مەسعود و سەدام هەردوكیان لە ساڵی 1979 هاتنە سەر كورسی

Tuesday, 30/06/2015, 0:11

4095 بینراوە


چاوەرێی چی بین لە هەرێمی كوردستان
هەردوكیان لە ساڵی 1979 دەسەڵاتیان گرتە دەست، مەسعود بارزانی لە كۆنگرە بوو بە سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان وەك كەسی یەكەمی پارتی و، سەددام حوسین یش بوو بە سەرۆك كۆمار و كەسی یەكەمی عیراق  . بەڵام بەرپرسانی پارتی لە پێناو بەرژەوەندی تەسكی خۆیان دەیانەوێت پارتی بە هەمان بەهانەی كە بەعس وەستایەوە، وا ئێستا خەریكە جێگەی ئەوی تر دەگرێتەوە و ئەوساكە شەری دژی دكتاتۆرەكەی بەغدای كرد و سەرو بنی زمانی دكتاتۆربون و زوڵم كردنی بوو  لە میلەت و كیمیاباران و ئەنفال و نەبونی ئازادی بوو، ئەمرۆ بەرپرسانی پارتی وا خەریكە  مە سعود لە خشتە بەرن و هەمان رەفتاری مالكی و سەددامی پێ دووبارە بكەنەوە . زۆر رەخنەیان لە مالیكی گرت كە پێداگری لەسەر مانەوەی لە سەر كورسی سەرۆك وەزیرانی عیراق گرت و تەنانەت بە هێڵی سوریان لە قەڵەم دا و هەموو رێگایەكیان گرتەبەر بۆ نەهێشتنی دووبارە خۆپاڵاوتنی بۆ ئەو پێگەیە . وتیان مانەوەی دەبێتە هۆی بنیاتنانی بنەمای دیكتاتۆریەت، سەرەرای رێگەپێدانی دەستور بەو كارە  بەڵام ئەوان كەوتنە پەیوەندی لەگەڵ دۆست و دوژمن بۆ نەهاویشتنی ئەو هەنگاوەی مالكی سەرنەكەوتنی  و رازینەبونی لایەنەكان  بەو كارە .
ئەمرۆ پاش سی وشەش ساڵ لە سەرۆكایەتی بارزانی بۆ پارتی وبیست و چوار ساڵ بۆ هەرێمی كوردستان، دەبێت جیهان چیمان پێ بڵێت لە هەوڵدان و جەخت كردنی بەرپرسانی پارتی لەسەر مانەوەی  مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم . سەددام بیست و چوار ساڵ كەسی یەكەمی عیراق وحزبی بەعس بوو  ،  مەسعود بارزانی ئەوە سی و شەش ساڵە هەر كەسی یەكەمی پارتیە.
لە سایەی حوكمی دكتاتۆرەكەی بەغدا جگە لە وێرانی و شەر و بەدبەختی خەڵكی عیراق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، هیچ خێرێكیان نەبینی ، لە سایەی حوكمی  مەسعود بارزانییشدا ئەگەر  راپەرینی خەڵك و خۆبەختكردنی خەڵكی كوردستان و دەست و بردی میللەت لە فەراهەم كردنی نیمچە ئازادیەك نەبێت چی بۆ گەلی كورد و دوارۆژی كراوە، ئەوەتا نەك پێش ناكەوێت، وا رۆژ لە دوای رۆژ پاشەكشە دەكات . بۆیە ئەگەر وەك دەڵێن (ئەگەر هەوەسە دی بەسە)  . وا دوو دەیە و نیوی رەبەقە  ئەم كوردستانە بە خۆی و حزبەكەیەوە بەرێوە دەبات ، ئەگەر بارودۆخی تیرۆر لە عیراق نەبوایە ئێستا ئێمە لە خەڵكی عیراق خراپتر دەبووین، هەرچەند ئێستا وەزعی دارایی و ئابووری عێراق لە هەرێمی كوردستان باشترە ئەگەر راستگۆ بین لەگەڵ خۆماندا .
بۆیە دەبێت بڵێین، تا ئێستا بواری ئەوە ماوەتەوە،  مەسعود بارزانی بیر لەوە بكاتەوە كە بە دەستاودەستكردنی دەسەڵات لەسەر دەستی ئەو فەراهەم بێت  مێژوویەك بۆ خۆی تۆمار دەكات و لەوەزیاتر خەڵك لەخۆی بێزار ناكات و بە رێز و پێگەی سیاسی و خەباتی خۆیەوە كوردستان دەداتە دەستی تازەگەریەوە و خۆی دەكات بە مرەجەعێكی باوەرپێكراو ، ئەگەر وەك سەرۆكی حزبەكەی بمێنێتەوە ئەوە كاری خەڵك نیە و خۆی و ئەندامانی حزبەكەی بریار لەوبارەوە دەدەن.
ئەگەر تۆزێك بیر لە چۆنێتی لادانی مالكی بكەین دەبینین كە پەند وەرگرتن لەو مەسەلەیە زۆر رەنگ سوریمان بۆ دەهێڵێتەوە ، چەند هەوڵی خۆی دا و مكوربوو لەسەر مانەوەی بەڵام هیچ شتێك دادی نەدا وا ئێستاش واقع ئەوە دەخوازێت كە گۆرانكاری لە چونێتی بەرێوەچونی هەرێمی كوردستان بە شێواز و عەقڵیەتی نوێ  بكرێت، ئەگەر  مەسعود بارزانی رەفتارەكانی ماندیلا بێنێتەپێش چاوی خۆی و بە خۆی لە لەوتارێكی مێژوییدا بۆ خەڵكی كوردستانی روون بكاتەوە كە ئێمە لە قۆناغی دیموكراسیدا دەژین و پێویستمان بە حوكمی دامودەزگەیی هەیە و بە هەنگاوەی سەرەتای بنیاتنانی حوكمی رەشید دێنێتە ئاراوە و دەتوانین لە سەرجەم دكتاتۆر و قۆرخارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەراستی جیابكەینەوە . با لە رۆژانی داهاتوو  بیروبۆچون و رەفتار و دیدگای لەسەر ئەو  پێگەیە ببینین و ئەوسا حوكم بدەین .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە