پارتی ریسی لایەنە سیاسیەکان دەکاتەوە خوری

Thursday, 16/07/2015, 7:50

7039 بینراوە


ئەجێندا دەرەکیەکانی پشت دانانەوەی بارزانی
تەڵەی لایەنە سیاسیەکان نەیتوانی لە پەرلەمان پارتی بگرێت
ڕاپۆرتی: سەلمان کۆچەری
٢٣ حوزەیران بۆ پارتی تاقیکردنەوەیەکی سیاسی بوو, بەڵام پارتی بەر لەوەی لایەنە سیاسیەکان بیخەنە داوای  خۆیانەوە لەدەرەوەی ئیرادەی پەرلەمان داوەکانی دانابوویەوە, بەجۆرێک سیناریۆ و نەخشەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ دەرچوون لە داوەکەی ٢٣ ی حوزەیران سنوری ھەرێمی کوردستان تێپەڕ دەکات و دەگاتە ئەنقەرەو تاران.
لەکۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای پارتی و دەزگای پاراستندا زانراوە کەوا فازڵ میرانی وتوویەتی " ئەوەی لایەنە سیاسیەکان ویستیان بە موئامەرە ھاشوھوشمان لەسەر بکەن ئەوە ئێمە لە کۆبوونەوە دوو قۆڵیەکان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان خاوی دەکەینەوە", پارتی دیموکراتی کوردستان بەر لە ڕوداوەکەی ٢٣ حوزەیران چەندین سیناریۆی بۆ لەباربردنی ھەوڵەکانی (گۆڕان, یەکگرتوو, کۆمەڵ و یەکێتی) داڕشتبوو, ھەر بۆیەشە زۆر خۆی بەیەکەم جەلسەی پەرلەمان لەسەر ئەو بابەتە خەسڵەت نەکرد.
لە سیناریۆی یەکەمدا پارتی مەبەستی بوو ڕێگری لە نوێنەری باڵوێزەکان بکات کە بەشداری دانیشتنی ٢٣ی حوزەیران نەکەن و لە ڕێگەی فراکسیۆنەکەشیانەوە لەناو پەرلەمان ھەوڵ بدەن پەشێوی دروست بکەن و کۆبوونەوەکە ڕابگرن. گۆران ئازاد پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەوز ئاشکرایکردووە کەوا " پارتی دیموکراتی کوردستان بە نوێنەری باڵوێزەکانی وتووە بەشداری لەدانیشتنی رۆژی ٢٣ حوزەیران نەکەن, چونکە پەشێوی دروست دەبێت و پارتیش بەرپرسیاریەتی ئەوە لەئەستۆ ناگرێت", ھەر بەپێی زانیاریەکانی پێشمەرگەیەکی زێرەڤانی کە خۆی سەرپەرشتی بەشێک لە سیناریۆکە بووە پارتی دوو رۆژ پێش ٢٣ حوزەیران زیاتر لە ٥٠٠٠ ( پێنج ھەزار) کەسی تایبەتی لە پاراستن و زێرەڤانی ھێناوەتە ناو ھەولێر و لە شوقە و چەند بینایەکی تایبەت لەدەوربەری پەرلەمان جێگیر کراوەن بۆ ئەوەی لە سەعاتی سفردا پەلاماری پەرلەمان بدەن و ھەمووشیان بەجلی مەدەنی دەرکەون و وەکو لایەنگیری بارزانی و پارتی دەرکەون ھێرش بکەنە سەر پەرلەمان, ئەوکاتیش پارتی وەھا نیشانی دەدات کەوا خەڵکی نیگەرانە لە پیلانەکانی لایەنەکان دژ بە بارزانی.
ئەوەی پارتی لەو دوو سیناریۆیە پاشەکشە پێکرد خودی سەرۆکی ھەرێم مسعود بارزانی بووە, کاتێک زانیویەتی پاراستن بەبێ گەرانەوە بۆ ڕای ئەو ئەو سیناریۆیانەی داڕشتووە و داوای وەستاندنی کردووە, ئەوەشی وتووە " بوونی نوێنەری باڵوێزەکان لەناو ھۆڵی پەرلەمان بابەتێکی گرنگەو نابێت لە شکۆی پارتی بدرێت".
ئەجێندا دەرەکیەکان, ناو یەکگرتووی شلەقاند!
دوای ئەوەی سیناریۆی یەکەم و دووەمی پارتی وەستێنرا, مسعود بارزانی لە قۆناغی سێیەمی نەخشەکەدا پەنای بۆ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسیەکان بردووە, تەنانەت ھەوڵەکانی پارتی بۆ دانانەوەی خودی مسعود بارزانی سنورەکانی ھەرێمی تێپەڕاندووە, بەپێی ھەندێک زانیاری تایبەت مسعود بارزانی لەو ماوەیەدا دوو جار تەلەفۆنی بۆ  عەلی شەمخانی کردووە, جاری یەکەم داوای لێکردووە کە ھاوکاری بکەن بۆ ئەوەی ھەولێر نەکەوێتە دەستی داعش, لەجاری دووەمدا بارزانی داوای لە شەمخانی کردووە کە پاڵپشتی بکات لە دووبارە بوونەوەی بەسەرۆکی ھەرێم.
تەنانەت تورکیا لە ڕێگەی داود  ئۆغڵۆ و ھەکان فیدانەوە ھەم وەک تۆڵەیەک لە یەکگرتوو لەوەی لە ھەڵبژاردنەکانی پشتگیری (ھەدەپە) یان کرد, ھەمیش وەکو ترساندنی یەکگرتوو داوایان لە دیندار نەجمان و باڵی بادینان و ھیوا میرزا کردووە کە یەکگرتوو نەخەنە تەرەفی دژ بە بارزانی, تەداخولی تورکیا بۆ ناو یەکگرتوو خەریک بوو ئەو حیزبە بکاتە دوو پارچە, گۆمەکە شلەقا.
لە لایەکی ترەوە دەزگای پاراستن ھەشت ئەندامی کۆمەڵی ئیسلامی لە ھەولێر دەستگیر کرد و مەلەفی تیرۆری بۆ ھەندێکیان دروست کرد ئەوەش تەنیا بۆ فشار دروست کردن بوو بۆ ئەوەی کۆمەڵ لەھەڵوێستەکەی ٢٣ حوزەیران شیوان بێتەوە. 
ئێستا پارتی زۆرێک لە لەمپەرەکانی ٢٣ حوزەیرانی بڕیوە ئەوەش بە پشت بەستن بە ئەجێندای دەرەکی بووە, تەنانەت خوودی قاسم سلێمانی و سوپای قودس لە ئێستا پێیان باشە مسعود بارزانی دووبارە ببێتەوە سەرۆکی ھەرێم, دوو ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی کە ناویان لای لڤین پارێزراوە توانیویانە ئێران بکەنە پاڵپشتێک دووبارە بۆ دانانەوەی بارزانی ئەگینا ئێران لە ٢٣ حوزەیران و پێشووتریش لە بارزانی نیگەران بوو, لەبەرنامەشدا بوو بارزانی بخەن, بەڵام ئەو دوو ئەندام مەکتەب سیاسیەی پارتی بەھۆی پەیوەندی نزیکیان لەگەڵ قاسم سلێمانی بارزانیان لەداوی ئێران ڕزگار کرد. دوای ئەم روداوە ئێران وەھای لە لایەنەکان گەیاندووە بۆ ئەوەی شەڕی ناوخۆ دروست نەبێت ئەوا دەبێت مسعود بارزانی دوو ساڵی دیکە ببێتەوە سەرۆکی ھەرێم, بۆ خۆ لادان لەشەڕ ئێران بە لایەنەکانی ڕاگەیاندووە کە ڕازی بوون حەلێکی باشترە لە دروست بوونی شەڕی ناوخۆ.
یەکێتی یاری شەترەنج لەگەڵ پارتیدا دەکات!
یەکێتی لە ٢٣ حوزەیران بەشێک بوو لەداوەکە دژ بە پارتی, بەڵام ئێستا سەرە باڵاکانی ئەو حیزبە زۆر بەھێواشی لەگەڵ پارتی کارتەکانیان دەجوڵێنن, یاریکردنی یەکێتی ئەم جارە لەگەڵ پارتیدا ھەروەک یاری شەترەنج وورد و ھێمنە, بەپێی زانیاریەکان لەدوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی (ی.ن.ک) باس لەوە کراوە کە دەبێت یەکێتی بە ئیعلام فشار دروست بکات و کارتی بەھێزی لەبەرامبەر پارتیدا ھەبێت, تەنانەت باس لەوە کراوە کەوا (ی.ن.ک) بەمەرجی عەسکەری و دابەشکردنی پۆستە ئەمنی و موخابەراتیەکان نیو بەنێو ڕازی دەبێت کەوا بارزانی دوو ساڵی تر ببێتەوە سەرۆکی ھەرێم, دانانی ئەو مەرجانەش لەسەر داوای شێغ جەعفەری ئەندانی مەکتەبی سیاسی و باڵی مام جەلال بووە. ئەوەی لەنێو یەکێتی بەربەرەکانی دەکات تەنیا ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی و بەشێک لەجەماوەری (ی.ن.ک) دەبێت کە وەک کارتێکی بەھێز بەرامبەر پارتی دەمێنێتەوە.
ھەرچەندە بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنە ئیسلامیەکان سەرەداوی دروستکردنی رووداوەکەی ٢٣ حوزەیران بوون, بەڵام بۆ دواجار ئەجێندای دەرەکی و ڕازی بوونی یەکێتی وا دەکات کە ئەوان کارتێکی بەھێز نەبن لەھەمبەر پارتی, یەکگرتووش بۆ ئەوەی زیاتر گۆمەکەی نەشڵەقێ بێدەنگی یان وەسەتیەت ھەڵدەبژێرێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە داشی ھار و جوڵاندنی دانەکانی ترە ئەوەش لەنێوان پارتی و یەکێتیدا دەمێنێتەوە, وەک کۆتا جاریش ئەو دوو لایەنە دەگەرێنەوە سەردەمی ففتی بە ففتی دابەشکردنی پۆستە سیادیەکان لەنێوان خۆیاندا, بۆیە یاریەکە بە زەرەری گۆڕان, کۆمەڵ و یەکگرتوو و بردنەوەی (ی.ن.ک) کۆتایی دێت, لەو زەمەنەشدا زروفێکی ناسەقامگیر ڕوو لەھەرێمی کوردستان دەکات کەوا بەھێزی عەسکەری,  سەربازی و ئەجێندای دەرەکی بارودۆخەکە ڕادەگیرێت.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە