مێدیای کوردی و کەسابەت.!

Thursday, 28/05/2015, 0:25

3338 بینراوە


بژێویی و ئومێدی گەیشتن، بەجۆری پیاکەوتن وسروشتی ژیان و خۆشگوزەرانی ئەم دەڤەرە ، رێچکە و رەوشتی پیشەیی و کۆمەڵایەتی لای زۆرێک لەم کۆمەڵگایە گۆڕیوە.!
ئاڵۆزیەک دەبینیم؛ بۆتە گرێ کوێرە و بۆم ناکرێتەوە.! لەم وڵاتە موچەخۆری بن دیوار هەیە مزگەوتێکی خێرخوازی نیو ملیۆن دۆلاری کردۆتەوە،  مەلای پێش نوێژ، خاوەنی هۆتێلە ، مامۆستایی زانکۆ کۆمپانیای هەیە، پلەدار و بەرپرسی سەربازی گەورە بۆتە بازرگانی گەورەی وڵات و بە پارەکانی دەمانژێنێت و بە پلەکەشی دەمانپارێزێت ، گەلێکیش لێی مەمنونین.!
 چالاکوانی مەدەنیمان هەیە موچەی سەربازی بەناهەق وەردەگرێت و خەریکی کەمپینی ناهەقیەکانە بۆ دەوڵەت. دکتۆرمان هەیە پشکنینت بۆدەکات و دەنێرێتە تاقیگەکەی خۆی ، پاشان لە دەرمانخانەکەی  دەرمانەکانت پێدەفرۆشێت و دوایی تەواو بونی دەنکە دەنکەی دەرمانەکان، دەتهێنێتەوە حزوری جەنابیان و سیستمی تایبەت بەخۆی هەیە بۆنەخۆشەکان و کەڵەکە کردنی پارەکانی.
مامۆستامان هەیە دوای دەوام، دەرسی تایبەتی دەڵێتەوەو بڕی وەرگرتنی ماندوبونی هەرخوێندکارێک هێندەی موچەی مانگێکی مامۆستاییەکەی پێ نۆشدەکات، ئەندام پەرلەمانمان هەیە پەیامنێری کەناڵێکەو گەردنی بەکورتەنامە ئازاد دەکات و بەرپرسیارێتی کورتەنامەکەی لاگرنگترە لە پرۆژەو گوێگرتنی ناو هۆڵی پەرلەمان، 
کادری حیزبیمان هەیە خزمەت بە حیزب دەکات وبودجەی خۆی هەیەو موچەی بندیواری لە سەرشانی حکومەتی هەرێمە، سیاسی نەخوێندەوارمان هەیە خەریکی دەرمانەو دکتۆریشمان هەیە بەسوپەرمارکێت و دۆنمەوە عەوداڵە.!
 سەرنوسەری رۆژنامەی ئەهلیمان هەیە، خاوەنی ریزە دوکان و چەند ئاپارتمانێکی گران بەهای ناوازەیە. کۆلکە خوێندەواری خوو گیرمان هەیە بۆتە رۆژنامەنوس و لە چوار شوێندا شەن وکەوو دەکات و بەشاراوەیش موچە وەردەگرێت ؛ خۆی لێ بێدەنگ کردوە. لەسەر ستونی رۆژنامەکان ستون بۆ داهاتوی رەنگ رێژ دەکات. شانۆکارمان هەیە کتێب دەفرۆشێت و کتێب فرۆشمان هەیە راگەیاندن کارەو دەزگای چاپ و پەخشی هەیە.!
 ئەفسەرمان هەیە دوکاندارەو چاوەنواڕی دابەزینی دۆلارەی بازاڕە بۆ بارەکەی. دوکاندارمان هەیە کۆمپانیای حەج و عەمرەی هەیە و لەژێرەوە بازرگانی خانووبەرە دەکات. پۆلیسمان هەیە شۆفێری تاکسی یە و لە کاتە گونجاوکاندا بە ژمارە تەلەفۆنەکەی وەستای سپلیتە.! باخەوانمان هەیە بیر هەڵکەن و کارەبا چیە،!
 ئەم هەموو چیە و چۆنەی ئەم دەڤەرە و ئاڵۆزکاوی و جەنجاڵی خەڵک وبژێویەکەی ، ئەستەمە مرۆڤی پیشەیی وئاسایی بدۆزیتەوە.!؟ ئەم بێ ئۆقرەییەی دروست بوە پریشکی بەر هەموان و بۆ هەموانە، کە بەداخەوە ئەوەی بەرپرسیاری زۆری بەردەکەوێت و هەوڵی رێککردنەوەی ڕێگا و دۆزینەوەی چارەسەری لەئەستۆیە لەم دۆخەدا ، مێدیایەو دەبێت بەرنامەکاری راستەقینەی خۆی بگرێتەبەر و کۆمەڵگا بخاتەوە سەر ڕێچکە ئاسایی وسروشتیەکەی خۆی،
 بەداخەوە زۆرێکیش لەمان دەرفەت لەهەموو ئەگەرە خراپ و شێواوەکانی ئەم هەرێمە وەردەگرن و دەیکەنە دەرمان و دەرخواردی رۆحی خەڵکە بەشمەینەتەکەی دەدەن و ناسڵەمێنەوە لە کاردانەوەکانی،.
ئەوان ناترسن لە چای خواردنەوەو بەردی گورچیلەی لێدەردەکەن، لە ناوەخنی باشەکاندا خراپەکان دەدۆزنەوە ، لەناو خراپەکاندا چاکە دروست دەکەن .!
بە پارەکەی  کەسابەت و بازرگانی دەکەن و لەمێدیاوە دەبنە خاوەن پۆست و پارە و دەبنە دۆستی کلیل بەدەستەکانی بەهەشت و خۆشگوزەرانی.!؟
 ئەوانەی لەبەری رەنجی ئەنفال و هەڵەبجەو کارەساتەکانی ئەم وڵاتە، کلیلەکانیان بۆخۆیان برد و جەهەنەمیشیان بە چارەنوسی ئێمە بەخشی...!

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە