هۆکاری گەشەسەندنی مەسعود بارزانی

Monday, 25/05/2015, 20:08

5211 بینراوە


 با بێین و ئەو قۆناغ و وویستگانە بەووردی شی بکەینەوە کەوا مەسعود بارزانی کردوە بەم کەسەی ئێستا کە خۆی بەهەڵگر و خاوەنی بیرۆکەی نەتەوەیی و دروست کردنی دەوڵەوتی کوردی هەژمار ئەکا.
هۆی نەخۆشی و مردنی مەلا مستەفا لەئەمریکا هۆکارێکی سەرەتایی بوو بۆمەسعود کە پێ بخاتە یەکەم پلیکانەی سەرکردایەتی پارتی . ئەم جۆرە لە قەیران و کیشە ناوخۆییەی بنەماڵەی بارزانی کەخۆی لە نەخۆشی و مردنی مەلا مستەفاوە دەرکەوت ئەستێری مەسعود دەستی کرد بە دروەشانەوە. پاشان و دوای تەنها ٢ بۆ ٣ ساڵێك مەسعود بارزانی هەستا بەدروست کردنی سیناریۆی دەرهێنانی تەرمی مەلا مستەفا لە شاری شنۆی کوردستانی ڕۆژهەڵات و بەو هۆیەوە توانی سۆزی کوردان لەوێ و لەپارچەکانی تری کوردستان کۆبکاتەوە و شەڕی ئێرانی بەوەکالەت دژ بە کوردانی ڕۆژهەڵات هەڵگیرساند و توانی وەك سەرکردەیەکی سەربازی بێتە مەیدانەکە و بەیارمەتی سوپای پاسداران سەرکەوتن وەدەست بێنێ. واتە لەم قۆناغەدا توانی جۆرێك لەقەیرانی سۆزداری دروست بکا و خۆی وەك دڵسۆزێك بۆ بنەماڵەکەی بناسێنێ و لەو ڕۆژەوە توانیبوی زۆربەی بارزانیەکان لەخۆی کۆبکاتەوە.
قۆناغی سێیەم  ئەوەبوو وەك دەستپێك، شەڕی هەکاری کرد و زەرەو زیانێکی زۆری لەپێشمەرگەی کوردستان وەشاند و بەو هۆیەشەوە  توانی جگە لە ئێران پاڵپشتی تورکەکانیش بۆ خۆی مسۆگەر بکا،بەوەی هیچ پارت و ڕێکخراوێك نەتوانێ ببێ بە کێشە و سەریەشە بۆ ئێران و تورکیا.پاشان و لەکاتی هەڵگیرساندی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق – ئێران.لەم ووێستگەیەدا توانی ڕکابەری سەرەکی خۆی لەنێو بنەماڵە و پارتیدا لەناو ببات،ئەویش ئیدریس بارزانی برا گەورەی. کە ڕەنگە دوای ئەو قۆناغە ئێدی شتێك نەما لەنێو بنەماڵە ناوی کێشەی ناوخۆی و ململانێ  کورسی و فرە کوێخایی بێ،بۆیە زیاتر لە ڕێگای ئەو قەیرانەوە توانی باڵ کراوە بێ و هەوڵ بدا ئەجندا و بەرنامەکانی تری زیاتر بەرەو پێش بەرێ و ئینجا جارێکی تر ململانێ و کێشەو قەیران بۆ پارت و لایەنەکانی تری هەموو پارچەکانی کوردستان دروست بکا.
قۆناغی چوارەم و هەڵگیرساندنەوەی شەڕی ناوخۆ لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.لەم قۆناغەدا بەیارمەتی چەندین حزبی کارتۆنی و هاوپەیمانی کاتی توانی بالانسی سەربازی ڕابگرێ و لەناوچەی بادینان بەتەواوی کەڵەگایی خۆی ڕابگەیەنێ و پەلوپۆش بۆ ناوچەکانی هەولێر و سلێمانی بهاوێژێ و هەژموونی خۆی تیا بسەپێنێ،تا دواتر و لەزۆر ناوچەی وەك هەڵەبجە و هەورامان و سنوورەکانی ئێران هێزی پارتی لێ دروست بوو کە ڕەنگە بۆ هێزێکی شکستخواردووی خاوەن پێشینەی ئاشبەتاڵ و هاوسەنگەرێتی لەتەك دوژمنانی کورد هەروا ئاسان نەبوبێ،بۆیە لەڕێگای ئەم قەیرانی شەڕی ناوخۆیەش توانی هەنگاوی تر بهاوێژێ و زیاتر بێتە مەیدانەکەوە.
قۆناغی پێنجەم یەکسەر دوای ڕاپەڕین دێ کە تا ئەو کاتیش لە کەرەج لێی کەوتبون و دواتر هاتنەوە سەر حازری و بەبێ ئارەقە و هیلاکبوون پشکی شێریان بەرکەوت و لە هەڵبژاردنێکی پڕ تەزوویردا لە ٥١% دەنگەکانیان مسۆگەر کرد. ئەمەش دیارە بەهۆی قەیرانی هەڵبژاردن و تەزوویرەوە توانیان زیاتر خۆیان بسەپێنن و ئەم جار کەوتنە دەهۆڵی یاسا و دەستوور و شتی لەم بابەتە.مەسعود بۆ ئەوەی زیاتر چانسی گەورە بوون و سەرۆکی خۆی زاڵ بکا پێوستی بە چەندین قەیران و کێشەی ناوخۆیی هەبوو دروستی بکا. ئەوەبوو جارێکی تر لەساڵی ١٩٩٣ شەڕی ناوخۆی دروست کردوو بەو هۆیەوە توانی هەولێر لە ٣١ی ئابی ١٩٩٦ لەڕێگای هێزەکانی سوپای گاردی عێراقی داگیر بکا و تا هەنووکەش لەژێر دەسەڵاتی خۆیدایە. ئێدی لێرە بەدواوە بەتەواوی گۆڕەپانەکەی بۆ چۆڵکرا بەتایبەتی سکرتێری یەکێتی دەستی لە کوردستان هەڵگرت و ڕووی کردە بەغدا و بەو پۆستە تەشریفیاتەی سەرۆك کۆماری ڕازی بوو. لەو ڕۆژەوە مەسعود نەك هەر خۆی بەسەرۆکی هەرێم ئەزانێ،بەڵکە زۆر جار وەك سەرۆکی کورد لەمیدیاکانی خۆیەوە ئەناسرێ.
پوختەی باس: ئەمانەوێ ئەوە بەخوێنەری بەڕێز بڵێین کەوا ئەوەی مەسعودی گەورە کردوە تەنها دروست کردنی ئەو هەموو کێشە وئاریشەو قەیرانە یەك بەدوا یەکانەیە کە تاکە هۆکارێکە بۆ گەیاندن و گەشەسەندی پارتی و خودی مەسعود بارزانی. هەر بۆیە یەکێ لەهەرە ستراتیژە مەزنەکانی پارتی خولقاند و دروست کردنی زۆرترین قەیرانی ئابووری،کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی و سیاسیە بۆ خەڵکی کوردستانی گەورە. وەهەتا ئەم جۆرە قەیرانانە هەبن ئەوا بەدڵنیاییەوە تەمەنی مەسعود و بنەماڵەکەی لەهەلکشان و بەرز بوونەوەدایە. پارتی و مەسعود وەك ئەو مێشوولەیە وان کەوا تەنها لە ئاوی وەستا وپیسدا ئەتوانن هێلکەکانیان بپیتێنن و گەورە ببن. ئەم تاقمە تەنها لەسەرە نوێلکەی پڕ قەیراناوی و پڕکێشە ئەتوانن بژین و گەورە ببن. بۆیە بە بڕوای ئێمە مەسعود هەر خەریکی دروست کردنی قەیرانە بۆ خەڵکی کوردستان. هەر ئەوەشە بینیمان دژ بە کوردانی باکوور و تەفگەری پەکەکە چەندین ساڵە شەڕ ئەکا لەدژیان و زیاتر لە ٣٥٠٠ چەکداری پارتی تیا لەناو چوون. مەسعود لەکاتی سەرهەڵدانی شۆڕشی کوردانی ڕۆژئاوا بینیمان چۆن چۆنی کێشەو قەیرانی بۆ دروست کردن و ڕۆژ دوای ڕۆژ خەندەق لێدان و خیانەتی لەو شۆڕشە کرد و بەوەشەوە نەوەستا یارمەتی تورکیا و ئۆردۆگان و داعشی دا تا لەڕێگای ئەوانەوە نووشست بە شۆڕشی کوردی ڕۆژئاواو تەڤگەرە ئازادیخوازەکەی بێنن.
مەسعود بارزانی وا هەنووکە خەریکی قەیرانێکی ترە لەڕێگای حدکا و ئەیەوێ جارێکی تر ئاژاوە بنێتەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئەستێرەی بەختی بەرەو کەشکەلانی فەلەك بکشێ و بیکەنە ڕێش سپی و لەولاشەوە خۆی وەك سەرۆکێکی دڵسۆز و خەمخۆر نیشان بدا،لێ دڵنیاین لەوەی پەکەکە ئەم جارەش ئەو پیلانە هەڵئەوەشێنێتەوەو لێرە بەداوە مەسعود و پارتەکەی بەرەو تروسکایی کۆتایی هەنگاو ئەنێن و ڕووەو کپ بوون ونەمان مل ئەشکێنن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە