چەند داواكارييەك لە وەزارەتى پەروەردە

Sunday, 10/05/2015, 18:10

6338 بینراوە


(1)

ئەمڕۆ دوێنێ نيە، لەدنياى پێشكەوتنيشدا لەباتى درێژكراوەى دوێنێ، بازدان هەيە، ئەو بۆچوونەى كە دەڵێت ئەمڕۆ كوڕى دوێنێ و باوكى سبەينێ يە، لەمڕۆدا كاڵبۆتەوە. بۆيە داواوپێشنيار دەكەم كە وەزارەتى پەروەردە لەيەكێك لە كۆنگرەكانيدا ناوەڕۆكى ئەم وتارە بخاتە ناو پەيڕەوى سيستمى خوێندن: خوێندنگە بەتەنيا ئەو شوێنە نيە كە مامۆستا قوتابى تيادا فێردەكات،بەڵكو ئەو شوێنەشە كە دەكرێ مامۆستا لە قوتابيەوە شت فێربێت، چونكە لەدنياى ئەمڕۆدا كە كوردستان بە رووى تەكنەلۆژياى نوێ كراوەتەوە، مامۆستا دەرفەتى ئەوەى نيە و پێڕاناگات هەموو شت بزانێت، بەڵكو ئەوە خوێندكارە كە دەخرێتە ئيشەوە بۆ ئەوەى زانست و زانيارى كۆبكاتەوە، گرنگترين شت لە سەركەوتنى ئەم خاڵەدا لابردنى عەيبەيە، دەبێت ببێت بە كلتور كە (مامۆستا چۆن قوتابى فێردەكات، هاوكاتيش لە قوتابيەوە فێردەبێت يان زانيارى وەردەگرێت) ئەم بۆچوونە عەيبەيەكى گەورەيە لاى كێ؟ يەكەم: لاى زۆرێك لەو كەسانەى كە دەسەڵاتى پەروەردەيى بەڕێوە دەبەن وەكو سەرپەرشتيار، بەڕێوەبەرى گشتى، بەڕێوەبەرە گشتيەكانى ناو ديوانى وەزارەتى پەروەردە، شارەزاكان.. دووەم: عەيبەيە لاى كەس و كارى خوێندكار، چونكە كەس و كارى خوێندكار هەميشە مامۆستايان وەكو كەسێكى كاريزمى دەوێت، هەموو ئەركەكان دەخەنە سەر مامۆستاكە، لەراستيشدا مامۆستا بەشێك لە ئەركە گرنگەكەى بەردەكەوێت نەك كۆى پرۆسەى پەروەردەو فێركردن. سێيەم: عەيبەيە لاى مامۆستا خۆى، مامۆستاش خۆى رێگر دەبێت لەم بيرۆكەو پرۆژەيە، چونكە زۆرێك لە مامۆستايانى كوردستان هەميشە خۆى بە گەورەو خوێندكاريش بە بچوك و گاڵتەشى بەم بيرورايە دێت، بەڵام راتەكاندنى بەم بۆچوونە وايلێدەكات بەخۆيدا بچێتەوەو هەوڵى بەدەستهێنانى زانيارى بدات، كە دەڵێم مامۆستا لە قوتابيەوە شت فێر بێت مەبەستەكە سوكايەتى نيە بە مامۆستاو بەكەم تەماشاكردنى مامۆستا نيە، بەڵكو ناوەڕۆكى ئەو وتارە هەر بەمامۆستا جێبەجێ دەبێت بەوەى چۆن بتوانێت وەها لە خوێندكارومناڵ بكات زانيارى لەسەر بابەتێك ، دەرسێك ، پرۆگرامێك.. كۆبكاتەوە، مەرج نيە هەر مەنهەجى خوێندنگە بێت. چوارەم: قوتابى و خوێندكار ئەبێ وەها رابهێنرێ كە هيچ كەسێك لەم دنيايە نيە هەموو زانستێك و هەموو زانيارييەكى لابێت، بەڵام ئەو كەسەى كە زۆرترين زانست و زانيارى لەلاهەيە ئەوا ئەو كەسانەن كە هەوڵيانداوەو هيلاكبوون.

تێبينى/ تكايە با ناوەڕۆكى ئەم بابەتە وەها لێكنەدرێتەوە و هاوشێوەى ئەوە نەبێت كە بەقوتابى بڵێيت لەماڵەوە داڕشتنێكم بۆ بنووسە، ئەو بچێت بە خەڵكى تر بڵێت بۆم بنووسە ( لێرەدا جێى خۆيەتى زۆر سوپاسى وەزارەتى پەروەردە بكەم كە بۆ ساڵى خوێندنى 2014/2015 داڕشتنى بۆ پۆلى 12ى ئامادەيى بەكالۆريا نەهێشت، چونكە كەس خوى نەيدەنووسى، بەڵكو هەموو داڕشتنى جۆكەريان لەبەردەكرد، هيوادارم بۆ هەموو قۆناغەكانى تريش نەمێنێت، مەگەر لەو حاڵەتەدا نەبێت لەپۆلداو لەپڕ مامۆستا داوايەك لە خوێندكاران بكات داڕشتنێك بنووسن، تەنانەت زۆربەى راپۆڕت و توێژينەوەى دەرچوونى خوێندكار لە زانكۆ خەڵكى تر دەينوسێت).

ناوەڕۆكى ئەم بابەتە بۆ چ قۆناغێك پێويستە؟ بۆ هەموو قۆناغێك لە باخچەى ساوايانەوە بۆ دوا قۆناغى خوێندن، لەباخچەى ساوايان و بنەڕەتيدا مناڵ و قوتابى زۆر پێويستيان بەهاوكارى گەورەكان هەيە، بەڵام لە ئامادەييدا كەمتر بەتايبەتى ئەو بابەتانەى لەسايتەكانى ئينتەرنێت و فەيسبوكدا دەستدەكەون.

ئامانج لەمە چيە؟ ئێستا بەهۆى گۆڕانكاريەكان و شەپۆلى تەكنەلۆژياوە خوێندكار لە خوێندن دووركەوتۆتەوە، وەزارەتى پەروەردەش لەو ئاستەدا نيە بتوانێت هاوسەنگى رابگرێت و ئەو كەسانەشى پرۆسەكە بەڕێوە دەبەن زياتر كلاسيكين (بەدەر لەوكەسانەى كە ئەزمونيان هەيەو دەبێت پرسيان پێبكرێت) ئالەم كاتەدا ناوەڕۆكى ئەم وتارە شتێكى باشە لە كۆنگرەدا بچەسپێنرێ و هاوكاتيش رێزوشكۆيەك دەدرێتە مناڵ و خوێندكارى كورد بەوەى كە هەم دەتوانێ زانيارى وەربگرێت هەم زانياريش ببەخشێت.

------------------------------------------------------

چەند داواكارييەك لە وەزارەتى پەروەردە

(2)

مەريوان سەلاح حيلمى 25/4/ 2015

سەرپەرشتيارى پەروەردەيى و پسپۆڕى بەچاوى وەزارەتى پەروەردە دادەنرێت، ئەمە وتەى زۆرێك لە سەرپەرشتياران خۆيان و شارەزايانى بوارى پەروەردەيە، بەبۆچوونى من ئەو چاوەى كە دانراوەو سەرپەرشتيارى پێدەوترێ زياتر وەكو پەيامنێرى دەزگايەكى راگەياندن دەردەكەوێت، بەڵام پەيامنێريەكەى بۆ دام و دەزگاكانى وەزارەتى پەروەردەيە تارادەيەك بە نهێنى.

پەيوەندى نێوان مامۆستاو سەرپەشتيار: پەيوەنديەكى باش نيە،چونكە مامۆستا سەرپەرشتيار وەكو رەقيب دەبينێت بەسەر كارەكەيەوە، بۆيە چارەى سەرپەرشتيارى ناوێت، وە ئەو پەيوەندييە گەرم و گوڕەى كە جاروجار لەنێوان مامۆستاو سەرپەرشتياردا هەستى پێدەكرێت بۆ رێز و خۆشەويستى نيە لەنێوان هەردوكياندا بەڵكو بۆ ترسى مامۆستاكە دەگەڕێتەوە لەسەرپەرشتيارەكەى، بەتايبەتى ئەو مامۆستاو بەڕێوەبەرانەى كە چاوەڕوانى شتێك دەكەن لە سەرپەشتيار بۆنمونە گواستنەوە لە خوێندنگەيەك بۆ شوێنێكى باشتر يان دانانيان لە كۆنترۆڵى تاقيكردنەوەكان يان رێزوسوپاسێك يان پێدانى نمرە لە هەڵسەنگاندا...

ئەركە سەرەكيەكانى ئەمڕۆى سەرپەرشتيار: رێكخستنى ميلاكى مامۆستايان بەسەر خوێندنگاكان و بينينى دەرسى مامۆستا لەساڵێكدا يەك جار يان دووجار لەهەرە ئيشە ديارەكانى سەرپەرشتيارە، لەدواى روخاندنى بەعسەوە و هاتنەئاراى سيستمێكى نوێ بۆ پەروەردەو گۆڕانكاريەكان لەم بوارەدا جاروباريش لەناوەوەو دەرەوەى وڵات باسى گۆڕينى ئەركى سەرپەرشتيار دەكرێت بەڵام تاوەكو ئێستا گۆڕانكارييەكى ئەوتۆ نەكراوە، جگە لەمەرجى زانستى و پەروەردەيى و تاقيكردنەوەى نوسين و زارەكى لەكاتى بوون بەسەرپەرشتياردا.

فەشەلى ئيشى سەرپەرشتيار لە چيدايە؟ لەوەدايە ئەميش وەكو زۆرێك لە كێشەكانى وڵات چارەسەر نەكراوەو شوێنى خوى نەگرتووە، بۆنمونە كام سەرپەرشتيارەى كە دەيگريت دەيان قوتابخانەو خوێندنگە و مامۆستاى لايە و سەرپەرشتى دەكات، بەڵام ئايا دەتوانێت بە رێك و پێكى سەرپەرشتى بكات؟ بێگومان نەخێر

سەرپەرشتيارى ئەمڕۆ دەبێت چۆن بێت؟ راستە كە سەرپەرشتيار كەسێكى بە ئەزمونەو پێويستە وەزارەتى پەروەردەو مامۆستايانيش گوێى لێبگرن، بەڵام دەبێت ئيش بۆ ئەوە بكرێت كە پەيوەندى خۆيى و مامۆستايان تەندروست بكرێت و سەرپەرشتيار بەوردى دواى ئيشى خۆى بكەوێت و مامۆستاش بەوردى ئيش و كارەكانى سەرشانى جێبەجێ بكات، ئەو پەيوەندييە چۆن رێكدەخرێت؟ دەبێت وەزارەتى پەروەردە و بەڕێوەبەرى خوێندنگاكان چۆن ژورێكيان بۆ توێژەرى كۆمەڵايەتى يان فەرمانبەران يان .. داناوە ئاوەهاش ژورێك لە خوێندنگە تەرخان بكرێت بۆ سەرپەرشتياران، سەرپەرشتياران لە باتى ئەوەى دەوام لە كۆنترۆڵى جۆرى يان يەكەى سەرپەرشتيارى بكەن ئەوا دەوام لەخوێندگاكان بكەن، بەردەوام لەگەڵ مامۆستايان دەرس بڵێنەوە و پێش چاپكردنى پرسيارەكان تەنها سەرپەرشتيار بۆى هەبێت سەيرى بكات و سەرنجەكانى بەمامۆستاكەى بڵێت، ئێستا سەرپەرشتياران و مامۆستايان هەردوولا دژى ناوەڕۆكى ئەم وتارەو ئەم پرۆژەيەن و وەڵامى حازربەدەستيان لايەو سەرپەرشتيار دەڵێت ئێمە ساڵى جارێك دەڕۆين بۆ خوێندنگەيەك و مامۆستايەك دەبينين رقى لێمانە، ئەى ئێستا هەموو رۆژێك بچين ئەبێ چەند رقى لێمان بێت؟ مامۆستاش دەڵێت: سەرپەرشتيار ساڵى جارێك تەشريف دێنێ پێى دڵگران و ناڕەحەتين ئەى ئەگەر هەموو رۆژێك بێت دەبێت رابكەين. ئەڵبەتە ئەم دوو وەڵامە هەردووكيان خۆدزينەوە لە ئەركى سەرشانيان و نەكردنى گۆڕانكاريە لەبوارەكەدا، پێش ئەمە دەبێت كاربكرێت بۆ ئەوەى ژمارەى سەرپەرشتيار زيادبكرێت و هەريەكەيان لەپەنجەكانى دەست زياتر خوێندنگەيان لانەبێت (1)، هەروەها ئەمە راهاتنى دەوێت و مامۆستا دەبێت لەوە تێبگات كە بەهەردووكيانەوە دەتوانن پرۆسەكە بەئەنجام بگەيەنن بەرێك و پێكى و هەروەها مامۆستا رۆژانە باشتر خۆى ئامادەدەكات و رۆژانە گفتوگۆ لەنێوان خۆيى و سەرپەرشتيارەكە دا دروستدەبێت، وەسەرپەرشتياريش ئەركەكەى خۆى نابێت كورتبكاتەوە لەوەى رەخنە لەدەرسى مامۆستاكە بگرێت و كرم لەگوێزى ساغ دەربهێنێت، بەڵكو دەبێت سەرپەشتياريش سوود لەتواناو ئەزمونى مامۆستا تازەكە وەربگرێت و بەراشكاوى پێى بڵێت و ئەزمونەكەى دەوڵەمەندبكات و ئيشى سەرپەرشتيار ئەوە بێت كە ئەزمونى سەركەوتووى مامۆستايەك بگوازێتەوە بۆ مامۆستايەكى تر، بەڵام كەس ئەمە ناكات چونكە رقمان لە راشكاوى و راستيە، هەموو كەس حەزدەكات خۆى پاڵەوان بێت، بەڵام وانيەو دەرياى پەروەردە زۆر فراوانە و بەرينە.

(1 ) (لەلوبنان سەرپەرشتيار يەك خوێندنگە يان دووانى لايە)


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە