گۆڕانخوازێکی بێشەرم لە گردەکەوە دەشیڕێنێت: کاک مەسعود خەونی گەورەی هەیە

Saturday, 23/05/2015, 22:37

12488 بینراوە


"ئەوانەی لە پێناو چەند دینارێکدا بوونەتە کۆیلە، هەمیشە ترسیان لەبوونی ئازادییە، نەکا ئازادبن و نەتوانن بەفرۆشتنی خۆیان بژین ".
ئەرنەستۆ گیڤارا
بەر لە هەر شتێک دەبێ ئاماژە بەوە بدەم کە لەم ڕۆژانەدا کاک نەوشیروانی گردەکە ووتبووی دەوڵەتی کوردی هەر لە سەردەستی کاک مەسعود بارزانی لە دایک دەبێت.
دوای بڵاوبونەوەی ئەم قسەیەی کاکە نەوە، ئیتر کۆیلەکان لێرە و لەوێ کەوتونەتە جوینەوەی قسە بەتاڵەکەی سەرۆکەکەیان و خەریکی پینەکردنیین، بۆ نمونە :
 لە نووسینێکی کاڵ و کرچدا "مەجید ساڵح" هاتووە مارتن لۆتەر و مەسعود بارزانی لە سەر خوانێک کۆدەکاتەوە و بە یەکیان دەشوبهێنێت، گوایە هەردووکیان یەک شێوە خەونیان هەبووە.  بەقسەی ئەم گۆرانبازە، مارتن لۆتەر خەونێکی بچکۆلە، لێ مەسعود بارزانی خەونێکی گەورەی هەیە. ئەوەی مارتن پاش نزیکەی چل ساڵ هاتە دی بە حسابی کاکی نووسەر چونکە ڕەش پێستێک لە ئەمەریکا بوو بەسەرەک کۆمار، لە لای مەجید ساڵحیش مەسعود بارزانی بەرلەوەی بمرێت خەونی دەوڵەتۆکەکەی دێتەدی و ئەویش وەک مارتن لۆتەر. ساڵح داوا لە سەرۆکەکەی دەکات بۆ هێنانەدی خەونەکەی دەبێت بەخشندەبێت و ئاسەواری شەڕی ناوخۆ نەهێڵێت. (کلیکی ئەو لینکە بکە بۆ خوێندنەوەی نووسینەکەی کاکە مەجیدی گۆرانخواز)
کاتێک من چاوم بە نمونەی ئەم  جۆرە ووتارە کاڵ و کرچانە دەکەوێت و دەیخوێنمەوە، هەناسەسارد دەبم، دەڵێم: خودایە ئەمانە چ دەماخێکیان هەیە؟ ساڵح کەسێکە گۆڕانە بێ ئەوەی مسقاڵێک هەوڵی ئەوەی دابێت عەقڵی خۆشی بگۆڕێت، یان ویستەی ئەوەی هەبێت گٶرانکاری بەسەر خۆیادا بهێنێت و مێشکی بە جوانیی و بە راستیی کار پێبکات! ئەوەندە نەزانە پێی وایە مەسعودیش وەک خۆی بێ ئاگایە لەوەی کە ئاسایشی ئەم هەرێمەی ئێمە لەمەترسیدایە، جا پیاوێک ڕازی بێت ، کە بەردەوام و هەمیشە  ووڵاتەکە قەیراناوی بکات لەکوێدا خەونی ڕزگاربوونی هەیە ؟
ساڵح ڕەنگە ئەمڕۆ بەم نووسینە ڕیاکارانە خۆی تێکەڵ بە بەرەی دۆڕاو بکات، بیەوێت پۆستێک و دەسەلاتی هەبێت و وەک بەرپرسەکان بدزێت و بخوات رەنگە ئەمەی بۆ بێتە دی، بەڵام ئەو ئیتر کەسێک دەبێت وەک جەمال عەبدڵڵا، ڕێبوار وەلی، سەرۆ قادر ‌هتد، چونکە ئەوان چارەنووسیان بە سەرۆکە سەرسورەکەیانەوە گرێداوە.
 ئێستا کاتی ئەوە هاتووە بۆ بەرچاو ڕوونی بەراوردێکی مەسعود و مارتن لۆتەر بکەین، گەرچی ئەوان لە ئەزەڵەوە جیاوازییان ئاسمان ڕێسمانە.
 نیلسۆن ماندێلا دەیووت : "هەموو بەیانیەك لە ئەفریقا کە ئاسك لە خەو هەڵدەستێت دەزانێت ئەگەر خێرا ڕانەکات دەبێت بە خۆراکی شێرێك، و شێریش دەزانێت خێراتر لە ئاسکەکە رانەکات لە برساندا دەمرێت، ئیدی گرنگ ئەوە نییە، کە شێر بیت یان ئاسک، گرنگ ئەوەیە کە تۆ بەیانی لەخەو هەڵستایت رابکەیت
 ئەم نەخوێندەوارە کۆیلانە وان هەمیشە بە دوای ناوی حازردا دەگەڕێن و هەمیشە کەسایەتییە کانی کورد بەراورد دەکەن لەگەڵ کەسایەتییە جیهانێکاندا، ئەوان تۆسقاڵێک بیر ناکەنەوە کە ئەوان دوو سیما و کەسایەتیی جودان، نەک هەر لە جەستە و ڕەنگدا، بەڵکو لەهزر و بیرکردنەوە و هەڵوێستیشیاندا. ئەو خەونەی مارتن هەیبوە خەونێک بووە لە پاشماوەی کۆیلەکانەوە بەرهەمی هێنابوو، کە لە ئەفریقاوە برابوون بۆ ئەمەریکا. مێژووی مارتن لۆتەر مێژووییەکە پڕێتی لە ڕامان، بەڵام ئەوەی مەسعود بارزانی لەهزر و بیرکردنەوە و هەڵوێستەکانییدا، پڕێتی لە بەزین و ترسنۆکی و خۆفەرزکردن. مێژووی هاتنی مەسعود تاکە جوامێرییەکی تێدا نییە، ئەو هەمیشە بەکۆڵی خەڵک پەڕیوەتەوە، لە لێقەومانەکاندا هەڵهاتوە، ئەوەتانێ کاک" ئەیوب بارزانی"ی ئامۆزای مەسعود لە کتێبەکەیدا باسی ترسنۆکی ئەم پیاوەمان بۆ دەکات، کە چۆن بەگەنجی لەبەردەم ساواکدا هەڵلەزیوە، ئیتر خەونی کامە دەوڵەت دەهێنێتەدی؟
 مارتین پێشمەرگە نەبووە و قەت پرۆپاگەندەی پێشمەرگایەتی نەکردووە، مەسعود گوللەیەکی نەتەقاندوە و تەزکییەی ٥٠و چەند ساڵەی پێشمەرگایەتی بۆ خۆی دروستکردووە، بێ ئەوەی لە تراکتۆرێک وەرگەڕابێت، ڕیزێک ئەسپێی کوشتبێت، لە شەڕێکدا گوللەیەکی نەتەقاندووە، جارێک دەست بەڕویا نەنراوە و شەوێک بە برسێتیی لە مزگەوتێدا خەوتبێت، یان لە جەولەیەکدا قاچی لە جێ چووبێت و چڵک وایلێکردبێت لەسەر چيمێک پشیلەشۆرێکی کردبێت.
 مارتین کەسێکی دیندار و قەشەیەکی کاتۆلیک بوو، مەسعود کەسێکە پرۆپاگەندەی ئەوە دەکات وەک غاندی هەموو دینێکی قبوڵە، کەچی لەگەڵ داعش هاوپەیمانی دەبەستی، دیموکراتە و لەگەڵ بەعسییەکان دەست تێکەڵ دەکات، بڕوای بەئازادیی ڕادەربڕێن هەیە، سۆران و سەردەشت لەسەر ووتارێک دەکوژێت. 
مارتن لۆتەر کینگ لەساڵی ١٩٦٤دا نۆبڵی ئاشتی پێبەخشرا و هەمان ساڵ بە پیاوی ساڵ هەڵبژێرا، کەچی مەسعود بارزانی لەساڵی ١٩٧٥دا لەگەڵ باوکییدا گەلێکیان بەبێ ماڵئاوایی بەجێ هێشت و پارەی شۆڕشیان برد و قوچانیان، لەساڵی١٩٩٦دا سوپای عێراقی هێنا و ٣١ئابیان کردە مێژوو.
 مارتین لە نادیاردا دەکوژرێت و دەبێتە سمبوڵی ناتوندوتیژی لەدوای گاندی و کەسێکی چالاک دەبێت و دەتوانێ هەموو پێست ڕەشەکان لە ئەمەریکا، تەنانەت لە جیهانیشدا بەسمبوڵی خۆیانی هەژماربکەن، کەچێ کاکە مەسعودەکەی ساڵح ناتوانێ لەسەری سور بێتە خوارەوە و کاتێکیش دەردەکەوێت زیاترلە ١٠٠ئۆتۆمۆبێلی گوللەنەبڕی جام ڕەشی لەگەڵدایە و کەس نازانێت لەکامە ئۆتۆمۆبیلدا خۆی حەشارداوە.
 مارتین لۆتەر کینگ کاتێک ووتارێکی خوێندەوە، بووە مێژوو ئێستا لە هەمووکاتێک لەو جێگەیەی ووتارەکەی تێدا خوێندەوە، بۆتە جێگەیەکی دیار لە ئەمەریکا و هەر ئەوەش وای لە ئۆباما کرد کە لەهەمان جێگە ووتار بدا ت. کاتێکیش ئوباما بووە سەرەک کۆماری ئەمەریکا وەک یەکەمین ڕەشپێست. بەڵام مەسعود سەدان جار قسەی کردووە، درۆزن و دوو روو بووە، تاکە قسەیەکی جێگەی نەگرتووە و نەچۆتە خانەی قسەیەکی جدییەوە.
 بەراوردەکان زۆر و زەوەندن بەڵام ژمارەی کۆیلەکان تابێت لەهەڵوەریندایە، چونکە هەرچی درۆنامەی نووسی و وەسفی مەسعود و کەسانی ناو ئەو دەسەڵاتەیان کرد مەرگی خۆیان ڕادەگەیەنن.
بەس نەبوو کاکە ساڵحی گۆڕانباز،  ئەمجارە مەسعودی بە خۆسیە ئەلبیرتۆ مۆخیكا ئۆرەگوای بەراورد نەکرد.

-------------------------------------نووسینکەی ساڵحی گۆڕانخواز--------------------------
(١)
لە ئەمریکا، مارتن لۆتەر کینگ کاتێک لە رێپێوانە گەورەکەی رەش پێستەکانی ئەمریکا لە ٢٨/٨/١٩٦٣دا لە تەنیشت مۆنیمێنتی لنکلولن وتارێکی لە پێش ئامادەکراوی دورودرێژی پێشکەش کرد و تێدا لە داوای پێکەوە ژیانی رەش پێست و سپی پێستەکان کرد، دواتر بە بێ خوێندنەوە هەموو داخوازی رەش پێستەکانی لە سێ وشەدا کورتکردەوە؛ ئەو وتی ( I Have a Dream من خەونێکم هەیە). 
ئەو خەونەکەی بە داخوازیەکی زۆر بچوک دەست پێکرد (خەون دەبینم رۆژێک دابێت لە سەر بەرزاییەکانی جۆرجیاوە، منداڵی کۆیلەکانی جاران، لە تەنیشت منداڵی خاوەن کۆیلەکانی جاران لە سەر یەک مێز دانیشتبێتن).
ئەم خواستە کە ئەو دەم وەک مەحاڵ تەماشا دەکرا، دوای ٣٦ ساڵ لە تیرۆری کینک و رێک لە ساڵی ٢٠٠٩ سنوری خەونەکەی (کینگ)ی تێپەڕاند و باراک ئۆبامای رەش پێست بوو بە سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتەی کە بۆ زیاتر لە ٢٠٠ ساڵ رەش پێستەکان تێیدا وەک کۆیلە مامەڵەیان لە گەڵ دەکرا.
(٢)
لە کوردستان دەیان سەرکردەو رێبەری سیاسی، بە هەزاران پێشمەرگەو گەریلا، بە میلونها هاوڵاتی خەونیان هەیە، خەونی سەربەخۆیی کوردستان، زۆریان لەو رێگایەدا شەهید بون و دەیان هەزاریش بەوداخەوە مردن و لە ئێستاشدا بە میلونان کورد هێشتا ئەو خەونە دەبینن.
ماوی دوو ساڵە ئەم خەونە، خەونی سەربەخۆیی کوردستان لە لای کاک مەسعود بارزانی باسی لێوەدەکرێت. دوای هاتنی داعش و رزگاربونی بەشی هەرە زۆری ناوچە دابڕاوەکانی کوردستان، سەرۆکی هەرێم لە هەمو دیدارە رۆژنامەوانیەکانیدا، لە کۆبونەوەکانیدا لە گەڵ سەرکردەی پارتە سیاسیەکاندا، لە گەشتە دیپلۆماسیەکانیدا، نایشارێتەوە و دەڵێ من خەونێکم هەیە، ئەویش ئەوەیە لە سەر دەستی من و لەسەردەمی مندا هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت.
(٣)
لە نێوان خەونەکەی مارتن لۆتەر کینگ و کاک مەسعود بارزانیدا، خاڵی هاوبەش زۆرن، سەرەکیترینیان ئەمانەن؛ هەردوو خەونەکە خەونی رزگاربونی ملیونها هاوڵاتیە لە کۆیلایەتی و ژێردەستەیی، جگە لەوە هەردوو خەونەکە خەونی لە مێژینەن و هەزاران کەس لە پێناویاندا بونەتە قوربانی، هەروەها بەهەزاران بەربەست و رێگر لەبەردەم هەردوو خەونەکەدا هەبوون و هەن. بەڵام ئەو خاڵە جەوهەریەی خەونەکەی کینگ لەوەی کاک مەسعود جیا دەکاتەوە ئەوەیە، کینگ بە پێچەوانەی کاک مەسعودەوە، سەرۆکی هیچ حیزبێک نەبوو، رابەری گروپێک نەبوو بە تەنها، هەمو رەش پێستەکان بە رابەرو سەرکردەی خۆیانیان دەزانی، هەر بۆیە تەنانەت دوای تیرۆر کردنیشی رەشپێستەکان درێژەیان بە رێگاکەییدا.
(٤)
بۆ ئەوەی خەونی دروست بونی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بێتە حەقیقەت و بێتەدی، بۆ ئەوەی گیانی ئەو دەیان سەرکردەو رێبەری سیاسی، هەزاران پێشمەرگەو گەریلا، میلونها هاوڵاتیەی کە لە پێناوی ئەو خەونە مەزنەدا سەریان نایەوە، ئاسودە بێت، بۆ ئەوەی لە سەر دەستی کاک مەسعود و لەسەردەمی ئەودا هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بێت، باشتر وایە کاک مەسعود تەمەنی داهاتوی خۆی تەرخان کات بۆ هەموو گەل، نەک حزبێکی دیاریکراو، باشتر وایە هاوکات لە گەڵ هەوڵە دیپلۆماسیە دەرەکیەکانیدا، کار بۆ ئاشتەواییەکی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی بکات و هەموو ئەو کەلێنانە پڕکاتەوە کە لە رابردودا لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆ و ململانێی حیزبیدا دروست بوون، متمانە بگەڕێنێتەوە بۆ یەکە یەکە لە ئەندامانی کۆمەڵگا.. ئەو کات نەک خەونی سەربەخۆیی باشوری کوردستان دێتەدی، بەڵکو پریشکی ئەم سەربەخۆییە هەرچوارپارچەی کوردستانیش دەگرێتەوە..
*************کۆتایی نووسینەکەی ساڵح و خەونەکەی مەسعود بارزانی*************

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە