ئەو دیوی شتەکان، بەرزاییەکانی کۆمپانیای قەیوان ناگرێتەوە!

Monday, 08/06/2015, 14:11

7662 بینراوە


مەریوان وریا قانع، نووسەری گۆشەی ئەودیوی شتەکان، کە هەمیشە لەم دیوی شتەکانەوە دەنوسێت، نەک لەودیو، ئەمجارەش لە نووسینێکیدا بەناونیشانی (با نەهێڵین هەفتنامەی ئاوێنە بکەوێت) لە سایتی ئاوێنەدا دەڵێت:
"ھەموومان دەزانین بەشی ھەرەزۆری میدیای کوردیی میدییایەکی پۆخڵ و ئاراستەکراوە، پارەی دزراوی نەوت و پارەی بازرگانیی قاچاغ و پارەی ھەرزەکارە سیاسییە بازرگانەکانی لەپشتە."
ئەگەر بە قسەی کاک مەریوان ئەو میدیایانە پۆخڵ بن، چونکە بە پارەی نەوتی دزراو دەردەچن، ئەوا ئاوێنەش یەکێکە لەو میدیا پۆخڵانە. چونکە رۆژانە سایتی ئاوێنە و رۆژنامەکەشیان ریکلام بۆ کۆمپانیای قەیوان دەکات، وەک داڵی کەرخۆرە بە سەر سایتەکەیانەوەیە. کۆمپانیای قەیوان هەمو کەس دەزانێت، کە یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی، نەوتی قاچاخ و دزراوی کوردستان ئاودیودەکات و چەندەها پڕۆژەی هەیە کە بۆ گیرفانی دزە گەورەکانە، یەکێکە لەو کۆمپانیایانەی، کە بۆتە هۆی نەهەماتیی بۆ خەڵکی کوردستان. کاک مەریوان پێی وایە ئەودیوی شتاکان دەنووسێت، دیارە لەم دیویشەوە ئەم ریکلامانەی قەیوان نابینێت.
بۆیە تکا لە کاک مەریوان دەکەین سەرێک بداتەوە لەم دیو. ئەو دەستەڵاتدارانەی، کە کاک مەریوان فیشەکی بێ گولـلەیان پێوە دەنێت لە رێگای ریکلامەوە پارە ئەدەن بەم سایت و رۆژنامە و میدیایانە. کاک مەریوان ئەگەر هەڵوێستی ویژدانییانەی لە دزیی و ناپاکیی و مافیا بگرتایە دەبوو لە نزمایی گۆشەکەی خۆیەوە، ئەو ریکلامە بەرزەی قەیوانیشی لە ئاوێنە بدیایە و ئەم قسە پوچانەی خۆی نەنووسیایە. مەریوان وریا قانع لە ریزی ئەو دەستە رۆشنببیرەی میدیای وڵاتە، کە خەڵکی وریا و وشیار لێیان تێگەیشتوون و پێیان دەڵێن: (بۆش ن بیر)، ئەمانە سەرمەشقی تێکدانی نەوەی نوێن. وەکو میدیاکان لە رێگای ریکلامەوە پارەی پیسخۆری دەکرێتە ژێریان، ئەم نووسەرانەش خۆیان ناراستەوخۆ پارە و زەوییان پێدەدرێت، بۆ نمونە لە شوێنی وەکو دەزگای سەردەم و ئەوانی دیکە گیرفانیان پڕ دەکەن، کە بەختیار و وریا و هی تر، کاتی خۆی چۆن لە دەزگای سەردەم پارەیان لێدەخوارد. شێرکۆ بێکەسیش ئەی وت من ئەندامی یەکێتی نیشتیمانی نیم و رەخنەی توندیشی دەگرت، بەڵام هەموی درۆ دەرچوو، چونکە لە ژێرەوە ئاگای لە هەمو فەسادییەک بوو، ئەو قسانەشی بۆ هەڵخەڵەتاندنی خەڵک دەکرد، کە مردیش بە مردوییش وازی نەهێنا پارکی ئازادیی کرد بە گۆڕستانی خۆی. ئەم بۆشبیرانە، کە دەستەڵات خستوونیەتە سەر شانۆ، تا سەر ناتوانن گەنجان لە خشتە بەرن، رۆمان و کتێبەکانیشیان بە زۆری قسەی بێ ناوەڕۆک و هەلەق و مەلەقن. زۆر جار کەس تێیان ناگات، چونکە هێچ زانستێکیان تێدا نییە، ئەم میدیای ئەهلیی و راگەیاندنانەی دەسەڵات ئەوەندیان ریکلام بۆ ئەم بۆشبیرانە کردووە، بۆیە گەنجان ناوێرن بڵێن ئەم نووسینانە هیچ نیین.
ئەم بۆشبیرانە، کە دەستەڵات دروستی کردون و میدیاکان ریکلامیان بۆ دەکەن، دەستەڵاتداران بە ناوی کوردایەتییەوە، ئەمانیش بە ناوی رەخنەوە لە ناو خەڵکدا خۆیان شیرین دەکەن، گەنجانی ساویلکەش لە خشتە دەبەن. بەڵام لە کاتی پێویستدا راستی ئەمانە دەردەکەوێت، وەکو  ١٧ شوبات و کاتی نزیکبوونەوەی دەنگدان، دێن و باسی دیموکراسی دەکەن، خەڵکیش هان دەدەن بچن دەنگ بدەن، خۆشیان دەبنە سەرقافڵەی بەردەمی سندوقەکان. ئەم بۆشبیرانە بە سەفتە کتێب دەردەکەن و لە بابەتی روتبەی سەربازیی هەندێکیشیان شەهادەی دوکتۆرا دەهێننەوە، ئەو روتبەی سەربازیی و بڕوانامەی دکتۆرایەی، ئەمڕۆ نەخوێندەواریش هەیەتی و دەستەڵاتدارێکی مافیا پێیان دەدا، خاوەنی ئەم بڕوانامە لە لاکۆڵانی ئەوروپا کە دەیهێنن و لێرە قوتابی ‌کڵۆڵ و قوربەسەر وادەزانێت ئەوەی ئەمان دەینوسن و دەیڵێن زانستە. نمونەمان فەرهاد پیرباڵە، ئاخر ئەمە کارەسات نییە کەسێکی وەک فەرهاد پیرپاڵ مامۆستای زانکۆ بێت؟!
کاک مەریوانیش لە گەڵ سیانی تردا لە سایتی ئاوێنە وێنەکانیان دانراوە، وەکو پێڕی وەرەقەی قومار وان.هەر یەکە گۆشەی خۆی هەیە، لە ئاوێنەدا دەنووسن، بەڵام هەرگیز ناپرسن، ئایا چەند کەس نووسینەکانیان دەخوێننەوە!؟
مەریوان دەیەوێت بە هانای ئاوێنەوە بێت، وەکو چۆن لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا دەیهێننەوە و لە کەناڵی تەلەفیزیۆنەکانەوە چەند قسەیەکی هەلەق و مەلەق دەکات و لەو میدیایانەشدا بۆی بڵاودەکەنەوە، کە بینەر هەر رقی پێی هەڵدەستێت. کاک مەریوان بۆ ئاوێنەش وا دەڵێت:
"ئاوێنە، چونکە دەیەوێت پارێزگاریی لە پاکێتی خۆی بکات، چونکە لەخەمی سەربەخۆیی خۆی و پیسنەبوونی وشەکانی و نەدۆڕانی نووسەرەکانییدایە، بۆیە خەریکە دەکەوێت."
هەروەها دەڵێت:
"ھاریکاریکردنی ئاوێنە بۆ ئەوەی نەکەوێت، بۆ ئەوەی بتوانێت بەھەمان نەفەس بمێنتەوە و بەردەوامبێت، بۆ ئەوەی گۆڕەپانەکە بەتەواوی بۆ میدیای حیزبیی و میدیای سێبەر چۆڵنەبێت، پێویستیی بە ھاریکارییە، لەپێش ھەمووانیشەوە بە ھاریکاریی خوێنەران. بەرزبوونەوەی ژمارەی فرۆشی ئەم ھەفتەنامەیە یەکێکە لە ڕێگاکانی ڕزگاربوونی ئەم ڕۆژنامەیە لە کەوتن، ئەمەش تەنها بەو خوێنەرە دڵسۆزانە دەکرێت کە لە خەمی ئەوەدان کوردستان میدیای حیزبیی و میدیای سێبەر نەیخوات."
ئاوێنە ئەگەر بە هەقی خۆی بژیایە و میدیایەکی پۆخڵ و کوڕی فەسادیی دەسەڵات نەبوایە، هەڵبەت نەدەکەوت، ئێستا دەستەڵات پارەی نییە، دەنا ئەو قسانەی ئەو پێڕە بۆشبیرانەی لە ئاوێنەدا دەیکەن، گوایە ئاوێنە لەبەر ئەوە دەکەوێت، چونکە خاوەنی هەڵویست بووە.
 ئاوێنەش وەک هاوڵاتیی و لڤین و میدیا ئەهلییەکانی دیکە وایە. ئاوێنە ئەگەر خەلک بروای پێی بوایە کڕیاریشی دەبوو، ئەو سواڵەی مەریوان بۆ ئاوێنە لە خەڵکی دەکات، وەرەقەی قومارە، تەنیا ئەم پێڕەی پێدەسوتێت.
ئەمە ئەودیوی ئەو شتانەیە، کە نووسەری گۆشەی ئەودیوی شتەکان، هەمیشە لەمدیویانەوە بووە. 
درۆ تا سەر بڕ ناکات. لەوەڕەکە کۆتایی هات، هەتا هەتایە بەهار نییە. کاتی ئەوە هاتووە، ئێوەی رووناکبیر و نووسەر تۆزێک پوشی دەسەڵاتیش بخۆن.

بۆ خوێندنەوەی نووسینەکەی مەریوان لە خوارەوە کلیک لەسەر ناونیشانەکەی بکە:

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە