فاروق رەفیق

پاش بەدوادووچوونی کوردستانپۆست، لەسەر بڕوانەمەی فاروق رەفیق، کە زیاتر لە 20 ساڵە لە کوردستان بە دکتۆر بانگی دەکەن، دوایی دەرکەوت کە فاروق رەفیق دکتۆرای نییە، بە ساختە ئەو (د)ــەی بە خۆیەوە ناوە، بۆیە ئێمەش لە ئەرشیفەکەدا دکتۆرییەکەیمان لێکردەوە.


ڕوونکردنەوەیەک لەسەر ئه‌و گەلەکۆمەکییەی ئیسلامییەکان

Tuesday, 21/07/2015, 23:26

3934 بینراوە


وەک زۆربەتان دەزانن، لە ماوەی بیستوچوار کاتژمێری ڕابردوودا ڕووبەڕووی هێرشێکی ناڕەوا، پڕ لە سووکایەتی و بگرە شاڵاوی جوێن و ناوزڕاندن بوومەتەوە لە لایەن ئیسلامییەکانی کوردستانەوە. ئەمەش تەنیا لەبەر ئەوەی ئازادانە ڕای خۆم دەربارەی مادەی شەشی پرۆژە دەستووری هەرێم دەربڕیوە، کە باس لە دامەزراندنی حکومەتێکی ئایینی دەکات.
ئەم هێرشە کەسانی عەوام هەڕەمەکییانە پێی هەڵنەستاون، بەڵکو لە لایەکەوە هێرشەکە ڕێک خراوە و هێزێک یا چەند هێزێکی ئیسلامی سیاسی و دامودەزگای تەقلیدیی ئایینی لە پشتی ئەم هێرشەوەن. لە لایەکی دیکەوە، لە ناو ئەو کەسانەی کە سووکایەتییان پێکردووم، وەزیر هەیە، چەندین ئەندام پەرلەمان هەن، پیاوی ئایینی هەن، چەندین مامۆستای زانکۆ و ئینجا دەیەها کادێری (پێشکەوتووی) حیزبە ئیسلامییەکان هەن، قوتابیی زانکۆ و چالاکوانی مەدەنی و بەناو ڕۆشنبیر و ڕۆژنامەنووس هەن.
وا دیارە قەدەری من بێت یا ئەرکی ئەخلاقی من بێت کە لە ڕێگه‌ی پراکتیزەکردنی ئازادی و سەڕرێگه‌خستنی فیکری ئازادم ببمە مایەی کەشفکردنی ماهیەتی هێزەکان، کەشفکردنی ئەو ڕاستییەی کە لێرە شتێک نییە بە ناوی ئازادی و کەرامەتی مرۆڤەوە. یەکێک لە ڕەهەندەکانی ئەم هێرشە ڕێکخراو و پڕ لە سووکایەتییە بە منی توێژەر و نووسەر کە خۆم بە ویژدانی نەتەوەیەک دەزانم، خۆم بە بەرجەستەبووی کۆمەڵێک بەها و پرەنسیپی گەورەی گەردوونییانە دەزانم، بریتییە لە کەشفبوونی ماهیەتی ئیسلامگەرایی و ئیسلامگەراکان، ئەوانێک کە گفتوگۆی مەدەنی و عەقڵییانە لەتەکیاندا مەحاڵە، ئەوان سەرەتا کارەکتەری کەسی بیرکەرەوە و سەربەخۆ و ئازاد ترۆر دەکەن و دواجار کە هەلیان بۆ ڕەخسا، شمشێر لە ملی دەدەن.
بە تکا سەرنجی ئەم خاڵە بنەڕەتییە بدەن، ئێمە لە حاڵی حازردا دەستوورمان نییە، پرۆژەیەکی دەستوورمان هەیە کە مادەیەک لەخۆ دەگرێت و دەڵێت (شەریعەت سەرچاوەی سەرەکیی یاسادانان دەبێت) و (هیچ یاسایەک دەرناکرێت پێچەوانەی نەگۆڕەکانی ئیسلام). واته‌ دامەزراندنی حوکمڕانیی ئایینی. ئەوان لە ئێستادا کە حوکمڕانییەکە ئایینی نییە، بەم شێوەیە هێرش دەکەن و لە کەرامەتی ئینسانیی توێژەرێکی سەربەخۆ دەدەن، ئەی دەبێت چی بکەن ئەو کاتەی ئەو ماددەیە لە دەستووردا دەچه‌سپێت، واتا حوکمڕانی ئایینی؟ بێ شەک و گومان دادگاکانی پشکنین دادەمەزرێنن بۆ نووسەر و ئازادیخواز و هەر کەسێک بیر بکاتەوە، وەک ڕایف بەدەوی‌ی سعودی هەزار شەللاقی لێدەدەن و گەر نەیکوژن، بۆ ساڵانێکی زۆر لە زیندانی توند دەکەن، چونكه‌ ئەو شتە دەڵێت کە خۆی باوەڕی پێیەتی و کۆیلەیەکی گوێڕایەڵ نییە. ئەمەیە ماهیەتی سەرەکیی ئیسلامگەراکانی کوردستان.
من بە سنگی ڕووتەوە ڕووبەڕووی ڕم و تیرە ژەهراوییەکانیان بوومەتەوە و بەم کارەشم هەم ماهیەتی ئەو هێزەم کەشف کرد، هەم نیشاندانی ئەو ئاییندەیەی چاوەڕوانی ئەم نەتەوەیە و ئەم وڵاتەیە، سەرەتاکانی ئەو ئاییندەیە بۆ کەسێک خاوەنی چاو بێت و بارتەقای گەردێک عەقڵ لە سەریدا بێت، وا خۆیمان نیشان ئەدا ئاییندەیەکی تاریک، ئاییندەیەکی لێوانلێو لە جەور و ستەم و نادادپەروەری، ئاییندەی مەرگی مرۆڤی کورد بێت.
حەق دەبێت بگوترێت، ڕستەیەکی ئەم چاوپێکەوتنە لە سیاق دەرهێنراوە و زوومی خراوەتە سەر، گوایە من باسم لە باڵاپۆشی کردووە، نەء، من ئاماژەم بە نیقابی ئافرەتان کردووە، کە نیقاب هیچ پەیوەندییەکی نە بە کولتووری کوردی و نە بە کولتووری ئیسلامییەوە هەیە، به‌ڵكو زادەی کولتووری عەرەبییە. ئەمە مەبەستەکەی من بووە لە خێو، ئافرەتێک کە لە ئینسانیەتی خۆی دادەماڵرێت و لە ئازادییەکانی و لە مرۆڤبوون دەخرێت، دیارە کە دەبێت بە خێو، من نەمگوتووە کە کەسێک کە باڵاپۆش بێت خێوە، ئەمە شێواندنی قسەکانی منە. من دەزانم کە ئەم قسەیەی من ئیستفزازییە، بگرە ناباوە، گوتنی شتی ناباو، لە هەلومەرجی سەرەولێژبوونەوەی کولتووری و هەلومەرجی لەدەستدانی توانای هەڵکردن مەسەلەیەکی ستراتیژییە بۆ شۆککردن و بۆ ڕاچڵەکاندنی خودی کۆمەڵگه‌، بێگومان گوتنی ناباو بۆ کەسێک کە جورئەت بکات و بیڵێت، سەرئێشە دروست دەکات، بەڵام ئەگەری زۆرە گفتوگۆیەک سەر ڕێگه‌ بخات، ڕەنگە بشبێتە مایەی سەرهەڵدانی هوشیارییەکی نوێ. کەواتە من بە مەبەست باس لە بورقە و قیناع دەکەم وەک داکۆکیکردن لە ئینسانیەتی ئافرەت و لە کەرامەتی، نەک بێڕێزیکردن پێی. هیوادارم هەندێک (ڕۆشنبیر) کە لە فیکر و مەعریفە خاڵی بوونەتەوە و هیچی تریان بۆ گوتن نەماوە، خراپ سود لەم دیبەیتە وەرنەگرن و موجامەلەی ئیسلامییەکان و گاڕان نەکەن لەسەر حیسابی عەقڵ و لەسەر حیسابی ئێمەی ئازدیخواز، گەر خۆیان بیر ناکەنەوە، با نەبنە قامچیی دەستی جەللادەکان.
بەو کەسانەی کە هێرشیان کردووه‌تە سەرم، دەڵێم ئەخلاق و غرور و کەسایەتیم ڕێگەم پێنادەن دابەزمه‌ ئەو ئاستە نزمەی ئێوە، من لە لوتکەوە بۆ خوارەوه‌ لێتان دەڕوانم و هەر لەو بەرزاییەشەوە درێژە بە خەباتە فیکری و مەعریفی و مەدەنییەکەی خۆم دەدەم دژ بە خۆتان و دونیابینییەکەتان، کە تاریکیی بە دیاری پێیە بۆ جیهان، لەو سەرەوە لەگەڵ ولیام ڕایش پێتان دەڵێم گوێ بگرن ئەی پیاوە گرگنەکان.
دواوتەشم بۆ ئەو کەسانەی کە سوورن لەسەر ئەوەی سووکایەتیم پێبکەن، ئەمەیە، لە تەک حەزرەتی مەسیحدا دەڵێم "خودایە، خودایە بیانبەخشە چونکه‌ نازانن".

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە