کچی خۆمت بدەمێ؟

Tuesday, 19/05/2015, 23:37

5353 بینراوە


یەکێ لەو خەسلەت و نەریتە پڕ بەهاو جوانەی کوردەواری بریتی بوو لەوەی کەوا گەر یەکێ بزانرایە مرۆڤێکی خاوەن خوو ڕەوشتی بەرز و بەکەڵك بۆ کۆمەڵگا ، وەیان مرۆڤێکی ئێشکەر و داوێن پاك ،ئەوا لەزۆربەی کاتدا خەڵکی نەك هەر ئامادە بووە لێی نزیك ببێتەوە،بەڵکە گەلێ خۆشحاڵیش بوون بەوەی کچی خۆیانی بدەنێ و بیکەنە کەسی نزیك لە خانەوادە. ئەم جۆرە لەنەریتە کۆمەڵایەتیە بەشێوەیەك بەربڵاو بوو کە لای کەسمان شاراوە نیە کەچەندین جار ئارەزوومان کردوە ،هاوڕێیەکمان کەکەسێکی خۆشەویست و دەست و داوێن پاك و لەخێزانێکی کورد پەروەر بوبێ ، ببێتە زاو و کوڕی خۆمان.
باوکم چەندین جار ئەوەی بۆ ئەگێڕاینەوە کەوا لەلایەن چەندین کەسەوە ئامادەبوون کە کچی خۆیانی بەکراسی بەریانەوە پێشکەشی بکەن. لەبەرئەوەی کەسێکی باش و خاوەن خوو ڕەوشتێکی بەرز و کورد پەروەر بوە. جا ئەم نمونەیە بۆ زۆربەی کەسانی تر هەمان شێوە بوون. بۆیە گەلێ ئاسایی بوو لە کۆمەڵگای کوردەواریدا خاوەن کچ گەر ڕێکەوتی کوڕێکی باشی کردبێ،هاتوەو کچەکەی پێشکەش کردوە وەیان پێی ووتوە گەلێ حەز ئەکەم کچەکەی خۆمت بدەمێ گەر تۆ بە ئێمە ڕازیت. دیارە من وەك خۆم چەندین هاوڕێی باش و دڵسۆز و بەئەمەك هەبوون کە هاموو شۆی ماڵی ئێمەی کردوەو بوونەتە جێگای ڕێز لای من و ماڵەوەمان،هەر بۆیە گەر یەکیك لەو برادەرانە پەیوەندیەکی خۆشەویستی لەگەڵ یەکێك لەخوشکەکانم بکردایەو بە خۆشەویستی تەواو بوایەو هاوسەرگیریان بکردایە،ئەوا شتێکی گەلێ ئاسایی ئەبوو . لەهەمان کاتدا بۆ من گەلێ کارێکی پیرۆز و ڕەواو پێوستی بوو. زۆر جار لەکوردەواریدا ئەڵێن؛ باوکی خاوەن هزری تەواو و کامڵ،خۆی ئەگەڕێ بۆ دۆزینەوەی کوڕ بۆ کچەکەی.
لەچیرۆکی(سەنگەر و سامی) کەوەك باسی لێوە ئەکرێ لەبەرئەوەی سامی پەیوەندی خۆشەویستی بە خوشکی سەنگەرەوە کردوە و پاشان ئەنجامەکەی بە کوشتنی سامی کۆتایی هاتوە،تووشی شۆکمان ئەکا لەبەرئەوەی هەرگیز ئەو پەیوەندییەی نێوان خوشکی سەنگەر و سامی کەوا لەسەر بنچینەی هاوڕێیەتی نیوانیان دروست بوو،هەرگیز ئەوە خیانەت نیە،بەڵکە ئەبوو سەنگەر و باوکی مادەمەکی زانیان سامی کوڕێکی باش و نیازێکی وای هەیە کە کچەکەیان بەشێوەیەکی ڕێك و پێك بهێنێ ،نەك هەر مایەی خۆشی و کامەرانیە،بەڵکە ئەبوو دەستی یارمەتی و هاریکاریان بۆ درێژ بکرێ لەلایەن هەموانەوە. کەچی وەك چیرۆکەکە باسی لێوە ئەکا،ئەمان ئەو جۆرە پەیوەندییەیان بە خیانەت زانیوەو دواتر تیرۆریان کردوە.
لەڕاستیدا ئەبوو ئەو کەسانەی لەو چیرۆکەدا ناویان هاتوە بێنە وەڵام ،دەنا ئەوە بەڕاستی ئەوەی لەسەریان نووسراوە ئەچێتە خانەی تاوان و پێوستە پۆلیس پشت بەم هەواڵە ببەستێ و قۆڵ بەستیان بکەن و دادگاییان بکەن. ناکرێ هەروا بەبێ دەنگ و بەبێ وەڵام بمێنێتەوە. ڕەنگە ئەوان پێیان وایە کەوا ئەوە لەکوردستانپۆست بڵاو کراوەتەوە و لەڕاستیەوە دوورە و بیانەوێ بیخنە قاڵبی سیاسەت و بڵێن کوردستانپۆست دژی پارتی و دەسەڵاتەکەیەتی. وەیان پییان وابێ لەبەرئەوەی لە دەزگا ناوخۆییەکانی کوردستانی باشوور بڵاو نەکراوەتەوە،ئەوا شایەنی ئەوەنیە وەڵام بدرێتەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێ،هەر بۆیە پێوستە لەسەر هەریەك لە(پۆلیس،لیژنەی مافی مرۆڤ لەپەرلەمان،مەلا و پیاوە ئایینیەکان،دەزگای ڕاگەیاندنەکانی باشوورو دەزگا بەناو لۆکاڵ و مەدەنیەکان ) قۆڵی لێهەڵماڵن و بگەڕێن بەدوای بکوژی سامی. هەروەها پێوستە لەسەر نووسەران و دڵسۆزانی گەلەکەمان زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بنووسن و درێژەی پێبدەن و بیکەنە فشار بەسەر دەسەڵاتی ئەو ناوچەیەی ئەم ڕووداوەی لێ ڕووداوە. بەهەمان شێوەش پێوستە لەسەر ڕۆشبیرو هزردۆستان جارێکی تر ئەو خەسلەتە جوانەی کوردەواری زیندوو بکرێتەوە و چیتر ئەو جۆرە پەیوەندیە خۆشەویستیانە بە خیانەت نەزانرێ و جارێکی تر بەشێوەیەکی تر لەخەڵکی بگەیەنن و وەك خۆی پێناسەی بۆ بکرێتەوە و تا کەسی تر لەسەر ئەم جۆرە کارانە تیرۆر نەکرێن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە