کۆمۆتراژیدياکانی ھەرێمی کوردستان (بەشی یەکەم)

Thursday, 21/05/2015, 20:02

3359 بینراوە


١- کۆمۆتراژیدیای دەستوور
گەمەیەکی سەیر لەژێر ناوی دەستوورەوە لە کوردستان دەگوزەرێت!کۆڕو کۆبوونەوەی لەسەر دەبەسترێت،میدیاکانی سەرقاڵکردووە، نەزانکۆکان کۆڕو کۆبوونەوەو پانێل و نازانم چی و چی لە پێناو دەبەستن!بازرگانە سیاسیەکان بە ناوی چاودێری سیاسی و سیاسەتمەدارو لێکۆڵەری سیاسی ، بە ھەندێک قسەی کرچ و کاڵ ، کە بەشێکی زۆریان خۆیان لە قسەکانی خۆیان ناگەن ! مێشکی خەڵک ماندوو دەکەن ، ئەوەی جێگەی ھەڵوەستەکردنە ، ھەموو ئەو قسەو باسە گەرمانە لە دوا چرکەکانی کۆتایی یاری درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ھەرێمە ، ھەر لایەنەو لەمەش مەبەست و بەرژەوەندی خۆی ھەیە ، پارتی دیموکراتی کوردستان ، گۆڕەپانەکە دەسازێنی بۆ ئەوەی بارزانی لە دوا چرکەدا گۆڵی خۆی بکات و ھەمدیس وەک مێردەزمەیەک بخرێتەوە سەر کۆڵی میللەتی کورد!یەکێتی نیشتمانی دەیەوێت گۆڕان بکەوێتە ھەمان ئەو داوانەی کە خۆی لە ٣٠ حوزەیراندا تێیکەوت و ماوەی بارزانی درێژکردەوە ، بەمەش پاساو بۆ ٣٠ حوزەیرانەکەی خۆی دەھێنێتەوە ھەموو پڕوپاگەندە و نەڕەو قیژاندنانە پووچەڵ دەکاتەوە ، کە گۆڕان لەو قۆناغەدا دژی ئەو ھەڵوێستەی یەکێتی کردی ، بەمەش لە لایەک بەڕەکە لە ژێر پێی گۆڕان دەردەھێنی و ئەو ماسکە لا دەبات کە گۆڕان بەرامبەر خەڵکی کوردستان خستبوویە سەر ، لە لایەکی تر جەماوەرەکە خۆی ئاشت دەکاتەوە ، بۆیان روون دەکاتەوە کە ئەوان چ سیاسەتێکی حەکیمانەیان ئەنجام داوە! ھەرچی گۆڕانە دەیەوێت کەمێک لە باری ئەو ھەموو بەرپرسیاریەتییە سوک بکات ، کە لە کاتی ئۆپۆزسیۆن بوونیدا خستییە ئەستۆی خۆی ، دەیەوێت دەنگدەرانی بەوە فریو بدات کە ئەوان ئەگەر ماوەی سەرۆکایەتی بارزانیش درێژکرایەوە، ئەوا چەند سەرکەوتنێک ، یاخود نمایشی دێوجامەی چەند سەرکەوتنێک دەکەن لەدوو توێی گەمەی دەستووردا ، تا زمان کورت دەرنەچن! واتە کار لە سەر کرۆکی ھەمان سیاسەت دەکات کە یەکێتی لە ٣٠ حوزیران ئەنجامیدا ، بەڵام دەیەوێت بە شێوەیەکی تر رتووشی بکات !حزبە ئیسلامییەکان دەیانەوێت خۆیان لە پەنجەی تاوانبارکردن بە داعش بوون و ئەو تۆمەتانە بدزنەوە کە لەمیدیاکان رۆژانە رووبە روویان دەکرێتەوەو پاکانە بۆ خۆیان و نەتەوەیی بوونی خۆیان بکەن ، لە ھەندێک خاڵیشدا دەکەونە ھەمان ئەو پێگەیەی کە گۆڕان تێی کەوتووە!
واتە ئەو گەڕە لاوژەی ئەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسی لە باشوری کوردستان ئەنجام دەدرێت لە پەنای ھەموارکردنەوەی دەستوردا، مەبەستی سەرەکی فریودانی رای گشتی خەڵکی کوردستان و سەقاڵکردنییەتی ، بۆ ئەوەی تەمەنی ئەو قۆناغە پڕ لە شکستییە درێژەی پێبدرێت ، کە گەیشتۆتە لێوارەکانی کۆتایی! واتە زۆربەی حزبەکانی کوردستان ، بە تایبەتیش ئەو پێنج حیزبەی بەیەکەوە حکومەتی بنکە فراوانییان پێکھێناوە ، لە دوو خاڵی سەڕەکیدا یەک دەگرنەوە ،
١- لەو رێگەی ئەو گەمە قێزەونە خۆیان لە دروشمەکانی خۆیان دەدزنەوە و کار لەسەر فریودانی خەڵکی کوردستان دەکەن!
٢- ھەموویان لە رووی جەماوەری و سۆفت پاوەرە لە قۆناغەکانی ئیفلاس بوون و لێکترازانی ناوەخۆدا دەژین! واتە روو بە رووی قەیرانێکی سەختی نێوخۆیی (نێوخۆیی حیزبەکانیان) و دەرەکی بوونەتەوە
لە راستیدا ئەو ھەرایەی لەسەر بابەتی دەستوور دەکرێت ، بیرکردنەوەیکی قووڵی ناوێت بۆ ئەوەی بسەلمێنرێت کە زۆر جیاوازە لەو واقیعەی کە ئەمڕۆ کوردستانی تیادا دەژیت! واقعی کوردستان واقعێکی ھەڵوەشاوە ، ئاوساو بە قەیران و گەندەڵی ، ماندوویی بێھوودەبوونی خەڵک ،تژی بە بێزاربوون و تووڕەیی جەماوەری ، ناگونجێت لەگەڵ ئەو دمگۆو قسە بی بنەمایانەی کە حزبەکان خۆیان و خەڵکی کوردستانیان پێ سەر قاڵ کردووە ، جاری بەر لە ھەموو شتێک دەست درێژ کردن بۆ دەستوور لە قۆناغی کاتی بەسەر چوودا، لە دوا چرکەکانی بە کۆتا ھاتنی ماوەی سەرۆکی ھەرێم ، خۆی لە خۆیدا بنەما کۆمیدییەکانی ئەو ھەوڵانە بۆ خەڵک نیشان دەدات ، مامەڵەکردن لەگەڵ خەڵکێکیشدا کە رۆژانە قوربانی دەدات لە پێناو وڵاتەکەیاندا ، ئەو تراژیدیایە دەخاتە روو کە خەڵکی کوردستان لە سایەی ئەقڵییەتی ئەو حیزبانەدا لە چ دۆخێکدا دەژین!
کەس ناتوانێت نکووڵی لەوە بکات کە دەستوور بۆ بەڕێوەبردنی ھەموو قەوارەیەکی سیاسی چەند گرنگە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە ئە و کەسانەی بیر لە دەستوور دەکەنەوە ، خاوەنی ئیرادەی سیاسی خۆیان بن ، بیر لە دەستوورێک بکەنەوە کە بە راستی مەبەستی رێکخستنی پەیوەندییە نێوان فەرماندارو بەر فەرمان بێت و ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان دیاری بکات ، نەک مەسەلەی دەستوور بکەوێتە چوارچێوەی گەمەیەکی قێزەونی سیاسییەوە! کوا ئەو ژینگەیەی کە دەتوانرێت دەستووری تیادا پراکتیزە بکرێت؟! ئەو دۆخە سیاسی و حزبییەی لە کوردستاندا ھەیە ، ھەر دەستوورێک دەربچێت ، بە دەردی دەستوورەکەی بەغدای دەچێت! لە دەقێکی ئەدەبی جوان تێناپەڕێت ، کە کاری جوانکردنی ئەو دەم و چاوە ناشرینانەبێت کە کۆمەڵگای قێزییان لێدەکاتەوە! سەیرم پێدێت خەڵکانێک ھەن چاوەڕوانی دەستوورێکی عەیار ٢٤ لە ھێز گەلێک دەکەن ، کە ئەگەر دادگایەک لە کوردستان ھەبێت ، ئەوا دەبێت بە ھۆی جینۆسایدی میللەتەکەیان و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییەوە ، بخرێنە کونجی زیندانەکانەوە! ئەو پاردۆکسەی لە کوردستان دەگوزەرێت جێگای پێکەنێکی گەرم و گریانێکی بە کوڵە ، لە کاتێکَدا خەڵک (لایەنگرو کەس و کاری ئەو چەکدارانەی شەڕیان بۆ ئەو ھێزانە کردووە ، واتە غەیرە حیزبیەکان نا کە مافی ھاولاتی بوونیان لێسەندراوەتەوە، بەڵکو ئەوانەی خۆیان شەڕیان بۆ ئەو ھێزانە کردووە!) گردبوونەوە ئەنجامدەدەن بۆ ئەوەی سۆراغی بێسەرو شوێنەکانیان بزانن داوای چارەنووسی رۆڵەکانیان دەکەن ، لە لایەکی تر ئەو جەللادانەی کە خۆیان ئەو کەسانەیان بێسەرو شوێن کردوە ، یاخود ھۆکاری سەرەکی بوونە بۆ بێسەروشوێن بوونی ئەوانە، ھەر خۆیان رەوانەی دۆزەخی شەڕی کوردکوژییان کردوون ، یاخود لە کونجی زیندانەکانیان بزیان کردوون ! دێنە سەر شاشەکان و باس لە دانانی دەستوورێک دەکەن ، کە بتوانێت ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزێت ! باوەڕناکەم لە ھیچ شوێنێکی تری ئەم دنیایە کۆمۆتراژیدیای لەمە قێزەون تر ھەبێت! دیارە بێسەرو شوێنکردنی خەڵک و کوشتنی دیل ، تاوانی جەنگە ، بە واتایەکی تر ئەو کەس و ھێزانەکە باس لە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردی دەکەن ، تاوانباری جەنگن ! لە لایەکی تر ئەوانە خۆیان لەوانەش لاتەریک کردووە کە خۆیان بۆ بەکوشت داون ، فەرامۆشکردنی ئەو کەسانەی کە خۆیان لە پێناو ئەوان بە کوشتن داوەو شوون بزرکراون ، ! بیقییەمیەکی ھێندە گەورەیە کە چی لە تاوانی جەنگ کەمتر نییەو بگرە تەواوکەری ئەو تاوانایە! چ کۆمۆتراژیدیایەکە ئەوانە بێن باس لە دەستوور بکەن پەیوەدنیەکانی کۆمەڵگا رێک بخەن ، کە خۆیان ھۆکاری سەرەکی تێکدان و ھەڵتەکاندنی پەوەیندییەکانن!
دەستوور پێویستە لەسەر دەستی کەسانێک بنووسرێتەوە ، کە بە لایەنی کەم کەمترین رێزییان بۆ یاسا ھەبێت ،ئەگەر کەمترین رێز بۆ یاساش ھەبێت وەک ئاماژەم پێکرد ، ئەوا بە جینۆساید کردن ، یاخود بە تاوانی دزینی سامانی گشتی ، یاخود بە تاوانی خیانەتی نیشتمانی دەست تێکەڵکردن لەگەڵ دوژمن و ھێنانی ھێزی بێگانە بۆ سەر خاکی وڵات ،یاخود ... یاخود...یاخود ....ھتد ،ئەوانە دەبێت دەبێت راپێچی بەردەم دادگا بکرین! نەک وەک فریشتەیەک بین باس لە چاکسازی و ماف و ئازادییەکانی خەڵک بکەن! کەواتە بۆ ئەوەی دەستوورێک بۆ ئەو وڵاتە دابین بکرێت ، سەرەتا دەبێت ژینگەیەکی سیاسی لەبار بخولقێنرێت کە توانای ئەوەی ھەبێت یاسای تیا جێبەجێبکرێت ، لە لایەکی تر بە لایەنی کەم ،ئەو کۆمۆتراژیدیایە پێویستە دوا بخرێت ، بۆ دوای بە کۆتا ھاتنی ماوەی سەرۆکی ھەرێم دەرکەوتنی ھەڵوێستی راستەقینەی حیزبەکان بەرامبەر ئەو مەسەلە جدییەو ئنجا دوای ئەوە بە شێنەیی بیر لە دانانی دەستوور بکرێتەوە!


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە