گاڵتەجاڕیی سیمینار و یانەی میدیا لە ئەمستەردام

Sunday, 24/05/2015, 20:03

3655 بینراوە


هاوڕێیەکم لە شاری ئەمستەردامی وڵاتی هۆڵەنداوە ئەم هەواڵانەی پێ ڕاگەیاندم. منیش وەکو خۆی بۆ ئێوەی دەنێرم و ئێوەش ئازادن لە بڵاوکردنەوەی.
ڕۆژی ٢٣-٠٥-٢٠١٥ یانەی کوردی میدیا "سیمینارێکێ" ساز کردبوو بۆ بەڕێز عیزەت عیسماعیل کە ئەندام پەرلەمانی کوردستانە لەسەر لیستی یەکێتی و هەروەها سەرۆکی لیژنەی دارایی یە لە پەرلەمانی کوردستان. دیارە ئەم بەڕێزە بە تایبەت بۆ ئەم سیمینارە نەهاتبوو بەڵکو هاتبوو بۆ کۆنفراسێکی تر لە شاری ڕۆتەردام.
ئەوەی جێگای سەرنج بوو ، هەمووی ١٥ کەس هاتبوون بۆ ئەم سیمینارە کە نزیکەی ٦ کەسیان سەر بە یانەی میدیا بوون و ٩ کەسەکەی تریش زۆربەیان یەکێتییەکان بوون و کەسێکی گۆڕانیش هاتبوو. لە ناو ئامادەبووەکاندا دوو ژن هەبوون کە یەکێکیان وا دیار بوو پەیامنێری تەلەفیزۆنێکی یەکێتی بوو.
بەڕێز عیزەت لە میانی سیمینارەکەدا کۆمەڵێک لیست و ژمارەی قەبە قەبەی خستە بەرچاوی ئامادەبوان و زوو زووش دەیگوت "لێتان ناشارمەوە". خوا هەڵناگرێت هیچی نەشاردەوە و ئەو ماڵوێرانی و پاشا گەردانییەی "حکوومەتی هەرێمی " لە بواری نەوتدا خسە بەرچاو. سەرنجێکی تر ئەوە بوو ئەو بەڕێزە گووتی کە ئەم ژمارانە یان ئەم لیستانە هەتا ئێستا لەلایەن هیچ لیژنەیەکی پشکینینەوە تەماشا نەکراون و ووتی "من ناتوانم ڕاستی و درووستی ئەم ژامارانە پشت ڕاست بکەمەوە"!
کاك عیزەت لە میانی ئەم "سیمینارە"دا نەیتوانی باسی حیزبی بوونی خۆی نەکات و زوو زوو دەیگووت من وەکو یەکێتی کاری ئاوام کردووەو نەمهێشتووە فلان پلان یان گەندەڵی ڕووبدات و جار جاریش تانەیەکی لە گۆڕان دەدا و هەر بە "موعارەزەش" ناوی دەبردن. تەنانەت کار گەیشتە ئەوەی کە ئەو برادەری گۆڕان تەنگەتاو بوو و نەیتوانی چیتر بێ دەنگ بێت و بەردێکی گەورەی فڕێ دا و لە پڕدا ناوی "قاسم سولەیمانی " خستە ناو سیمینارەکەوە. لە وەڵامدا کاك عیزەتیش نەیکردە نامەردی و یەکسەر ناوێکی قەبەتری هەڵدایە کۆشی برادەرەکەی گۆڕانەوە کە ئەویش "ئەردۆغان " بوو.
دوای تەوا بوونی قسەکانی " د، عیزەت" کاتی پرسیار کردن و قسەی ئامادەبوان هات، یانەی میدیاش بێگومان لە کەسە نزیکەکانی خۆیانەوە ڕێگایان دەدات کە پرسیار بکرێت. ئەوانەی کە پرسیاریان کرد زۆربەیان یەکێتیەکان بوون و دەستیان کرد بە پیا هەڵدان بە شان و باڵی کاك عیزەتتدا و تووتی ئاسا دەستخۆشیان لێ کرد، کەمێک پرسیاریشیان کرد دەربارەی زۆنی زەرد و بوونی دەسەڵاتی پەرلەمان لەو زۆنەدا. یەکێکیش پرسیاری دەربارەی "قومار کردن" کرد لەلایەن بەرپرسانی هەرێمەوە، لە وەڵامدا دکتۆر ووتی من زنیاریم لەلا نیە بەڵام دەزانم ئەگەر هەبێت دەچن بۆ بەیرووت و ئیستەمبووڵ و قوبرص. 
کەسێك لە ناو ئامادە بوواندا ویستی قسە بکات و پێی ناخۆش بوو کە ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی هەوڵی دەدا وا نیشان بدات کە یەکێتی بەشی گەورەی بەر ناکەوێت لە گەندەڵیەکاندا، ووتی من خۆم لە سلێمانی دەژیم و یەکێتی پشکی شێری لە گەندەڵیدا بەردەکەوێت. ئەو کەسە لە دواییدا زانی کاتی نادەنێ قسە بکات ، بە ناچاری هەستا ڕۆیشت. 
لە کۆتاییدا دەمەوێت بڵێم ئەمە مەهزەلەیە یان سیمینار. یانەی میدیا کە دەیەوێت وا خۆی پیشان بدات کە ڕێکخراوێکی گشتگیرەو لایەنگری حیزبێکی تایبەت ناکات کەچی بە کردار پێچەوانەکەی دەبینی. ئایا ئەمە سیمینارە یان دانیشتنی حیزبیەو چالاکییەکە کە دەکرێت لە پێناوی وێنە گرتن و ڤیدۆ گرتندا و ناردنیەتی بۆ ئاغا گەورەکان و مەبەست لەم چالاکییانە تەنها پاداشت و دەست لە پشتدانی حیزبە؟ 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە