تاوانێکی گەورە: ئەو پیاوکوژانەی کە دەچنە ژێر چەتری بنەماڵەوە و خۆیان دەشارنەوە(بەشی یەکەم)

Sunday, 05.10.2015, 22:41

13301 بینراوە


په‌یامنیری کوردستانپۆست:
پیرەژنێکی تەمەن شەست و پێنج ساڵە، لەگەڵ دوو کچی کوڕەزای حەوت هەشت ساڵان، پیرەژنەکە چاوەڕوانی کوڕەکەی و ئەوانیش چاوەڕوانی گەڕانەوەی باوکیان دەکەن، لەگەڵ ئەماندا حاتەمی تەمەن بیست ساڵەی مامیان، لە کولانەیەکی بچوکدا ژیان بەسەر دەبەن.  دایکە بەیانیان لە وەزارەتی گواستنەوە و راگەیاندن لە هەولێر فەڕاشی دەکات و بەو بڕە پارە کەمەی وەریدەگرێت ژیانی خۆیان بەڕیوە دەبەن.
فەخریە جەبار، ئەو پیرەژنەیە، کە جگە لە چاوەڕوانی گەڕانەوەی کوڕەکەی، هیچ ئومێدی دیکەی بە ژیان نەماوە، نازانێت چارەنووسی کوڕەکەی بە کوێ گەیشتووە، بەردەوام ناوی سامی کوڕی لە سەر زمانێتی و لەبەر خۆشییەوە دەبڕسکێنێت و بانگی دەکات! هەر یەکە لە دۆست و کەسوکار و کەسە نزیکەکانی رۆژانە چیرۆکێکی بۆ دروست دەکەن و دەیگێڕنەوە، هیوای پێ دەدەن، ئەگەر یەکێک هەواڵی کوڕەکەی لێبپرسێت، لە وەڵامدا دەڵێت :
- ئەوە چوار رەمەزانە بە خودای کوڕەکەم بزر بووە! توخوا ئەگەر ئێوەش هەواڵێکی دەزانن پێم بڵێن! خۆشم نازانم لە کوێێە و دەڵێن گیراوە، ناشهێڵن بچم بیبینم، توخوا ئێوە بچن بزانن لە کوێیە و سەری بدەن، من هێزم تێدا نەماوە ئەوەندە بەدوایدا گەڕام هێز لە ئەژنۆمدا نەماوە، خۆ ئێوەش هەموو دەتانزانی، سامی کوڕێکی بێ وەی بوو، هەقی سیاسەتیشی نەبوو! بۆچی وا لە زیندا توندیان کردووە!؟
لەگەڵیدا دەستێک بۆ ئاسمان بەرزدەکاتەوە:
- خوایە گیان جارێ مەمکوژە و بە دیداری کوڕەکەم شادم بکەرەوە!
 فەخریە، بەربوونی کوڕەکەی، تاکە هیوایە بۆی دەژی، بۆیە بەردەوام دەست بەسەر منداڵەکاندا دەهێنێت و پێیان دەڵێت:
- خەفەت مەخۆن ناهێڵم لە هیچتان کەم بێت، هەرچیم لەدەست بێت بۆتان دەکەم، تا باوکتان بە سەلامەتی دەگەڕێتەوە لاتان.
پێش ئەوەی نان بدات بە منداڵەکان، هەموو ئێوارەیەک دەچێتە بەردەرگا و سەیرێکی ئەم لاو ئەولا و راست و چەپی کۆڵانەکە دەکات، بە دەم وڕێنە کردنەوە دەڵێت:
-  بەشکو ئەمە خوایە، دوعاکەم گیرابێت و سامی کوڕم لە پڕ دەربکەوێت و بێتە ژوورێ لەگەڵماندا دانیشیت و پاروویەک نان بخوات!
 پاش کەمێک بێ هیوا دەبێت و لە دەنگی منداڵەکان بە ئاگادێتەوە، کە هەر یەکەک دەیەوێت بچیتە نزیکی بابوڵە نان و مەنجەڵەکە، ناشوێرن دەستی بۆ بەرن، دەڵێن نەکا بەشی باوکمان بخۆین و نەنکمان لێمان توڕە بێت! دڵیان بەوەش خۆشە کە دەڵێن بەڵکو لە پڕ باوکیشمان بێتە ژوورێ  و لەگەڵمان دانیشێت، حاتەمی مامیان بەو تەمەنە کەمەی هەیەتی، وەک پیاوێکی دنیادیدە رەفتاریان لەگەڵدا دەکات و چاوەکانی  بە قوڵیی تێیان دەبڕێ و سەریان بۆ دەلەقێنێت لە دڵی خۆیدا دەڵێت:
- خۆزگە دنیا وەک دڵە بچکۆلەکەی ئێوە بوایە ! 
 دایکی دێتە ژوورێ و ئەمیش ناتوانێت سەیری نێوچەوانی دایکی بکات، دەچیتە دەرێ، بۆ ئەوەی دایکی نەیبینێت، لە بەر دەرگا کەمێک رادەوەستێ، چاوەکانی پڕ دەبن لە فرمێسک و قورگی دەتاسێت، رێگای هەناسەی لێدەگرێت، نەفەسێکی قووڵ لە جگەرەکەی دەدات، لەگەڵ دوکەڵی جگەرەکەدا، کەمێک هەوا بۆ سییەکانی دەنێرێت، تا ئەمیش لە دەنگی دایکی بە ئاگا دێتەوە، کە هاواری لێدەکات، پێی دەڵیت:
کوڕم دەوەرە ژوورێ با تۆش وەک سامی برات سەرنگوم نەکەن، بەخوا لە توانامدا نییە بە دوای هەردووکتاندا بگەڕێم.
جگەرەکەی فڕیدەدات، بە بنی پێڵاوەکانی دەیکوژێنێتەوە، قرخەیەکی بۆ دەکات و قوڕگی بۆ پاک دەکاتەوە، چاوەکانی دەسڕێت،  بە دەم چوونە ژوورەوە، وەڵام دەداتەوە و دەڵێت:
 وا هاتم دایە گیان.
++++++++++++++++++++++
ئەمڕۆ رۆژی جێژنی رەمەزانە و خەڵکێکی زۆر لەبەر دەم دەرگای زیندانی مەحەتە لە هەولێر کۆبوونەتەوە، ریزیان بەستووە، بەسەرە دەچنە ژوورێ بۆ بینینی کەسە زیندانییە کراوەکانیان،  فەخریەش وەک پیشەی هەموو جارێکی خۆی تێکەڵ بەو حەشاماتەی دەکات، دەچێتە بەردەم پۆلیسەکان و بەدەم پاڕانەوە، دەڵێت:
- لە دەورتان گەڕێم منیش هاتووم بۆ بینینی سامی کوڕم، توخوا رێگەم بدەن با بچم چاوم پێی بکەوێت! بە خوا زۆر نامێنمەوە، هەر چاوێکم پێی بکەوێت، دڵم سوکنایی پێ دێت! توخوا ئەوەندە دڵتان رەق نەبێت ئەوە چوار رەمەزانە هەر دێم و دەچم، بۆ رێگام نادەن، بۆ پێم ناڵین سامی کوڕم لە کوێیە؟ بەخوا دەڵێن هەر لێرە زیندانییە! قیدی نییە هەر لە دووریشەوە بێت، رازیم بیبینم!
پۆلیسێک پەلی دەگرێت و دووری دەخاتەوە، لەسەرخۆ پێی دەڵێت:
-  دایە گیان بڕوا بکە، لێرە زیندانی نییە و کەسمان لەلا نییە ناوی سامی بێت و کوڕی تۆ بێت! بۆ بڕوا ناکەیت!؟
ئەویش رادەپرسکێنێت و  دەڵێت:
-  هەموو درۆم لەگەڵ دەکەن! کوڕی من چی کردووە وا شاردوتانەتەوە و ناهێڵن بیبینم، بەخوا لە پەپولە بێ وەی ترە و هیچی نەکردووە، بۆچی واتان لێکرد!؟ بۆ بەڕەڵای ناکەن!؟
دوور دەکەوێتەوە و دەچێتە قوژبنێکەوە  چاوەڕوان دەکات، بڕوا بە قسەی کەس ناکات و هەر چاو دەبڕێتە دەرگاکە، تا وردە وردە خەڵکی دێنە دەرێ، بە راکردن عەباکەی لە دەست دەکەوێتە خوارێ و یەکێک بە دوایدا رادەکات  دەیداتەوە دەستی، ئاوڕ ناداتەوە دەچێتە پێشەوە لێیان: 
- توخوا سامی کوڕمتان نەبینی!؟ 
چاوەڕوانی وەڵام ناکات، هەمان پرسیار لە یەکێکی دیکە دەکاتەوە:
- سامی کوڕمت نەبینیوە!؟ بەقوربانت بم پێم بڵێ!
وەک شێت و هار هاوار دەکات:
- بۆ پێم ناڵێن کوڕەکەم لە چ قاوشێکە!؟ چی لەبەردایە؟ توخوا برسیی نییە!؟ 
هاوار و گریانی ئەم ژنە سەرنجی هەمووان رادەکێشێت و کاتێک پاسەوانەکان دەزانن کەوا ئاپورەی خەڵک لە دەوری کۆبوونەتەوە و هەموو دڵخۆشی دەدەنەوە، لەگەڵیدا خەم دایگرتوون و هەندێکیش پێشنیازی بۆ دەکەن، بچێت بۆ مەسیف، لەوێ سۆراخی بپرسێت:
- دایە گیان باشترە بچیت لە زیندانەکانی دیکەش بە دوایدا بگەڕێت بەڵکو لەوێ بیدۆزیتەوە، بڕوا ناکەم لێرە بێت!؟
پۆلیسێک پەرداخێک ئاوی بۆ دەهێنێت دەڵێت:
- ها دایە گیان قومێک ئاو بخۆرەوە با لەم گەرمایەدا نەبورێیتەوە!
ئەمیش خێسەیەکی لێدەکات :
-  کوڕەکەم بدەنەوە! ئاوم مەدەنێ! ئاخر گوناحی ئەو منداڵانەی  چییەناهێڵن لەم جێژنەدا باوکیان ببینن!؟ بۆچی رەحمتان لە دڵدا نییە!
ورە وردە درەنگ دەبێت، ئەو ناوە جگە لە پاسەوان و چەند پۆلیسێک کەسی دیکەی لێ نامێنێت! ئەوانیش بەم دیمە راهاتوون و لە دڵدا بەزەییان پێیدا دێتەوە، کەس نازانێت لەوە زیاتر چی وەڵام بداتەوە و چۆن قسەی لەگەڵدا بکەن! تا ماندوو دەبێت، درەنگانێک ئیتر بیری منداڵەکانی دەکەوێتەوە وهێدی هێدی رێگای ماڵەوە دەگرێت و بە نائومێدی و بە ئومێدی ئەوەی سبەینێ بۆ چەندەمین جار بچێت بۆ زیندانی مەسیف و لەوێ هەواڵی چارەنووسی کوڕەکەی بپرسێت! زۆر لە سایەق تاکسییەکان دەیناسنەوە و پارەی لێوەرناگرن! 
ئەمە ژیانی ئەو پیرەژنەیە کە نازانرێت قەدەر چارەنووسیان کوڕەکەی بەرەو کوێ بردووە، چاوەڕوانی ئەو پیرەژنە، تاکە هیوایەکە و بۆی دەژی، خزم و  ناسیاوەکانی، ناوێرن راستیی پێ بڵێن، ناتوانن بیدرکێنن، ئاخر هەموو راستییەک ناگووترێت، هەموو نهێنییەکیش تا سەر ناشاردرێتەوە، بۆیە بێدەنگیی و درۆکردن هەندێک جار لە ئاشکراکردنی چارەنووسی سامی کوڕی باشترە لە راستیی گووتن، نایانەوێت ئەوهیوایەی لێبسەندنەوە و نائومێدی بکەن، راستی کە ئازارت دەدات زۆر جار درۆکان وات لێدەکەن خۆشی بخەیتە رۆحتەوە و ئاسودە ببیت بەبێ، درۆ کردن خەوبینینە کە ناتەوێت لەو خەوە خۆشەخەبەرت بێتەوە و ئەو راستییە تاڵە ببینیت! ئەوەی لە دنیای بێ ئومێدییدا دەژی هیچی بۆ نامێنێتەوە، تا پێناسەیەک بۆ ژیانت بکات، جگە لە بەتاڵی نەبێت، ژیان  کە گرێبەستراوی سروشتە، مانی قوڵێ هیوایە، بێهیوایی مردنێکی لەسەرخۆیە، ئەوانەی بەهیواوە دەژین هەیە، وەک فەخریە، ئامادەن بۆشی شیت بن، تا لەو خەوە خۆشە خەبەریان نەبێتەوە، بۆیە ئەوەی پێشی دەڵێن، ئەم نایەوێت گوێی لێبگرێت،! 
ئیستا فەخریە بۆ ئەوەش دەژی، کە راستگۆبێت و ئەمانەتێکی گەورەی پێ سپێردراوە، دەیەوێت تەسلیمی بە کوڕەکەی بکاتەوە،کچەکانی بە کوڕەکەی بسپێرێتەوە، ئەمانەتێکە ئەگەر دەستبەرداری بێت! ئەوا چارەنووسی ئەوانیش وەک ئەو ئافرەتانەیان لێدێت کە دەکەونە سەر شەقام و کۆڵانەکان! هەر ئەمە وای کردووە کەس ناوێرێت راستیەکەی بۆ بدرکێنێت، لەوە دەترسن  ئەگەر پێی بڵێن، رەنگە یەکسەر دڵی لە لێدان بکەوێت، بۆیە هەموو لەسەر ئەوە رێککەوتوون، درۆی بۆ بکەن و راستییەکە نەڵێن، بەڵام ئەمەش تا سەر بەڕیوەناچێ، دەبێت رۆژێک ئەو نهێنییە ئاشکرابکەن و بیڵێن. دەبێت رۆژێک بێت و پێی بڵێن پیاوێکی دڵڕەق و پیاوکوژ، قاچاخچییەکی خوێڕی و دۆستێکی داعش، چەکفرۆشێکی بێویژدان، کە بە هەڵە لە مانای شەرەف گەیشتبوو، شەرەفی وا بچوک کردبووەوە، تاوانێکی گەورەی ئەنجام دا.
ئێوەی خوێنەری بەڕیزیش لەگەڵماندا بن بۆ گێڕانەوەی ئەم رووداوە، کە بە راستیی پێش چوار ساڵ رووی داوە، تا ئیستا بەردەوامە، رووداوێکی ناخۆش، تێکەڵ بە کێشە کۆمەڵایتیی و سیاسییەکان، ئێمەی کوردستانپۆست خۆمان کرد بە خاوەنی گێڕانەوەی، ئەو تاوانەی کە لە ژێر سێبەری هەولێری منارەدا، لە ژێر چەتری دەسەڵاتی پارتیی و پاراستندا، گەورەترین تاوان ئەنجام دراوە، نیهاد بارزانی برای مەسعود بارزانی یەکێکە لە پاڵەوانی ئەم رووداوانە، لەگەڵماندا بن بە چەند زنجیرەیەک پێشکەشتانی دەکەین. لە خوارەووە ناو و وێنەی ئەو قوربانییە ئاشکرا دەکەین  و ناسنامەکەی ببینن!


بۆ خوێندنەوەی بەشی دووەم کلیکی ئەو لینکەی خوارەوە بکە: