خاوەنی بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی خزمی نێچیرەڤانە

Monday, 01/06/2015, 23:56

6147 بینراوە


ماڵپەڕی ئاوێنە لە ٢٣ ی ئایاردا نوسینێکی بڵاوکردۆتەوە بەناونیشانی: (حكومه‌ت مانگانه‌ سه‌دان ملیۆن دینار قازانج بۆ بانكێكی‌ ئه‌هلی‌ هه‌ڵده‌ڕێژێت) ، ئەگەرچی تیادا گەلێك ڕاستی خراوەتەڕوو، بەڵام کەسەکان تێکەڵ بەیەکتری کراون، وا پێدەچێت  بەشێك لە زانیاریەکان زۆر وورد نەبن. 
ناوەرۆکی ڕاپۆرتەکە جارێکی تر ئەو ڕاستیە دەخاتە ڕوو کە چۆن نێچیر بارزانی و بنەماڵەکەی مافیا ئاسا تا ئەوەندەی بۆیان لوابێت لە پیسخۆریی و ڕاو و ڕووت ناسڵەمێنەوە و درێغیان نەکردووە.
بانکی کوردستانی نێودەوڵەتی بە شێوەی فەرمی بانکی کەسێکە بەناوی (سالار مستەفا مەلا حەکیم) ، ئەم کەسە مێردی پوری نێچیر بارزانییە، نەك خاڵی نێچیر بارزانی.
سالاری مستەفا کەسێکە کە سروشت وەکو مرۆڤێک دروستی نەکردووە، بەڵکو بۆ پارە پەیداکردن لە دایك بووە و لە هیچ ڕێگایەك ناسڵەمێتەوە کە بیگەیەنێتە پارە و سامانی زیاتر.
ناوبراو کەسێکی خاوەن ڕابوردویەکی تەماویە و گەلێك پرسیاری گوماناوی لەسەر ڕابوردوی هەیە. یەکێك لەو پرسیارانە ئەوەیە کە ئایا چۆن سەرباری پەیوەندی کردنی بە شۆڕشەوە لە ساڵی ١٩٧٤ دا و گەرانەوەی پاش ئاشبەتاڵی ١٩٧٥ بە بێ هیچ کێشەیەك لە بەغداد و لە ژێر سایەی حیزبی بەعس  کرا بە فەرمانبەری ڕەقابەی مالی.   
خاڵێکی تری ڕەش، کە ڕوی سالار مستەفای لەکاویی کردووە، ئەوەیە کە  کاتی خۆی لە ڕێگای مقاولێکی سامەراییەوە ئاشنایی لەگەڵ بەڕێوەبەری بەلدەی ئەمنی سلیمانی تاریق سامەرائی پەیدا دەکات و دەبنە هاوڕێی نزیکی یەکتری، سالار لە ڕێگای ئەوەوە ئاسانکاری بۆ کارەکانی دەکرێت. لەو سەردەمانەدا کە کەسانی وەکو تاریق سامەرائی بە ڕۆژ ئەشکەنجەی تێکۆشەرانی گەلەکەمانی دەدا و دەستی دەخستە خوێنیانەوە ، ئێواران لە لایەن ئەم سالارەوە لە چەندین شوێنی جیاواز و بە تایبەتی لە نادی ئەندازیاران میوانداری دەکرا و و ڕێزی لێ دەگیردرا.
ئەگەرچی قیسمەت یان ڕێکەوتێك سالار و نێچیری کردۆتە خزمی یەکتری، بەڵام وەك ئەوەی ئەو خزمایەتییە پلانی بۆ دانرابێت و ئەم دوانە تەواوکەری یەکترین، ئەمیان دەسەڵاتدارێکی بێویژدان، کە دەسەڵاتەکەی بە بێ هیچ مۆراڵێکی ئینسانی و کوردپەروەرانە بۆ بەرژەوەندی خۆی بەکاردەهێنێت.  ئەویتریشیان لەدایك بویەك تەنیا بۆ پارە و سامان کۆکردنەوە و لە چاوتروکاندنێکدا لەسەرشۆری ئەم دەسەڵاتدارەوە دەگوێزێتەوە بۆ سەرشۆڕی دەسەڵاتدارێکی تر . ئەوەی جێگای داخە ئەوەیە کە بۆ خۆدەرخستن لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان دا مسقاڵێك لە سامانەکەی وەکو خێرپێکردنێك  فڕێدەداتە بەردەم خێزانی شەهیدە قارەمانەکانمان. بە دڵنیاییەوە ئەم خێر و سەدەقەیە لە بری بوونی دەزگا و سیستەمێکی عادیلانە و شارستانیانە زیاتر دەچێتە قاڵبی سوکایەتی پێکردنەوە، نەك هاوکاری، بە تایبەتی کە سەرچاوەی ئەو خێر و سەدەقەیە و گەندەڵی و خراپ بەکارهینانی دەسەلات بیت. 
سالار جگە لە بەشداری ڕاستەوخۆی لە روتاندنەوەی خەڵکی کوردستان و کۆمەڵێك تایبەتمەندی ناپەسەند، کێشەی خۆگەورەکردنی دەسکردی هەیە و نازانێت چۆن و بە چ سیفەتێك خۆی بخاتە ئاستێکەوە کە بنەماڵەی بارزانی پەسەندی بکەن. ساڵانی یەکەمی لە سەری ڕەش و نزیك بە نێچیر بارزانی پاشکۆی (بەگ)ی بە خۆوە نابوو ، کاتێك بینی بنەماڵەی بارزانی هێشتا حسابێکی تایبەتی بۆ ناکەن و تەنها وەکو کۆیلە و جابیەکی پارەکۆکردنەوە  تێی دەڕوانن ناچار بوو  ناوی (بەگ) لە خۆی بکاتەوە و وەکو بارزانیەکان پاشکۆی (شێخ)ی بە خۆیەوە نا. ئەم (شێخ سالار)ە لە بری ئەوەی ببێتە مەقامێك یان ڕێزێك،  ئیستا بۆتە جێگای نوکتە و گاڵتەجاڕیی. لە گردبونەوەیەکی خێزانیدا نێچیر بۆ گاڵتە لێی دەپرسێت ئەرێ شێخ سالار تۆ باوکت شێخی چ تەریقەتێک بووە ؟!  ئەویش بە شەرمێکەوە دەڵێت: وەڵا دایکم وەکو بنەماڵەکەی ئێوە نەقشبەندی بووە!
ئەم بە کەم تێروانینە لە سالار توشی ئاڵۆزیەکی وای کردووە، کە بۆ خۆ گەورە کردن دوو  پاسەوانی بارزانی بەردەوام بخاتە دوای خۆی و لە ماڵەکەشیدا، چەند کچێکی بادینانی خزمەتکاری بۆ دەکەن، بەڵام زۆر بە داخەوە کە پاسەوان و خزمەتکارەکانی  منداڵی  مسکێنە ئەنفالکراوەکانی بارزانین، نەك شێخان و بنەماڵە.  
بە کورتی سالار و براکانی کەسانێکی گونجاون بۆ شاردنەوەی سامانی نێچیر و براکانی نێچیر و بنەماڵەکەیان وەک لەم بەڵگەیەی خوارەوەدا دەیبینن.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە