ئافەرم پارتی سەفتەیان کە!

Sunday, 14/06/2015, 20:37

5705 بینراوە


سەرۆکی هەرێم مەدالیای "بارزانی نەمر" ئەدا لە یەخەی عەزیز محەمەد. عەزیز محەمەد سکرتێری پارتی کۆمۆنیستی عێراقی سەر بە یەکێتی سۆڤیەت بوو. سکرتێری ئەو جۆرە پارتەی کە پێیان دەوتن: "لە سۆڤیەت باران ببارێت ئەمان لێرە چەتر هەڵئەدەن." ئوتومبیلی مۆسکۆڤیچی روسییشیان نەدەگۆڕییەوە بە فۆردی ئەمەریکیی.
کە دیوار لە بەرلین روخا پارتی کۆمۆنیست لێرە دڵی وەستا. پارتی کۆمۆنیست جاران مۆری پێشکەوتنخوازیی بوو. بە گوێرەی ئەدەبیاتی کۆمۆنیزم و مارکس "بارزانی نەمر" عەشایەر و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنخوازو دواکەوتوو بوو.
عەزیز محەمەد هەموو ژیانی بۆ پارتی کۆمۆنیست سەرف کرد، کە کۆمۆنیست نەما دەستی کرد بە کوردایەتیی. کوردایەتییەکەشی رانکوچۆغە لەبەرکردن بوو. کەچی ئەم دەم مەدالیای "بارزانی نەمر"یان لە یەخەی دا.
جەماعەتی "ئاش" توندڕەوترین کەسانی ناو کۆمەڵە بوون. "پارتی"یان بە دوژمنی سەرەکی دەزانی. کێ دەیوێرا سەلام لە خزمی پارتییەک بکات. کەچی کە جیا بوونەوە لە یەکێتی نیشتیمانی هەتا سەر بەڕەی پارتی لە راژان خۆیان نەگرتەوە.
یەکێتی ساڵەهای ساڵ دژی مەلا مستەفا جەنگاو سەدان کەسی تیادا کوژرا، کەچی دوایی چوونە ژێر جەنازەکەیەوە. خۆیان چون لەو شوێنە راوەستان کە تۆپەکانیان پێوە دەنا.
زەمەن قسەیەکی تری هەیە. ئەو بەردەی ئەمڕۆ مرۆڤ دەیهاوێت بۆ یەکێکی تر لەوانەیە سبەینێ بەر خۆی بکەوێت.
دنیای کورد سەیرە. کێ دەیوت جەلال تالەبانی دەبێت بە سەرۆک کۆماری عێراق؟ کێ دەیوت گۆڕان کە تانکەری نەوتی بە نرخی ئاویش حساب دەکرد دەبێت بە شایەتی ئاشتی هەورامیی؟ کێ دەیوت کۆمەڵە دەبێت بە کۆمپانیا؟ کێ دەیوت عەزیز محەمەد لە چەتر هەڵگرتندا یەکەم دەبێت کەچی مەدالیای تەڕبوون وەردەگرێت.
کێ ئەزانێت کێ چییە؟ کێ ئەزانێت چی چییە؟ لێرە هەموو شتێک وەکو کارتی تەلەفون وایە تا زەمانە نەیکڕێنێت نازانیت ژمارەکەی چەندە. ئەمڕۆ مارکسییە نازانیت سبەینێ سیخوڕی ئەمەریکایە یان ئێران و سیحریش نییە. چەپ ئەکڕێنیت نازانیت ژمارەی دزی لەسەرە یان قاچاخچیی. بازرگان ئەبێت بە سەرۆک یان بە ئەدیب؟ ئەبێت چاوەڕێ بیت هەتا زەمانە بۆیاخەکەی ئەکڕێنێت. هەتا تەمخەی لێ ئەدرێت.
لە ئەوروپا کە سواری شەمەندەفەر دەبیت کونێک دەکەنە بلیتەکەت بۆ ئەوەی ئیتر بەکار نەیەت. لە کوردستان سەرگردەکان هەموو گیانیان کونە کەچی قەڵب نابن. میللەتی مەڕ بۆ هەموو قەسابخانەکان پێیان سەرئەکەون.
ئێمە لە بەردەمی شۆڕشێکدا وەستاوێن خۆتانی لێ مەدزنەوە

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە