ناماقوڵییەکانی (ئەرشەد ساڵح)ی سەرۆکی بەرەی تورکمانی

Thursday, 16/07/2015, 12:40

3827 بینراوە


(ئەرشەد ساڵح)ی سەرۆکی بەرەی تورکمانی لە عێراق بە بۆنەی ساڵڕۆژی رووداوی
(١٤/ ٧ / ١٩٥٩) لە کەرکوک، لە وتەیەکیدا بەم بۆنەیەوە، کە، لە رۆژی سێ شەممە 
(١٤/ ٧ / ٢٠١٥) لە سایتی (نحن الترکمان) دا، بە زمانی عەرەبی بڵاوکراتەوە .. ئەم تورانییە سوکایەتی بە ( ٢٨) شەهیدە نەمرەکەی ساڵی ( ١٩٦٣) ی کەرکوک دەکات  کە کورد بوون، بەوە تاونبارکران کە دەستیان لەو رووداوە هەبووبێت، لە سێدارە دران ..  ئەرشەد ساڵحی بە تاونبار و پیاوکوژ و بە داعشی ئەو ساڵە ناوی بردوون .
ئێمە ماڵمان لە گەڕەکی شۆڕێجە لە کەرکوک بوو، لە کاتی ئەو رووداوەدا منداڵ بووم لە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی بووم .. زۆر باش ئەو رووداوەی کەرکوکم لە بیرە و وا دەزانم ئێستایە .. بە فیتی كۆمەڵێک شۆڤێنی نەتەوەیی عەرەبی و تۆرانی فاشستی کە خۆیان بە ئەتاتورکی دەزانی (پان تورکیزم) .. کۆمەڵێک گەنجی چەقاوەسووی تورکمانیان لە گازینۆیەک لە (شەقامی ئەتڵەس) لە کەرکوک بە چەکەوە ئامادە کردبوو .. کە لەو کاتەی کە ریزی ئاهەنگێڕەکان بە بۆنەی یادی یەکەمین ساڵڕۆژی شۆڕشی چوارەی گەلاوێژەوە ، کە بگەنە ئاستی ئەو گازینۆیە، ئەو پلانگێڕانە تەقەیان لێبکەن و ئاژەوە هەڵگیرسێنن  .. ئەوەبوو ئەوەی بۆیان دیاری کرابوو جێبەجێیان کرد و .. لە گەڵ کۆمەڵێک لە (گاردی میللی ـ المقاومة الشعبیة) کە سەر بە پارتی کۆمۆنیستی عێراق بوو، عەرەب و کورد و تورکمان و کلدۆئاشوریشیان تێدا بوون، بەشەڕ هات .. بە کورتی ئەوە سەرەتای ئاژاوەکە بوو .. لەوەدوا زیاتر تەشەنەی کرد و چەند کوژراو و بریندارێکی تورکمانی لێ کەوتەوە .. ئەرشەد ساڵحی راستیش ناکات کە لە نێو کوژراوەکاندا منداڵ و ژن و پیر هەبووبێت . 
کێ بوون ئەوانەی کە لە پشت ئەم رووداوەوە بوون ؟ ئەی مەبەستی سەرەکییان لە نانەوەی رووداوەکە چی بوو ؟ بێگومان ئەوانەی کە هاندەر و نەخشەکێشی سەرەکی ئەم رووداوەبوون، کۆمەڵێک عەرەبی نەتەوەیی شۆڤێنی بوون، تورکمانیان کرد بە داردەست، مەبەستیان نانەوەی دووبەرەکی و ئاژاوە بوو لە نێوان کورد و تورکمان .. هەروەها ئەمە تەڵەیەک بوو بو پارتی کۆمۆنیست، کە لایەنگر و پاڵپشتێکی بەهێزی سەرەک وەزیرانی عێراق (عەبدولکەریم قاسم) بوون .. بۆ ئەوەی ئەم تاوانە بدەنە پاڵ ئەم پارتە چەپڕەوە و، لە لای عەبدولکەریم قاسم تاوانباریان بکەن .. ئەوەی ویستیان جێبەجێیان کرد و کارەساتێکی خوێناوی لێ کەوتەوە .. هێزێکی سەربازی لە بەغداوە هات و کۆتایی بە کارەساتەکە هات .. دواتر لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی سەربازی پێکهێنرا بۆ لێکۆڵينەوە لەم رووداوە، ئەندامانی ئەم لیژنەیە لە عەرەبە نەتەوە چییەکان پێکهاتبوو، سەرۆکی لیژنەکە، سەرهەنگی سەربازی (عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان) بوو کە تورکمان بوو .. ئەم لیژنەیە بەبێ ئەوەی لە هۆیەکانی ئەم رووداوە و چۆنییەتی رووداوەکە بکۆڵنەوە، یەکسەر پەنجەی تاوانیان بۆ کورد درێژکرد .. کە لە رستیدا کورد هیچ گوناهێکی نەبوو لەو رووداوەی ساڵی (١٩٥٩) لە کەرکوکدا .. هەر لەسەر داواکردنی ئەم لیژنەیە، ئاسایشی کەرکوک کوردێکی زۆریان لە شاری کەرکوک گرت، کە هەموویان بێ تاوان بوون، نە لە نزیک و نە لە دوورەوە هیچ پەیوەندییان بەم رووداوەوە نەبوو، بە ناڕەوا تاوانبار کران، وەک دەڵێن (کە زۆر هات قەواڵە بە تاڵە)  .. بە دادگایی کردنێکی خێرای سەربازی و مەدەنی کە نیوەی ئە دامەکانی تورکمان و ئەودوایان عەرەبی نەتەوەیی بوون بڕیاری لە سێدارەدانی ( ٢٨) کەسیان لە گیراوەکان دا، کە (٢٧) کورد و، یەکێکیان تورکمان بوو .. لە نێو ئەو لە سێدارەدراوەنەدا پارێزەر و رۆژنامەنووس و نووسەری ناسراوی کوردمان، سەرۆکی شارەوانی کەرکوک، شەهید (مارف عەبدولکەریم بەرزنجی) و (شێخ حوسین بەرزنجی)  کە برای یەکترین لە سێدارە دران . ئەرشەد ساڵحی دەڵێت ئەم تاوانبارانە دادگایی کردنێکی رەوا و یاسایی کران .. ئەم قسەیەی راست نییە، ئەوان پێش دادگایی کردنیان ئەم سزایەیان بە سەریاندا سەپێنرا بوو .. رێی ئەوەشیان پێ نەدان کە بەرگری لە خۆیان بکەن، یا پارێزەر داکۆکییان لێ بکات و بێ تاوانییان بسەلمێنن .. جگە لە بڕیاری لە سێدارەدانی ئەو ( ٢٨) کەسە، سزای بەندکردنی ماوەدرێژیشیان بۆ دەیان کوردی بێ تاوان دەرکرد .. کاربەدەستانی بەغدا زۆر باش ئەوەیان دەزانی کە ئەمانە بێ تاوانن و .. تاوانباران وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەرچوون .. بۆیە جێبەجێکردنی لە سێدارەدانیان راگرتن و بە تەمای پێداچوونەوە بوون بەو توومەتانەی درابوونە پاڵیان . 
لە دوای کودەتاکەی بەعسییەکان لە ساڵی ( ١٩٦٣) دا، تورکمانەکان ئەمەیان بە هەل زانی و چوونە پاڵ بەعسییەکان و .. گەنجەکانیان بوون بە ( الحرس الوطني ) ی سەر بە بەعسییەکان و، بە ناڕەوا لە کەرکوکدا ئازاری کوردیان دەدا و کوردیان دەگرت .. ئەوبوو بەعسییەکان سەرکرەیەکی سەربازی شوڤینی عەرەبییان نارد بۆ کەرکوک کە  اوی ( سەعید فەتحی ئەلسوقەیلی ) بوو، بوو بە ( الحاکم العسکري للمنطقە الشمالیە ـ فەرمانڕەوای سەبازی لە ناوچەی باکوور ) و هەموو دەسەڵاتێکی رەهایان پێدابوو .. تورکمانەکان بە پارە و بە ( .... ) رازیان کرد بۆ لە سێدارەدانی ئەو (٢٨) کەسە .. لە بەرەبەیانی رۆژی ( ٢٣/ ٦/ ١٩٦٣) دا، ئەو ( ٢٨) کەسە بێ تاوانە لە سێدارە دران، لەسەر داخوازیی تورکمانەکان، لە فولکەی گەڕەکی موسەڵڵای شاری کەرکوک کە زۆربەی دانیشتووەنەکەی تورکمانن، لاشەکانیان بە قەنارەکانییانەوە لە ناو ئەو فلکەیەدا دانران .. تورکمانەکان هەڵهەڵەیان لێدەداو، لاشەکانیان بەرد باران دەکرد .. ئەم بیست و هەشت شەهیدە بێ تاوانە، کە شۆڤێنی ئەرشەد ساڵحی بە تاوانبار و بە پیاوکوژ و داعش ناوی بردوون .. هەر بۆ نموونە باسی دەکەم .. لە نێو ئەو بیست و هەشت شەهیدەدا، (عەبدولڕەحمان جەباری ) تێدا بوو، کە ماڵییان لە کۆڵانەکەی ئێمە بوو، کرێکارێکی سادەی بێوەی و، زۆر دوور لە سیاسەتەوە، گۆرانبێژێکی میللی دەنگخۆشبوو .. وەکو چۆن : ( گوررگ لە خوێنی پێغەمبەر یوسف بێ تاوان بوو ) ئاوهاش، دەزانم کە عەبدولڕەحمان جەباری و شێخ مارف و هەموو هاوڕێکانیان لەو تاوانانەی درابوونە پاڵیان بێ تاوان بوون و، بۆیان هەڵبەستوو بوون و، هیچ شایەت و بەڵگەیەکیش نەبوو، کە ئەم تاوانە ناڕەوایانەی درابوونە پاڵیان بسەلمێنن . زۆربەی بەندکراوەکانیش سەر بە پارتی کۆمۆنیست و پارتی دیموکراتی کوردستان بوون .. هەر لە سەر داوای تورکمانەکان، ئەو هەموو خانووە ساکارانەش کە هەژارانی کوردی بێ دەرمات و بێ شوێن و رێ، بە قوڕ و خشت، لە ناو دۆڵ و لەسەر گردۆڵەکەکانی شاری کەرکوکد دروستیان کردبوون، بە ( گەڕەکەکانی کۆماری ) ناو دەبران .. هەموویانیان بە شۆفڵ تەخت کرد و، خەڵکەکەیان دەربەدەر کردن .. ئەمانەم بە چاوی خۆم بینی .  
دوای ئەم کارەساتە، تۆرانییەکان بە هاوکاری و بە پاڵپشتی، بەڕێوەبەری ئاسایشی کەرکوک ( نوری خەیات ) کە ناحەزێکی سەرسەختی کورد بوو .. تورکمانەکان لە چەند تورکمانێکی شەقاوە و، پیاوکۆژێکی ناسراوی شاری کەرکوک، گرۆپێکیان دانا بە ناوی (الکف الأسود : دەستی رەش ) بۆ کوشتنی کورد لە کەرکوکدا .. یەکێک لەو گروپە ناوی ( حوسە ئاوچی ) بوو، ماڵیان لە گەڕەکی پریادی بوو، هەتیوێکی بێڕەوشتی قنگدەر بوو .. ئەوەی من ئاگادارم، یەکەمین کورد کە لە بەردەم دووکانەکەی لە شاری کەرکوک کوشتیان ( محەمەد ئەمین شەربەتچی ) بوو، کە تەمەنی زیاتر لە پەنجا ساڵ دەبوو، لە بازاڕی جووت قاوە بەرانبەر بە قەیسەری دووکانی شەربەتی مێوژی هەبوو ـ من چەند جارێک شەربەتم لای خواردەوە ـ ئەم پیاوە، پیاوێکی بێوەی بوو، پەیوەندی بە هیچ لایەنێکی سیاسییەوە نەبوو .. دووەمین کەسیش کە تیرۆریان کرد کرێکارێکی رۆژانەی داماوی خەڵکی شۆڕێجە بوو، لە گەڕەکی موسەڵادا لە لایەن (الکف الاسود) ەوە شەهید کراا، دواتر ( سەید وەلی کاکەیی یان ) کوشت کە ماڵیان لە گەڕەکی شۆڕيجە بوو، دوکانی چاکردنی ماتۆڕی هەبوو .. پیوێکی وەرزشکاری باڵابەرز بوو .. سێیەمین کەس کە ئەو گروپە تیرۆرستییە کوشتیان هەر ماڵیان لە گەڕەکی شۆڕیجە بوو ناوی ( فازیل حاجی عەلی لەیلانی ) بوو، کۆگایەکی گەورەی فرۆشتنی کوتاڵی لە بازاڕی جووت قاوەدا هەبوو، لە نزیکی خانی خورما ـ من لەگەڵ عادیل کوڕی پێکەوە لە قوتابخانەی شۆڕیجە لە پۆلێکدا بووین ـ ئەمانە تەنها ئەوانەن کە من ئاگادارم .. بێگومان کوردی تریشیان کوشت .. ئەمەو هەر ئەو گروپە تیرۆریستییە تاوانێکی قێزەوەنی تریان دەکرد .( مادەی تیزابیان ) پرژاندە دەموچاوی چەندین کوردی بێ تاوان لە کەرکوکدا، لەوانەش ( ئەحمەدی حاجی رەزا ئەمین ) بوو، کە برای موزیکژەنی عود مامۆستا ( محەمەد رەزا بوو ) کە تیزابیان بە دەموچاویدا کرد .. شایانی باسیشە ئەو پیاوکوژانە لەو ناوە دەسوڕانەوە بێ ئەوەی ئاسایشی کەرکوک بیان گرن، وەکو وتمان ئاسایشی کەرکوک لە پشتیان بوو .. ئەوان نەخشەداڕێژی ئەم تاوانانە بوون . 
جا بە ئەرشەد ساڵحی دەڵیین، ئەی ئەو بێ تاوانە کوردانە شەهید نین ؟ کە بە ناهەق کوشتتان ؟! ئەی ئەو پیاوکوژەکانه ئێوە تیرۆریست و داعشی ئەو سەردەمە نەبوون ؟! ئەو قسانەت ناماقوڵین، کە دەڵێی ئەو( ٢٨)  کەسەی کە لە سێدارە دران، شەهید نین و تاونبار و بە پیاوکوژ و بە داعش ناویان دەبەیت .. تۆ هێندە رق لە دڵی تا ئێستا خۆت بە ناحەزی سەرسەختی کورد دەزانیت، چونکە بە بیری بۆگەنی تۆرانی گۆشکراویت . 
ئەمەو لە راستیدا، ئەو روداوەی کەرکوک زیاد لە قەوارەی خۆی ئەرشەد ساڵحی و کەسان و لایەنی سیاسی تورکمانی گەورەیان کردۆتەوە و، گەلێ شتی زیادەیان داوەتە پاڵی .. بۆ مەبەستێکی سیاسی خۆیان کردوویانە بە کراسی عوسمان .. ئێمە هەرگیز لەگەڵ ئەوەدا نین نە بێ تاوانانی تورکمان و نە بێ تاوانانی کورد و هیچ لایەنێکی تر بە ناڕەوا و بەبێ هۆ بکوژرێن .. بەڵام ئەرشەد ساڵحی ئەگەر ئازایەتی ئەوەی هەیە و بوێرە کە دان بە راستیدا بنێت .. باش دەزانێت کە کێن و چ لایەنێکن، ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێت، کە هەمیشە دەیانەوێت دووبەرەکی و ئاژاوە و ناکۆکی و مشومڕ لە کەرکووکدا بخەنە نیوان کورد و تورکمانەوە .. ؟؟ بۆ ئەوەی ناکۆکی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە بقۆزنەوە و، بە بەردی دوو چۆلەکە بپێکن .. کە تا ئەمڕۆش ئەم ئەم پیلانە گڵاو و قێزەوەنانەیان درێژەی هەیە، بۆ تێکدانی پێکەوەژیانی کورد و تورکمان لە کەرکوکدا . هەر ئەوانەی کە رووداوەکەی ساڵی (١٩٥٩)  ی کەرکوکیان دروست کرد .. ئەمڕۆش وەچە ڕەگەزپەرستەکانی ئەوانن کە دەیانەوێت، تورکمان بکەن بە دوژمنی کورد .. ئەم پرسیارەش لە ئەرشەد ساڵحی دەکەین ئەی هەر بەعسییەکان نەبوون کە ئەو سەرهەنگەتان ( عەبدوڵڵا عەبدولڕەحمان و، براکەی خۆت و، چەندین تورکمانی تریان بە توومەتی تاوانی ناپاکی نۆکەری کردن بۆ لایەنێکی دەرکی، گولەباران نەکران و لە سێدارە نەدران .. ؟! ) ئێستاش هەر پاشماوەی ئەو کۆنە بەعسییە شۆڤێنییانەن کە دوژمنی لە یەک نزیکبوونەوەی کورد و تورکمانن .. هەر ئەوانەن .. کە بە ئێوەیان دەوت تورکمان لە کەرکوکدا نییە ؟ کەچی بە داخەوە، ئێوە دۆست و دوژمنی خۆتان لێکەوە ناکەن  .. ؟! ئەمەیە راستییەکان .
ئێمە هەرگیز لە ئەرشەد ساڵحی و لە هەر کەسی تر، ئەوە قبوڵ ناکەین کە بە ئەو بیست و هەشت شەهیدە نەمرەی کوردمان لە شاری کەرکوک، بە ناپاک و پیاوکوژ و داعش ناوبەرن .. ئەگینا زۆر شت و وردەکاری تر هەن کە باسیان بکەین . 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە