دەوڵەتی کوردیی و گێژاوی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان

Tuesday, 07.28.2015, 22:02

2038 بینراوە


یەکێک لە پێوەرە گرینگەکان و پێویستیە بنەڕەتیەکانی هەر میللەتێک بۆ بوون بە دەوڵەت و ڕاگەیاندنی کیانی نەتەوەیی خۆی، هەبوونی ژێرخانی پتەوی ئابووری و سەرخانی ڕازاوەی فەرهەنگی و سیاسەتی سەردەمیانە و ژیرانەیە، بەداخەوە دواکەوتنی نەتەوەی کورد لە کاروانی وەرچەرخانی زانستی و ئابووری و ڕۆیشتن بەرەو هەڵدێری بێ چارەنووسی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ خەون و ئاواتی درووست بوونی کیانێکی سەربەخۆ و دەوڵەتی کوردی تێکەڵ بە خەیاڵ و خولیاکان دەکات.
لە ئێستادا بە مەبەستی پێکهێنانی وەها خواستێکی مەزن، زیاتر لەوەی بە کردەوە هەنگاو هەڵگیرابێت ڕیکلامی بۆ کراوە و هەوێنی خوێن و ئارەقە، ماندوویی و شەونەخوونی شۆڕشگێڕانی ئەم نەتەوەیە لە لاپەڕەکانی مێژوودا وەک هەوڵێک بۆ ناشتنی مردووەکان لە ڕۆژدا و دەرمانی زامی بریندارەکان لە شەودا و لە گەرمەی خەباتی ڕزگاریخوازنەی نەتەوەی کورد نووسراوە و دەنووسرێتەوە.
 لە دوای 24ساڵ لە ئازادبوونی بەشێکی بەرچاو  لە ئاخی باشووری کوردستان، مخابن دەسەڵاتداریی کورد لەم بەشە لە کوردستان کلتورێکیان چەقاندووە، قێزەون و ناشیرین، هەموومانیان پێگۆش کردووە، تێکەڵ بە ڕۆح و جەستە کراوە و بیرکردنەوەی سەربەخۆی قۆرخ کردووە، وایان لە تاکی ڕۆشنبیر و ئایینی کورد کردووە لە چرکە ساتێکدا و لە میانەی گفتوگۆیەکی تەلەفزیۆنیدا قەڵەم دادەنێین و قەڵغان هەڵبگرن و بەرانبەرەکەیان بریندار بکەن و کەرامەتی بینەرانیش بشکێنن. ئەمڕۆ ڕاگەیاندنی کوردی زۆرتر بۆتە قوربانی سیاسەتی سیاسی سەوداگەر و جەماوەری گوێڕایەڵ و سادە دڵ، گوێ بە کارەساتی مرۆڤانە و ڕووداوی دڵتەزێنی تاکی کۆمەڵگە  نادەن، ئیتر ڕاگەیاندن و ڕۆشنبیر بە دەست ئانقەست بێت یان خود لە سەرلێشواوی هزری و فکریی و لە ژیانی ڕۆژانەدا، دابەش دەبن بەسەر کۆمەڵێک گروپ و لایەنی بەرژەوەندی خواز و بێ پەرەنسیپ، یان دەستە و کۆمەڵی دڵسۆز و خۆنەویست، سووڕانەوە بە دەوری ئەم لایەن یان ئەو لایەندا، هێندێکیان داوای ڕووتبوونەوەی خەڵک و ڕەتکردنەوەی دەسەڵات دەکەن و هاوکات هێندێکی دیکەشیان داوای پێچرانەوە و باڵاپۆشی ژنان و ملکەچی بۆ دەسەڵات، هەر مەلایەک و مزگەوتێک و هەر ڕۆشنبیرێک و کەناڵێکی ڕاگەیاندن، لە لایەک داوای دەوڵەتی کوردی دەکەین لە لایەکی دیکەوە ئەو دەسەڵاتەی دەبێ خۆی دەگەڵ پێوەرەکانی ئەمڕۆیدا بگونجێنێت هەر چەشنە خواستێک ڕەت دەکاتەوە و مەرجی تایبەت بۆ خۆی دادەنێت، هەژاران خەمی نان و ئاو و ئاوەڕۆیانە و دەوڵەمەندان هەوڵی پان و برینتر کردنی دەسەڵات و هەڵ لووشینی سەروەت و سامانی چینەکانی دیکەیانە، بە کوردی و بە کورتی هەلومەرجی ئێستای باشووری کوردستان پێویستی بە خوێندنەوەیەکی ئاکادێمی و چارەسەری بەپەلە هەیە.
کاریگەری سیاسەت وەک کاریگەری کەش و هەوا وایە بە سەر تاکی کۆمەڵگەدا، تووڕە کردنی شارۆمەندان لە لایەن دەسەڵاتەوە زۆر بە ئاسانی دەکرێت لە ڕێگەی لاوازی و نەبوونی خزمەتگوزاریە گشتییەکان و گرانی و نەبوونی دادپەروەریی و شایستە سالاریدا بێت و لە بەرانبەردا تاکی تووڕە و هەڵچوو بۆ تۆڵەسەندنەوە لە وەها دەسەڵاتێک لە هەر شێوە و شێوازێک کەڵک وەردەگرێت، دەکرێت لە سەر هۆڕن لێدان یان خود نۆبەی نان و...هتد، کەسی ناڕازی بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بە وەزعیەتی ژیانی خۆی بێ ڕیزی بە بەرانبەرەکەی بکات یان بی کوژێت.
توێژی ڕۆشنبیریش لەم حاڵەتە دەرناچێت، کاتێک هەستی بە خولانەوە و دووپاتبوونەوە لە بازنە و چوارچێوەیەکی کۆن و قەتیسدا  کرد، هەست بە ئازار دەکات و لە ڕێگەیەکی نوێ بۆ قەڵەمباز بە سەر میدیای حیزبی و فێڵبازدا دەگەڕێت، کەوابوو دونیای ئەنفۆرماتیک و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان کە هەر کەسێک دەتوانێت بە درووست کردنی ئاوەکانتێکی ساکار خەوەن و هەستی خۆی بە ئازادی دەرببڕێت زۆر بایەخی پێ دەدرێت و تێچووی ئەم سەکۆیە بۆ دەربڕینی حەزەکان یەکجار کەمە و سنوورەکەی بەرتەسک نیە و دەشیێت کەسی ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیر و نووسەر و ...هتد، بە دانانی ڕا و کۆمێنتی جەماوەر لە پەیجەکەی خۆیدا بە دەسەڵات بسەلمێنێت کە ئەم پێگە ئەلکترۆنیەی ئەو لەو دامودەزگا زەبەڵاحە ڕاگەیاندنەی حیزب و دەسەڵات کاریگەری زیاترە.
 لەوەها هەلومەرجێکدا و لە ناو حوکمڕانی باشووری کوردستان کە بە هۆکاری سەرقاڵ بوون بە دەیان گرفتی وەک قەیرانی دارایی و کێشەی بوودجە دەگەڵ حکومەتی ناوەند و شەڕی تیرۆریستانی داعش و نەبوونی کارەبا و ناڕەزایەتی هاوڵاتییانەوە گیری خواردووە و هاوکاتیش لەهەمبەر داواکاری چین و توێژەکانی کۆمەڵگە حازر نیە تاقە یەک بست لە سنووری پاوانخوازی خۆی پاشەکشە بکات و هەنگاوێکی ئەرێنی بەرەو پێشەوەچوون و لە بۆ دامرکاندنی تووڕەیی و چارەسەریی کێشەکانی خەڵک هەڵبگرێت، بە دڵنیایی پەنا هێنان بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی وەک فەیسبووک و تویتەر و...هتد، بێ سەرەوبەرەیی بێ سنووری بۆ بەکارهێنەرانی کورد لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان  درووست کردووە و کاردانەوەی خراپی دەبێت لە سەر بیر و هزری جەماوەری ناوخۆ و کوردستانیانی دەرەوەی وەڵات.
لە جیاتی دیتنەوەی ڕێگە چارەی گونجاو و بژاردەیەکی شیاو، زۆربەی حیزبەکان و میدیاکانیان لە چەشنی خەڵکانی سەربەخۆ بە کردنەوەی پەیجی تایبەت، شەڕی حیزب و کورسی و دەسەڵات بڵاو دەکەنەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە وەڵاتانی ڕۆژئاوایی و 
ئوروپایی هەنگاوەکانیان چڕتر دەکەنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان و ڕێگرتن لە چوونی گەنجان بۆ نێو گرووپە تیرۆریستیەکان و مافیایی جیهانی و هەروەها بۆ پێشگرتن لە کەوتنەوەی خەسار و زەرەر و زیان بە هاوڵاتیانی خۆیان.
بەڵام لە باشووری کوردستان هیچ سنوورێک بۆ بەدواداچوون و ڕێگرتن لە بڵاو بوونەوەی کلیپ و ڕیکلامی ترسێنەر نیە، لە ڕێگەی تەلەفزیۆنەوە خراپترین دراماکانی بیانی کە تەنانەت لەو وەڵاتەی بەرهەمهێندراوە بڵاو ناکرێتەوە، کەچی لە باشووری کوردستان هیچ سنوور و بەربەستێکی نیە.
 لەم ماوەیەیی دوایدا و پاش ئەو گرفتە ئابووری و خزمەتگوزاریانەی لە حکومەتی کوردستان سەریان هەڵداوە، دەرکەوت کەسانی قاچاخچی وفێڵباز زۆرترین کەڵک لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان وەر دەگرن، جنێو و ناو و ناتۆرە درووست کردن لە پەیجەکانی فەیسبووک و پاڵپشتی کردنی هێندێک پەیجی تایبەت بۆ ڕاکردنی گەنجان بۆ ئورووپا و شەڕی حیزبی و توانج و تەشەر خستن لە لایەن ئەو کەسانەی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بە هێلانەیەکی باشتر لە چوونە ژێر چەتری ڕاگەیاندنی حیزبی و حکوومی دەزانن هیچ سنوورێکی ئەخلاقی و تەمەنێک ناناسێت و بەداخەوە دەسەڵاتدارانی کوردستانیش وەک زۆر کێشەی دیکەی کۆمەڵگە پشت گوێیان خستووە.
ئەوندەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بانگەواز بۆ درووستبوونی دەوڵەتی کوردی  و سەربەخۆیی دەکرێت بە سەدان ئەوندە تانە و تەشەر لە دەسەڵاتی کوردی دەدرێت و هۆکارەکەشی دەگەڕێنەوە بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری و دابین نەکردنی دادپەروەری و بێ داهاتووی توێژی گەنجان.
خەمخۆرانی داهاتووی نەتەوەیی کورد لەم کات و ساتەدا بە هۆی سەرقاڵ بوونی لایەنە سیاسیەکان، بانگەوازەکەیان نابیسترێت و ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کردەوە گەڵاڵەی تایبەتی بۆ لەناو بردنی قەیرانە کۆمەڵایەتیەکان نەبێت ئەوە بە دڵنیایی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەبنە پێگەی هەمیشەیی تاکی ناڕازی کورد و نەیارانی دەوڵەتی کوردیش ئەم هەلە دەقۆزنەوە بۆ لەناوبردنی هەستی نەتەوەیی و ڕاکێشان و تووشکردنی گەنجان بە "ئۆتۆپیای شاری خەونەکان" و ڕاکردن لە وەڵاتی کوردستان  و هەست بە مەسئوولیەت نەکردن لە پێناو داهاتووی وەڵاتەکەیان و ئەو گەنجانەی کە سەرماییەی دواڕۆژی کوردستانن بەروە هەڵدێری تاراوگە و  دوور کەوتنەوە لە کیانێک دەرۆن کە ئەگەر دەسەڵاتدارانی کورد گلەیی و گازەندەی ئەوان بە هەند وەرگرن، دوور نیە لە ئورووپاش خۆشتر بێت و چیدی پێویست نەکات کەس دووری لە نیشتیمان بە بژاردەی ئاڵتوونی بۆ ژیان هەڵبژێرێت.