لیژنەیەك بۆ**قەل**

Monday, 25/05/2015, 20:19

8379 بینراوە


 ڕەنگە ئەمە لاتان سەیر بێ کەوا عەلە شیش و قەلەمون لیژنەی بۆچیە،وەیان ئاخۆ پەیوەندی قەل بە سیاسەتەوە چیە. لێرەدا پێوستە بۆ وەڵامی ئەو پرس و کارانەی پەیوەستن بە قەلەوە پێشەکی بچین بۆ ژێر پردەکە و بابزانین ئەو ساختەو قۆڵبڕینەی لەوێ هەیە تا کەی بەردەوام ئەبێ و وە تاکەی ئەم شوێنە گوێ بە هیچ جۆرە دەستوور و گوێ نەگر ئەبێ لە یاسا و حکومەت و فەرمانڕەوایەتی.
مێژووی ژێر پردەکە و ئەو کارو کاسپیەی لەوێ ئەکرێ هەمووی ساختە و فرت و فێڵە و کەس نیە لەوێ مامەڵەیەکی کردبێ و هەستی بەو جۆرە ساختانە نەکردبێ و قۆڵیان نەبڕیبێ. بۆ نمونە لەکاتی هەر سێ گەمارۆکەی سەر شاری سلێمانی ساڵانی نەوەدەکان(نەتەوە یەکگرتوەکان، حکومەتی ناوەند و پارتی دیموکراتی  کوردستان) کەوا زۆنی سەوز گەلێ بەبارێکی ناهەموار و خراپدا گوزەری کرد کە ڕەنگە ئەو تۆزە یارمەتیەی کوردوستانیانی هاندەران نەبوایە خەڵکی بەرگەری ئەو سێ قەیرانە ئابووری و گەمارۆ بەکۆمەڵەی نەگرتایە. لەم ژێر پردە گەر بچوویتایە مریشکێکی هێلکەکەر بکڕییایە لەزۆربەی کاتدا زۆجیان ئەکردی و بەنائومێدی فێڵیان لەتۆ و مریشکی قوڕبەسەر ئەکرد، ئەهاتن پیلێك  وەیان بەردێکیان ئەخستە مایەسیری مریشکەکەو بە هێلکەکەر پێیان ئەفرۆشتی،دواتر نەمریشك هێلکەی ئەکرد و لەئازاریشدا زۆرجار مردار ئەبۆوە. ئەوە باسی کۆتر و جۆرەکانی ناکرێ کەوا چۆن چۆن ساغیان ئەکردەوە.
وا ئێستا هیچ جۆرە گەمارۆ و قەیرانی هێنان و هاوردەکردن نەماوە،کەچی ساختەیی و قۆڵبڕین هەر لەگەشەسەندندایە. هەنووکە وەك باسی لێوە ئەکەن ٣ جۆر قەل لەژێر پردەکە مامەڵەی پێوە ئەکرێ و بەخەڵکی ئەفرۆشن.،هەڵبەت قەلی کوردی شازیانەو لەهەموویان زیاتر ڕەواجی هەیە و خەڵکی بێزوویان پێوە ئەکا و زۆرترین نرخیشی لەسەرە. ئەوەتا جۆرێك لەو قەلانە کە ڕوخسار و دیکۆری دەرەوەیان لەوانی تر جیا ناکرێتەوە و قەلی ناوەڕاست و باشووری عێراقە وەیان قەلی خوار ماددەی ١٤٠. ئەم جۆرە قەلە تەنها خورمای ئەدەنێ و تەبیعەتی هیچی تر نابا وگەلێ بەخێرایی گەورە ئەبێ و تەنها لەکاتی خۆردندا و بەتامەکەی ئەیناسنەوە. وەك ئەڵێن هەندێ شیرینە. کەڕەنگە ئەمەش خراپ نەبێ و لەجیاتی پاقلاوەو برمە و داتڵیش بەکار دێ. جۆرێکی تر لەم قەلانە هی ئێرانە وئەمیش بچم و قەمەرەی لەوانی تر ئەچێ و  لە کێڵگەکان لەماوەی تەنها دوو مانگادا وەك دابەستە دێتە بازاڕەکان و علو علوەکەشی لەهی قەلی کوردی ئەچێ،بەڵام چونکە ئێکسپرێسە ئەڵێن گۆشتەکەی وەك تەرسە قوولە وایە چەوریشی زۆرە. دیارە جۆری سێیەم قەلی خۆماڵیەو جیاوازی ئەمەش ئەوەیە ٢ ساڵێکی ئەوێ تا بەتەواوی خرت ببێ و بۆ خواردن بشێ. ئەم قەلە لەبەر های کواڵتی و لەبەرئەوەی بۆ ئەو ماوە زۆرە شوان و گاوانی بۆ گیراوەو تەنها جڕو جانەوەری دەرەوەی خواردوەو بەفری زستانیش تەڕی کردوە،ئەوا گەلێ بەتامەو نرخیشی لە دوانەکەی تر زیاترە. کەچی سەرباری ئەم هەموو جیاوازیە نرخەکانیان وەك یەك بەهاوڵاتی نەگبەت و  قوڕبەسەر ئەفرۆشرێ.
جا بەڕاستی نازانین بۆ لەم ژێر پردە هیچ جۆرە یاسا و ڕێسایەکی ناوخۆیی و هەرێمی و دەوڵەوتی بوونی نیەو یاسا سەروەر نیە. ئاخۆ ئەم ژێر پردە نمونەیەکی بچووك کراوەی ئەم نیشتمانە بێ خاوەن و هەتیوەیە کە کەس ناتوانێ چارەسەرێکی بۆ بدۆزێتەوە. چیرۆکی قەلی کوردی شتی  تالەبانی وامان بۆ ئەگێڕێتەوە کەوا زۆرجار مرۆڤ خۆشی لەبەر چاو ئەکەوێ. ئەوەتا چەندین جار  جەلال سزا و عقوبەی بۆ ئەو کەسانە دەرکردبوو کە پاسەوانی قەلەکانی قەلاچوانی بەباشی نەکردبوون. مامە دوای ئەوەی ئەنفالی قەلی کرد پاشان کەوتنە وێزەی مەڕی داماوو لەکاتی نەخۆشییەکەیدا ئەمانیش زۆرترین قوربانیان دا،جا مێژووی پەلەوەر و گیانەوەران لای سیاسیەکانی ئێمە تەنها بوون بە قوربانی بۆیان.  ئێستاش بەڕێز(سۆران غەفور) کەسەرۆکی لیژنەکانی قایمەقامی سلێمانیە چاواڕوانە لیژنەکەی دەست بەکاربن بۆ ئەوەی بتوانن نرخی قەلەکان دەست نیشان بکەن و هاوڵاتی شاری سلێمانی خۆشەویست چی تر قەلی مادەەی ١٤٠ و ئێرانی بە هی کوردی نەکڕن .
کلیک  لەسەر ئەم لینکە بکە بۆ زانیاری زیاتر

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە