کارەدا؟ ئاخۆ بڕێک بە خۆتاندا دەچنەوە،لەوەی هەڵخەڵەتاندن چ مانایەکی ناچیزی هەیە؟ئاخۆ ئەو بەڵێنانەی بەکرێکارانتان دەداو دەعوەتان دەکردن بۆنێو شاشەی تیڤیەکانتان و لەوێوە ناڕەزایەتیەکانی خۆیان دەردەبڕی دەرئەنجامی ئەو بێژیانیەی هەیانە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم هۆکارەکەی بوو،ئێوە دوای ئەوەی گەشتنە نێو کورسی دەسەڵات لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە ناڕەوایەدا،توانیتان چی بکەن بۆ کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش؟ ئاخۆ داهێنانی ئێوە چی بوو بۆ بەرگری لە ئازادی و سەربەخۆ بوونی دادگاکان لەدەستی حیزبی قائید؟ ئاخۆ ئەو ڕزگاربوانەی نێو دەستی ڕەشی ئەنفال کە لەم چەند ڕۆژەی ڕابردودا گردبونەوەیان ڕێکخست و داوای بەدادگایی کردنی موستەشار و تاوانبارانی نێو ئەو تاوانەیان دەکرد، و دواتر کۆی خاوەنانی دادگا مانیان گرت، بەهۆکاری ئەوەی ئەو خەڵکە ڕەشۆکیە هەیبەتی دادگایان شکاندوە،ئێوە توانیتان چی بڵێن بەو خاوەنکارانەی دادگاکانیان لەژێر چنگدایە؟ئاخۆ هاتن و بڵێن،هۆ دادگای ناڕەوا تۆ هیچ هەقێکت نیە لەوەی بەرانبەر ئەو مرۆڤە خێر لەخۆ نەدیوانە ناڕازی بوون دەڕ بڕن و دژیان بوەستنەوە؟ کوا چیتان کرد بۆ بەدادگایی کردنی ئەو تاوانبارانەی کە دەستیان هەبوو لەتیرۆر کردنی ناڕازیانی هەڤدەی شوباتدا؟ کەوایە ئێوە چیتان گۆڕی؟ دەستان لەکام گۆڕانکاری کۆمەڵایەتیدا هەبوو؟ ئاخۆ گەر لەسایەی ئێوەو دەسەڵاتی هەرێمدا نەبوایە،گەلە تاریکستانی بەرەی سەلەفی برەوی دەسەند لە کوردستاندا؟ ئاخۆ ئەوە ئازادیە کە مەلای سەلەفی دێت و فەتوا دەردەکات بۆ حەرام کردنی خەیار و مۆز و گێزەر؟ کوا دەوروکارتان بۆ سەروژێر کردنی ئەو چەمکە شەرم هێنەرانە!
بۆیە ڕوی ڕەخنەم دەکەمە بزوتنەوەی گۆڕان،چونکە ئەو بزوتنەوەیە خۆی وانیشان دەدا،کەلەخزمەتی چونە پێشەوەی ماناکانی ئازادی و خەڵکی ئازادیخوازاندایە. بەڵام ئەوەی لە بنەڕەتەوە کاری بۆنەکرا لەلایەن سەرانی ئەو بزوتنەوەیەوە، نە چەسپاندنی بنەماکانی ئازادی بوو؟ ڕەنگە ئێستا سەردەشتیش زیندوبایە،هەمان قسەی منی بکردایە، چونکە، ڕاستبێژی لە کردارەوەیە،ئێوەش بزوتنەوەیەکی سیاسین. چۆن سیاسیەک، هەر وەک ئەو بزوتنەوانەی تا ئەو کاتە ئیشیان بەخەڵکی زەحمەتکێش هەیە کە دەستیان بگات بە دەسکێکی کورسی دەسەڵات،ئیتر، کاریان تەواو دەبێت بۆ ئەو بەڵێنانەی داویانە. 
ئێوە چۆن گۆڕانێکتان دروست کرد و چۆن داهێنانێکتان هێنایە نێو مەیدانی کاری سیاسیەوە. کابانی ماڵتان داهێنا،کە چەمکێکی ئێجگار کۆنەپەرستانەیەو هەرچی بەهای مرۆڤ بونیە لەو مرۆڤە مێینەتان سەندەوە و هێندەی تر خزانتانە نێو چوارچێوەی ئاشپەزخانەی ماڵەوە. کام داهێنانی ترتان کرد،بەرگریکردن لە سەوابتەکانی ئیسلام لەنێو یاساو دەستوردا!!؟ ئاخۆ نەتان پرسی لەخۆتان کە ئێوە لە دەسەڵاتداران کۆنەپەرستر و دژە ئازادیترن؟ ئەوە ئەرکی سەرۆکی پەرلەمان بوو کە لە بزوتنەوەی گۆڕانە، بێ دەنگی نەکردایە لە وون کردنی کەیسی تیرۆر کردنی سۆران و سەردەشت و کاوە، چونکە ئەو کەسانە،هەڵگری کۆ چەمکێکی مەزن بوون و دورونزیک پەیوەست بوون بەهەیبەتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە. کوا بەرگریتان لە ئازادی دەربڕین و پشتگیری لە بەرەی ئازادیخوازی نێو کومەڵگا؟
واتێنەگەن کە ئێوە نەبونایە ئەوا ئیسلامی سیاسی هەلەکەی دەقۆستەوە و ئەو دەنگە ناڕازیانە دەچونە نێو ئەو بزوتنەوە تیرۆریستیەوە،بەپێچەوانەوە،ئەوە بزوتنەوەی گۆڕان بوو،کە زۆر فێڵبازانە، کۆی دەنگە ناڕازیەکانی کپ کردەوە و بەدرۆی پف دراو ناڕەزایەتیەکانتان ئاوەژوو کردەوەو پێش کەشتان بە دەسەڵاتدارانی خێڵ کرد. ئێوە خاوەن مێژویەکی پرشنگدار نین،هێندەی کارکردن، بۆ هێشتنەوەی هەمان فەرهەنگی دواکەوتوانە بەسەر پەروەردەی کۆمەڵگادا؟ کوا چیتان کرد؟
لە یادی تیرۆر کردنی ئازادیدا،کە سەردەشت عوسمان،هێمایەکە بۆ ئەو دەستەواژەیە،دەبێت کۆمەڵگا تێبگات، کە هیچکات بەرەی بۆرژوازی بەدیهێنەری خواستە ئازادیخوازیەکان نیە،هێندە بکوژی بنەڕەتی ئەو خواستانەیە. سەردەشتی ئازادیخواز بۆهەمیشە بڵندە و پەیامەکانی بۆ هەمیشە لە میوانی کۆی ئەو مرۆڤە ئازادیخوازانەیە کە لەڕێی خەباتیانەوە کار لەسەر ڕیشەکێش کردنی کۆی چەمکە باوە دواکەوتوەکان دەکەن. پەیام و نووسینەکانی سەردەشت لە دوای تیرۆر کردنیەوە هەزاران جار سەردەشتی زیاتر ناساند بە نەوەی نوێ. سەردەشت، پەیامهێنەری ئازادی ڕاستەقینە بوو،بۆیە بۆ هەمیشە بە نەمری دەمێنێتەوە و، مێژوو دەتوانێت گەواهیدەری ئەو ڕاستیە بێت. کەواتە، ئێوەی بزوتنەوەی گۆڕان دەتوانن چی بڵێن لەم یادەی پێنج ساڵەی تیرۆر کردنی ئازادیدا؟!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە