خەندەق و..دۆست و..دوژمن و..مێژوو

Saturday, 18/07/2015, 23:39

2949 بینراوە


بەدرێژایی مێژووی مرۆڤایەتی خەندەق لێدان تەنھا بۆخۆپارێزی بووە لەھێرشی دوژمنان نەک دابڕینی ھاونیشتمانیان، لەسەردەمی ئیسلامدا لەمەدینە لەسەربیرۆکەی سەلمانی فارسی بۆ خۆپارێزی لەقوڕەیشیەکان وھاوکارانی خەندەق لێدرا بەدەوری شاردا ھەروەک لەجەنگە جیھانیەکاندا ھەمان شێواز پیادەکراوە کاتێک فەرەنسا بەرامبەر بە ئەڵمانیای نازی خەندەقی لێدا لەبەرەکانی جەنگدا کاتێک ئەمریکا ویستی ئێراق وەدەرنێ لە کوەیت حکومەتی ئێراقی بەھەمان شێوە خەندەقی لەسەرسنورەکان لێدا لەبەرەکانی جەنگدا بەدرێژایی سنورەکانی سعودیە لەگەڵ کوەیتداو نەوتی تێکردوو گڕی تێبەردا بۆیە لەڕووی مێژووییەوە ھیچ پاساوێکی تر ھەڵناگرێت جگە لەخۆپارێزی لەدوژمنان تۆبڵێیت ئێمە دوای چەندین ساڵ خەبات و سەدان ھەزار قوربانی ودەیان ساڵ چەوساندنەوە لەلایەن خودی ووڵاتانی سەردەستەوە خۆمانمان نەناسیبێت و بەچاوی دوژمن سەیری یەکتر بکەین..مەحاڵە شتی وا بەڵام ھەڵکەندنی خەندەق لەنێوان باشورو ڕۆژئاوادا دیارە ئەو ڕاستی یەک نەتەوەییە دەخاتەژێرپرسیارەوە چونکە ھەمووتاکێکی کوردستانی گەورە دژی دابڕینی کوردانە لەیەکتر ئەی باشە لەباشوری خۆشەویست چی دەگوزەرێ؟؟
کاتێک دەمانەوێت سیاسەت بکەین دەبێت ڕێڕەوی مێژووی و بەھای ئەخلاقی ڕەچاوبکەین بۆئەوەی نەکەوینە زۆنگاوی (ھاوکاری مەرامی ووڵاتانی خاوەن بەرژەوەندیەوە) چونکە ئەوان تەنھا لەبەرژەوەندی خۆیاندا دۆستایەتی ئێمەیان قبوڵە بائێمەش مەرجی بەرژەوەندی یەک نەتەوەییمان لاگرنگ بێت بەجۆرێک نەیگۆڕینەوە بە دەستخۆشی دوژمنان لەپێناو دەستکەوتێکی دارایی و بازرگانیدا...
ئێستا کوردان لەڕۆژئاوا پێویستیان بە ھاوکاریە نەک دژایەتی بۆیە بەڕاستی سیاسەتێک لەبەرژەوەندی دوژمناندا بێت پێویستە نەکرێت...
ئەمریکا پەیوەندی بازرگانی زۆری ھەیە لەگەڵ ووڵاتانی جیھاندا لەھەمان کاتدا لەکێشە نێودەوڵەتیەکاندا ھیچ کات ھاوڕا نەبوون ،ئێمەی کوردیش دەکرێت پەیوەندی بازرگانی تۆکمە و گەشەسەندومان ھەبێت لەگەڵ ووڵاتانی دەوروبەردا بەڵام ئەمە ئەوەناگەێنێت کە مەرامی سیاسی ئەوان وابەستەکەین بەپەیوەندی بازرگانیەوە؟؟
ڕۆژئاوا بەوەڵامی ئەرێنی لەلایەن ووڵاتانی ئەوروپاوە پێشوازی لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی ڕۆژئاوای کوردستان کرد کەواتە ئەمەشایەتیە بۆدروستی کاری سیاسی لەوبەشەدا، ھەموولایەنێکیش جەماوەر دەتوانێت لەکەشێکی دیموکراسیدا پێگەی دیاری بکات بۆیە لاوازی پێگەی لایەنەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی لەڕۆژئاوا مانای نەبوونی دیموکراسی ناگەێنێت بۆیە بانگەشە بۆنەبوونی دیموکراسی لەڕۆژئاوادا ھەنگاوێکە بەرەو دواوە لەپەیوەندی نەتەوەییدا لەنێوان بەشەکانی کوردستاندا،
لەکایەی دیموکراسیدا (دانانی کەسەکان)بە تەعین کردن نیە بەڵکو بەھەڵبژاردنە بۆیە دەرگای بەشداری لەھیچ کەس و لایەنێک دانەخراوەو ھەموولایەنێک ئازادە لەبەشداری کردن یان نەکردن ،بۆیە بەخشینەوەی تاوان بەرامبەر بەیەکتری جگە لەخزمەت بەدوژمنان ھیچ سودێکی تری لێ نابینرێت، ئێمە لەباشوردا گرفتمان کەم نیە ھەرلەنەبونی موچە تادەگاتە نەبوونی حکومەت و نەبونی خزمەتگوزاری و کێشەی حزب حزبێنە و حەزکردن لە پۆست...ھتد تاخۆمان گیرۆدەکەین بەکێشەوگرفتی بەشێکی تری کوردستانی خۆشەویست چونکە بەشداربوون لەبڕیاری سیاسی ئەو بەشەدا ئەرک و لێپرسینەوەی لەدوایە نەک ئیمتیازات وەکولای خۆمان باوە، لەوێ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆرستانی لێیە نەک ژیانی نۆرماڵ،...
دەکرا لەبری خەندەق دەروازەی سنوری زیادبکرێت ونەھامەتی گەلی رۆژئاوا لەبەرچاوبگرین بۆسەرخستنی ئیرادەی ئەوان لە یەکەم ھەنگاوی دیموکراسیدا، خەباتی چەندین ساڵەی کوردان بۆسڕینەوەی سنورە دەستکردەکان بووە نەک دروستکردنی خەندەق لەناوسنوری دەستکردی داگیرکەراندا، بەئومێدی پڕکردنەوەی ئەو خەندەقە بە بڕیارێکی سەرۆکایەتی ھەرێم ...
گەلی ڕۆژئاوا خۆی دژایەتی دەکرێت لەلایەن تیرۆرستانەوەو ڕۆژانە شەھید دەبەخشێت لەو پێناوەدا، سەیر لەوەدایە لێرە بەوە تاوانباردەکرێت کە ئاسانکاری دەکات بۆتیرۆرستان بەڕاستی ئەم ئاماژەیە بەشێوەیەکی فەرمی لایەنێکی پێ تۆمەتباربکرێت جورئەتی دەوێت چونکە ھەموو تاوانبارکردنێک بەڵگەی دەوێت ھەمووانیش پێمان خۆشە گەلی کورد ڕاستیەکان بزانێت، حەمرین پێویستی بەخەندەق و بەرخودان ھەیە نەک ڕۆژئاوا، ھەندێک مافی نەتەوەیی بەدەستور ناگەڕێنرێنەوە بەڵکو ھەڵوێستی کرداری دەوێت دوور لەھۆڵی پەرلەمانی زۆرینەو کەمینەی عیراقی مەزھەبی بۆیە بوێری لەبەخۆداچونەوەیەدایە نەک بەردەوامی لەسەر ھەڵەکان.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە