ئێن ئاڕ تی زۆر زانیاری هەڵە و پێچەوانەی خودی ئەو لێکۆڵینەوەیەش کە زانیارییەکانیان لێ وەرگرتووە

وەڵامێک بۆ کەناڵی NRT

Friday, 05/06/2015, 19:00

7491 بینراوە


نووسەری ئەم بابەتە: فێرخوازی دکتۆرا لە نەشتەرگەری مێشک و دەمار و بڕبڕەی پشت، دبلۆم لە ئەندازیاری دەرونی، شارەزا لە بواری لێکۆڵینەوەی پزیشکی لە زانکۆی سەینت لویسی ئەمەریکا

١. لە لێکۆڵینەوەی پزیشکیدا (Medical research) دوو شێوەی سەرەکی بۆ وەرگرتنی نمونەکان (Samples) هەیە کە ئەوانیش بریتین لە: 
یەکەم: بە بەکارهێنانی ئەگەرەکان و ڕێکەوت (Probabilities) وەک ئەوەی کە چەند تۆپێکی هاوشێوە وهاوقەبارە لەناو تورەکەیەکدا بێت و بەبێ ئەوەی کە سەیری ناو تورەکەکە بکرێت چەند دانەیەکیان دەربهێنرێت. ئەم جۆرە لە نمونە وەرگرتن لە لێکۆڵینەوەی پزیشکیدا لە توانایدا هەیە کە بگشتێنرێت بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا کە نمونەکانی لێوەرگیراوە (لەنمونەی تورەکە و تۆپەکاندا، کۆمەڵگەکە بریتییە لە هەموو تۆپەکانی ناو تورەکەکە). 
دووەم: بە بێ بەکارهێنانی ئەگەرەکان و ڕێکەوت (Non-probabilities) واتە لێرەدا بەگوێرەی ویستی لێکۆڵەرەوەکە نمونەکان وەرئەگیرێن (یان هەندێک کات بەگوێرەی سیفەتەکانی نمونەکان ئەبێت...) ئەم جۆرە لە نمونەوەرگرتن لە هەر لێکۆڵینەوەیەکدا هەبێت ناتوانرێت بگشتێنرێت بەسەر کۆمەڵگەکەی کە نمونەکانی لێ وەرگیراوە.
     بۆ وەرگرتنی نمونەکان، لە وەرگرتنی تاکە نمونەیەک و بەبێ بەکارهێنانی ئەگەرەکاندا هیچکات ناتوانرێت بگشتێنرێت بەسەر ئەو کۆمەڵگەیەدا کە نمونەکەی لێوەرگیراوە (تەنانەت ئەو جۆرە لە نمونەوەرگرتن کە دەگشتێنرێت بەسەر ئەو کۆمەڵگەکەیەدا کە نمونەکەی لێوەرگیراوە، ناتوانرێت بگشتێنرێت بەسەر کۆمەڵگەیەکی تردا کە کە نمونەکەی لێ وەرنەگیراوە) و لێرەشدا ڕێژەی هەڵەبوون(Bias)ی نمونەوەرگرتن بەهۆی کەسی لێکۆڵەرەوە (Researcher) زیاد دەبێت و نرخی زانستی (Validity) لێکۆڵینەوەکە دێتەخوارەوە.
٢. لەو ڤیدیۆیەی کە کەناڵی NRT پیشانی داوە کە گوایە لەجیاتی میز، چایی کردۆتە ناو تیوبی تاقیگەکەوە (کە ئەمە لینکەکەیەتی: https://www.facebook.com)، جگە لەوەی کۆ کوالیتی ڤیدیۆکەی کە بۆ کارە جاسوسییەکە بەکارهاتووە، زۆر خراپە و مۆنتاژیش کراوە و بۆ پسپۆڕانی بواری چاککردنی ڤیدیۆش قورسە کە ڕاستی و دروستی ڤیدیۆکە دیاری بکەن و ڤیدیۆی لەو شێوەیەش بۆ کاری لێکۆڵینەوەی زانستی نابێت، لەو ڤیدیۆیەدا پیشانی نادات کە چایەکەی کردبێتە ناو تیوبەکە و ئەوەش بە بەردەوامی پیشان نادات تا دەیگەیەنێتە دەستی کارمەندی تاقیگەکە، ئەمە جگە لەوەشی کە ئەگەری ئەوەش هەیە کە بۆ سەرلێتێکدان چەند دڵۆپێک لە خوێنی خۆیی کردبێتە ناو تیوبی تاقیگەکەوە گەر چایەکەشی کردبێتە ناوییەوە،  لەم کاتەشدا ئەگەری ڕاستی و هەڵەبوونی ئەوە وەک یەکە کە بانگەشەی بۆ ئەکات کە چاییەکەی کردبێتە ناو تیوبەکەوە واتە یان چاییەکەی کردۆتە ناو تیوبەکەوە لەگەڵ خوێنی خۆیی یان چاییەکە بەبێ خوێنی خۆیی یان تەنها میزی کردۆتە ناو تیوبەکەوە.
    گەر چاییەکەی لەگەڵ خوێنی خۆی تێکەڵ کردبێت، لەناو چاییدا هەمان ئەو کلس و مادانەی تیایە کە لە میزدا هەیە (بڕوانە ئەم سەرچاوەیە:http://www.healwithfood.org) وە هەبوونی خوێن لە ناو میزدا یەکێکە لە نیشانەکانی ئەوەی کە بەردی هەبوبێت و جوڵابێت (کە لەکاتی هەبوونی ئازاری کەلەکە و لەکاتی میزکردندا بیری پزیشک هەر بۆ لای ئەوە دەچێت...).
     درۆکردن بەرئەنجامی خراپی دەبێت چونکە ٨٠% ی دیاریکردنی جۆری نەخۆشییەکان بەهۆی ئەو شتانەوە دەبێت کە نەخۆش بە پزیشکەکە دەڵێت و وەڵامی دەداتەوە واتە گەر درۆبکرێت لەگەڵ پزیشک و پزیشکیش لەو ڕوانگەیەوەی کە وتەی نەخۆش بەڕاست وەردەگرێت بڕیار دەدات، کە جەنابی ڕاگەیاندکار درۆ لەگەڵ پزیشک بکات، هیچ هەڵەی پزیشک نییە کە چارەسەری وتەکانی خۆی بۆ بنوسێت.
     ئەمە جگە لەوەی کە بەکارهێنانی ڤیدیۆ بۆ کاری جاسوسی بەبێ ڕێگەپێدانی لەلایەنی پەیوەندیدار پێچەوانەی یاسایە و سەروەری یاسا پێشێلکراوە...
٣. لە ڕاپۆرتی دووەمی هەمان کەناڵی تەلەفیزیۆندا دەربارەی کاریگەرییەکانی مانگرتنی پزیشکان لەسەر کەمبوونەوەی ڕێژەی مردن (ئەمە لینکی ڕاپۆرتەکەی NRTییە:  http://nrttv.com
و ئەمەش لینکی ئەو سەرچاوەیەیە کە باسی مانگرتنەکان دەکات: http://www.huffingtonpost.co.uk)
 زۆر زانیاری هەڵە و پێچەوانەی خودی ئەو لێکۆڵینەوەیەش کە زانیارییەکانیان لێ وەرگرتووە، باس دەکات، لەبەرئەوە و بەناچاری (لەبەر ناچالاکی سەندیکای پزیشکان و وەزارەتی تەندروستی) ئەو ڕاپۆرتەم وەک خۆی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی کە ڕاستی بابەتەکە دەردەخات کە ئەمەیە:
کاتێک کە پزیشکەکان مان دەگرن، نەخۆشەکان لە مردن دەوەستن
کاتێک کە پزیشکەکان دەستدەکەن بە دەنگدان لە ئێستە بەدوا کە گوایە مان بگرن لە بەریتانیا، ئەو کاریگەییانە چی دەبێت لەسەر تەندروستی کۆمەڵگە گەر چارەسەری تەندروستییان لێ بگیرێتەوە؟ کۆمەڵەی پزیشکان بەریتانیا (British Medical Association-BMA) وادیارە کە قومار بکەن لەکاتێکدا کە حکومەت نایەوێت دەنگدەرانی ئاگادار بکاتەوە (لە وڵاتانی پێشکەوتووی وەک بەریتانیا دەنگدەرانیان چاوەڕوانی پڕۆژەی چاکسازی دەکەن لە پێکهاتە گرنگەکانی وەک تەندروستی و پەروەردە و بەگوێرەی ئەوە دەنگ دەدەن و چاودێریشیان دەکەن کە پڕٶژەکانیان جێبەجێ بکەن و زۆربەی بوجەی وڵاتەکەیانی بۆ تەرخان دەکەن بەڵام لە کوردستان کەمترین ڕێژەی بوجە بۆ ئەم دوو وەزارەتە تەرخان دەکرێت و دەنگدانی خەڵکیش لەسەر ئەم بنامای خزمەتانە نییە بەداخەوە بەڵکو لەسەر بنەمای بنەماڵە و حیزبایەتیی و ... ە - وەرگێڕ).
     بەڵام کاتێک پزیشکان مان دەگرن، بەڵگەی لێکۆڵینەوەی پزیشکی دەریدەخات کە نەخۆشەکان لە مردن دەوەستن.
     چڕترین پێداچونەوەی کاریگەری مانگرتنی پزیشکەکان لە گۆڤاری زانستی متمانەپێکراوی زانستی کۆمەڵناسی و پزیشکیدا بڵاوکراوەتەوە. لەلایەن کۆمەڵەیەکەوە بە پێشەنگایەتی سۆلڤیگ کەنینگهام و سالم یوسف لە زانکۆی ئیمۆری جۆرج تاون لە ولایەتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و زانکۆی مکماستەری کەنەدا پێنج مانگرتنی پزیشکانیان لە جیهاندا شیتەڵ کردووە لەنێوان ساڵەکانی ١٩٧٦-٢٠٠٣.
     پزیشکەکان کارکردنیان وەستاندبوو، لەو مانگرتنانەدا کە شیتەڵیان کردبوو، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ بۆ ١٧ هەفتە. لێکۆڵینەوە جیاوازەکان دەریانخستووە کە ڕێژەی مردنی کۆمەڵگەکە یان وەک خۆی ماوەتەوە یان کەمیکردووە لەکاتی مانگرتنی پزیشکاندا. تەنها لێکۆڵینەوەیەکیش ئەوەی دەرنەخستووە کە ڕێژەی مردن زیادی کردبێت لەماوەی مانگرتنەکاندا بەبەراورد بە کاتەکانی تر. 
     بۆنمونە لە مانگرتنێکدا لە لۆس ئەنجلۆس لە ولایەتی کالیفۆڕنیا لە مانگی یەکی ساڵی ١٩٧٩ پزیشکەکان بەهۆی بەرزبونەوە و خراپبەکارهێنانی بیمەی نائاسایی تەندروستییەوە مانیان گرت. بۆماوەی پێنج هەفتە نزیکەی ٥٠% ی پزیشکان وازیان لە کارەکانیان هێنا و تەنها چارەسەریان بۆ نەخۆشییە کتوپڕییەکان (Emergency) لە فریاکەوتنەکاندا دەکرد. لەو لێکۆڵینەوەیەی کە کەنینگهام و هاوەڵەکانی کردیان بۆیان دەرکەوت کە لەوانەیە لەڕاستیدا ڕێژەی مردن کەمتربوبێتەوە نەک زیادیکردبێت.
     ئەوە ڕاستییەکە کە ڕێژەی نەشتەرگەرییە هێواشەکان (Elective) و ئەو نەخۆشانەی کە نەشتەرگەری کتوپڕیان پێویست نییە لەکاتی مانگرتنی پزیشکاندا دەوەستێنرێن، کە وادیارە ئەمە هۆکاری سەرەکییە بۆ کەمبونەوەی ڕێژەی مردن. وادیارە کە ڕێژەیەکی بەرچاو لە مردن لەدوای ئەم جۆرە نەشتەرگەرییە هێواشانەوە ڕودەدات و کاتێکیش پزیشکەکان ماندەگرن ئەم ڕێژە لە مردن دیار نامێنێت بەهۆی وەستانی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییە هێواشانەوە. ڕێژەی مردن لە ٢١ مردن بۆ هەر ١٠٠٠٠٠ کەس بۆ ١٣ مردن لە هەفتەی شەشەم و ١٤ مردن لە هەفتەی حەوتەم دابەزی کە کەمتر بوو لە ڕێژەی ناوەندی پێنج ساڵی ڕابردووی.
     لەگەڵ ئەوەشدا هەر کە نەشتەرگەرییە هێواشەکان دەستی پێکرایەوە، ڕیژەی مردن بەرزبوویەوە. لەدوای مانگرتنەکە، ٩٠ مردنی زیاتری پەیوەندیدار بە نەشتەرگەری هێواش (ناکوتوپڕی) لە دوو هەفتەی دوای مانگرتنەکەدا کاتێک کە پزیشکەکان چونەوە سەرکار لە ساڵی ١٩٧٦ وەک لەو ڕێژەی مردنەی کە لە هەمان ماوەی ساڵی ١٩٧٥ ڕوویدا. 
     بەڵام بەپێچەوانەی ئەوەوە کە لە لۆس ئەنجلۆس ڕویدا، کاریگەرییەکان چی دەبن لەکاتی مانگرتندا کاتێک کە زۆرینەی پزیشکان تێیدا بەشدار دەبن و مانگرتنەکەش چەند مانگێک دەخایەنێت؟ 
     کەنینگهام و هاوەڵەکانی ڕاپۆرتێکیان بڵاوکردەوە لەسەر مانگرتنێک لە ئورشەلیم (قودس) لە ماوەی ٢/٣ بۆ ٢٦/٦ لە ساڵی ١٩٨٣ بەهۆی کێشەی موچەوە لەنێوان حکومەت و کۆمەڵەی پزیشکانی ئیسرائیل دا. ٨٠٠٠ لەو ١١٠٠٠ پزیشکەی ئورشەلیم وازیانهێنا لە چارەسەرکردنی نەخۆشەکان لەناو نەخۆشخانەکاندا و زۆربەیان شوێنکاری پزیشکی جیاوازیان کردەوە کە لەوێدا چارەسەری نەخۆشە کتوپڕەکانیان دەکرد بەپارە.
     لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری بەراوردکاری ئەنجامدرا لەسەر بڕوانامەی مردن لە ماوەی چەند مانگێک لەکاتی مانگرتنەکەدا (١٧/٢ بۆ ٣/٩ ی ساڵی ١٩٨٣) و لە هەمان ماوەش لە ساڵی پێشتردا (١٧/٢ بۆ ٣/٩ ی ساڵی ١٩٨٢). ڕیژەی مردن لەماوەی مانگرتنەکە و دوای مانگرتنەکەش زیادی نەکردووە، تەنانەت دوای ئەوەش کە دەستکراوەتەوە بە نەشتەرگەرییە هێواشەکان.
     لەماوەی پێش مانگرتنەکە و لە هەمان ماوەشدا لە ساڵی پێشوتردا ڕیژەی مردن وەک یەک وابوون و یەکسان بووە بە (٨٩) بەڵام لەماوەی مانگرتنەکەدا ٦ مردن کەمتر ڕویداوە بە بەراورد بەهەمان ماوە لە ساڵی پێشتردا وە لەماوەی ١٠ هەفتە لەدوای مانگرتنەکەدا ٧ مردن زیاتر ڕویداوە بەبەراورد بەهەمان ماوەی ساڵی ١٩٨٢ (ساڵێک پێش مانگرتنەکە-وەرگێڕ).
      وەک نمونەیەکی ناوازە لەسەرئەوەی کە چۆن مانگرتنی پزیشکان بەرئەنجامێکی چاوەڕوان نەکراوو و پێچەوانەی دەبێت، نوسەرانی ئەم شیکردنەوەی ڕێژەی مردنە تایبەتە بەوە بەرپەرچی ئەوە دەدەنەوە کە مانگرتنەکە بە ئاشکرا کاریگەری لەسەر ڕێژەی مردن نەبووە بەهۆی ئەوەی کە لەوکاتەدا ڕێژەیەکی زیاتر لە پزیشکان لە ئورشەلیم هەبوون. ئەو هەڵەتێگەیشتنەی خێرا بەرەنجام وەرگرتن بەهۆی ئەوەوەیە کە مانگرتنەکە بریتی نەبووە لە وازهێنان لە هەموو چارەسەرێکی پزیشکی.
     کەنینگهام و هاوڕێکانی لە لێکۆڵینەوەکەیاندا ئەوەیان دەرخستووە کە مانگرتنی پزیشکان بووەتە هۆی ئەوەی کە شوێنکاری تایبەتی پزیشکی بکرێتەوە و شێوازی چارەسەری پاڵپشتی تر دانراوە و ڕیگریش لەوە کراوە کە خەڵکی بە هوروژم پەنا ببات بۆ نەخۆشخانەکان. لەکاتێکدا کە پزیشکان مانیان گرتبوو لەماوەی ئەو چوارمانگە پڕکێشەیەدا، زۆربەیان پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی چالاکییەکانی مانگرتنەکەیانەوە. لەڕاستیدا زۆربەی پزیشکان لە ئورشەلیم بەشێوەی تایبەت یان نیمچەتایبەت خزمەتگوزاری پزیشکییان پێشکەشکردووە بۆیە لەگەڵ ئەوەشدا کە لەناخەوە بەهەست لە مانگرتنەکەدا بەشدارییان کردووە، بەڵام لەڕاستیدا وازیان لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان نەهێناوە.
     لە لێکۆڵینەوەیەکی شیکاری ناوازەی تردا بە وەرگرتنی ئەو ئاگاداری و بانگەوازانەی کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بڵاوکراونەتەوە دەربارەی بەخاکسپاردن لەماوەی مانگرتنێکی تری پزیشکانی ئورشەلیم ئەوەدەرخراوە کە گۆڕان لە ڕێژەی مردندا هەبووە ، ئەو ماوەیەش بریتی بووە لە مانگی ٣-٦/٢٠٠٠. ئەم مانگرتنەش بەهۆی کێشەی نێوان کۆمەڵەی پزیشکانی ئیسرائیل لەگەڵ حکومەت بووە دەربارەی مووچە. نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەیە هەموو چارەسەرێکی نەخۆش و نەشتەرگەریی هێواش و ناکتوپڕییان وەستاند بەڵام لە خزمەتگوزاری بەشە کتوپڕەکان و بەشە زۆر پێویستەکانی وەک شتنی گورچیلە و چارەسەری شێرپەنجە بەردەوام بوون.
     ئەم لێکۆڵینەوەیە ئەوەی دەرخست کە ڕیژەی بەخاکسپاردنی مردووان لەماوەی سێ مانگی مانگرتنەکەدا بەبەراورد بەهەمان سێ مانگی ساڵی ڕابردووتر، کەمی کردووە. کۆمەڵەیەکی بەخاکسپاردنی مردووان تەنها ٩٣ بەخاکسپاردنیان هەبووە لەماوەی یەک مانگی مانگرتنەکەدا (مانگی ٥/٢٠٠٠) بەبەراورد بە ١٥٣ بەخاکسپاردن لە مانگی ٥/١٩٩٩، ١٣٣ بەخاکسپاردن لە مانگی ٥/١٩٩٨ وە ١٣٩ بەخاکسپاردن لە مانگی ٥/١٩٨٧. 
     کەنینگهام و هاوڕێکانی بەرەنجامی لێکۆڵینەوەکەیان دەربارەی کاریگەری مانگرتنی پزیشکان لەسەر ڕێژەی مردن بەو شێوەیە کورتکردەوە کە ٤ لە ٧ لێکۆڵینەوە ئەوەی دەرخستووە کە ڕێژەی مردن کەمیکردووە بەهۆی چالاکی مانگرتنی پزیشکییەوە و ٣ لێکۆڵینەوەکەی تر ئەوەی دەرخستووە کە هیچ گۆڕانێک لەو ڕێژەیەدا ڕوینەداوە لە کاتی مانگرتنی پزیشکاندا یان لەماوەی دوای مانگرتنەکەدا.
     چەند لێکدانەوەیەکی گونجاو هەیە بۆ ئەم دۆزینەوانە؛ یەکێک لەوانە بریتییە لەوەی کە لەبەرئەوەی لەکاتی مانگرتنەکاندا نەشتەرگەرییە هێواش و ناکتوپڕییەکان زۆرترینی ئەو لایەنانەن کە کاریان تێدا دەوەستێندرێن، لەوانەیە کە ئەم دۆزینەوەیە بریتیبێت لە دۆزینەوەی زیانە لاوەکییەکانی نەشتەرگەرییە هێواشەکان. ئەم دۆزینەوەیە لەوانەیە زۆر گرنگ بێت چونکە ئەوە ڕوندەکاتەوە کە زیانە لاوەکییەکانی نەشتەرگەرییەکان چەندە بەرزە کە بەمەش ڕێژەی مردن بەرز دەبێتەوە. ئەگەر بەهۆی مانگرتنی پزیشکانەوە نەبووایە ئەم بەرەنجامە نەدەدۆزرایەوە.
     ئەگەرێکی تری لێکدانەوەیەکی تری گونجاو ئەوەیە کە کۆمەڵگە و تەنانەت خودی پزیشکانیش خۆیان، هەڵسەنگاندنێکی زیادەڕەوانە دەکەن بۆ توانای چارەسەری پزیشکی بەجۆرێک کە سنورێکی نەبێت یان کاریگەرییەکی ئەرێنییانەی هەبێت لەسەر ڕێژەی مردن. 
     کێشەی لێکدانەوەی زانیارییەکان هەروەک کەنینگهام و هاوڕێکانی باسیانکردووە لە لێکۆڵینەوەکەیاندا، لە هەموو ئەو مانگرتنە پزیشکییانەدا تا ئێستا ئەوەیە کە هەموو پزیشکەکان وازناهێنن و مان ناگرن. لە مانگرتنەکەی لۆس ئەنجلۆسدا تەنها ٥٠% ی پزیشکان مانیان گرت، لەبەرئەوە مانگرتنی پزیشکان ئەوە ناگەیەنێت کە وابکات کە کەس دەستی نەگات بە چارەسەرە پزیشکییەکان. لە مانگرتنی پیشەکانی تردا مەبەست لێیان بریتییە لە وەستاندنی هەموو چالاکییەک و سودێک لەو پیشەیەدا، کە ئەمە ئەو پرسیارە ژیرانە گونجاوەمان بۆ دروست دەکات کە مانگرتنی پزیشکان چی کاریگەرییەکی دەبێت گەر واز لە هەموو چالاکییەکیان بهێنن وەک پیشەکانی تر؟!
     قورسبوونی ئەوەی کە وا لە پزیشکان بکەیت کە واز لە هەموو کارێک بهێنن وەک ئەوەی کە لە پیشەکانی تردا دەکرێت ئەوە دەردەخات کە چەند جیاوازە کە پزیشک بیت وەک لەوەی کە کار بکەیت بەڕێگەی تر بۆئەوەی کە بژیت. بوون بە پزیشک، وەک لێکۆڵینەوەکە دەریدەخات، بریتی نییە لەوەی کە دەیکەیت بەڵکو بریتییە لەوەی کە هەیت و بوونی تۆیە. هەر ئەم پێناسەیەی پزیشکانیشە کە وایان لێدەکات کە زۆر قورسبێت کە واز لە چارەسەرکردن بهێنن. هەر ئەم کەموکوڕییەشە کە لەلایەن حکومەت و بەرپرسی کارەکەیانەوە دەقۆسترێتەوە و ئەمەش تاکتیکێکی زۆر بێزراوی کاریگەرە.
     بیردۆزێکی تر بۆ لێکدانەوەی ئەوەی کە بۆچی نەخۆشەکان زیاتر دەژین کاتێک کە پزیشکەکان مان دەگرن بریتییە لەوەی کە پیشەییەکان لەکۆتاییدا کۆت و پێوەندەکانی ئەو یاسایانە دەشکێنن کە بەرپرسی کارەکانیان بۆیانی داناون تا کارکردنیان سنوردار بکات و هەرچەندە بەشێوەیەکی کاتیشبێت، بگەڕێنەوە بۆ جێبەجێکردنی کاری پزیشکی ئازادانە کە پێویستیشە وابێت.
     وە لەوانەیە، با کۆمەڵەی پزیشکانی بەریتانیا تێبینی بکات، کە ئەمە بریتیبێت لە کاریگەرترین جۆری چالاکی کە پزیشکان دەتوانن ئەنجامی بدەن.

د.ڕاج پێرسواد، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان و پرسپێکراوی شارەزا لە گۆڤاری "مێشک: ڕێنمایی بەکارهێنەر" کە لەلایەن دەزگای بانتام بڵاودەکرێتەوە.
د.پێتەر بروجن، پزیشکی خانەنشینکراوی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەکان و نوسەری "کێ بەلایەوە گرنگە؟: چیرۆکی ڕاستی پێداچونەوەی خزمەتگوزاری تەندروستی نیشتیمانی (NHS) کە لەلایەن جۆن کارپێنتەرەوە  بڵاوکراوەتەوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە