ئەگەر زەوی خاکی بە پیت و زێڕ و ئەلماس و نەوت و کانزای بەنرخی هەبێت .. ئەگەر دەریا گەوهەر و مەرجان و دوڕ و مرواری گرانبەهای هەبێت .. ئەگەر ئاسمان خۆری گەش و مانگی تابان و ئەستێرەی جوان و ورشەداری هەبێت .. ئەوا ئادەمیزادیش رۆڵەی بەهرمەند و زیرەک و بلیمەت و داهێنەری هەیە .. کە بە سامان و سەرمایەی راستی نەتەوە دادەنرێن .. بەها و گرنگیان لە زێڕ و نەوت و لە هەموو سامانێکی تر بەنرخترن .. نەتەوەکان هەر رەگەز و رەنگ و زمانێکیان هەبێت .. قەرزاری زادەی هۆش و بیر و داهێنانی بلیمەتەکان و بەهرەمەندەکانن، زیندووبن یا مردووبن .. بەبێ ئەنجامدانی داهێنانەکانی ئەم داهێنەرە هەڵکەوتووانە، نە شارستانی و نە پێشکەوتن و نە داهێنان و نە تازەگەری دەهاتنە کایەوە .. بەراورد بە ئەمڕۆ، کە ژیان و گوزەرانی مرۆڤ ئاسان و خۆشە .. بەڵام لە دوێنێدا ژیان و گوزەرانی مرۆڤ زۆر سەخت و پڕ لە کوێڕەوەری بوو .. ئەم شارستانی و پێشکەوتنەی ئەمڕۆمان، لە هەموو بوارەکاندا، بەرهەمی زادەی بیری قووڵ و گەشی زانایان و بەهرەمەندان و داهێنەرانە .. بۆیە ئەم داهێنەر و بلیمەتە هەڵکەوتووانە، زەخیرەی نیشتمانین و، سەرچاوەی بەختەوەری و شادین .. دێینە سەر کرۆکی باسەکەمان کە دەربارەی منداڵانی بەهرەمەندە .
لە زمانی کوردیدا، چەند وشەیەکی ترمان هەیە، کە هاومانا و هاومەبەستن، یا نزیکن لە وشەی ( بەهرەمەند )ەوە وک ( هەڵکەوتوو، زیرەک، بلیمەت، دانەمێن، بیرتیژ، زەینتیژ، سەرکەوتوو، زۆرزان، هۆشمەند) ئێمە لە نێوان ( هەڵکەوتوو ) و ( زیرەک) و ( بەهرەمەند) دا، وشەی ( بەهـرەمـەنـد ) مان هەڵبژارد .. گومان لەوەدا نییە، کە هەموو خێزانێک، هەموو دایک و باوکێک پڕ بە دڵ حەزدەکەن کە منداڵەکانیان لە داهێنان و جیاوازیدا، لە بە دەستهێنای پلەی ئەکادیمی دا، بەهرەمەند و، بلیمەت و، داهێنەر بن و، جیاواز و باڵاتربن لە منداڵانی تر .. تا ببنە مایەی شانازی بۆیان .. بەڵام حەز و خۆزگە شتێکە و، توانا و بەهرە و زیرەکی و ژیری شتێکی ترن .
تا ئێستا لە لایەن پسپۆران و توێژەران و، کۆمەڵە و دەزگاکانی پەروەردەییەوە، گەلی پێناسەی جیاواز هەن، دەربارە راڤەکردن و مەبەست لە ( منداڵی بەهرەمەند ) .. هەندێ لەم پێناسانە، جەختیان لەسەر هۆشمەندی ( توانای ئەقڵی ) کردۆتەوە، هەندێکی تریان لەسەر بەدەستهێنانی ئاستی ئەکادیمی بەرز کردۆتەوە، هەروەها هەندێکی کەشیان، بواری داهێنانان و، مۆرک و تایبەتمەندییەکان و دیاردە کەسێتی و ئەقڵییەکانیان کردوون بە پێوەر و بە سەنگی مەحەک بۆ ناساندنی منداڵی بەهرمەند .