ئه‌نجامی دوانزه‌ی ئاماده‌یی جێی شانازی نیه‌

Tuesday, 07.28.2015, 22:29

1846 بینراوە


نه‌كرده‌ كاران مه‌به‌ن بۆ كاران
ئه‌یانبه‌ن پێیان مه‌سپێرن كاران 
(پیره‌مێرد)ی نه‌مر
له‌سه‌ره‌تای بریاردانی كردنی پرسیاری به‌كالۆری دوانزه‌ی ئاماده‌یی به‌شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن، گه‌لێك ناحه‌زی بۆ په‌یدابوو، هاوكاتیش گه‌لێك لایه‌نگری بۆ په‌یدابوو، من پێشتر لایه‌نه‌ باشه‌كان و خراپه‌كانی ئه‌م ئیشه‌م خستۆته‌ روو بۆیه‌ لێره‌دا ناچمه‌وه‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌، وه‌هه‌روه‌ها له‌ وتارێكی پێشترمدا هۆكاره‌كانیشم شی كردبۆوه‌ بۆیه‌ لێره‌شدا درێژه‌ ناده‌م به‌هۆكاره‌كانی، ته‌نیا ئه‌وه‌ نه‌بێت كه‌ ئێستا كوردستان له‌شه‌ڕی داعشدایه‌و خه‌ڵكی له‌قه‌یرانی دارایدان و هاوكاتیش قوتابخانه‌كان سیخناخن له‌ قوتابی دووساڵه‌و سێ ساڵه‌و بۆیه‌ رێی تێده‌چێت ئه‌مه‌ هۆكارێكی سه‌ره‌كی بێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی قوتابیان‌ كه‌ له‌ئاماده‌ییدا په‌نگیان خواردۆته‌وه‌ رزگاریان بێت و قۆناغه‌ سه‌خته‌كه‌ به‌شێوه‌ی ئاسانكاری و هه‌ڵبژاردن ببڕن (1) 
 به‌ڵام له‌یه‌كه‌م ئه‌زمووندا و له‌یه‌كه‌م خولدا وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بوو، چونكه‌ رێژه‌ی ده‌رچوون هاوشێوه‌ی ساڵانی پێشووبوو، ئه‌گه‌ر شتێكی كه‌م زیادی كردبێت له‌پرسیاری هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه‌نده‌ جێگای شانازی نیه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی سه‌یره‌ به‌لامه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ كاربه‌ده‌ستانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ تیاماون نازانن چی بڵێن له‌لایه‌ك شانازی پێوه‌ده‌كه‌ن كه‌ ڕێژه‌ی ده‌رچوون له‌ساڵانی پێشتر به‌رزتره‌ (كه‌ ئه‌مه‌ هیچ جێگه‌ی شانازی نیه‌و ئه‌و به‌رزه‌ نیه‌ كه‌ پێشترله‌ پرسیاری شێوه‌ی هه‌ڵبژارندندا پێشبینی ده‌كرا) 
له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ په‌یتا په‌یتا وه‌ڵامی نه‌یاره‌كانی پرسیاری شێوه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌نه‌وه‌و ئه‌وه‌ به‌گوێی خه‌ڵكدا ده‌ده‌ن كه‌ سیستمه‌كه‌ سه‌ركه‌وتووه‌وبه‌ڵگه‌ش ده‌هێننه‌وه‌ به‌وه‌ی كه‌ تاكه‌ خوێندكارێك له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید سه‌دی هێناوه‌، له‌كاتیكدا له‌ ساڵانی پێشتر رێژه‌ی نه‌وه‌د بۆ سه‌د زیاتر بووه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ 2014/ 2015 كه‌ پرسیاریش كراوه‌ به‌ هه‌ڵبژاردن رێژه‌ی نه‌وه‌د بۆ سه‌د هاتۆته‌ خواره‌وه‌، له‌ كاتێكدا ئه‌م دابه‌زینه‌یان وه‌كو شانازی باسده‌كرد، هاوكاتیش وه‌كو یه‌كێك گه‌وره‌ترین تاوانی كردبێت و له‌به‌رده‌م حاكمدا وه‌ستابێت له‌نێوان دوو بۆچوونی دژ به‌یه‌كدا نه‌زانێت خۆی له‌سه‌ر كامیان ساغ بكاته‌وه‌، ئایا تاوانباره‌ یان بێتاوان؟ چۆن به‌رگری له‌ خۆیان و وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بكه‌ن؟ له‌مه‌شیاندا سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون، به‌كورتی ئه‌گه‌ر شانازی ده‌كه‌یت به‌ ڕێژه‌ی ده‌رچوونه‌وه‌ ئه‌مه‌ هه‌رگیز جێگای شانازی نیه‌و له‌ هه‌ر وڵاتیكی تر بوایه‌ به‌شێكی به‌رچاو له‌ كاربه‌ده‌سته‌كانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ده‌ستیان له‌كار ده‌كێشایه‌وه‌، یان له‌ هه‌ر وڵاتیكی تر بوایه‌ ئه‌و حیزبه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ی به‌ركه‌وتووه‌، ئه‌وا له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی داهاتوودا سه‌ری تێده‌ناو نه‌ك هه‌ر خه‌ڵك به‌ڵكو هه‌ر خوێندكارانی قۆناغی  ئاماده‌یی سزایان ده‌دا، ئه‌مه‌ یه‌ك، دووه‌میش ئه‌ی بۆچی پێت خۆشه‌ یان جه‌غت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌یته‌وه‌ كه‌ ڕێژه‌ی هێنانی نمره‌ی نه‌وه‌د بۆ سه‌د له‌ چاو ‌ساڵانی رابردوودا كه‌می كردووه‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌م ماسته‌ مویه‌كی تیدانیه‌ ئه‌م دوو بۆچوونه‌ دژبه‌یه‌كه‌ یان ئه‌م دڵه‌راوكێیه‌ بۆچی و بۆ كێ؟ 

تێبینی/ رێژه‌ی ده‌رچوون بۆ دوانزه‌یه‌می زانستی  29% بووه‌،  دوانزیه‌می وێژه‌یی 20% بووه‌،   پیشه‌یی 28% بووه‌، ئه‌م رێژانه‌ بۆته‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ شانازییان پێوه‌بكات به‌وه‌ی كه‌ پرسیاری هه‌ڵبژاردن سه‌ركه‌وتووبوه‌ به‌وه‌ی كه‌ هه‌موو خوێندكاران ده‌رنه‌چوون وه‌ هه‌روه‌ها شانازییه‌كی تریش بكات كه‌ رێژه‌كه‌ له‌ساڵانی پێشوو به‌رزتره‌، دوا بۆچوونی من لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ هه‌ركه‌سێك پێی خۆش بێت كه‌ خوێندكار زۆر بكه‌وێت ئه‌وه‌ یان نه‌خۆشه‌ یان بازرگانی ده‌رسی تایبه‌ته‌.
 
(1) به‌ڵێ له‌وه‌ته‌ی مه‌كته‌ب هه‌یه‌ دوانزه‌ی ئاماده‌یی وه‌كو سجن و خویندكاریش وه‌كو تاوانبار وابووه‌و خواخوای بووه‌ رزگاری بێت له‌ده‌ستی.