چیرۆکی پیاوە قەراخییەکە

Wednesday, 06/05/2015, 20:34

3429 بینراوە


هەر چوارمان گوێ قوڵاغی ئەو پیاوە قەراخیە بووین کە بەرەو بەغدا ئەچووین،ئێمە هەر هەموومان خوێندکاری زانکۆ بووین و هەریەکەمان لە شوێنکی جیاواز ئەمان خوێند. بەڵام ئەوەی سەرنجی ڕاکێشاین قسە خۆشی و زمان شیرینی ئەو سایەق تەکسیە بو کەهەرگیز هەستمان بەدووری ڕێگەکە نەکرد. خۆی لەڕاستیدا قسە خۆشی و زمان شیرینی خەڵکی قەراخ نمونەییە  و سەرو بنی زمانیان ووشەی تەڕو بڕو جوانە.
لەپڕ و لەناکاودا ئەوەی لەدواوە دانیشتبوو هاواری لێ هەڵساو ووتی؛ کاکە  بەقوربان تۆزێ ئاگات لەڕێگاکە بێت،خەریك بوو ئەو لۆریە پان و پلیشمان بکاتەوە. کابرای شوفێریش هیچ خۆی تێك نەداو ووتی؛ خەمتان نەبێ و بێخەم بن. لەڕاستیدا نازانین بۆچی ئەو لۆریە لای خالسەوە بەو شێوەیە ئاڕاستەی خۆی گۆڕی و وویستی خۆیمان لێبدا، وەیان ڕەنگە هەر وویستبێتی بمان ترسێنێ،ئەگینا ئەو بەرەو کەرکوك ئەچوو ئێمەش بەرەو بەغدا. ئەو کات جادەکە تەنها دوو سایت بوو بەبێ ئەوەی جیاکەرەوەی هەبوبێ و تەنها بە چەند هێڵێکی سپی نەبێ زۆر جار جیاکەرەوەکان بەباشی نەئەبینران.
ئەوەی سەرنجی منی ڕاکێشا ئەو وەڵامە بوو لەپرسیاری ئەو برادەرەی دواوە کەبۆچی خۆی لانەدا لەو لۆریە؟ کاکی شوفێریش ووتی؛ گەر خۆم لابدایەو بچوومایەتە سەر خۆڵەکە ،زۆر ئاسان بوو لەو خێراییەو لە کتوپڕیەدا خۆم پێ نەگیرایەتەوەو بکەوتمایەتە نێو ئەو کەڵەنانەو وەربگەڕاینایە و دوور نەبوو هەلا بەهەلا ببوینایەو بمردینانە. ئەوسا کابرای سایەق لۆری نەك هەر نەئەوەستا،بەڵکە جرتێکی بۆ لێ ئەداین و ئێمەش ئەمردین،بۆیە منیش خۆم لانەدا تا دواتر کەس پێی نەووتینایە بابە ئەو سایەقە(سەرخۆش بوە،وەیان نەشارەزا و خەوی لێ کەوتوە و وەیان ترسنۆك). بۆیە هەرگیز نەمویست بەو جۆرە بمرین و لەمافی خۆمان لابدەین.بۆیە گەر لێی بداینایە ئەوا ڕەنگە ئێمەی بکوشتایە،لێ ئەوسا لۆریەکەی ئەویش لانی کەم یان وەرئەگەڕا وەیان شتێکی وای بەسەر ئەهات کە دواتر بزانرێ چۆن چۆن ئەو ڕووداوە ڕووی داوەو بۆ پۆلیس  ومروور ئاسان تر ئەبوو بزانرێ خەتای کێیە. من لەخەتی خۆم لێ ئەخووڕم و ئەویش لەخەتی خۆی هەربۆیە نەختی تیژترم کرد و توانیم خۆمی لێ ڕزگار بکەم.
 مێژووی نزیك هەندێ لەو ڕووداوانەمانی بۆ تۆمار کردووین کەوا چۆن سەرکردەکانمان گەلێ بەئاسانی ڕاکردن،هەڵاتن،چۆڵکردن و تێتەقانیان کردۆتە پیشەی ڕۆژانەیان و گەلێ بەلایانەوە ئاسان بوە گۆڕەپانی جەنگ و بارەگاکان و مەکتەب سیاسی ودواتر شارەکانیش بۆ دوژمن جێبهێڵن. هەر لەدوای ڕاپەڕینەکانی ١٩٩١ و دواتر دوای هاتنەوەی چەند زریپۆشێکی موجاهیدینی خەڵقی ئێرانی کە یارمەتی سەدام و هێزەکانیانی ئەدا،هەرچی هێز هەبوو لە دژیان خۆیان بۆ نەگیراو تاڵەبانی بڕیاری دا کوردستان بۆ جارێکی تر چۆڵ بکا و بەرەو سنوورەکانی ئێران هەڵبێ. هەڵبەتە دوای ئەوەی هەموو خێزانەکانی خۆیان و ماڵ ومناڵەکانیان دەرکرد ،ئینجا ڕێگەیان دا خەڵکی شارەکان جێبێڵن،دەنا ئەم جارەش میلەتی کوردیان تووشی ئەنفالێکی تر کردبوو،لێ ئەم جارە خەڵکی گوێی لێ نەگرتن و شارەکانیان چۆڵ کرد.
مەسعود بارزانی و هێزەکانی پارتی لە شەنگال نەیان وویست بەرانبەر داعش یەك فیشەك بتەقینن و گۆڕەپانەکەیان بۆ جێهێشتن،سەرەئەنجام هەرچی خەڵکی بێ چەك و ژن ومناڵی کوردە یەزیدیەکان هەیە کەوتنە بەر شاڵاوی جینوسایدی داعشەکان.
چیرۆکی کاکی شۆفێری تەکسیەکە گەر سەرکردەکانی کورد ئاوا بیریان بکردایەوە هەڵبەتە ڕۆژگار بەجۆرێکی تر ئەبوو،چۆن ئەبێ مرۆڤ لەبەرگری لەخۆی و خاك و نیشتمان و خەڵکەکەی ڕابکات و هەڵبێت؟!چۆن ئەبێ سەرکردە لەدواوەی شەڕەکان بەدووربین سەیری گۆرەپانەکە بکا و هەر کەزانی مەترسی دێتە پێش تێ بتەقێنێ و ڕابکا؟؟ پێوستە مرۆڤ ئەو کاتەی زانی لەسەر هەقە نەیەڵێ مافی بخورێ و ئامادە بێ بۆ بەرگری کردن تا ئەو کاتەی خۆی لەسەر دائەبێ. هەروەك چۆن هەنووکە لە کۆبانی گەواهیدەری بووین.بەو هیوایەی چیتر هەڵهاتن و راکردن لە فەرهەنگی جەلالی و مەلایی ڕەش و ڕیسوا بکەین و نەیەڵین نەوەی نوێ بەو شێوەیەی ئەوان بیربکەنەوەو لەمافی خۆیان کۆڵنەدەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە