بۆچی پارتی لەم ھەڵبژاردنەی تورکیا گڕی گرتووە؟

Friday, 05/06/2015, 19:41

3511 بینراوە


(بەشی یەکەم)
دیارە زۆر شتی ژێر بە ژێر ھەیە لە نێوان پارتی و ئاک پارتیەکەی رەجەب ئاردۆگاندا . 
ئەردۆگان و بارزانی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێریان ھەیە و خوا و ئەردۆگان و بەرزانی نەبێت نەیان ھێشتووە کەس بزانێ 
دیارە ئەم ڕێککەوتنە زۆر شتی تێدایە کە بە قازانجی تورکیا و کوردستانی عێراقە ،کە زۆربەمان لاریمان لەمە نیە ،چونکە کاتێک بتەوێت بەرەو دەوڵەتبوون بڕۆی ،ئەبێت ھەنگاوی یەکەمت ئەوە بێت دەروازەیەکی باشت ھەبێت و یەکێک لە دراوسێکان پشتیوانت بێت .
ئەمەی ئێستا بۆ کورد ھەڵکەوتوە زۆر باشە 
عێراق زۆر لاوازە ،
ئێران ووڵاتێکی بەھێزە ،بەڵام بە کۆمەڵێک کێشەی خۆیەوە سەرقاڵە و لەژێر گەمارۆی ئابووری و سیاسیدایە لە لایەن ئەمریکا و ئەوروپاشەوە 
سووریا لەبەریەک ھەڵوەشاوە
ئەوەی ماوە تورکیایە کە ھەم راوەستاوە و ھەم پێگەیەکی بەھێزی لە ناوچەکەدا ھەیە و بۆیە بوونی پشتیوانی تورکیا بۆ بە دەستھێنانی دەوڵەت لە کوردستانی عێراق زۆر کاریگەرە
بۆ ئەوەی بتەوێت پشتیوانی تورکیا بەدەست بھێنی ئەبێت لە بەرامبەردا دڵی تورکیاش ڕازی بکەی 
ھەر داگیرکارێک کاتێک ووڵاتێکی تر داگیر ئەکات لە پێناوی بەدەستھێنانی سەروەت و سامان و فراوانکردنی پێگەی جوگرافی و بەھێزکردنی دەسەلاتەکەیەتی 
تورکیا دەمێکە چاوی بڕیوەتە خاکی کوردستانی عێراق و کاتی خۆشی کە وولایەتی مووسل سەر بە تورکیا بوو بە ناچاری بوو وازی لێ ھێنا و لە بێدەسەلاتیدا بوو
تورکیا بە ئاگا لە بارودۆخی ناوچەکە ھەلسوکەوت ئەکات ،کاتی لێدانی سەددام تورکیا ھەر ھەمان ئەو دەسەلاتەی ئێستای ئەدۆگان بوو،بەڵام زۆر دژی دروستکردنی کیانێک بوو بۆ کورد ،تەنانەت یەکێک لە مەرجەکانی ئەوە بوو کە ئەگەر کورد دەست بەسەر کەرکوکدا بگرێ ئەوە ئەو بە ھێزی سەرنازیەوە دێتە ناو کوردستان.
بۆیە ،ئەمریکا ھۆشداری دا بە کورد کە تەنھا دوو رۆژ مۆڵەت ھەیە کە لە کەرکوکدا بمێننەوە و پاشان ئەبێت پاشەکشێ بکات، چاکم لە بیرە یەکێتی ھێزەکانی لە کەرکووک نەکشاندبۆوە ،مەسعوود بەرزانی لە چاوپێکەوتنێکدا فەرموی ئەبێت پێشمەرگە لە کەرکووک بکشێتەوە چونکە ئەوە ئیتیفاق بووە و ئەگەر پێشمەرگە نەکشیتەوە ئەوە تورکیا مافی ئەوەی ھەیە کە تەدەخول بکات ،ئەم چاوپێکەوتنە لە بیبی سی بۆی ساز کرا و بەڵگەکان ماون.واتە کاک مەسعود شەرعیەتی ئەوەی دا بە تورکیا کە تەدەخول بکات ئەگەر یەکێتی نەکشێتەوە.
ئێستا با بزانین چی گۆڕاوە کە تورکیا پشتیوانی گەڕانەوەی کەرکووک ئەکان بۆ سەر ھەرێم
تورکیا پێویستی بە سەرچاوەی ووزەیە ، بۆ دەستەبەرکردنی سەرچاوەی ووزە لە ناوچەکەدا ،یان ئەبێت بیر لە داگیرکردنی ناوچەکە بکاتەوە و بە ھێز بتوانێ ولایەتی موسل بخاتەوە ژێر دەسەلاتی خۆی ،،یان بە رێگەیەکی تر و بتوانێ ھەندێک شتی تر بدات لەپێناوی ئەوەدا دەستی بگات بە سەرچاوەی ووزە
ئەوەی کە ئێستا تورکیا ئەیبەخشێ بە کورد لە پیاوچاکی و سەغی تەبیعەتی ئەردۆگانەوە نییە
بەلكو ئەمە جۆرێکە لە سیاسەت کردن 
بە بروای من ھەتا ئێرەش زۆر ئاساییە کە لە پێناوی دروست کردنی دەولەتێکی سەقامگیر و بەدەست ھێنانی پشتیوانیەکی بەھێز بۆ ئەم دەوڵەتە کورد چەند بیرە نەوتێکی خۆی بە تورکیا ببەخشێ ، بۆ نموونە کەکووک نەوتێکی زۆری تیایە ھەروا ئاسان نیە کە بێتەوە سەر ھەرێمی کوردستان و ئەوەشی کە نەوتەکەی کەرکوک بەکاردێنێ عێراقە ،واتە کورد ھیچ قازانجێکی لە نەوتی کەرکووک نەکردووە ،خۆ ئەگەر کورد نیوە بە نیوەش لەگەڵ بەغداد رازی بێت ،بەڵام بەغداد قبولی ناکات
بۆیە زۆر ئاساییە کە ئەگەر تورکیا پشتیوانی گەرانەوەی کەرکوک بکات ،کورد نیوە بگرە زیاتری نەوتی کەرکوکیش ببەخشی بە تورکیا.
رێککەوتنی کورد و تورکیا ھەمووی لە نێوان بەرزانی و تورکیادایە(ئەردۆگان و پارتەکەی) ، رەنگ بێت ئێمە سەری مەوزوعەکان بزانین ،بەلام ناوەرۆکەکەی دیار نیە و بە کەس ناوترێ.

---------------(بەشی دووەم و کۆتایی)----------------

مەلەفی پەیوەندیەکانی تورکیا و کوردستان ،،یان بە ڕاشکاوانەتر مەلەفی پەیوەنیەکانی ئەردۆگان (ئاک پارتی) و مەسعود بەرزانی(پارتی) زۆر نھێنیە و لە بازنەیەکی زۆر بچوکدایە و رەنگ بێت تەنھا چەند کەسێکی دیاریکراو ئاگاداری بن.
نە لە تورکیا و نە لە کوردستان ھیچ ھێزێکی سیاسی تر جگە لە ئاکپارتی و پارتی کەسی تر ئاگاداری ئەم کەین و بەینە نیە .ئەمەش خاڵێکی لاوازە 
من بۆ خۆم ھەندێک گومانم لا دروست بووە لەو پەیوەنی و ڕێککەوتننامانە ، کە ئەمانە ھەندێکیانن:
ئایا بە داکەوتنی لایەنێکی ڕێککەوتنەکە لەسەر دەسەڵات ،گرفت و کێشە دروست نابێت و نامان گەڕێنێتەوە بۆ خاڵی سفر؟؟
ئایا بێجگە لەو خاڵانەی کە لە بەشی یەکەمدا ئاماژەم پی کرد ، ڕێکەوتننامەکە چەند خاڵێکی تیا نیە ؟ کە تایبەت بێت بە بەرژەوەندی تەسکی حیزبایەتی لە خزمەتی بەرژەوەندییە حیزبیەکانی بەرزانی و ئەردۆگان بێت و ئەمەش لەسەر حسابی قۆرخکردنی دەسەلاتی کوردستان بۆ بەرزانی و دەسەلاتی تورکیا بۆ ئەردۆگان کە ئەمەش بکاتە ئەوەی ئەم دوو حیزبە بە توندی باوەش بکەن بە یەکدا 
پرسیارێکی تر لە لای من دروست بووە ،ئایا زەمان و گەرەنی چیە کە لە نیوەی ڕێگادا لایەنی تورک کوردستانی عێراق قووت نادات و کوردیش ببێ بە شاگردی تورکیا و پاش ئەوە بمان کات بەبەشێک لە تورکیا.رەنگ بێت بۆ تورکیا قورس بێت کە ئێستا داوای ولایەتی مووسل بکات ،کاری کردە نەبێت ،لەبەر ئەوەی کە عێراق ووڵاتێکە و پشتگیریەکی باشیشی ھەیە و ،تورکیا ئەگەر بیتوانیبا دەمێک بوو ئەیکرد.
بەڵام جیابوونەوەی کوردستانی عێراق (ولایەتی موسڵ) ،بۆ تورکیا زۆر ئاسان ئەبێت کە قوتی بدات و لە دوای ئیعلانی سەربەخۆیی پاش ماوەیەک بە ھەندێک بڕوبیانووەوە لاوازت بکات و بە زەبری ھێز بە ئاسانی ئەوەی بۆ بکرێ بە کورتی واتە تورکیا ناتوانێت ئێستا ولایەتی موسڵ قووت بدات کە بە عێراقەوە لکاوە ،یەکەمجار ئەو پارجەیە لێ ئاکاتەوە پاشان قووتدانی ئاسانە
من پێم وایە سیاسەتکردن لەم ئاڵۆزی و شەڕ و پاوانخوازیەی ناوچەکەدا لەسەر عاتیفە و سۆز و موحیبەت ناکرێ و بڵێین وەڵلا ئەردۆگان پیاوێکی ئاینی و پاکە و پێاوی چاکە ،ئەو سیاسەت ئەکات و ئەجندای خۆی ھەیە و کاری ئەو تورکانەیە و ھیچ کات ئەو ناتوانێت کوردانە سیاسەت بکات و کوردانە بیر بکاتەوە و دڵی خۆمانی پی خۆش بکەین و ھاوکاریەکانی ئەردۆگان بۆ داعش لەبەرچاوانە ئەگەر ئێمە خۆمان چاوی خۆمانی لێ نەنوقێنین
گومانێکی تر کە لە لام دروست بووە ئەوەیە کە تورکیا ھیچ کات ئامادە نیە تەنانەت ئۆتۆنۆمیەکی سادەش بە کوردانی تورکیا بە رەوا بناسێنێت ،و زۆریش بە توندی دژایەتی ھەر داوایەکی کوردان ئەکات کە زۆربەیان لە بنەما سەرەتایەکانی مافەکانی مرۆڤن کە تورکیا بۆ خۆی دەمێکە پابەندبوونی خۆی بە مافەکانی مرۆڤەوە ئیمزا کردووە ،بەڵام بەرامبەر بە کوردانی تورکیا ھەمووی خراوەتە ژێر پێی لەشکر و میتی تورکەوە
زۆر بە ڕوونی نا بەڵام کەسی وردبین ئەتوانێت ھەست بەوە بکات کە یەکێک لە خاڵەکانی ڕێککەوتنی ئەردۆگان و بەرزانی دژایەتی کردنی دوژمنانی یەکترییە،واتە ئەردۆگان دژایەتی ھەموو ئەوانە بکات کە بەرزانی بە دوژمنی خۆیی ئەزانێ و ھەوڵی پتەوکردنی پێگە و مەقامی بەرزانی بدات دژی ھەموو ئەوانەی دژایەتی بەرزانی ئەکەن
بە ھەمان شێوەش پارتی و بەرزانی دژایەت ھەموو ئەوانە بکات کە دوژمنایەتی ئەردۆگان ئەکەن بە پەکەکەو ھەدەپەشەوە و ھەوڵی پتەوکردنی پێگەو مەقامی ئەردۆگات بدات لە پێناوی مانەوەیدا لە دەسەلات
بە بروای من ھەر ئەمەشە وای کردووە کە پارتی و بەرزانی زۆر بە سەختی دژایەتی ھەدەپە ئەکەن و پشتیوانی ئەو پارتە کارتۆنیانە ئەکات کە دەستکردی ئەردۆگان و تورک خۆیەتی
من پێم وایە ھیچ کەس ناتوانێت ھەموو ئەو بەند و خاڵە ئیمزا کراوانەی نێوان ئەردۆگان و بەرزانی بزانێ ،کە رەنگ بێت بۆ ٥٠ سالێ تر یان سەد ساڵی تر بێت، چونکە ئەجندای مەسلەحەتی حیزبی ئابڕووبەرانەی تیدایە لە نێوان ھەردوولادا کە کاریگەری لەسەر کۆی سیستمی دەسەلات دائەنێت ھەم لە کوردستان و ھەم لە توررکیا ..

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە