چەند سەرنجێک بۆ ئەو لێژنە بەڕێزەی دانراون بۆ نووسینەوەی دەستورێک بۆ باشوری کوردستان

Monday, 29/06/2015, 23:52

2270 بینراوە


بەڕێزان پاش ڕێزو سڵاوم بۆتان،من وەک هاوڵاتیەکی کورد زمان دەخوازم گەر بەڕاستی من هاوڵاتی نێو ئەو کۆمەڵگایە بم و وەک مرۆڤێکی ئازاد و خاوەن ماف و ڕەئی تایبەتی خۆم بم لەوەی چۆن بیر دەکەمەوە،(دیارە بیر کردنەوەیەک بەدوور لە توندڕەوی ئایدۆلۆژی) ئەوا بۆ ئەو دەستورەی دەنووسرێتەوە و لە داهاتوشدا منیش دەگرێتەوە لەوەی کاری پێ بکەم، ئەوا منیش ئەم سەرنجانەم دەخەمە بەردەم ئێوەی بەڕێز؛
یەکەم؛ با لەبری خۆشەویستی بۆ نیشتیمان و نەتەوە، خۆشەویستی و پاراستنی هەیبەتی مرۆڤ بوون پێش پاراستن و هەیبەتی نیشتیمان بێت، لە حاڵەتێکی وادا، گەر ژیانێکی حورمەتدارانە بۆ مرۆڤ بنات نرا(بەبێ جیاوازی نێوان ڕەگەزی مێ و نێر) ئەوا خۆبەخۆ مرۆڤەکان وا بەرهەم دەهێنرێن کە بەئەمەکەوە پارێزگاری لە نیشتیمان و نەتەوەش دەکەن. ئەو دەستورانەی تا ئێستا لە عێراق و زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیە، لەبری گەڕانەوە بۆ مرۆڤ، ئەوا مرۆڤ تێیدا خەسێنراوە و کراوە بەکۆیلەیەکی بێ بەها، لەبەر ئەوەیشە هەمیشە جەنگ و ماڵ وێرانی تێیدا بەردەوامە.
دوەم؛ با لەژێر ڕێزی پاراستنی ئایدۆلۆژی ئاینی زۆرینەدا ، ئاین نەکرێتە پایەیەکی سەرەکی لەنێو دەستوردا. ئێستا ئێوە کەمینەیەکن و لەلایەن پارتەکانەوە ڕاسپێراون لەژێر ناوی زۆرینەدا دەستور داڕێژن، بەڵام زۆرینە لە کۆمەڵگای هەرێمی کوردستاندا،نەک هەر ئاگایان لەئێوە نیە،بەڵکو لەسایەی سەری دەسەڵاتی بنەماڵەیی و چینایەتیدا،ژیانیان هەمیشە مەرگ ئاسایە. ئالێرەدایە کە بەبێ ئاگایی ئەو زۆرینە ژیان نەبونە،ئێوە دێن و ئاینی ئیسلام لەنێو دامودەزگاکاندا دەسەپێنن بەسەر گشت کۆمەڵگادا. گەر ئێوە دەخوازن دەستورێکی مۆدێرن و دیموکراسیانە بنوسنەوە و ڕەچاوی ئازادیەکانی تاک بکەن و ژن وەک مرۆڤێکی کامڵ ببینن،ئەوا دەبێت ئاین بگەڕێننەوە بۆ جێگا تایبەتیەکەی خۆی کە دەکرێت وەک کاری شەخسی ببینرێت و دەرکرێت لەسەپاندنی بەزۆردا. گەر ئەم خاڵە جێبەجێ نەکرێت،ئەوا ئێوە لەژێر ناوی ئەوەی مرۆڤ ئازادە، مرۆڤ دەکەن بەکۆیلەیەکی یەخسیر و دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتش دەسەپێنن بەسەر خواستی کۆمەڵگادا. جیاکردنەوەی ئاین لەنێو دامودەزگا ئیداری و پەروەردەییەکاندا،هەنگاوێکی مەزن دەبێت بۆ وەرچەرخانی کۆمەڵگا بەرەو کرانەوە و هەنگاو نان بۆ بنیات نانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازاد. خۆگەر بیانویەکی ڕەزیلانەش بهێننەوە لەوەی ئەو کارە مەحاڵە و بڵێن ئێمە سەر بەدەوڵەتی عێراق و دەستورەکەی ئەوێین، لەکاتێکی واشدا، ئیتر ئێوە بۆچی خۆتان و کۆمەڵگاش سەرقاڵ دەکەن، یەک جار بڵێن ئێمە پابەندی دەستوری هەمیشەیی عێراقین. بێن ببینن لە کانتۆنەکانی ڕۆژئاوای کوردستاندا کە هێشتا بەفەرمیش لەلایەن دەوڵەتی سوریاو دەوڵەتانی جیهانیشەوە دانیان پێدا نەنراوە، بەڵام ئەوان هاتن و دەستوری هەرە پێشکەوتن خوازی خۆیان نووسیەوە و کاریشی پێ دەکەن،ئەوان مەزنترین هەنگاویان ناو لەهەمانکاتدا مەزنترین شۆڕش و خەباتیان دەست پێکردوە لەپێناو وەرچەرخانی دیدی کۆمەڵگا بۆ هەنگاونان بەرەو دروست کردنی کۆمەڵگای شارستانی دیموکراتیانە، وا کۆمەڵگاش لێیان قبوڵ دەکات و زۆرینەش بەڕێزەوە پێشوازیان کرد لەدەستوری نوێ و ئەو پەروەردە یەکسانیخوازیەی هێنایان. ئێوەش گەر بخوازن ئەو مەزنایەتیە بەخۆتان بدەن و مێژویەکی پرشنگدار بنووسنەوە، ئەوا دەتوانن دەستورەکەتان وەک دەستوری کانتۆنی جەزیرە بێت.
سێیەم؛ بەفەرمی کردنی مافی مناڵان و پەرە پێدانی بواری پەروەردەیەکی مۆدێرن و شارستانیانە بۆیان. وە قەدەغە کردنی سەپاندنی هەر ئاین و ئایدۆلوژیایەکی سیاسی بەسەریاندا تا گەشتنیان بەتەمەنی هەژدە ساڵی، چونکە گەر ئەم بوارە کاری لەسەر نەکرێت ناتوانرێت نەوەیەکی نوێو تەندروست و بڕوا بوون بەخۆ بەرهەم بهێنرێت. دابین کردنی دەرامەتی مانگانە بۆ مناڵانی هەرێم بەبێ جیاوازی، ئەوەش وەک ماف ببینرێت نەک وەک خێروسەدەقەی حیزب.
چوارەم؛ پەیوەست بەخاڵی یەکەم،نەهێشتنی جیاوازی ڕەگەزی نێوان نێرومێ، ئەوەی تا ئێستا لەنێو دەستوری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا کاری پێ دەکرێت بوونی ئەو جیاوازیە ڕەگەزیەیە و ژن لەنێو کەلتوری پیاو سالاریدا وەک شەیتان و جێ بەجێ کاری پێویستیەکانی پیاو بینراوە و دانی پێدا نراوە،بۆیە تا ئێستاش زۆرترین بێڕێزی بەرانبەر بەڕەگەزی مێینە دەکرێت و وەک کەم عەقڵ چاوی لێ دەکرێت. ئاینی ئیسلامیش کە ئاینی پاراستنی هەیبەتی نێرینەیە،یەکێکە لەو دەرئەنجامە تاڵانە. هەرچ کاتێک یەکسانی نێوان پیاو ژن ئەنجام درا،ئەوکات دەتوانین بڵێین ئێمە خاوەنی کومەڵگایەکی هاوچەرخ و دیموکراتین. وە گەر دەسەڵات دەخوازێت شایستەیەک بەبونی خۆی بدات و مێژوویەکی پڕ لە بەها بۆخۆی تۆمار بکات،دەبێت بەئەرکی خۆی بزانێت کە لەنێو دەستوردا ژن پلە دوو نەبێت و وەک پیاو خاوەن مافە کەسیەکانی خۆی بێت لەگشت بوارەکاندا.
پێنجەم؛ پانتایی هەرێمی کوردستان، بەشێکی زۆری بەکەڵکی بواری بەرهەم هێنان دێت،بێجگە لەوەی خاوەنی ئەو ژێر زەمینە نەوتیە بەپیتەیشە، دەکرێت لەڕێی وەگەڕ خستنی بواری کشتوکاڵیشەوە تا دەگات بەبەرهەم هێنانی کانزا مەعدەنیەکان،بکرێتە وەرچەرخانێکی مەزن بۆ نەهێشتنی بێکاری و بێزاری ئەو خەڵکەی کە ئێستا لەهەموو شتێک بێزار بوون لەو هەرێمەدا،ئەویش بەهۆکاری قۆرخ کاریەکانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکەی حیزب و دەسەڵاتی بنەماڵەیی.
شەشەم؛ لەکار خستنی دەسەڵاتی تاک ڕەوانە و عەقڵیەتی دیکتاتۆریانە لەنێو ئەو لایەنەی دەسەڵات بەدەستەوە دەگرێت ولەڕێی دەستورەوە ڕێگای لێ بگیرێت. ئەوەی ئێستا لەهەرێمدا کاری لەسەر دەکرێت لەماوەی ئەم بیست و چوارساڵەی ڕابردودا،بەغەیری پێشێلکاری بنەما سەرەتاییەکانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و دیموکراتی هیچیتر نەبوە. ئەوەی بەرهەم هێنراوە، عەقڵیەتی زەلیل کردنی کۆمەڵگاو تاک بوە لەپێناو هەیبەتی حیزب و هەیبتی سەرۆکدا. لەکاتێکی واشدا کۆمەڵگایەکی بەقەیران کراو دەبینین لەبری کۆمەڵگایەکی خاوەن داهێنان و لێ هاتوو.
حەوتەم؛ کۆی داهاتی بەرهەمی نەوت،بخرێتە گەڕ بۆ باشتر کردنی ژیانی کۆمەڵگاو، بەکار بهێنرێت بۆ پێشخستنی بواری تەندروستی و پەروەردە و بواری ڕێکخستنی کۆمەڵگا لە گشت کایە زیندوەکانی ژیاندا. لە حاڵەتێکی واشدا، کۆی دەردەسەریەکانی تا ئێستا دەتوانرێت بەرەو نەمان ببردرێن.
هەشتەم؛ پاراستنی ژینگە کە پێویستیەکی سەرەکیە لەنێو هەر کۆمەڵگایەکی پێگەیشتودا، چونکە کاتێک بێدەربەستی نیشان بدرێت لە وەی گوێ نەدرێت بە ژینگە پارێزی، ئەوکات ژینگەیەکی نەخۆش و کۆمەڵگایەکی نەخۆش بەرهەم دەهێنرێت.
نۆیەم؛ گەر گرنگی درا بە پەروەردە کردنی کۆمەڵگایەکی تەندروست و یەکسانیخواز، ئەوکات نیشتیمان و نەتەوەش دەپارێزرێت لە هێرشی ئەو دەوڵەتانەی دەیانوێت هێرش بکەن و نیشتیمان داگیر بکەن. لەڕۆژئاوای کوردستاندا ئەو هێزوتوانا مەزنە دەبینین لە پەروەردەی کۆمەڵگادا، بەرگریکردن بەو گیانە مەزنەوە دژی چەتەکانی داعشی ئێسلام، ڕەنگدانەوەی ئەو مەزنایەتیەیە لە گیان فیدا کاری،چونکە لەوێ پاراستنی هەیبەت و بەهای مرۆڤ بەجیدی گیراوە،وانیشتیمان و نەتەوەش بەرز بەرگری لێ دەکرێت.
دەیەم؛ نەهێشتنی ئایدۆلۆژیای ڕەگەز پەرستی نەتەوەی و دینی. ئەم دوو چەمکە لەمێژودا لەپێناو بەرژەوەندیەکانی چینی چەوسێنەردا بەکار هێنراون و هەر بنەماکانی ئەو دوو چەمکەش بوە بەهۆکاری جەنگ بەرپاکردنەکان لەپێناو بەحیساب پاراستنی دانیشتوانی هەر پارچەیەک لەم سەرزەمینە، بەڵام لە واقیعیشدا تەنها لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەکانی بنەماکانی دەوڵەت و دەسەڵاتی چینە چەوسێنەرەکاندا بوە. گەر ئەو زهنیەتە ئایدۆلۆژیە لەنێو دیدی تاکەکاندا نەهێڵراو،لەبری ئەوە، تێر کردنی زهنیەت بە پەروەردەی پێکەوە ژیانی و دابین کردنی ژینگەیەکی دموکراسیانەی دوور لەچڵێسی خود پەریستی، ئەوکات جەنگەکان و قەیرانە دارای و ئابوریەکانیش لەنێو دەچن و ژیان بۆ هەموان دەکرێت بەبەهەشت و کۆتایی بەجەهەنم دەهێنرێت.
لەگەڵ ڕێزوحورمەتم بۆ هەمولایەک

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە