N R T تۆڵە لە وەزیری تەندروستی دەکاتەوە

Thursday, 21/05/2015, 17:07

8666 بینراوە


سالێ ٢٠١١ لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوباتدا،شەوێک هێرشکرایە سەر بینای کەناڵی تەلەفزیۆنی N R T  و سوتێنرا،دوای ئاگرتێبەردانی کەناڵەکە،هەندێک لە هێرشبەرەکان نەیانتوانی دەربچن و لە ناو بینای تەلەفزیۆنەکەدا مانەوە و بە ئاگرەکەی خۆیان برینداربون.رای گشتی وایبۆدەچو کە ئەو کارە لە لایەن دژە تیرۆرەوە ئەنجامدرابێت،ئەو کات د.رێکەوتی وەزیری تەندروستی ئێستە سەرۆکی تەندروستی شاری سڵیمانی بوو،د.رێکەوت هەمو توانای خۆی خستە گەر بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکانی دژە تیرۆر و شاردنەوەیان و گواستنەوەیان بۆ دەرەوەی وڵات،بۆ ئەم مەبەستە هەندێک پزیشک و کارمەندی نزیکی خۆی و ئیسعافەکانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی بەکارهێنا.ئەم چالاکیەی د.رێکەوت لە شاردنەوەی تاوانبارانی سوتاندنی کەناڵی N RT  لە دەست یاسا و گەیاندنیان بە دەرەوەی وڵات،بەلای کوتلەی باڵادەستی یەکێتی کە سەرپەرشتی دەزگای دژە تیرۆر دەکات، هێندە گرنگ بو،د.رێکەوتی گەیاندە وەزارەتی تەندروستی.
کوتلەکەی تری یەکێتی و جەماعەتی گردەکە کە سەرپەرشتی N R T دەکەن، زۆر هەولێاندا هێرشکەران و پشتیوانەکانیان دادگاییبکرێن، بەڵام سەرکەوتو نەبون.کوتلەی سەر بە N R T ،د.رێکەوت بە هۆکاری سەرەکی شاردنەوەی تاوانی سوتاندنی تەلەفزیۆنەکەیان دەزانن و بەردەوام بە شوێنیەوەن و چاڵی بۆ هەڵدەکەنن و دەیانەوێت تۆلەی خۆیانی لێبکەنەوە.بۆیە یەک لە چالاکیەکانی کەناڵی تەلەفزیۆنیN R T  شوێنکەوتنی کەم و کۆری و پۆخڵەواتەکانی وەزارەتی تەندروستیە،بۆ ئەوەی لەم رێگەیەوە لە د.رێکەوت بدەن.
روداوی پشکنینی چا لە باتی میز لە تاقیگەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی،نیشانیدەدات کە بەرپرسەکانی تەندروستی نزیک لە کوتلەی بەرهەم و گردەکە لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بۆ حەیابردنی نەخۆشخانەکانی وەزارەتی تەندروستی و د.رێکەوت، هاوکاری تیمی کەناڵی N R T  یان کردوە، ئەگەر وا نەبێت بە بێ رەزامەندی بەپرسانی نەخۆشخانە کەس ناتوانێت بە کامێراوە بچێتە نەخۆشخانە،ئەگەر بەرپرسانی تەندروستی لەم سیناریۆیەدا نەبن، کەس ئەو جورئەتەی نیە کە لە باتی میز چا بنێڕیت بۆ تاقیگە و چایەکە وەک میزی نەخۆش بداتە پزیشک و خۆی بکاتە نەخۆش،ئەگەر کەسێک پشتی ئەم جۆرە کەسە نەگرێت، ناوێرێ فێل لە تاقیگە و پزیشک و رای گشتی بکات.دیارە ئەم سیناریۆیە ،سیناریۆی دەرپەراندنی د.رێکەوتە لە پۆستی وەزیری تەندروستی،هۆکارەکەشی فشاری کوتلەکەی بەرهەمە و رازیبونی کوتلەکەی دادە هێرۆیە،کە لە پێناوی رێکەوتنی خۆیاندا، لەسەر رسواکردنی کەسە لاوازەکان رێکدەکەون .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە