سروودبێژەکانی، سروودی شۆڕشگێڕیی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان!

Tuesday, 19/05/2015, 18:36

9987 بینراوە


کۆنە مائۆییستی کۆتاییەکانی سەدەی بیست،جەلال تاڵەبانی، تەنیا باشووری کوردستانی نەکردۆتە زەندۆڵستان! بۆ ماوەی ٣٦ساڵ دەبێ کە پەردەی تاریکی بێبەختی خستۆتە سەر رۆژهەڵاتی کوردەستانیش. پەیوەندی ئەوحیزبەی کە ئەو رێبەری دەکالە گەڵ کۆماری ئیسلامی چەقۆی یەک دەسکن بۆ لە ملدانی خەڵکی هەژار لەو بەشە لە وڵات. پاش رووخانی بنەماڵەی پەهلەوی لەئێران وهاتنەسەرکاری دەسەڵاتی هەیی، یەکێتی نیشتمانی لەسەر حێسێبی جەلال هیچ نەما کەبەسەر کوردی نەهێنێ. پەیوەندی بەشێک لە حیزبەکانی ئەو بەشە لە ووڵات دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خەباتی شاخ لە گەڵ،، کۆمەڵە،، لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
٦مانگی نەخایاند تەختوتاجی شای ئێران وەلەرزەکەوتوو شا هەڵات. ئەو ئاڵوگۆڕەیان لە ئێران ناو نا ،شۆڕشی گەلانی ئێران، پاشآن بووبە کۆماری ئیسلامی.زۆری نەخایاند کە شەقام و کوچەکۆڵانی رۆژهەڵاتیش کەوتە دەست حێزبەکانی ئەوێ.کارتێگەری، کۆمەڵە، لەسەر رێبازی مائۆییستی جەلال تاڵەبانی وایکردکە کۆمەڵە لە رۆژهەڵاتی وڵات ئامریکای پێ ئیمپریالیست بێ و بە سۆڤیەتی پێشووشیان دەگوت: سوسیال ئیمپریالیست، لەناوەدا رێبازی مائۆومائۆییسم باڵی بەسەردا کێشابون. لەحالێکدا زۆربەی گەنجەکان نەیاندەزانی مائۆییزم چییە. دەبوایە هەرکەس، کەواپاتۆڵو رەختوو تۆزلوقی لەبەر کردبایە وێڕای کەڵاشینکۆفێک جا ئەوجار بە جامانەیەکی رەشەوە دەبووبە کۆمەڵە، کاتێکیش ناوی جەلالت هێنابایە دەبوو بڵێی: ،مامە،!(ئەو مامەیە هەر قابیل بە خۆیانە) دەنا وەک شۆڕشگێڕ سەیریان نەدەکردی! لەوەش بترازێ هەر کەسیان پێ خراپ بایە یان ترۆڕیان دەکرد یان دادگای شۆڕشیان بۆ دادەنا!
مەبەست لەو قسانەی سەروو چییە؟
من قەت، دووپاتی دەکەمەوە، قەت، ئیزن بەخۆم نادەم کە باس لەژیانی شەخسی هیچ کەسێکی بکەم.هەر کەس ئازادە چۆن دەژی. بەڵام ئەومافەم هەیە بڵێم: بۆچی ئاواتان لە منداڵەکانی ئێمە کرد؟ لەسەرچی منداڵەکانی ئێمەتان هان دەدا کە لەبەرەی ئەو کارەی کە ناوتان نابوو شۆڕشگێڕی بەشدار بن. هیچ سەرکردەیەک، هیچ حیزبێک ئەو مافەی نییە کە منداڵی خەڵک بە خۆڕایی بکاتە ئامرازی سیاسی ئەو حیزبەی کە سەرچاوەی دامەزراندنیان لێلوناڕوونە. هەزاران دایک و جەرگ سووتاند، پشتی هەزاران باوک و چەماندەوە، هەزاران گەنج بە فیڕۆدا ئێستێش لە زڕگوێز، گوێزان لەسەر کۆشی گزێرێکی وەک تاڵەبانی  دەژمێرن.چون ئەو بەخێوو دەکا! تەنانەت ناوێرن یەک هەنگاویش بە بێ ئیزنی ئەیاغەکانی تاڵەبانی هەڵبگرن!
وەک شەخسی خۆیان رێزم بۆ، کاک نەجمەی غوڵامی و ناسر رەزازی هەیە، دەنگی هەردووکیشیان بە شێوەیەک گوێگری  خۆی هەیە. بەڵام من پرسیاریان لێدەکەم؟ ئێوە لەبیرتانە ئەو سروودانەی ئەوکات لە کۆڕ و کۆمەڵ و سمینارو شوێنی گشتی بۆ خەڵکتان دەگوتەوە؟ کەسەکانی من و هەزارانی دیکە کە گەنج و ساویلکە بون نائاگایانە بۆ لای ئێوە هاتن؟ ئێوە هانتان دە دان کە چەک هەڵگرن. ئیوە هانتان دان باسی چەپ وسوسیالیزم بکەن. ئێوە واتان لێکردن کە شۆڕشگێڕ بە کەسێک دەڵێن کە بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرکردەکانتان لە بنەماڵە داببڕێن و پێیان وابێ قیبلەی ئاوات تەنیا کۆمەڵەیە، کە دەتوانێ زەحمەتکێش و رەنجدەر رزگار بکا. ئەو سروودانەی کە ئێوە رۆژانە دووپاتتان دەکردەوە وەکو چاندنی تۆوێک دەچون کە ئەوڕۆ بە بێ بەرهەم لە زڕگوێزی بندەستی تاڵەبانی، هەر وشەیەکی کەوتۆتە بەردەستی کۆمەڵەیەک! جوابتان بۆ ئەوڕۆی دایکانی جەرگ سووتاو چییە؟ یەک کۆمەڵە بوون، بوونە دوو، بوونە سێ، بوونە چوار، بوونە پێنج، بوونە شەش، دەبنە زیاتریش، نە ئەوکات هیچتان پێبوو، نە لەداهاتوودا هیچتان پێیە؟
چاو لەو سروودانە بکەن کە لەسەر، مەد موزیک، بڵاو دەبێتەوە. بنۆڕنە تێکست، شێعر، مۆزیک، رەنگ، مێلودی، مانای دەقی شێعرەکان، هەڵویستی ئەو کلیپانەی کە بە پێی رێزمانی حەڕەکەتی رزگاریخوازی داڕێژڕاوە، ئەو سروودانە بۆ ژیان خوڵقاون، بۆ رزگاری نووسراون، بۆ هۆمید گووتراون، هەر وشەیەکی مانای تایبەت بەخۆی هەیە، ئەو سرودانە بە پێی قۆناغی سەرکەتن دەگووترێن، ڕەمەکی نین. ئێوە سروودوگووت ئێستێش رێبازێکی دیکەتان گرتۆتەبەر بەئاشكرا پەشێمانن لە رابووردووی خۆتان. لەوەش بترازێ کۆمەڵەکانیش بۆیان هەڵکەوێ بێحورمەتیشتان پێدەکەن! لەرۆژئاوا و لە باکور تا ئێستێ ئەگەر بۆ سروودگووتن خوێن ڕژاوە بە فیڕۆ نەچووە، ئێوەی سروودتان دەخوێند بۆهاندانی منداڵی خەڵک بەڵام لە رێگای ئەو سروودانەی  خوێنی گەنجەکانی ئێمەتان بەفیڕۆ دا. گوزەری زەمان کوێرە زەیەن نییە، مێژوو حافزەی لەکار ناکەوێ،جوابتان چییە لە ئاست ئەو کارەی کە کردووتانە؟ ئێستێ ئێوە خۆتان بە رەنجەڕۆ دەزانن یانژی دایک و بابی ئەو شەهیدانەی کە ڕەنجەڕۆتان کردن؟ ئایا هەست بە ژانی ویژدانتان دەکەن؟ ئایا حازرن داوای لێبوردن بکەن لەو کەسانە بکەن کە بە هۆی ئەو سروودانەی کە ناوتان نابوو، سروودی شۆڕشگێڕی، گیانی خۆیان سادقانە لەدەست دا؟ ئێوە زیندوون، ئەوانیش بوونە خەساری هەڵوێستی کۆمەڵەکەتان، کە بێتاوان لەلامان ڕۆیشتن!؟

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە