لە عوبەیدوڵڵا بارزانی تا مەسعود بارزانی

Sunday, 31/05/2015, 16:50

6324 بینراوە



بەرایی بۆ بەشی یەک:
باشم لە بیرە کاتی خۆی لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەرکەس رەخنەی لە بەرپرسانی حیزبی دێمۆکرات و کۆمەڵە گرتبایە، زوو پێیان دەگووت: (جاش) هەم بە جەستە تیرۆریان دەکرد هەمیش کەسایەتیان تیرۆر دەکرد! تیرۆرکردنی جەستەی/ تاکی/ رەخنەگر لەلایان ئەو حیزبانەوە کە خۆیان بە لایەنگری جووتیار و زەحمەتکێش و کرێکار دەزانی، جگە لە لاوازی بێ هەڵویستی وان چیدی تێدا ناشاردرێتەوە.تیرۆری کەساییەتی کەسانی رەخنەگر تەنیا دەبێتە خزمەتکردن بە نەیاری کورد. ئەوکارە ئەوەندە قڕێژ و قێزەونە کە داهاتەکەی ئەوڕۆ لە کۆیسەنجەق و زڕەگوێز بەرهەم هاتووە. فۆبیای حیزبی دۆڕاو لە رەخنە ئەوەندە مەزنە کە پرسی چارەسەی لە بیر دەباتەوە و روو لە کارەساتی نەتەوەیی دەکا. ئیدی نە دوژمن خەتابارە نە داگیرکار.
حەزرەتی نوحیان بۆ زیندووکەیەوە پاپۆڕی لە قوتەقەی کۆیە و زڕەگوێزیان بۆ ناجووڵێ. ئەو هەراهەرایەی ئەو رۆژانە لە کێلیشین پێکیان هێنا تەنیا بۆ ئەوەبوو کە بیانووبە (پ.ک.ک) بگرن کە ئێمە دەتوانین کۆماری ئیسلامی بڕوخێنین! بەڵام (پ.ک.ک) ناهێڵێ. ژاری پێنوسی لایەنگرانی حەزرەتی هیجریش لە جێگای خۆی با بمێنێ. مەلا عەوڵا راست دەکا! لەحاند کۆماری ئیسلامی یەک ناگرن. بۆ (پ.ک.ک) دەخوازن بەرە پێک بێنن! هەرچەند مەلاش یەکێکە لەوان کە سەرتۆپی دژایەتی بووە لە ئاست جووڵانەوەی باکوری وڵات. لە بیرمەکاتی خۆی منداڵ بووم، خەڵک جۆرە بنێشتێکی دەجووت پێیان دەگووت بنێشتی کوردی! هەرکەس زۆری جووبا لێی پووچەڵ دەبوو، پاشآن فڕێی دەدا. سەرککۆمارەکانی کۆیسەنجەق و زڕەگوێزێ لەهەر کوێ دەرفەتیان بۆ هەڵکەوت دەڵێن نابێ هیچ حیزبێک دەست لە کاروباری رۆژهەڵات وەردا! بنێشتە خۆشکەی سەرزاریان پووچەڵ بووە بەڵام فڕێی نادەن! ئەوە بەشیکی بچووکە لە خەباتی دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی تاران.
مەبەستی سەرەکی لەو کورتەباسە
زۆرم حەولم دا تابزانم مەڕحومی مەلامستەفا چەند جار ژیانی هاوبەشی پێکهێناوە؟ چەند کوڕ و چەند کچی هەیە؟ ئەو کارەی من سەرکێشی نییە بۆ ژیانی شەخسی کەسێکی ناسراو لە جیهاندا. ئەو سەرکردەیەکی کوردبووە. بەڵام نەمتوانی جوابی ئەو پرسیارەی خۆم بدەمەوە. لە خودای بەزیاد بێ سەروبنی عەشیرەی بارزانی دوودیرۆکناس، لێکۆلەر، نوسەر، مێژووناسیان لێ هەڵنەکەوتووە ئەو بابەتانە تۆمارکا! دەستیان قەت پێنوس ناگرێ. بۆ قەرزکردنی چەکی قورسیش کەس باشاریان ناکا.! شۆڕشیش هەر بۆخۆیان هەڵیدەگیرسێنن، هەر بۆخۆشیان دەستی لێبەردەدەن! یانی هەم لێدەدەن وهەمیش دەگرین!
یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی بنەماڵەی بارزانی ئەوەیە قەت مار بەدەستی خۆیان ناگرن! کاتێک هاتنە سەرحازری بەخۆیان هەڵدەڵێن. بە هەمووکەس دەڵێن: (جاش) بەخۆشیان دەڵێن (باش). ئەگەر رەخنەشیان لێ بگری بەدەردی سەردەشت عوسمان و سەید ڕەسووڵی بابی گەورە دەچێ! لەوەش بترازێ هەر کەس دەزانێ چییان بەسەر حیزبەکانی رۆژهەڵاتی وڵات هێناوە!
یەک: یەکێک لە کوڕەکانی مەلا مستەفا بەناوی عوبیەدوڵڵا بارزانی لە تەمەنێکی گەنجیدا چۆتە سۆڤیەت، لە گەڕآنەوەدا یەکەم کەس بووکە لە کابینەی سەددامی کوردکوژدا بۆتە وەزیر! زۆریش دژی بابی بووە.(کریس کۆچیرا). دەسەڵاتیش بە باشی کەڵکی لێوەرگرتووە. کوڕی هەر کەسێکی هەژار ببوایە وەزیری ئەوکاتی سەدام ئابڕو و حەیایان دەبرد. کون بە کون لێی دەگەڕان تا بیکوژن! بەڵام بۆ ئەو عەشیرەیە، ژنڕاڵی حەڵاڵە، سەرمایەی خەڵکی هەژار حەڵاڵە، جاشایەتی حەڵاڵە!
دوو: ئەوە من ناڵێم. کریس کۆچیرا دەڵێ: مەلامستەفا هەم وابەستەی شای ئێران بوو. هەم وابەستەی سازمانی/ سیا /! لەساڵی ١٩٧٣ بەولاوە جگە لە باوکیان، تەنیا ئیدریس (خودا بیبەخشێ) و مەسعود مافیان هەبووە لەگەڵ سازمانی/ سیا /راستەوخۆ پەیوەندی بگرن، تۆ بڵیی ئەو سازمانە ئەوەندە ساویلکە بێ هەروا هاسان دەرگای بۆ کردبنەوە؟ لە حاڵێکدا لەسەر کەناڵی تی.ڤی دا کاک مەسعود گووتی: ئۆجەلان کورد نییە، چون کوردی نازانێ، بەتورکی دەئاخفێ! ئیستا ئۆجەلان لە کوێیە وئەوان چۆن دەژین؟ ئەوکەسە داوای دەوڵەتی کوردیشمان بۆ دەکا! بەشی من لەوسەرۆکایەتی و لەو دەوڵەتەی وی بەزیادبێ نەمگەرەکە.
سێ: پاش تێکچوونی کۆمار لە مەهاباد مەلامستەفا، قازی موحەممەدی بە / خەیانتکار/ تۆمەتبارکرد و گووتی: دەهەزارتفەنگی تەحویلی شای ئێران داوەتەوە. لە حاڵێکدا بۆ خۆی لە ساڵی ١٩٧٥نزیکەی٣٠ساڵ دوای پێشەوا هەزاران تفەنگ وهەزاران مرۆڤی کورد وهەزاران خوێنی بە فیڕۆ دا!(کریس کۆچیرا).ئەوە سرووشتی رزگارییخوازی خێڵ وبنەماڵە و عەشیرەیە کە نابێ کەس رەخنەیان لێبگرێ! پێش هێرشی سەرسەددام، هەم مەسعود وهەم جەلال لەلایان ئامریکاوە ئاگادار کرابوون، دەیانزانی بۆ پاراستنی خۆیان و بنەماڵەکەیان دەبێ بە شێوەیەکی درۆزنانە و بەشێوەیەکی بێ ئەخلاقیانە باسی شەڕی خۆدڕێن بکەن! بۆیە مەسعود لە سەر تی.ڤی. گووتی: شەڕی ناوخۆیی نە خەتای من بووە، نەخەتای جەنابی مام جەلال! (ئەو دەڵێ جەناب)! زۆر سەیرە لەوانەیە خەتای دایکم بووبێ!
جەعفەرکەریمی
سندوقی کوردستانپۆست.
٣٠/٥/٢٠١٥
سرنج بۆ خوێنەری دوورناس. من بۆ هیچ کەسێک وشەی (جاش) بەکار ناهێنم. چون لە دروستکردنی ئەوەی کە پێی دەڵێن (جاش) حیزبە کوردیەکان بە ڕادەی دوژمنی کورد دەستی هەبووە. ئەو رێگوزەرە تاڵە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زانستی وئاکاددیمیانە هەیە. کاری من نییە لەو بوارەدا ڕای زانستیانەی خۆم دەرببڕم.هیوادارم حیزبەکان بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی وڵات بە خۆیان بچنەوە چیدی لەسەر وشەی (جاش) دوکان و بازاڕ بۆ خۆیان نەکەنەوە. لەژێر پەردەی ئەو کارە ناحەزەدا راستیەکانی هەڵەی مێژووی خۆیان قەوزەپۆش نەکەن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە