ئاسایشی ئەم ووڵاتە کەوتۆتە مەترسییەوە

Monday, 18/05/2015, 13:06

4972 بینراوە


خراپترین شت ئەوەیە، کە بزانی کاری باش کامەیە، بەڵام جێبەجێی نەکەی. "کۆنفۆشیۆس"

 ئەم وێنەیە کە بڵاو بۆتەوە، پیاوێکی عەرەب لەیەکێک لەشەقامەکاندایە و، بۆیاخچییەکی کورد پێڵاوەکانی بۆ پاک دەکاتەوە و بۆیاخی دەکات، ئەم دیمەنە لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک زۆرترین کەس قسەی لەسەر کردوە و توڕەبوونی خۆیان دەردەبڕن، ئەمە لە کاتێکدا کاری ئەو بۆیاخچیە جودا نییە لە هیچ پیشەیەکی دیکە، وەک خاوەن ئوتێل، چێشتخانە، ناتری حەمام و شوفێری تاکسیی، پاس، دوکاندارێکی بەقاڵ و ووشکە، بەڵێندەر، نووسینگەیەکی خانوبەرە، یان پۆلیسێکی هاتوچۆ، یاخود پۆلیس و ئاسایشێک. ئەوانە هەموو پیشەن و کارو ژیانیانیان بەپیشەکەیان بەڕێ دەکەن. ئەوانیش بیانەوێت یان نا خزمەت بە میوانە عەرەبەکان دەکەن، کە لە کوردستان وەربوون تاکو ئێستا گوێمان لێنەبووە، هیچ کام لەوانە بیر لە مەترسی کردبێتەوە بۆ دوارۆژی خۆی و نەوەکانی داهاتووی، ئیتر چی لەو بۆیاخچییە داوا بکەین تا بڵێت: " ئێمە پێڵاوی عەرەبەکان بۆیاخ ناکەین". ئاخر ئێمە کە موسڵ و کەرکوک و ناوچەکانی دیکەمان لە دەست دا، مێژووەکەی ئاوا دەستی پێکرد.
 ئەم وێنەیە و هەڵوێست و قسەی خەڵکی لەسەر ئەم وێنەیە، بیرەوەری " ئیسماعیل بێشکچی" بیر هێنامەوە کە لەزیندان دەبێت لەگەڵ کوردەکاندا، بێشکچی دەڵێت : لەهەموو جێگەیەک نوسرابوو، جگە لە تورکی هیچ زمانێکی تر نابێت قسەی پێبکرێت، دەڵێ کوردەکان هیچ کاردانەوەیەکیان نەبوو، تاکو ڕۆژێک بەئاگا دەبێتەوە، کە گوێ هەڵدەخات کوردەکانن، توڕەن و هاوار هاواریانە، چونکە سەرۆکی زیندان بڕیاری داوە سمێڵی زیندانیەکان نەهێڵێت و هەمووی بتاشێت. کوردەکانیش بەمە تووڕەن و ناهێڵن سمێڵیان بتاشن، ئەو قسە لەسەر ئەمە دەکات، دەڵێت کوردەکان بۆ قسەنەکردن بە زمانی زگماکی دایکیان بێدەنگ بوون و قسە ناکەن، کەچی بە سمێڵ تاشینەکەیان ناڕازیی و توڕەبوو. ئەم وێنەیەش دەقا و دەق ئەوەمان پێ دەڵێت. دەسەڵاتی کوردی بە پلانی تورکیا و ئێران و بە بەرنامە ئەم کارە دەکات، کەچی هەموو خەڵکی بیدەنگە و ئەگەر رەخنە و نارەزاییەک هەبێت هەموو دەڵێن ئێمە عێراقین و ئێرەش نیشتیمانی خۆیانە، ئەمە لە کاتێکیشدا کە ئەم خائین و پیاوکوژانە لە شاخ بوون ئەگەر لە کەرکوک ماڵێکی عەرەبیان بهێنایە ئەمانە دەیانوت کوردستان و کەرکوک تەعریب دەکرێت، ئەی باشە ئەی ئەوساش کەرکوک شارێکی عێراقیی نەبوو!؟
 عەرەبێک پێڵاوەکانی لای کوردێک بۆیاخ دەکات، خەڵکی توڕە دەبێت، بەڵام ئەنفال بەدەستی ئەم عەرەبانە کراوە، کەچی ئێمەی کورد لەباخەڵی خۆماندا جێگەمان بۆ چاکردوون و خانویان دەدەینێ و کۆمەکیان دەکەین، ڕێگەیان پیشان دەدەین و ژن و ژنخوازیان لەگەڵدا پێك دەهێنین و بوونەتە بەشێک لێمان و گۆشتی خێریشیان دەکەینە سەدەقە و هەرگیز توڕەنابین لەوەی نیشتمانمان بەئاوەڵایی بۆیان خستۆتە سەر گازەرای پشت.
 گەلی ئێمە لەباشور زۆریان حەز لە پرسیار کردنە، بەڵام گوێ بۆ وەڵامەکان ناگرن..!
 وێنەی عەرەبێک بڵاو دەبێتەوە پێڵاوەکانی بۆیاخ دەکات، ئەوان توڕەن، بەڵام دراوسێکەی ئەم بەر و ئەو بەری عەرەبە، بەگومانەوە لێی دەڕوانێ خۆڵ وخاش فڕێ دەداتە بەرماڵەکەی هۆڕنی ئۆتۆمۆبیلەکەی و دەنگی گۆرانییەکانی هەراسانی ناکات، لەپارکی گەڕەکدا دەیان بتڵی بەتاڵی کۆلاو دیو ماستی ئەلبان و چەند چنگ گڵۆبەڕۆژە و دایبی منداڵە گوکەرەکەی لەسەر چیمەنە ڕەنگ زەردەکەو بن دارێکی ڕووتاوە و ڕەنگ زەردەکەی بۆ جێدەهێڵێ، ئەم هیچ ناڵێت و قبوڵێتی. 
 لەم سەرو ئەو سەرەوە دێت بە مۆبایلێکەوە دەنگ هەڵدەبڕێ و دەڵێ من لە سلێمانیم، یان هەولێرم لە شیمال، یان لە ئەحمەد ئاوام و لەبن دارێک خۆم هەڵخستوە و سەیری کچان و ژنانی کورد دەکەم چۆن هەڵدەپەڕن، کورد بەمانە توڕە نابێت، گرنگ ئەوەیە کە کورد ئیستا وەکو دەسەڵات هەموو بوونەتە بازرگان و وڵات و نیشتیمانی خۆیان دەفرۆشن، دوکاندارێک دەبەیەک دۆ بفرۆشێت، دوو دەستە بنێشت و چەند پاکەت جگەرە و کیلۆیەک ڕبە هەنارو چەند گوێزێکی ڕەش هەڵگەڕاوەی بچکۆلە ساغکاتەوە، بۆ ئەو ئەمەم گرنگە.
 عەرەبەکان کە هاتونەتە نیشتمانی ئێمە، هەمیشە بەرەو پێشەوە دەڕۆن، ئەوان هیچیان نییە لە دەستی بدەن و پاشەکشێ ناکەن، ئەوان وەک یارییەک ڕوویان لە نیشتمانی ئێمە کردوە، یاریکردن گەرچی ئامانجی تێدا نییە، بەڵام پاشەکشێ تێدا نابینین، ئێمە هەموومان دەزانین ژیان بەرەو ئامانج ڕێناکات، بەڵکو ژیان بۆ خۆی ئامانجێکە، بەرەو ئەنجامێک دەچێتە پێش.
زۆربەی ئەو عەرەبانەی هاتونەتە لای ئێمە خۆیان نازانن ئامانجیان چییە! بەڵام ئەوەی جێگەی ئامانجی ئەوانمان بۆ ڕووندەکاتەوە ئەوەیە، کە ڕژێمی بەغداد دەستی بەسەر بودجەی هەرێمدا گرتوە، بەپاساوی ئەوەی سەرانی دەسەڵاتدار نەوت دەفرۆشن، بەڵام هەموو خێزانێکی عەرەب بەبێ کێشە مانگانە موچەکەی دەگاتە هەرێم و وەریدەگرێت. لێرەوە ئامانجێکی ترسناک دەبیننین کە ئەمانە بەڕاستی هیچ نیازی گەڕانەوەیان نییە، ئەوەتانێ چەند ناوچەی وەک تکریت و حەویجە لە چەتەکانی داعش پاکراونەتەوە کەچێ عەرەبەکان ژمارەیان تادێت زۆرتر دەبێت و ئێمەش تابێت زیاتر ماڵ و حاڵی خۆمانیان بۆ ئاواڵادەکەین.
 ئێمە بەم عەقڵەی، کە کاربەدەستانی ئێمە ووڵات بەڕێوە دەبەن هەرگیز خۆشبەختی نابینین لە سایەیاندا، بەڵکو ئەمە هەرەسهێنانی ئەم هەرێمەیە و داگیرکردنیکە لەلایەن عەرەبە ترسناکە سونییەکانەوە کە ئەنفالیان کردین و ئێمەش لەجێگەی تۆڵە کردنەوە لە ئامێزی خۆمانمان ناون. ئێمە بە بۆنەی ئەم دەسەڵاتە خۆفرۆشەوە هەمیشي لەتەنگەشەدا دەبین و داهاتومان بۆ نەوەی دوای خۆمان دۆزەخێک دەبێت کە کەرکوک و ناوچە داگیر کراوەکان لەچاویدا بەهەشت دەبێت. 
کۆمەڵێک نووسەر و خەڵکی کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی دەسەڵاتی خۆفرۆشی کوردییەوە و دەڵێن ئەمە دژی مرۆڤایەتییە، ئەمە ئەو پاساوەیە کە ئێمە بەرەو کەنارەکانی دۆزەخ دەبات و هەمووشتێک و هەموو بەهایەک دەدۆڕێنین.
 دەسەڵاتی کوردی شارەکانی کردە ئۆردوگا و هەرچی خەڵکی گوندەکانە هێنانی بۆ شارەکان، کردنی بەخزمەتکاری خۆی، لەنیشتمانی ئێمەدا هیچ شتێک بەرهەم ناهێنرێت، کشتوکاڵ چۆتە قاتی و گوندەکان وێرانەیە، لەم ڕۆژانەدا ڕووم لەگوندێک کرد بۆ پرسە بینیم ژمارەی عەرەبی نیشتە جێبوو لە گوندە ئەنفال کراوەکە زیاترە لەخاوەن ماڵەکان، بۆیە ئەمە ئەوەمان پێدەڵێ کە ئەم هەرێمە هەمان ئەزموونی فەلەستینییەکان چاوەڕێی دەکات. گەرچی ئیسرائیلییەکان هەرگیز بەراورد ناکرێن بەم بەعسیانەی ڕوویان لەم هەرێمە کردووە. 
جا لەبەر ئەوەی شەقامی کوردی وێنەی عەرەبێک دەبینێ کە بۆیاخی پێڵاوەکەی دەکرێت و دەهری دەبێت، بەڵام هەمان تاک برا و هاوزمان و خوشکەکەی لەخانۆکەی خۆی دەردەکات، چونکە عەرەبەکە پارەی زیاتری دەداتێ، یان مانگانەکەی مسۆگەرترە، ئەمە ئەو گەلەیە تەنها بۆ ڕۆژێک دەژی و هیچ لە ڕابردوو ڕانامێنێت. ئێمە جاران گلەیمان لە باو باپیرانمان دەکرد و دەمان ووت ئەوان هیچیان بۆ ئێمە سەوز نەکردوە لەمێژوودا، بەڵام ئێمە لەناو مێژووداین و هیچ هەڵوێستەیەکی جەوامێریمان نییە. لەم ڕۆژانەدا لەسلێمانی لەزۆربەی گەڕەکەکان نوسراوێک نوسرابوو عەرەب بۆ دەرەوە، پیاوێکی ئاسایش ئاگاداری کردم کە ئاسایش بەدوای ئەوانەدا دەگەڕێن کە ئەوەیان نوسیوە، چونکە ئەوە ئاژاوە دەخوڵقێنێت، منیش ووتم ئەی چۆن ئەم هەموو عەرەبە دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان ؟ لەوەڵامدا ووتی ئەوان ووڵاتی خۆیانە خەڵکیش ئازادە لەکوێ دادەنیشێت، مادام ئێمە پەنجەمۆرمان کردوە کە عێراقین ئیتر ئەم هەڕەشە و گوڕەشەیە تەنها خۆبەتاڵکردنەوەیە.
ئێستا شەقامی کوردی چێ دەکات چ جۆرە نیشتمانێک جێبهێڵین بۆ نەوەکانی داهاتوو ئەوە ئەرکی ئەخلاقی هەموومانە ؟
دەبێ ئەم دەسەڵاتە نەمێنێت لەگەڵ نەمانی ئەم دەسەڵاتەدا هەموو کێشيکان خۆیان ڕێگە چارەسەر دەدەۆزنەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە