سەروەت قادر سەعید: بارزانى ...كورسى يان دەوڵەت (بەشى دووەم)

Sunday, 07/06/2015, 11:00

2988 بینراوە


لە سەروبەندى سەردانەكەى بارزانى بۆ واشنتن، هەرچى بەرپرسى حكومى و حیزبى پارتى هەيە، جارێكى كەوتنەوە، لێدانى قەوانە كۆنەكە (دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى)، گوايە بارزانى لە مێژە چاوەرِێى ئەم سەردانە چارەنوسازە دەكات تا رِاشكاوانە خەونەكەى خۆى بەبەرپرسانى كۆشكى سپى و ئيدارەكەى ئۆباما بڵىَ، كە ئەويش دامەزراندنى دەوڵەتى كوردييە، بێگومان ئەم درۆ جەماعييە، سوتفە نيە، بەڵكو كارێكى پلان بۆ دارێژاروە و ئامانجى سەرقاڵكردنى خەڵكە بەو پرسە، تا چارەنوسى كورسيى سەرۆكايەتى هەرێم بۆ بارزانى يەكلادەبێتەوە، بەڵام بەو مەرجەى بارزانى خۆى دەيەوێت كە هێشتنەوەى سيستمى سياسى كوردستان بەم شێوەيەى ئێستا، واتە بە كوردييەكەى بارزانى بەيعەتێكى جەماعى بێبەرامبەر و بێسەرئێشەى دەوێت لە حیزبە سياسيەكان، بەوپێيەى ئێستا ئەم عەراب و واجيهەى كوردستانە و هەموو چاوەروانيى و ئايندەيەك، لەسەر دەستى ئەم دێتە گۆرِىَ. كاراكتەرى سەرەكى ئەم گەمە ناشرينەى بارزانى دەيكات، ميديا سێبەرەكانى پارتيە، بەتايبەت (رِوداو) كە بەردەوام لەهەوڵى دێواندنى بارزانى و بڵاوكردنەوەى درۆ دەلەسەيە بەوەى گوايە وڵاتان يەك لەدواى يەك و لەسايەى سياسەتى حەكيمانى سەرۆكى ماوە بەسەرچوو، پشگيرى خۆيان سەربەخۆى كوردستان دەردەبرِن، لەكاتێكدا بارزانى هێشتا واشنتنى جێنەهێشتبوو، بەرپرسانى ئيدارەى ئەمريكا رِاشكاوانە ئەوەيان رِاگەياند، پشگيرى يەكپارچەيى خاكى عێراق دەكەن، لەسەردانەكەى بارزانيشدا بۆ هەنگاريا جارێكى تر ميديا سێبەرو فەرمييەكانى پارتى كەوتنە چەواشەكردنى خەڵكى كوردستان بەوەى گوايە سەرۆكى ئەو وڵاتە پشگيرى خۆى بۆ سەربەخۆيى كوردستان دەربرِيوە، لەكاتێكدا ئەوە جگە لە درۆيەكى گەورە هيچى ترنيە، ئايندەش ئەمە دەسەلمێنێت. ئەم گەوجاندنەى پارتى سەرقاڵيەتى، ميدياكانى كوردستانيش قاز ئاسا و بەكۆرس دواى كەوتن و سەردان و چالاكييەكانى ئەكەنە مانشێت و سەردێرِى هەواڵەكانيان و بۆ خەڵكى كوردستانى دەگوێزنەوەو نەزانانە ئەو وێنە ساختەيە لەزهنى خەڵك دروستدەكەن، كە بارزانى فريادرِەسەو ئەوەى شێخ سەعيد پيران و قازى و شێخ مەحمود نەيانتوانى بيكەن، لەسەر دەستى بارزانى دێتەدى، بێئەوەى تائێستا ميديايەك، بەوانەى بەحساب ئەهليشن، بۆ خەڵكى رِونبكەنەوە دەستكەوتێكى ديارى ئەم سەردانانە چين، جگە لە سەرقاڵكردنى خەڵك و خەرجكردنى مليۆنەها دۆلار لەسەر حسابى قوت و گيرفانى خەڵك، لەو دۆخە قەيراناوييەى كوردستانى پيادا تێپەرِ دەبێت. بەخوێندنەوەيەكى سەرپێى بۆ ئەو دۆخە پرِ قەيرانەى ناوچەكە پيادا تێپەرِدەبێت، كە ناكۆى بەرەى ميانرەو (دول المعتدلە)، (سعوديە و توركيا و قەتەر و ئيمارات و ئوردن) و بەرەى رِێگر (دول الممانعە)، (ئێران و سوريا و حیزبى لوبنان)يش ناوى لەگەڵياندا دێت، لەسەر نفوزيان لەچوار وڵاتى ناوچەكە كە ئێران هەژموونى نيمچەيى، يان تەواوى بەسەرياندا گرتووە، كە ئەوانيش (عێراق و سوريا و يەمەن و لوبنان)ە، گەيشتۆتە ترۆپك و شەرِێكى خوێناوى بەوەكالەت لە چەند ناوچەيەك دەگوزەرێت كە تەنها هاوڵاتيان باجەكەى بەخوێن و ماڵ ئەدەن، تێدەگەى لەوەى لەم قۆناغەدا دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى نەك هەر خەون نیيە، بەڵكو مەسەلەيەكە قابيلى چاوەرِوانيش نيە، چونكە زۆر بەسادەيى، پارتى و يەكێتى كە دوو هێزى چەك بەدەست و خۆسەپێنن، وابەستەى ئەم دوو ئەجێندا ئيقلميە جياوازەن، (ئێران هەژموونى سەربازيى تەواوى بەسەر ناوچەكانى ژێر دەسەڵاتى يەكێتيدا هەيە، توركياش لە رِووى ئابورييەوە، هەولێر و دهۆكى داگيركردووە، ئەمەش لەماوەى رِابردودا جۆرێك لەهاوسەنگى لە كوردستان دروستكردووەو هەردوولا واتە تاران و ئەنكەرە لەرِێكەوتنێكى رِانەگەيەندراودا، كوردستانيان بەمشێوەيە لەنێوان خۆياندا دابەشكردووە و هيچ كاميان بەئاسانى رِێگە بەوەى تريان نادات نەخشەى سياسى و جوگرافى ناوچەكە بگۆرِێت، ئەمە لە حالێكدا، گەر پشتيوانى هەبێت بۆ دامەزراندنى دەوڵەتى كوردى، كە تا ئێستا ئەم دوو ئەجێندا جياوازە، ئێران رِاشكاوانە دژى دامەزراندنى دەوڵەتى كوردييە و ئەنكەرەش گەر توندتر نەبێت ئەوا هەڵوێستى نەرمتر نيە لەتاران، لە بەشى سێيەمى ئەم وتارەدا، هەوڵ ئەدەم رِۆشنايى بخەمە سەر هۆكارى بێدەنگى بزوتنەوەى گۆرِان و حیزبە ئيسلامييەكان لەو دۆخەى دەگوزەرێت، لەگەڵ گريمانەكانى سەپاندنەوەى بارزانى بەپاساوى مەترسيەكانى قۆناغەكە و نەبوونى بەديل و پاراستنى يەكرِيزى ناوماڵى كورد و ئەو قسانەى كە هەندێك لەسياسيەكانى كورد كردويانە بەعەلاگە و هەرچييەكان بوێت پيايدا هەڵيدەواسن.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە