سەرکردەی شەریف و ناجنسی

Tuesday, 30/06/2015, 9:13

3473 بینراوە


لەژێر سێبەری قەیران و بێ هەڵوێستی حکومەت ولاوازی وەزارەتی ئەوقافدا، کۆلکە مەلا و ئیسلامیە سیاسییەکان. بە فتواو بۆچوونی بێ بنەما ئەم هەرێمەیان تەنیوە. گەر لەهەر گۆشە نیگایەکەوە خوێندنەوەیان بۆ بکەین. ئەم فڵتە فڵتەو بۆچوونانە نەک فتوا نیین بەڵکو لە وڕێنەش ناچن. دە دەستم دامێنتان پیاوە پیرۆزو ڕۆشنبیرەکانی ئیسلام سەرفرازبن گەر بوێرن، بەڵێ گەر بوێرو ترسنۆک نیین لەم مانگی ڕەمەزانە شەرمێ لە خواکەی خۆتان بکەن و هەڵوێستێ وەربگرن. بەڕاستی شەرمە بۆ ئەم هەرێمە مەلایەکی بوێری تیا نەبێ لەسەرئەم گاڵتە جاڕییە بێتە دەنگ.
 1- لەم ڕۆژانەدا لەگرتەیەکی ڤیدۆیدا مەلاشوانم بینی پیرۆز بایی لە خۆکوژێکی سەر لێ شێواو دەکرد و مژدەی بەهەشتی پێ دەبەخشی. دەکرێ بپرسین ئەگەر مەلاشوان خۆی گومانی نییە لەو بەهەشتە بۆ خۆی خۆی ناتەقێنێتەوە؟ یا بۆ کەسمان تا ئێستا سەرکردەیەکی ئیسلامی تووند ڕەوی نەدی خۆی بتەقێنێتەوە، بێگومان ئەمانە دوورن لەڕاستی تەنها گەوجاندنە، دەنا کەی بەرپرس و سەرکردە ئەوەندە بەویژدان و شەریف و ناجنسی بووە خەڵکی نەخوێندەوارو هەژار پێش خۆی بنێرێتە لای حەفتا و حەوت حۆری ڕووت.
2- وەک دەزانین مامۆستایانی ئاینی هەزار جار ئەوەیان پشت ڕاست کردۆتەوە بەئایەت و حەدیس کە هەرکارێک یا ڕووداوێک ویستی خوا گیانی لەسەر نەبێت، نابێت. ئەوەی لە چارەمان نووسراوە هەرئەوەیە و گەر لەشوشەی فەرحانیشدا بین خوای گەورەش لە سورەتی النساء دەفەرموێ (أَيْنَمَا تَكُونُواْ يُدْرِككُّمُ الْمَوْتُ وَلَوْ كُنتُمْ فِي بُرُوجٍ مُّشَيَّدَة). منیش لە منداڵیەوە باوەڕم بەوە هێنابوو، کەچی بەم تەمەنەوە وا خستیانمە گومانەوە. ئاخر چۆن گومانم لا دروست نەبێ، لەبابی (أخذ بالاسباب)ە وە دکتۆر عبدالتیفی سەلەفی ئیمانی لەق بووە و بەپێچەوانەی فەرموودەکانی خوای گەورە و حەدیسەوە سەیارەیەکی درعی کڕیووە بۆ قوتار بوون لە مردن. واتە دکتۆر عبدالتیفی سەلەفی ئەوەمان پێ دەڵێ دەتوانین لەو مردنە قوتار بین کە خوا گیان بۆی داناوین. گەر وا نییە بۆ هیچ مەلایەک فزەی لێ نایە.
3- ئێمە بە باپیرانیشمانەوە شانازیمان بەجەژنی نەورۆزەوە کردوە وەک بۆنەیەکی نەتەوەیی و مێژوویی سەیریمان کردوە. وەلێ تازە بەتازە مەلا عەبدولسەمەد فتوای حەرام کردنی نەورۆز دەردەکات و پێمان دەڵێ بیدعەیە و ناشەرعییە و بەوەشەوە ئارامی نەگرتوە دەڵێ هەرکەسێ لە نەورۆزدا بەشداری بکات یا شتێک بکڕێ کافردەبێ. من نازانم ئەم ئیجتهادەی لەکام بنەمای گەوجاندنەوە وەر گرتوە چونکە نەورۆز لەلای کورد و گەلانی ئێران وئەفغان و ئاسیای ناوەڕاست، وەک بۆنەیەکی مێژوویی ونەتەوەیی سەیر دەکرێ، نەک وەک بۆنەیەکی ئاینیی، مەلا عەبدولسەمەد دەڵێ هەرچی پێغەمبەر و خەلیفە و سەحابەکان نەیان کردبێ، ئەوە بکرێ حەرامە وعاقیبەی ئاگری جەهەنەمە، ئێ ئاخر مامۆستا ڕەحمێ بکە خۆ لەو زەمانەدا نە مۆبایل هەبووە و نە کارەبا و نە سەیارە و کامیرا و مایکرۆفۆنەکەی بەردەمی بەڕێزت هەبووە !
4- مەلا علی خانیش لەم ڕۆژانەدا لەکەناڵی ئامۆژگاریی فەرمووی بە ئیتیفاقی هەموو عولەما ئەوەی نوێژ نەکات خوێنی حەڵاڵە. ئەمە نەقسەی جاهیلە و نە درۆ و دەلەسەیە، ئەمە ڕاست و دروست وایە. گەر ڕاست و دروست نییە بۆ وەزارەتی ئەوقاف فزەی لێ نایە. گەر هیچ نەبێ جیاوازی مانای ( ‌آمرت آن آقاتل الناس) و (آمرت آن آقتل الناس) بۆ مامۆستا ڕوون بکاتەوە. 
ئەمەی کە دەگوزەرێ کارەساتە و بە کافر کردنی کۆمەڵگایە هەموو بوارێکیشیان بۆ ڕەخساوە. بۆ نمونە تەنها لە پارێزگای سلێمانی زیاتر لە 20 کەناڵی تیڤی و ڕادیۆی ناوخۆیی ئیسلامی هەیە. هەر هەمووشیان لەسەر ورگی حکومەتە بێ ئاگاکەمان دەژین و دەکەن دەرئەنجامیش نەوەیەکی داعشی بۆ بەرهەم دێنن.
هەموان زۆرێکمان بینیووە خۆبەخشانە دژبە داعش دەجەنگێن، کە دوژمنی ئیسلامە، زۆرێکمان لە دکتۆرەکان بینیووە کە ئیسلامیش نیین چارەسەری خانەوادەی پێشمەرگە دەکەن بەخۆڕایی، منداڵەکانی زۆرێکمان دەخیلەکانیان بەخشی بۆ کۆمەکی پێشمەرگە بەڵام کەسمان نەی بیستوە و نەی بینیووە یەکێ لەو کۆلکە مەلایانەی کە وڕێنەی وادەکەن یا ئیسلامێکی سیاسی بڵێ لەپرسەی شەهیدانی پێشمەرگەدا بەخۆڕایی قورئانی پیرۆز دەخوێنم. بەڵام فریشتە بێ تاوانەکانمان لە خوێنا دەگەوزێنن بۆبەدەست هێنانی 77 فریشتە ڕووتە کەی خۆیان.
awaolives@yahoo. com 
Facebook/ awaolives15@yahoo. com 
بەڕێوەبەری نووسین گۆڤاری ڕێچکە


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە