بەیاننامەی کۆمەڵەی منداڵانی کورد ـ لە نەرویج

Tuesday, 02/06/2015, 2:28

3226 بینراوە


پیرۆزبێت رۆژی جیهانی منداڵان 
بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵان .. جوانترین پیرۆزبایی لە منداڵانی کوردستان و .. لە سەرجەم منداڵانی جیهان دەکەین . هەموو ساڵێک لە رۆژی ( ١/  یۆنیۆ ) دا کە ( رۆژی جیهانی منداڵان )ە 
یا ( جەژنی منـداڵی ) یە .. منداڵانی جیهان، لە قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، دەموچاویان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ دەنەخشێنن و .. ئاهانگی خۆشی و شادی دەگێڕن .. ئەوەبوو کە کۆمەڵەی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ( ١٩٥٤) دا، داوای لە هەموو وڵاتـانی جیـهان کرد، کە رۆژێک بە نـاوی ( رۆژی جیهانی منداڵان ) ەوە دیاری بکەن، کە رۆژی برایەتی و لێکگەیشن بێت لە نیوانی منداڵان لە جیهاندا .. مەبەستیش لە یادکردنەوەی ( رۆژی جیهانی منداڵان )  بە بیرهێنانەوەی وڵاتانە بە پابەندبوونیان بە بەڵێندانیان بە جێبەجێکردنی مافەکانی منداڵان بەبێ جیاوازی .. بیهێننەوە یادی خۆیان کە بەڵێنیان دا، رێزگر لە ئازادی و لە ڕای منداڵان و، لە هیوا و لە خواست و لە بەهرە و لە ئارەزووەکانیان بگرن .. بەڵام بە داخەوە، زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە واژۆی جاڕنامەی مافەکانی منداڵانیان کردووە .. تا ئەمڕۆش بە زەقی پێشێلی مافەکانی منداڵان دەکەن و پشتگوێیان خستوون و جیاوازي رگەزی و چینایەتی لە نێوان منداڵاندا دەکەن .. بە تایبەتیش منداڵانی کوردمان لە سایەی رژێمە زۆردار و رەگەزپەرستە داگیرکەرەکانی کوردستان دا، پشکی شێریان لە جیاوازی و لە چەوساندنەوە و لە نادادپەروەری و لە کوێرەوری و لە سەرکوتکردن و دەمکوتکردن بەرکەوتووە . 
لە رۆژی جیهانی منداڵاندا، داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو ئەو دڵسۆز و لایەنانە دەکەین کە خۆیان بە دڵسۆز و بە خەمخۆری منداڵانی کوردستان دەزانن و .. هیواخوازی ئایندەیەکی گەشتر و ژیانێکی شیاوترن بۆ کورد و کوردستان .. پێویستە ئەم راستییە بە ئەرێنی وەربگرن، کە چارەنووس و داهاتووی کورد و کوردستان و هێنانەدیی هیوا و خواستەکانمان .. هێنانەدیی خەونی گەورەی گەلەکەمان، کە دامەزراندنی ( دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان)ـە لە سایەی پەروەردەیەکی دروست و ئارەستەکردنێکی راست و رێنماییەکی باشی کوردیلەکانی ئەمڕۆماندا دێنەدی .. لە سایەی تتێکۆشان و بەرخودانی و، مەچەک و بازوو و هۆشی ئەماندا دێنە دی .. هەر ئەمانیش لە ئایندەدا هەموو کاروبارێکی کوردستان بەڕێوە دەبەن .. بۆیە پێویستە کوردیلەکانمان بە هەستی کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستتان .. بە جوانی و بە دروستی گۆش و پەروەردەیان بکەین .. بێگومان کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمان بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەلەکەمانن، کە لە سامانی نەوەت و زێڕیش زۆر بە نرختر و گرنگترن .. کوردیلەکانمان نەوەی ئەمڕۆمانن و هیوای داهاتوومانن .. بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن .. لەسەر حکوومەتە کە بژێوی ژیان و، هەموو پێداویستییەکانی گەشەکردنی بەهرە و ئارەزووەکانیان بۆ دابین بکەن .
پێویستە لەسەر حکوومەتی کوردستان، لە ( رۆژی جیهانی منداڵان ) دا، دەست بەسەر منداڵانی شەهیدانی کوردستان دا بهێنن و .. ( خـەڵاتی شانـازی و شـکۆدارییان ) پێشکەش بکەن و، خۆشەویستییەکی زیاتریان بۆیان هەبێت و، رێزێکی زیاتریان لێبگرن .. بە کوڕە یا کچە قارەمان ناویان بەرن .. تا وا هەست نەکەن کە قوربانیدانی باوکیان یا کاکە و دادەیەیان لەبیرکراون .  
لە کۆتاییدا دەڵێین .. جیهان بەبێ منداڵان .. جیهانێکە بەبێ ژیان . 
رەزا شوان / سسەرۆکی کۆمەڵەی منداڵانی کورد 
نەرویج : ( ٣٠ / ٥ / ٢٠١٥) 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە