مانسفێڵد و کورد

Sunday, 07/06/2015, 11:37

2384 بینراوە


لەبیرمە بەیانیەکی زوو بو، پاسپۆرتەکەمدەستدایە و بڕیاری جێهێشتنی نیشتیمانەکەم دا. دەمزانی زۆر دوور دەڕۆم بەڵام نەم دەزانی بەرەو کوێ . چەند کاتژمێرێک پێش ئەوەی جانتای سەفەرم بپێچم چومە مزگەوتێک دوو رکات نوێژم کرد . بۆئەوەی خودا یارمەتیم بدات . بەڵام زۆر دەترسام بەرەشبینیەوە دەمڕوانیە هەمو دونیا ، هەستم دەکرد ئەوەی لێی رادەکەم خەمناکم دەکات بەوەی نەیبینمەوە . ئەمە تراجدیایەکی سەیرە فرمێسک بۆ شتێک بڕێژی کە هەست دەکەی هۆکاری سەرەکیە بۆ راکردنت . وێنەی کۆمەڵگاکەم وەک کەسێکی پر بازو دەهاتە بەرچاو کە بە شێوەیەکی سروشتی ئازاری جەستەی خۆی دەدات ، ئەو جەستەیەش منم . دەرۆیشتم و دەریاکانم دەبری خەمناکتر دەبوم .لە سەر شەقامەکان دەخەوتم پارەم پێنەدەما بەڵام بیرم لە گەرانەوە نەدەکردەوە . هەتا نەمدەویست داوا لە هیچ کوردێک بکەم یارمەتیم بدات . لە گوندێکی هێمنەوە بەرەو جەنجاڵیەکی دور و بەردرێژ و شارەقەرەباڵخەکان ملم دەنا . سنوری وڵاتانم دەبری بەشێوەیەکی نایاسای ، دەزانن هەموی بەتەنیا بوم . پۆلیس دەیگرتم هەر تەنیا بوم دەچومە دوکانەکان هەر تەنیا بوم ، لە سەر شەقامەکان دەخەوتم هەر تەنیا بوم .بیرم دەکردەوە نەمدەزانی بۆ لای کێ بگەرێمەوە ، تەنها وێنە خەمناکەکەی خۆمم دەدەی بە جلێکی لادێیەوە . لە بیرمەگریام بۆ ئەو وێنەیە ، وامزانی خەریبی نیشتیمانەکەم کردوە . بەڵام وا نەبو باش دەزانم . شەپۆلی دەریا گەورەکانم دەدی ،دەترسام رۆژێکی خۆش بو، خەڵک سەرقاڵی کەیف و رۆژێکی ئاسای بون ، من دەترسام نەمدەزانی بۆچییە. گەیشتمە وڵاتێکی ئەوروپی و دوای چەند ساڵێک لەناخۆشی لە دەردەسەری ئازارەکان بەردەوامن ،بەڵام پر هیوام ،گەشبینم ، ناترسم ، هێزم شەپۆل دەدا . هیچ کاتێکیش وەک ئێستا بیرم لە مردن نەکردۆتەوە . بەڵام دەمهەوێت خۆم نمایش بکەم . 
ئێوارەیەک لە یوتوبەوە بە دوای وشەی کورد دا گەرام، بە زوبانی ئینگلیزی ، ئۆپشنێکی زۆری دا پێم ناو نیشانێک سرنجی راکێشام ، ئەویش ستیفن مانسفێڵد ، ئەو نوسەرەی کتێبی موعجیزەی کوردەکانی نوسیوە . دوای کلیک کردن بینیم ، لە گفتوگۆیەکی زۆر گەرموگوردا بەسەرهاتی کوردەکانی دەگێرایەوە ، دەیوت خاوەنی شارەستانیەکی پرۆ مۆدێرنەن ، بەرەو ئازادی هەنگاو دەنێن . دوای وردە وردە شارەزایم لە بارەی ستیفن پەیداکرد . دەزانن پەرتوکی زۆر نوسەری ئەوروپی و ئەمریکیم خوێندۆتەوە ، کە لە بارەی کوردەوە نوسیویانە . لێدوانی زۆر نوسەر و رۆژنامەنوس و میدیاکاری ئەوروپیم بیستوە. بەڵام هیچیان وەک مانسفێڵد بەلامەوە سرنجراکێش نەبون ،چونکە یەکەم زۆر بە ئاشکرا کوردی هەڵبژاد بو بەسەر هەمو میللەتەکانی ناوچەکە ، واتا رۆژهەڵاتی ناوەراست . دوەم لە ناخەوە ، بە هێزەوە ،بە بڕواوە ، بە ویژدانێکی سەرسورهێنەرەوە باسی پاڵەوانیتیەکانی کوردی دەکرد . بە شێوازێک سەرسامی خۆی دەردەبڕێت ،سەبارەت بە کورد کە هێزێکی گەورەی لە پەناوەیە . زۆر جار دەڵێم سەرسام بون بەو کلتورەی کورد ئاسانە ، لە کاتێکدا بە سەخاوەتەوەدەرگای ماڵەکەی بۆ بێگانە دەکاتەوە . بەڵام ئایا دیوەکەی تری کوردتان دیوە ؟ئەو میللەتەی هێندەی دوژمنان لە یەکتریان کوشتوە . لەو کۆمەڵگایەدا هەمو شتێک دیواری بۆکراوە ، حەیا و شەرم و گوناح ، رەگ و ریشە و فێندەمێنتاڵی ئیرادەی تاکی کوردی دەرهێناوە . ئەو تاکەی خۆی دەسوتێنێ خۆی دەکوژی رۆژانە بەهۆی بێزاری لە ژیان. باشە پێم بڵێن چ کارەساتێک لەمە گەورە ترە، تاک بگاتە ئەو حاڵەتەی خۆی خۆی لەناو ببات . ئیرادەی تاک بربرەی پشتی کۆمەڵگایە . بە بروای من هیچ شتێک هێندەی تاک نرخدار نیە . دەزانن لە کۆمەڵگای کوردیدا هەموشتێک حەیبە تەنانەت لە سەدا پەنجای ئیش و کارەکانیش حەیبە . بۆیە عەرەب وفلیپینی و ئەسیوپی شارێکی نوێ بۆ خۆیان بنیات دەنێن لەم هەرێمە خۆ بە ئەفسانە بینیوە ، خۆ بون قورسترین کارە لە گۆمەڵگای کوردیدا . کەواتە کە خۆت نەبوی بە هەمو ماناکانەو ، هێزی ئینسان بونت دەکەوێتە گومانەوە . هەرچی کوردە رادەکا بۆ ئەوەی بگاتە ئەوروپا . لە ئەوروپا بە دوای موعجیزەدا دەگەرێ . بەڵام دواجار دەبێت لە کار واشێکدا خۆی ببینێتەوە ، ئەو پاڵەوانەی کە زۆر کاری نەدەکرد چونکە پێی وابو لە شەخسیاتی کەسایەتی کەمدەکات . دەزانن لە ئەوروپا دەبێت ئۆتۆمبیل بۆ ئەوروپیەکان بشوات . دەزانن کار واش لە ئەوروپا بە کارێکی دۆجی سەیر دەکەن.
زۆر جار دەڵێم مانسفێڵد، عەلی بوایە لە گوندەکەی رایکردبا و ئەو هەمو حەسودی رقابەری و لە کەسایەتی یەکتر دان و دڵخۆش بون بە تێکشکانی یەکتری بینیبا ، ئایا موعجیزەی کوردەکانی دەنوسی . یان ستیفن ئەحمەد و کارزان و رەسو و هتدد... بوایە و لە گوندەکەی علی (من) لە دایک بوایە موعجیزەی کوردەکانی دەنوسی . بروا ناکەم . بە داوای لێبوردنەوە لە مانسفێڵد ئێمە ناتوانین موعجیزە بخولقێنین

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە