ئیتر نابێ باجی زیادە بدەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان؟

Sunday, 21/06/2015, 20:19

4387 بینراوە


مێژووی پارتی دێموکڕاتی کوردستانی عێراق نیشانی داوە کە ئەم حیزبە هیزێکی  خێڵەکییە، پرسی کوردایەتی وەک ئامرازێک بۆ دەسەڵات و سامان دەکار دێنێت و هیچ هەست و عاتیفەیێکی نیشتمانی و ڕزگاریخوازانەی نیە. 
بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە لە هەمو ڕێگایێکی ماکیاولیانە کەڵک وەر دەگرن. وەک:
١- دەرهێنانەوەی تەرمی باوکیان (مەلا مستەفا) لە شنۆیە و تاوانبارکرنی حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران، تا ئهنگێزەی شەڕی کورد کوژی ڕۆژهەڵات لە ناو پێشمەرگەکانیان دروست بکەن.بەم تاکتیکە توانیان هەستی جەماوەرەکەیان بریندار کەن لە یەکەمین هێرش دا ٣٣ پێشمەرگەی دێموکڕات و کومەڵە شەهید بکەن(١٩٨١)* 
٢- تەقینەوەی بۆمب لە ناو شاری زاخۆ و کوژرانی نزیک بە ١٠٠ کەس لە خەڵکی سیڤیل و تاوانبار کردنی یەکیەتی نیشتمانی کە بو بە هۆی بریندار بونی وروژاندنی هەستی جەماوەری بادینان لە دژی یەکیەتی.(١٩٩٥)
٣- هاوکاری و جاشایەتی بۆ سێ دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان(ئێران ئێراق و تورکیا) لە دژی حیزب و هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی کوردی ئەم وڵاتانە. وەک هاوکاری بۆ داگیرکردنەوەی ڕۆژهەڵات لە ١٩٧٩ تا ١٩٨٢. هاوکاری ئهرتەشی داگیرکەری تورک  لە دژی پ.ک.ک لە ساڵانی نەوەدەکاندا کە کۆمەڵکوژیەکەی هەولێری ١٩٩٧ زەق ترینیان بو.
 هاوکاری لە گەڵ ئێران بۆ لێدانی یەکیەتی نێشتمانی کوردستان لە ساڵی یەکەمی شەڕی داسەپاویان بە سەر یەکیەتی دا.( دوای ئهوەی یەکیەتی بە ناچارهەمو مەرجەکانی ئێرانی بە جێ هێنا، وەک: داخستنی ڕادیۆی حیزبی دێموکڕات، قەدەغە کردنی هەڵسوڕانی چەکداری ئهم حیزبە لە ڕۆژهەڵات، کەمپنشین کردنی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵات، ئێران لە داڵدەدان و ئاودیو سنور کردنی پارتی و ئیسلامیەکان کە ئهو کات ببون بە هاوکاری پارتی و ئێران بۆ لێدانی یەکیەتی، دەستی هەڵگرت).
بەڵام پارتی بۆ هاوکاری و جاشایەتی داگیرکەران پەکی نەکەوت. بۆ چارەڕەشی کورد لە جیاتی یەک داگیرکەر چوار دانەی هەیە. لە دوای ئێران ڕوی کردە حکومەتەکانی بەعسی ئێراق و تورکیا. هەدوکیان پێویستیان بەم هێزە هەبو. تورکیا بۆ لێدانی پ.ک.ک لە قەندیل و باشور، ئێراقیش بۆ لێدانی یەکیەتی وەک بەهێزترین و شێلگیرترین هێزی کوردایەتی و دواییش لە ناو بردنی دەسکەوتە مێژووییەکەی باشور.
پارتی بە هاوکاری تورکیا و سەدام توانی سێ ساڵی تر دێژە بە شەڕی براکوژی بدات. ئه گەر لە دەورەی یەکەمی شەڕەکاندا لە بەر خاتری قەزاوەتی جەماوەر بە دزی و لە ڕێگای شاراوە چەک و تفاقی شەڕی لە داگیرکەرانەوە بۆ دەهات، ئیتر شەرم و حەیا بە تەواوی ڕژا . تەیارەی تورک ڕاستەوخۆ لە دژی نەیارانی پارتی چالاکی بۆمبارانیان دەکرد. سەدام حەرەس جەمهوری ناردە هەولێر و داگیری کرد و....  **
 با چاوی خۆمان لە ئاست حەقیقەتەکان نەقوچینین. پارتی لە هەموی ئهم پیلانانە سەرکەوتو بوە. هەولێر و بەشی زۆری باشوری داگیر کرد. گومرک و داهاتی کوردستانی بۆ خۆی قۆرغ کرد. خەڵکی ملکەچی موچەی خۆی کرد. لە جیاتی ئهوەی بە خاتری بەرپا کردن و درێژە دان بە شەڕی براکوژی و هاوکاری داگیرکەران پێگەی جەماوەی دابەزێت، بە پێچەوانە کەسانێکی زیاتر چونە ژێر چەتری پارتی.
 خەیانەت و کورد فرۆشی و جاشایەتی کردوە و بە نێوی کوردایەتی بە خەڵکی فرۆشتۆتەوە. خەڵکێکی زۆریش وەک قوماشیکی بەکەڵک لێ یان کڕیوە. بەشێکی زۆری لە برسان بوە  بەشێکی لە ترسان و بەشێکی دیکەشیان کە فەقیری هزر و بیر و مێشک و لێکدانەوەن، باوەڕیان پێ هێناوە.
ئێستاش پارتی نزیک بە ٨٠٪ی دەسەڵات و داهاتی باشوری خستۆتە ژێر دەستی خۆی. خەڵکانێکی زۆری کردۆتە مۆچە خۆر کە لانی کەم لە ڕۆژی هەڵبژاردن دا دەنگی پێ بدەن یان دەنگی بۆ بدۆزنەوە. 
تەنانەت هێزە ڕۆژهەڵاتیەکانیش( هەر دو دێموکڕاتەکان و کۆمەڵەی عەبدوڵای موهتەدی و کۆمەڵەی عومەری ئێلخانیزادە) بونەتە موچەخۆری دیوەخانەی بارزانی. بارزانیش لە خۆڕایی موچەیان ناداتێ. ئەمە بازاڕە و ئاڵ و گۆڕ پێناسەیەتی.
 دێموکرات و کۆمەڵەکان لە یەکەمین هەنگاو ڕژانی خوێنی سەدان ڕۆڵەی ڕۆژهەڵات بە دەستی پارتی لە هەشتاکاندا خستە حیسابی کوردایەتی بارزانی و سەبارەت بە مادەی ٨ی داخوازیەکانیان(داوایەکی تەواوی هێزە کوردیەکان بو  لە سەرەتای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا، بۆ وەدەرنانی هێزی چەکداری پارتی لە ڕۆژهەڵاتی کورستان. تا وەک زەمانی شا  نەتوانن ببنە ئامرازی دەسەڵاتی تازە دامەزراو. کە دوایەش زۆر چاک بونێ). دەستیان کرد بە پاکانە کردن و ئەماننامە خواستن. ئێستا کە هەم لە باری کوردایەتیەوە هەم لە باری دێموکراسی و سۆسیالیزم دا داچۆڕاون لە هەموی ئەمانە پاشگەز بونەوە و  تەنیا ڕابردویەک و نێوێکیان بۆ ماوەتەوە لە جیاتی خۆ نوێ کردنەوە، بونەتە میوانە شەرمەونەکەی دیوەخانی بنەماڵەی بارزانی.
 نوێترین پیلان، فیتنەی کێلەشین بو.کە ئەردۆغان زانی ه.د.پ لە باکور خەتەری بەزاندنی کۆسپی ١٠٪ی هەڵبژاردنی هەیە دەستی دایە پیلانگێڕی. دانانەوەی بۆمب و بە کار هێنانی حیزبی هوداپار بەس نەبو. شەڕێکی تەبلیغی دیکەش لازم بو. ئەویش لە لایەن بارزانیەوە بە دەستی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە  کێلەشین بە بیانوی درۆیینی هەڵگیرسانەوەی خەباتی چەکداری ڕۆژهەڵات بەرپا کرا و بو بە هۆی گیانبەخت کردنی پێشمەرگەیێکی دێموکرات و برینداربونی سێی پێشمەرگەی دیکە. *** لەم ڕووداوە کراسی عوسمانیان دروست کرد و دەستگا تەبلیغیەکانی تورکیا، بارزانی، دێموکراتەکان و کۆمەڵەکان زۆرترین پرۆپاگەندەیان دژی لایەنی بەرانبەریان کرد. بەڵام پیلانە کە سەری نەگرت و  ه.د.پ توانی ١٣٪ی دەنگەکان وەدەس بێنێت. 
لە یەک ساڵی ڕابردو دا باڵانسی هێزەکان بە تەواوی گۆڕاوە. وەک:
١- شۆڕشی ڕۆژئاوا بە پیلانی ئەردۆغان،داعش، بارزانی و دەست و پێوەندەکانیان نە تەنیا لە ناو نەچو، بەڵکە بە حیماسەی کۆبانێ و خۆڕاگری شەروانان هەست و سۆزی هەمو جیهانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و بو بە ئەمری واقیع.
٢- ڕاکردنی بێ بەرگری ١٠٠٠٠ پێشمەرگەی پارتی لە بەرانبەر ٩٠٠ چەکداری داعش لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ کە بو بە هۆی  ئەنفالکرانی زیاتر لە ١٠٠٠٠ پیاو و ژنی ئیزەدی و لە دەست دانی ماڵ و خاکیان و ئاوارە بونیان و نەجاتی ١٠٠هەزار کەسیان بە فیداکاری هێزەکانی ی.پ.گ و ی.پ.ژ. ئەم  ڕیسواییە بو بە هۆی داڕمانی پێگەی جەماوەری پارتی لە ناو ئیزەدیەکان وەک سۆنامیەک بە دەرەجەی جۆراوجۆر هەمو باشور و بەشەکانی دیکەی کوردستانی گرتەوە و تەنانەت زۆرتری جیهانیەکان تێگەییشتن کە پارتی هێزێکی فاشیل و ڕانتخۆرە و نمونەی بەبرێکی کارتۆنیە.  
٣- سەرکەوتنی مێژویی پارتی دێموکراتی گەلان(ه.د.پ) لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی مانگی شەشی ٢٠١٥ و دابەزینی دەنگەکانی حیزبی داد و گەشە پێدانی ئەردۆغان بو بە هۆی ئەوەی کە ڕەوتی پ.ک.ک بچێتە قۆناغێکی زۆر گرینگ. 
٤- لە حاڵێکدا کە داعش لە زۆرینەی بەرەکانی شەڕی سوریە و عێراق لە پێشڕەوی دابوە هەر لەم مانگی شەشی ٢٠١٥ دا هێزە پێشکەوتنخوازەکانی کورد لە ڕۆژئاوا بە یاوەری بەشێک لە ئەرتەشی ئازاد(بورکان الفرات) و بە پشتیوانی هێزی ئاسمانی ئامریکا و هاو پەیمانان توانیان ناوچەی ئیستراتژیکی گردەسپی ئازاد بکەن و دو کانتۆنی جەزیرە و کۆبانێ لە یەک ببەستنەوە.  ئەمە لە کاتێک دا بو کە تورکیا بە هەمو توانای (شاراوەی) خۆی یارمەتی داعشی ئەدا. تەنانەت ئەدۆغان خۆی پێ ڕانەگیرا و لە وتارێکی ڕەسمی دا ئامریکا و هاوپەیمانانی بە هاوکاری تیرۆریست( پ.ک.ک) لە قەڵەم دا کە خەڵکی عەرەب و تورکمان( داعش) لە ناو دەبەن.
٥- حکومەتی سەدام نەماوە تا حەرەس جمهوری بخاتە پشتی پارتی. بارزانی کە هیچ کاتێک بێ پشتیوانی داگیرکەران نەیتوانیوە لە سەر لاقی خۆی ڕاوەستێ  لە نێوان سێ کۆچکەی تورکیا،حکومەتەکانی شیعەی ئێراقی و ئێرانی هەمو هێلکەکانی خستۆتە سەر سەوەتەی تورکیا. بەڵام لە بەختی ڕەشی پارتی دوای ئاشکرابونی پشتیوانی ئەرۆغان و تورکیا بۆ داعش، ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا لێی دور کەوتونەوە و تەنانەت کەوتونەتە دژایەتی کردنیشی. بەر چاوترین نمونە  پشتیوانی ئاسمانی چڕ و پڕی ئەوان لە کۆبانێ دواییش ئازاد کردنی گردەسپی بو. 
تورکیا ئیتر وەک ساڵانی نەوەدەکان ناتوانێ هێزی ئاسمانی خۆی لە دژی یەکیەتی و بۆ پشتیوانی پارتی دە کار بێنێت. 
٦- بەشی زۆری هێزی چەکداری پارتی بڕوایان بە حیزبەکەیان نەماوە. تەنیا موچە و داهات بۆتە دڵگەرمی مانەوەیان لەم حیزبە دا. ئەم جۆرە هێزانە حازر نین شەڕی مان و نەمان بکەن. ڕاکردنی مێژویی پارتی  لە شەنگال و مەخمور نیشاندەری ئەم ڕاستیەیە. ئەو زەمان  ئەگەر هێزەکانی یەکیەتی و پ.ک.ک نەگەییشتبانە هەولێربۆ بەرگریکردن، کەمتر لە دو ڕۆژ ئەوێشیان بۆ داعش چۆڵ دەکرد و لە هەمو بادینانیش حەوتویێک بەگریان پێ نەدەکرا. 
٧- بنە ماڵەی بارزانی لەم ٢٤ ساڵە دا بە تایبەت دوای قۆرغ کردنی زۆرینەی جمگەکانی دەسەڵاتی ئابوری بونەتە دەوڵەمەند ترین بنەماڵەی کورستان و تەنانەت گریمانەی ئەوە دەکرێت کە بوبێتن بە یەکەمەمین بنەماڵەی خاوەن سەرمایەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. 
ئەگەرچی پارە و سامان بۆ شەڕ گرینگن، بەڵام لە جێی خۆی دا دەبنە خاڵی لاواز. نزیک بە نیوەی سامانی بنەماڵە ڕاگوێزراوە بۆ دەرەوەی وڵات. ئەمانە بە حوکمی غەریزەی خۆویستی و خۆپەرەستی ئەم هەمو سامانەیان کۆ نەکردۆتەوە تا لە پێناوی بکوژرێن، بەڵکو دەیانهەوی هەر لەم دونیایە بیخۆن. ئەگەر تینیان بۆ هات نیوەی بەجێ دێڵن تا بتوانن نیوەکەی تری بخۆن. کاتێک کە ڕۆییشتن لە باشور کەس ترسی موچە بڕانی نامێنێت تا کۆیلایەتیان بۆ بکات. 
میژووی بنەماڵەی بارزانی پێمان دەڵی کە ئەمانە بۆ بەرژوەندی خۆیان سڵ لە هیچ جنایەت و خەیانەت و خوێنڕێژیەک ناکەنەوە. هەرچی شەڕی براکوژی سازیان کردوە بە قازانجیان تەواو بوە. لە سایەی نۆکەرایەتی داگیرکەران بونەتە خاوەنی دەیان میلیارد دۆڵار. بەڵام...
بەڵام ئەم جارە هەل و مەرجەکە جیاوازە.ئەمڕۆ قازانجیان لە هەڕەشە و هاش و هوش دایە نەک لە شەڕی واقیعی. چونکە بە هیچ جۆریک لەم شەڕە دا قازانج ناکەن و تا بڵێی زەرەر دەکەن.
بنەماڵە ترسی ئەوەیان هەیە ئەگەر ئەمڕۆ سەرۆکایەتی هەرێم لە دەست بدەن، سبەینێ زۆرینەی لەرزۆکی پارلمان لە دەست دەدەن، دوایی سەرۆکایەتی حکومەت لە دەست دەدەن ئەوسا نۆبەی سەروەری یاسا و بە سیستم کردنی حکومەت دێت. باشور لە حکومەتی ئاغا و ڕەعیەت بەرەو سیستمێکی نوێخوازی سەردەمیانە دەڕواتە پێش. ئیترحکومەتی خێڵ و ئاغایەتی بە نێوی کوردایەتی و ڕزگاری نەتەوایەتی دەرخواردی خەڵک نادرێت.   
  یەکیەتی نیشتمانی، گۆڕان و هێزە پێشکەوتنخوازەکان تەنیا یەک ڕێگایەکیان لە بەر دەست دانیە. ئەم ڕیگایەی کە ئێستا دەیپێون پاشماوەی پیلانی داگیرکەرانە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردو. بە تایبەت بەرهەمی شەڕی ناوخۆ و ٣١ی ئابە. کە تورکیا و سەدام باڵانسی هێزیان بە قازانجی بنەماڵە گۆڕی.  
ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە هێزە نیشتمانیەکان هەڵەکانی پێشویان ڕاست کەنەوە. دانی سەرۆکایەتی هەرێم بە بارزانی گەورەترین هەڵە بو.  خۆ ئەگەر دەسەڵاتی سەرۆکایەتیەکەشیان وەک سەرۆک کۆماری ئێراق کردبایە شتێکی تەشریفاتی، هیندە خەتەر نەدەبو. دەسەڵاتی سەرۆکایەتی هەرێم وەک پادشا کۆنەکانە واتە ئیستبدادی موتڵەقە. 
پێداگری لە سەر دێموکراتیزە کردن و هەموار کرنەوەی دەستور بنەماڵە ناچار دەکات بۆ پارێزگاری لە بەرژوەندیەکانی ماڵی خویان بە شێک لە دەسەڵات ڕادەستی گەل بکەنەوە. 
خۆ ئەگەر بنەماڵە هیچ سازشێک نەکات، ڕێگاکان هەمو نەبەستراون. دەکرێ ئەم ڕێگایانە بخرێنە ژێر باس و لێکۆڵینەوە:
١- کشانەوەی هێزە نیشتمانیەکان لە حکومەت و دروست کردنی قەیرانی مەشروعیەت بۆ بنەماڵە بە سەرۆک حکومەت و سەرۆک وەزیر و هەر سەرۆکایەتیەکی کە لە هەل و مەرجێکی نالەبار و بە فیتی داگیرکەران و تەزویر و دەنگی مردوان و... بە دەستیان هێناوە.
٢- پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە جیا بنەوە و بە هاوئاهەنگی لە گەڵ حکومەتی ئێستای ئێراق لە چوارچێوەی یاسای فیدڕالیسم دا بکرێنە هەرێمێکی فیدڕاڵی. لەم حاڵەتە دا بەشە بودجەی ئەم هەرێمە تازەیە لە ناو خۆی دا خەرج دەکرێ بە دابین کردنی سیستمێکی دروست و ئینسانی دور لە دەستی مافیا و گەندەڵەکان لە زەمانێکی کەم دا ئابوریەکی تەندروست و بە هێز ساز دەبێت.****
--------------------------------
سەرچاوەکان:
*-  بۆ ئاگاداری زیاتر ئەم کتێبەی دوکتور قاسملو و مامۆستا حەسەن زادە کە ئێستا قاچاغە بخوێننەوە: http://globalgovernment2012.blogspot.com/2014/12/blog-post.html

**** بنەماڵە لە پێناو  بەرژوەندی خۆیان جگە لە دەیان ملیارد دۆڵاری کە ئاودیوی دەرەوەیان کردوە و بەشی هەرزۆری سامانی سەر زەوی و بن زەویان بۆ خۆی پاوان کردوە دەست دەخاتە بەشە بودجەی شار و پارێزگایەکان و جێگۆڕکێیان پێدەکات. بۆ نمونە لە حاڵێکدا لە سلێمانی پرۆژە خزمەت گوزاریەکان پەکیان دەکەوێت، لە شارۆچکەی زاخۆ گەورەترین یاریگای وەرزشی دروست دەکرێت. ئەمە پەیامی تێدایە (دەڵی ئەی خەڵکی سلێمانی مادام کە دەنگم پێ نادەن لە بەشە بودجەی ئێوە هەڵدەگرم لە بۆ ئەو شوێنانەی خەرج دەکەم کە لە گەڵ من دا هەن. و ئەی خەڵکی زاخۆ و ... ئەوەش پاداشی لایەنگیریتان لە بنە ماڵە)

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە