پێویستە کوردیلەکانمان بە کوردستان پەروەری گۆش بکەین

Sunday, 26/07/2015, 23:55

5466 بینراوە


کوردسـتانی رەنگـین و جـوان، لە ئەوپەڕی باکـوورییەوە تا ئەوپەڕی باشووری .. لە ئەوپەڕی رۆژهـەڵاتییەوە تا ئەوپەڕی رۆژئـاوای .. نیشتـمانی پیرۆز و شیرینی ئێمەی کورد و هەموو ئەو نەتەوانەی لە کوردستاندا وەکو برا دەژین و، خۆیان بە کوردستانی دەزانن و، کوردستان بە نیشتمانی خۆیان دەزانن و هاوبەستەبوونیان (ئینتیمایان) بۆی هەیە .. کوردستان جێی هەزاران هەزا ساڵەی باو و باپیرانمانە .. کوردستان جوانترین وپیرۆزترین هەستە لە ناخی دڵمان دایە .. کوردستان شیرینترین وشەیە، کە هەمیشە ویردی سەر زمانی هەموومانە .. کوردستان جوانترین هۆنراوەیە، لە دیوانی دڵ و دەروونمانە .. کوردستان خۆشترین ئاواز و سروود و بەستە و گۆرانیمانە .. کوردستان شابۆکی جیهانە .. بەهەشترین بەهەشتی دنیایە .. کوردستان دڵمانە .. چاوەکانمانە .. خوێنمانە .. هەناسەمانە .. شوێنی ژیانمانە و ئارمگانە .. کوردستان هەست و سۆز و خرۆشی دڵ و هەناومانە .. کوردستان جوگرفیا و مێژوو و پێناسەمانە .. ئابڕوومانە و  شکۆداری و سەروەری و شانازیمانە .. خاک و خۆڵی کلی رشتنی چاوکانمانە .. دۆڵ و دەشتی و گوڵزاری رەنگینی و نێرگزەجاڕی و چیمەنی سەوزی فەرش و سەرینمانن .. چیای بڵند و سەرکەش و دارستانی چڕی، سێبەر و سەنگەرمانە و پەنامانن .. چەم و باخ و رەز و بێستانی .. گەرمیان و کوێستانی .. بەهار و هاوین و پاییز و زستانی .. کانی و تاڤگە و جۆگەلە رووباری .. ماڵ و گوند و شارۆچکە و شاری .. کوچە و کۆڵان و گەڕەکەکانی .. خۆری گەشی و مانگی تابان و ئەستێرەکانی و ئاسمانی .. هەموو ئەمانە و، هەموو خێر وبێرێکی سامانمانن .. کوردستان دایک و باوک و خوشک و برا و کەسوکار و خزم و هاوڕێمانە .. کوردستان خۆشتری خەون و، بەرزترین هیوا و، پیرۆزترین ئامانجی هەموومانە .. کوردستان گوڵی چوار وەرزەی ساڵمانە و، رەگی لە ناو ئینجانەی دڵمانە .. ئێمە بەبێ کوردستان گیانین بەبێ دڵین .. باڵندەین بەبێ باڵین .. ماسین بەبێ ئاوین .. بەبێ کوردستان هەڵناکەین .. ناژین .. دەمرين .. چونکە کورد و کوردستان دووانەین و لێک جیاوانابین .. بۆیە ( کوردســتان یا نەمــان ) بۆتە دروشمی پیرۆزی هەموومان .. بۆتە سروود و گۆرانیی سەرزاری هەموو تێکۆشەرانمان .. بە ویردی سەرزاری خوشکان و برایانی پێشمەرگەی کۆڵندەر و دلێر و قارەمانمان .. هیچ وشەیەک نییە، کە بە قەی وشەی کوردستان، هێندە بە چێژ و شیرین بێت لە دڵمان و لەسەر زمانمان .. هێندەش لامان بەرز و پیرۆزبێت . 
راستە ماڵ و سامان، خوێن و گیان و ژیانمان، زۆر شیرین و بەنرخن .. بەڵام لەمانە زۆر شیرینتر و بەنرختر و لەپێشتر کوردستانە .. کوردستان .. کوردستان هەناسەمانە .. خۆشەویستی کوردستان تێکەڵی خوێنمان بووە .. تەنانەت بۆ چرکە ساتێکیش لە یادمان ناچێت .. شاعیری گەورە و نەمری گەلەکەمان ( عەبدوڵڵا  گـۆران ) دەڵێت : 
کوردســتان : جــێگامی جـێی هــەزار سـاڵەم
پەروەردەی ئەم دۆڵ و سەر لووتکە و یاڵەم
عەشقی تۆ ، ئەی دایکی خـۆم و هـاوخـوێنم
هـەر لە پشــــتی باوکـــا چـــــووە خــــــوێنم
ئەشچـێتە هــــــەوێنی کــــــوڕ و کــــــوڕەزا
تا تــاقێ کــــورد مـــابێ لە چیـــای بـــــەرزا
گەورەترین و بەنرخترین بەرخودانی .. لووتکەی دڵسۆزی و قوربانیدان .. بێگومان گیان بەخشینە بە کوردستان .. شەهیدبوونە لە پێناوی پاراسـتن و، رزگــارکردنی لە داگیرکەران .. خۆشەویستیی کوردسـتان .. قسەی رووت و بەڵین و پەیمان و دروشمی بریقەدار نییە .. خۆشەویستیی کوردستان، کردار و، خزمەتکردن و، تێکۆشان و، گیان بەخشینە .. دڵسۆزییە .. پێویستە بە کردار و بە رەفتاری کردەوەیی و راستی ئەم ئەرکە پیرۆزانەمان بسەلمێنین .. شاعیری کوردستان پەروەرمان ( کامەران موکری ) دەڵێت:
ژيــن لە لای دڵســـــۆز هــەر تێکۆشــــانە
هــــەوڵە بـۆ خــــــاکی ئـــــەم کوردســتانە
کوردستان، لە کوردستان بین یا لە هەر شوێنێکی هەندەران .. هەردەم لە یادمانی .. لە ناو دڵمان و هەناومانی .. لەبەر چاومانی .. بەلەش لێت دووریش بین بە دڵ لە لاتین .. کوردستان چی بڵێین .. چی بنووسین .. چی هەڵبەستین .. ناتوانین بە قسە و نووسین و بە هۆنراوە، گوزارشت لە خۆشەویستی و سۆز و خرۆشی رادەبەدەرمان بۆ تۆ بکەین .
کوردستان زۆر زۆرت پێ بەخشیوین .. خێر وبێری لەبن نەهاتووت .. ئاوی شیرینت .. هەوای بێگەرد و پاکت .. ئاسمانی شینت .. دیمەنی قەشنگ و رەنگینت ، ... هتد . پێویستە ئێمەی رۆڵە دڵسۆزەکانی تۆش .. سپڵە نەبین و پێزان بین .. ئەرکە پێویستی و پیرۆزەکانی ئەستۆمان بەرانبەر بە تۆ بەجێبهێنین .. ئێمەش گیانمان بە تۆ دەبخشین ..
ئەو کوردەی نامەرد و ناپاکە .. خۆفرۆش و جاشە .. هەڵخەڵەتاوە و بەکرێگیراوە .. نۆکەر و سیخوڕە و دۆڕاوە .. حاشا ئەوە کورد نییە و زۆڵە .. هەزار تف و نەفرەتی لێبت .. شەرمەزار و سەرشۆڕ و رسوابێت .. رووڕەش و بە پەنی دنیابێت .. لێیان ناگەڕێین .. چونکە ناپاکان شایانی لێبووردن نین .. کوردستان، ئەو ناپاکانە شایانی ئەوە نین کە لە ئاوی تۆ بخۆنەوە .. هەوای پاکی تۆ هەڵمژن .. لە خێر و بێری و لە سامانی تۆ تێربن .. یا لە ئامێزی گەرمی تۆدا بنوون .. بەڵکو شایانی ئەوەش نین کە لە خاکی پیرۆزی تۆدا بنێژرێن .. چونکە ئەوانە گڵاون و بۆگەنن هەرگیز پاکەوە نابن . 

خۆشەویستیمان بۆ کوردستان، هەستێکە نابێت تەنها لە قوڵایی دڵماندا بمێنێتەوە .. پێویستە بەکردار و بە رەفتاری کردەوەیی بەرجەستەی بکەین .. کوردستان داومان لێدەکات کە بە کردەوەیی .. خۆشک و برابن .. بۆ یەکتری پشت و پەنابین .. یەکڕیزی و یەکێتی و تەبابین .. داوامان لێدەکات یەک رەنگ و یەکدەنگ و یەک هەڵوێست بین .. خاوەنی یەک وتاری سیاسی بین .. جیاوزی نەکەین و دادپەروەربین .. بەرژەوەندیی باڵا و چارەنووسی کورد و کوردستان، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکی حیزبی و لایەنی و کەسێتییەوە بێت .. فرە کوێخا و ئاغا نەبین و .. دەسەڵات قورخ نەکەین و .. کەسی شایستە و شیاو لە شوێن و پلە و پایەی شیاودا دابنێین .. لە دزی و گەندەڵی نا هەقی چاوپۆشی نەکەین و نەبوورین .. لە خۆخۆیی و خزم خزمێنە و، عەشیرەتگەری و، مەنسووبیەت و مەحسووبیەت و، ... هتد، بە دوور بین .. کوردستان دەیەوێت بە کردار و بە رەفتار ئەم بەها و پرەنسیپانە بسەلمێنین نەک تەنها بە قسەی رووت و بە دروشم .. بە کردار و بە خزمەت و قوربانیدان خۆشەویستیمان بۆ کوردستان بنوێنین .
شاعیری گەورەی خوالێخۆشبوومان ( هـەژار موکریـانی ) دەڵێت :
کوردســــــتان ، نیشـــــــــتمانی کـــورد
بەرز و پیرۆزی سوێندت پێ ئەخـــــۆم
بە سەربەخـۆیی بە خـوێن و بە گـــیان
بە مــاڵ و منــداڵ بە قــوربانی تۆیــــن
کوردســـــــــــتان ، کوردســــــــــــــتان 
با لە خوشک و برا پێشمەرگە و شەڕڤانە دڵسۆز و قارەمانەکانمانی کوردستان بڕوانین .. کە لە ئازایەتی و خۆڕاگری و بەرگریدا بێوێنەن .. بوونەتە سیمبولی قارەمانێتی و گیان بەخشین لە هەموو جیهاندا .. زۆر کەمە لە هاوتای دڵسۆزی و خۆشەویستیان بۆ کوردستان .. ئەوان دەستیان لە ژیان و لە خۆشیی خۆیان هەڵگرتوون و .. لە پێناوی  بەرگری کردن و پاراستن و رزگارکردنی کوردستاندا .. چاو نانێنە خەو و، شەو رۆژ پەنجەیان لە سە پیتکەی چەکەکانیان دایە .. سنگیان کردوون بە قەڵغانی بەرگری و .. سڵ لە مردن ناکەنەوە .. بە ئەوپەڕی راستی و شانازییەوە دەڵین .. شەهیدبوونمان لە پێناوی کوردستاندا .. شانازی و شکۆدارییە بۆ هەموو کوردستان پەروەرێک .. با بڕوانینە دایک و باوک و خوشک و براکانی شەهیدەکانمان .. کە ئەوپەڕی شانازی دەکەن بە گیان بەخشینی رۆڵەکان و خۆشک و براکانیان، لە پێناوی پاراستنی خاکی کوردستاندا .. ئەمەیە لووتکەی دڵسۆزی و کوردستان پەروەری .. ئێمە .. ئێوە .. چیمان کردووبێت و .. چی دەکەین و .. چیتریش بکەین .. یەکسان نییە بە دڵوپێ لە خوێنی ئەو شەهدانەمان، گیانی خۆیان بەخشی بە کوردستان .. چەند شکۆداری و سەربەرزییە، کە شەهیدبین یا مردین .. شایەنی ئەوەبین، کە تەرمەکەمان بە ئاڵای رەنگینی کوردستان دابپۆشرێت .. بە شانازی و رێزیشەوە، خاکی پیرۆزی کوردستان، لە ئامێزی خوێمان بگرێت و .. لە ئارامگای ناخی دڵیدا، بۆ تا هەتایە ئارام بگرین .
ژیان بە ترسنۆکی و بە سەرشۆڕی و کڕنۆشبردن .. هەموو رۆژێکی مردنە .. بەڵام شەهیدبوون و مردن .. لە پێناوی کوردستاندا شانازی و نەمرییە تا هەتایە .. یەکێک لە دروشمە جوانەکانی کورد .. کە وتەیەکی شەهیدی سەرکردەی نەمرمان ( خاڵە شەهاب) بە .. ( کەم بژی و کەڵ بژی ) یە .. هەروەها شاعیر و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسی نەمری گەلەکەمان مامۆستا ( ئیبراهــیم ئەحـمەد ) دەڵێت :
مـەژی بۆ مــردن بمــرە بۆ ژیـــان
چۆن قازانجەکەی تا نەکەی زیــان 
دێنە سەر سەرناوی باسەکەمان .. گۆش و پەروەردەکردنی کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆمانە، کە هیوا و نەوەی داهاتووی کوردستانن .. پێویستە بە بیری کوردایەتی و مەردایەتی و .. بە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی شیرینمان گۆش و پەروەردەیان بکەین .. ئەمەش ئەرکێکی پێویست و پیرۆزی ئەستۆی هەموومانە .. دایک و باوک و خوشک و برا و خێزان .. مامۆستاکان و قوتابخانە .. راگەیاندنەکان و میدیاکان .. سایت و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان .. نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان .. دامودەزگا مەدەنی و حکوومییەکان .. پارت و رێخراوە سیاسییەکان .. هەر کوردێکی دڵسۆز و کوردستان پەروەر .. لە پێناوی دەستەبەرکردنی ئایندەیەکی گەشتر و شیاوتر بۆ کورد و کوردستان . پێویستە هەموومان هاوکاربین لە گۆش کردن و پەروەردەکردنی دروست و، ئاراستەکردنی راست و، رێنمایی باشی کوردیلەکانمان .. بە بیری کوردایەتی و بە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان گۆش و پەروەردەیان بکەین و، رایان بهێنین .. ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە هەرە سەرەکی و گرنگەکانی پێشەوەی پەروەردەکردنی کوردیلەکانمان .. هەر یەکە لە ئێمە، لە بواری شارەزایی و پسپۆریمان، دەتوانین رۆڵ و پشکمان لەم ئەرکە پێویستە و، خزمەتە پیرۆزەدا هەبێت .
سۆز و خۆشەویستی بۆ کوردستان، هەستێکی ماکییە هەر لە منداڵییەوە، تێکەڵی خوێن و هەست و سۆز و ویژدانمان  بووە .. هەرگیز لە دڵ و لە هۆشی کوردستان پەروەری دڵسۆزدا، ئەم هەست و سۆز و خۆشەویستییە قووڵەی ناخی دڵی کاڵ نابنەوە . لەوانەیە لەش و پێیەکانمان لە کوردستان دووربکەونەوە .. بەڵام بیر و هۆش و دڵمان هەمیشە لە کوردستانن .. کوردستان لە پێش چاومانە .. لە هەموو خرۆکەیەکی خوێنماندایە .. بەڵکو گروپی خوێنی کوردستان پەروەران جیاوازە، گروپی : ( ک ) کوردستانییە.
( ئۆلیڤەر وندل هۆڵمز ) دەڵێت : " نیشتمان ئەو شوێنەیە کە خۆشمان دەوێت، ئەو شوێنەیە لەوانەیە بە پێیەکانمان لێی دوور بکەوینەوە .. بەڵام دلمان هەر لایەتی .. "
( ئەفلاتوون ) دەڵێت : " هیچ خۆشەویستییەک .. ناگاتە خۆشەویستی نیشتمان .. "
( بومارشە ) ش دەڵێت : " جوانە مرۆڤ لە پێناوی نیشتمانەکەیدا بمرێت .. بەڵام لەوە جوانتر ئەوەیە کە لە پێناوی ئەم نیشتمانەدا بژێت .. " 
خۆشەویستیی کوردستان، پێویستە یەکەمین و گرنگترین ئامانجمان بێت لە فێرکردن و پەروەردەکردنی کوردیلەکانماندا .. زانایانی دەروونناسی ئاماژە بەوە دەکەن، کە هاندان و راهێنانی منداڵانی بچووک، بەو کارانەی کە خۆشەویستی نیشتمان بەرجەستەدەکەن، ئەمە باشترین شتە بۆ چاندنی بەها و ئامانجە بەرزەکان لە دڵ و دەروونی منداڵاندا . دەتوانین کوردیلەکانمان ئاراستە بکەین، بۆ ئەوەی لە نێو خۆیاندا، لە کاری خۆبەخشیدا بەشداری بکەن .. گەلێ هۆ و شێواز و رێگا هەن، کە بە هۆیانەوە دەتوانین سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان، لە دڵی کوردیلەکانماندا بڕوێنین .
شاعیری گەورەی گەلەکەمان ( لەتیف هەڵمەت ) لە شیعرێکیدا (نیشتمان) بۆ منداڵان:
وەک چــــــــــــۆن باڵــــــــــــــــدار
لانـــــــــــەی هەیـــە لە ســـەر دار
وەک چۆن پەپوولەی جوان جوان
لانــــــە دەکـەن لە نــــاو گـــــوڵان
وەکــو چــــۆن مانـــــــگی تابــــان
مـــــــاڵی هــــــــەیە لە ئاســــــمان
وەکـو چـــۆن مــــاسی و حـــــەزیا
ماڵـــیان هەیـــە لە نــــاو دەریـــــا
منـیش نیشــتمانم هەیـە نیشـــتمان
نیشـتمانم کوردسـتانە کوردســـتان
لەوانەیە باوکان و دایکان وا هەست بکەن، کە پەروەردەکردنی جگەرگۆشەکانیان بە خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان، تەنها بە قسە و بە پێدانی زانیاری تیۆری دەگەیەنرێت، وەکو پێیان بڵێن : ( کوردستانتان خۆشبوێت ) بەبێ ئەوەی ئەم پێوتن و پەروەردەکردنە، بە پراکتیک و بە کردەوەیی بسەلمێنرێت و بەرجەستە بێت .. لە رستیدا پەروەردە، تەنها زانیاری تیۆری نییە، بەڵکو پراکتیزەکردنی کردەوەیی ئەو تيۆر و زانیاری و هیوا و خواستەکانە .. وەرگێڕانی وتە و تیۆرەکانە بۆ کار و رەفتاری کردەوەیی .. کەواتە پێویستە خێزان لە میانەی رەفتاری رەوشتی و کارەوە منداڵەکانیان فێربکەن و رابهێنن و، خۆشەویستیی کوردستان لە دڵیاندا بڕوێنن .. پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانمان بە کوردستان پەروەری گۆش و پەروەردە بکەین و .. بە پراکتیکی و رەفتاریش لەسەر ئەم خۆشەویستییە رایان بهێنین .. چونکە لە راستیدا منداڵان زیاتر چاو لە کردەوە و رەفتارەکان دەکەن و .. کەمتر گوێ لە قسەکان دەگرن . شاعیرێکی کوردمان ـ ناویم لە یاد نەماوە ـ لە کۆپلە شیعرێکیدا دەڵێت :
خەریتـــەی هەمــــوو خـــــاکی کوردســـــتان
دایـــــــک بـە دەرزی و دەزوو و درومــــــان
بکێشــــێت لەســەر سەربێشــــکەی منــــــاڵ
هەر بە کوردســــــتان بێــــتە گـــــڕوگـــــــاڵ
لە بێشــکەی وایــا چـــــاو هــەڵ نەهێــــــنێ
درۆیــــــە هەســــــتێ و تــــــــۆڵە بســـــێنێ
نموونەیەکی جوان خۆشەویستی کردنی کۆردستان، ئەوەیە کە لە جەژنەکان و، لە بۆنە نەتەوایەتییەکانمان، کە دایکان جلوبەرگی تازە لەبەر منداڵەکانیان دەکەن .. با نەخشەی رەنگاوڕەنگی خاکی کوردستان، یا ئاڵای کوردستان لە یەخەی منداڵەکانیان بدەن .. یا لە رۆژی جیهانی منداڵاندا، ئاڵای کوردستان لە روومەتە ئاڵەکانی منداڵەکانیان بە بۆیەی رەنگاوڕەنگ بکێشن .. یا ئاڵایەکی بچووکی کوردستان بدەنە دەستیانەوە .. یا دایکێک لە شێوەی رەنگەکانی ئاڵای کوردستان، کراسێک بۆ خونچەگوڵەکەی دەدوورێت .. یا نەخشەی کوردستان لە ماڵەوە هەڵدەواسن .. ئەمانە و بە سەدان شێوازێ تر هەن، بۆ چاندنی هەستی خۆشەویستی بۆ کوردستان، لە دڵی کوردیلە چاوگەشەکانی ئەمڕۆماندا.
کەلتوورێکی جوان و باوی سەرنج راکێش، لە ( وڵاتـی نەرویــج ) دا هەیە .. لە نێو باخچەی پێشەوەی زۆربەی خانووەکانیاندا، یا لە قەد دیواری پێشەوەیاندا، هەر ماڵی بۆڕییەکی زۆر بەرزیان چەقاندوون .. لە بۆنە نیشتمانی و نەتەوەکانیاندا، ئاڵایەکی گەورەی نەرویجی، بەو بۆڕییەوە هەڵدەواسن و بەرزی دەکەنەوە .. لە هەموو رۆژە ئاساییەکانیشدا بە درێژایی ساڵ .. ئاڵایەکی سێگۆشەیی درێژوولکەی نەرویجی بەو بۆڕییەوە دەشەکێتەوە .. لە (١٧جۆزەردانی ) هەموو ساڵێکیشدا کە رۆژی نەتەوایەتی ( ناشیۆناڵ داگ) ی نەرویجیە .. دار و دیوار و شەقامەکانیان بە ئاڵاکەیان دەڕازێننەوە. 
با ئەوەش بزانین کە ( کوردستان پەروەری ) زۆر قوڵترە لە ( کوردستانی ) .. بە هەر هاوڵاتییەکی خەڵکی کوردستان دەوترێت کوردستانی و ناسنامەی کوردستانی هەیە .. بەڵام کوردستان پەروەری مەرج نییە هەر لە کوردستان بێت یا ناسنامەی کوردستانی هەبێت .. دەشیێت کوردێک لە وڵاتی سوید یا نەرویج یا لە ئەڵمانیا یا لە بەریتانیا یا لە ئەمریکا یا ئوسترالیا یا لە هەر شوێنێکی تری جیهان لە دایک بووبێت .. سەرەڕای ئەوەی کە هاوڵاتیی ئەو وڵاتانەن .. بەڵام سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستان هەبێت .. کوردستان پەروەری، هەست و خۆشەویستییەکی قووڵی ناخییە .. بە رەفتاری جوان و، بە کردەوەی پێویست و، بە خزمەتکردنباش و، بە بەخشین گیان و سامان لە پێناوی کوردستاندا دەسەلمێنرێت و .. بەرجەستە دەبێت .
ئەوەش هەر هەست و خۆشەویستی و هاوبەستەبوونە بۆ کوردستان، کە لە هەندەراندا، لێمان دەپرسن .. ئێوە خەڵکی کوێن .. ؟ بە شانازییەوە دەڵێین .. خەڵکی کوردستانین . 
چین ئەو سوودانەی لە سایەی کوردستان پەروەریی منداڵەکانماندا دێنەدی :
١ـ پاراستنی منداڵەکانمانە، لە بیر و لە ئایدۆلۆژیای چەوتی دژ بە خواستەکانی کورد و کوردستان .. یا هەڵخەڵەتاندن و لە رێ دەرکردنیان و، مێشک شۆرینەوەیان .. لە ئەمڕۆدا دوژمنانی کورد و کوردستان، بە ئایدۆلۆژیای بۆگەن و بە خەیاڵی پڕوپوچ .. بە بەڵێنی بێبنەما پوچ و خەیاڵی ئەستەمی بێ مانا .. دەیانەوێت منداڵان و گەنجانه کوردمان بە ئاراستەیەکدا بەرن .. کە هیچ هاوبەستەبوونێکیان بۆ کورد و کوردستان نەبێت .. بەڵکو بشیان کەن بە دژی گەلەکەمان، ئەمەش زور زیان بە ئەمڕۆ و، بە ئایندەی گەلەکەمان دەگەیەنێت .. بۆیە پێویست رێ لەم ئایدۆژیا سەقەتانە بگیرێت . 
٢ـ پەروەردەکردن و راهێنانی منداڵەکانمانە بە خۆشەویستیی بۆ کوردستان .. بۆ ئەوەی ئەو بڕوایەیان لا دروست ببێت .. کە هەردەم ئامادەبن، بە سامان و بە گیان بەخشین لە پێناوی پاراستنی کوردستان .. هەموو توانایەکی خۆشیان بەگەر بخەن بۆ دابین کردنی ئاشتی وشادی بۆ هەموو کوردستانییان .. بەبێ جیاوازی ئایینی و نەتەوەیی .
٣ـ راهێنانیانی منداڵەکانمانە، بە پەروەردەی کردەوەیی .. بۆ بەرجەستەکردنی هەست و خۆشەویستییان بۆ کوردستان .. وا لە کچان و کوڕانمان بکەین، کە هاوبەستەبوونیان بۆ کوردستانی نیشتمانمان هەبێت .. تا هەست بەوە بکەن، کە ئەوان لە خۆشی و ناخۆشیدا .. لە شێنەیی و لە تەنگانەدا .. بەشێکن لە کوردستان .. وەکو چۆن خێزان و ماڵی خۆیان خۆش دەوێت .. ئاوهاش کوردستانیان خۆش بوێت .. چۆن سامان و ماڵی خۆیان دەپارێزن .. ئاوهاش کوردستان بپارێزن .. تێبگەن کە سامانەکەیان و خۆشی و شادییان لە سایەی کوردستنادا هاتوونەتە دی . 
 لە ئامانجە گشتییەکان و هۆکارەکانی راهێنانی کوردیلەکانمان بە کوردستان پەروەری:   
١ـ بە هێزبوونی ( هاوبەستەبوونیان ) بۆ کوردستان و کورد .
٢ـ بەرژەوەندیی گشتی و باڵای کوردستان .. دەخەنە سەر بەرژەوەندیی خۆیانەوە .
٣ـ لەسەر ئەنجامدانی کاری خۆبەخشی و ، کار و چالاکی بە کۆمەڵ رادێن .
٤ـ لە گڤتوگۆ و دیالۆگدا، شیوازێکی ئەقڵانی و بڕواپێهێنان بە کاردەهێنن .
٥ـ دەتوانن بەرپرسێتی هەڵبگرن .
٦ـ ئەرک و پێویستییەکانی  ئەستۆیان بەرانبەر بە کوردستان جێبەجێ دەکەن و .. داوای مافەکانی خۆشیان دەکەن .
٧ـ بڕوایان بە پرەنسیپی دادپەروەریی کومەڵایەتی و یەکسانی دەبێت .
٨ ـ رەوشت بەرز و لەسەرخۆ دەبن .. فێری ئەوە دەبن کە بە جوانی بدوێن و .. فێری رەخنەگرتن و، رەخنەقبووڵکردن دەبن .. رێز لە رای جیاوازی کەسانی تر دەگرن .
٩ـ قارەمانەکان و کەسایەتییەکان و ناودارانی کوردستان دەناسن .. لە میانەی گەشت و سەردان و بینینی مۆزەخانە و، شوێنەوارە دێرینەکانی کوردستان و .. گوێگرتن لە گێڕانەوەی چیرۆک و سەرگوزشتەی هەریەکە لەو شوێنەوارە دێرینانە .. بە مێژووی پڕ لە شانازی کوردستانمان ئاشنا دەبن .
١٠ـ مامۆستایانی پەروەردەی هونەری، دەتوانن هەست و خۆشەویستیی کوردستان لە دڵی منداڵەکانماندا، بقۆزنەوە .. بۆ نموونە لە قوتابخانەکاندا لە وانەی(  پەروەردەی هونەری ) دا .. داوایان لێ بکەن کە وێنەی دیمەنێکی کوردستان بکێشن .. نەخشەی کوردستان بکێشن .. یا وێنەی سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی قارەمان بکێشن ... هتد.
١١ـ مامۆستایانی زمانی کوردی لە بەشی ( داڕشتن ) دا .. با داوا لە قوتابییەکانیان بکەن بابەتێک لەسەر ( خۆشەویستیی کوردستان ) بنووسن .. مامۆستایانی وانەکانی کەش، دەتوانن بابەتەکانی وانەکانیان، بە خۆشەویستیی کوردستانەوە ببەستنەوە .
١٢ـ پێویستە بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان و یادی کارەساتەکانی کوردستانمان بقۆزینەوە وەکو ( جەژنی نەورۆز، رۆژی دامەزراندنی کۆماری کوردستان، رۆژی ئاڵای کوردستان، رۆژی کیمیابارانی هەڵەبجە، رۆژی ئەنفال، رۆژی راپەڕینی باشووری کوردستان، رۆژی دامەزراندنی پەڕلەمانی کوردستان، رۆژی شەهیدان ، کۆمەڵکوییەکەی دێرسیم، روژی رزگارکردنی کۆبانی، رۆژی ... هتد . پێویستە لە یادکردنەوەی ئەم بۆنە و روژە کوردستانیانەدا، منداڵەکانیشمان بەشداری پێ بکەین .. بۆ دروستبوونی هەستی خۆشەویستیی کوردستان .. لە دڵی منداڵانی کوردماندا .
١٣ـ لە قوتابخانەکانی بنەڕەتیدا، رۆژانە لە کاتی ریزبوونی قوتابییەکاندا .. پێویستە سروودی ( ئەی رەقیب ) و سروودەکانی تر، بە کۆمەڵی بوترین .. ئەو هەڵبەست و بەخشانانەش کە گوزارشت لە خۆشەویستی کوردستان و، لە قارەمانێتی پێشمەرگە و، لە گیان بەخشینی شەهیدەکانمان دەکەن، لە لایەن قوتابییەکانەوە پێشکەش بکرێن .
١٤ـ لە رۆژانی پێنج شەممەی هەموو هەفتەیەکدا، کە لە کاتی ریزبوونی قوتابخانە بنەڕەتییەکاندا، کە ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە .. وتاری نیشتمان و سروود و هۆنراوە لە لایەن مامۆستاکان و قوتابییەکانەوە پێشکەش بکرێن .
١٥ـ راگەیاندنەکان و میدیاکان و کەناڵە تەلەفزیۆنییەکانی کوردستان و، رادیۆکانی قوتابخانەکانیش ـ ئەگەر هەبن ـ ئەو بەرنامانە و ئەو بابەتانەی پێشکەشی منداڵانی کوردمانی دەکەن .. پێویستە بەرنامەداڕێژراو و مەبەستداربن و .. بە ئاراستەی چاندنی خۆشەویستی بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانماندا، ئامادەکرابێن و، داڕێژرابێن .
١٦ـ سازدانی پێشانگای ساڵانەی منداڵان کە وێنە و تابلۆکانیان  تایبەت بن بە گوزارش کردن لە خۆشەویستی کردنی کوردستان و .. لە دلێری و قارەمانێتی پێشمەرگەکانمان .
١٧ـ سازدانی فیستیڤاڵی ساڵانە لە قوتابخانە بنەڕەتییەکان بۆ موزیک و سروود و گۆرانی و هەڵپەڕەکێی منداڵان .. بە جلوبەرگی ئاڵاواڵای کوردییەوە .
١٨ـ سازکردنی پێشبڕکی ئەدەبی بۆخوێندنەوەی هۆنراوە و پەخشانی نیشتمانی لە لایەن منداڵانەوە .. کە گوزارشت لە خۆشەویستی بۆ کوردستان و، بۆ نەبەردی و ئازایەتی  پێشمەرگەکانمان بکەن .. خەڵاتیش پێشکەش بە منداڵە بەشداربووەکان بکرێن .
١٩ـ پێویستە هەر لە منداڵییەوە، منداڵەکانمان لەسەر ژینگەپارێزی و ژینگەخاوێنی کوردستان رابهێنین .. ئەویان فێربکەین .. کە کوردستان ماڵە گەورە و نیشتمانی جوانی هەموومانە .. کوردستانێکی پاک و خاوێن .. هێمایە بۆ ئێمەی کوردی پاک و خاوێن .
٢٠ـ پێویستە فێریان بکەین، کە رێز لە یاساکان و لە دەستووری کوردستان بگرن .
٢١ـ پێویستە منداڵەکانمان فێربکەین، کە سەرکردە تێکۆشەر و دڵسۆزەکانمان و ناودارانی کوردیان خۆشبوێت ، چ ئەوانەی مردوون و، چ ئەوانەی زیندوون .
٢٢ـ بەرجەستەکردنی رووحی خۆشکایەتی و برایەتی و هاوڕێتی و، پێکەوەگونجان و هاوکوردستانی لە سەر بنەمای رێز و خۆشەویستی لە نێوان منداڵانی کوردمان .
٢٣ـ پێویست پەیڕە و پرۆگرامی ( وانەی پەروەردەی نیشتمانی ) بەر لە هەموو ئامانجێکی پەروەردەیی تر .. چاندنی هەست و سۆز و خۆشەویسیی کوردستان لە دڵی منداڵانی کوردمان، یەکەمین و گرنگتری ئامانج بێت لە ئامانجەکانی .. خۆشەویستی و بە پیرۆز زانینی کوردستان، دژ ئایین نییە .. وەکو هەندێ نەزان و مێشک بۆگەن وای لێک دەدەنەوە .. بەڵکو : ( خۆشەویستیی نیشتمان لە ئایینەوەیە ) 
٢٤ـ منداڵەکانمان وا رابهێنین، کە هەر کار و خزمەتێک پێشکەش بە کوردستان دەکەن، بە ئەرکی سەرشانیانی خۆیانی بزانن و .. چاوەڕێی پاداشت نەبن .
٢٥ـ پێویستە سۆز و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستانی شیرینمان .. ببێت بە پردێکی پەڕینەوەی منداڵان، بۆ قۆوڵکردن و جێگیردنی پێناسەی کوردستانی بوون .
٢٦ـ پێویستە زمانی کوردییان لا شیرین بکەین .. چونکە زمان یەکێکە لە گرنگترین کۆڵکەی نەگوەیی و .. هۆیەکە بۆ گوزارشت کردن و گەیاندن .
٢٧ ـ پێویستە نمایشەکان و کەرنەفاڵییە وەرزشییەکان، بە چەندین چالاکی قوتابخانەکان بڕازێنینەوە .. کە گوزارشت لە خۆشەویستی کوردستان بکەن .
٢٨ـ نووسەرانی ئەدەبی منداڵان ( هۆنراوە ، چیرۆک ، شانۆ ) دەتوانن لە میانەی بابەتەکانی نووسینە مەبەستدارەکانییانەوە .. هەست و خۆشەویستی و هاوبەستەبوون بۆ کوردستان لە دڵی کوردیلەکانماندا بڕوێنن .
٢٩ـ رێزێکی تایبەتی لە منداڵانی شەهیدانی کورددتان بگێرێت .. لە رۆژانی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە قوتابخانەکاندا .. دەریان بکەن و چەپڵەیان بۆ لێبدەن .
٣٠ـ ساڵانە بەڕێوەبەرێتی چالاکی قوتابخانەکان ( پێشبرکێی رۆشنبیری و هونەری) بۆ منداڵانی قوتابخانە بنەڕەتییەکانی کچان و کوڕان سازبکەن .. بە ناوی ( کوردستان نیشتمانی پیرۆزمانە) .. منداڵان هۆنراوە و پەخشان و شانۆیی پێشکەش بکەن .. کە دەقەکانیان گوزارشت بن لە خۆشەویستییان بۆ کوردستان بکەن .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە