(جلە نوێکانی پاشا) و پارتی دیموکراتی کوردستان !

Thursday, 30/07/2015, 23:17

6497 بینراوە


لە ساڵی ١٨٣٧ نوسەری ناوداری دانیما رکی Hans Christian Andersen چیرۆکی گوێئاگردانی the emperor's new clothes (جلە نوێکانی پاشا) ی بڵاوکردەوە کە ئەمە کورتەکەیەتی : دو پیاوی دەسبڕ بە پاشایەک دەڵێن ئێمە جوانترین جلت بۆ دە دورین بەڵام جلەکان تەنیا ئەو کەسانە دەتوانن بیبینن کە  شایستەی پۆست و پایەکانیانن و بێعەقڵ نین. دو دەسبڕەکە بڕێکی زۆر پارە و ئاڵتون و باشترین حەریر  لە پاشا وەردەگرن ، لە بری ئەوەی حەریرەکە بۆ دورینی  جلەکانی پاشا بەکار بێنن بۆ خۆیانی هەڵدەگرن، ئینجا وەک بەرگدرو دەسدەکەن بە دەس و پێ جوڵاندن و لاساییکردنەوەی جلدورین. پاشا دو وەزیری دانای جێی بڕوا ی خۆی دەنێرێتە لایان دو وەزیرەکە هیچ جلێک نابینن بە دەست  دەسبڕەکانەوە  بەڵام دەسبڕەکان بە وەزیرەکان دەڵێن ئەها چەند جوانە،  حەریرەکەی چەند تەنک و سوکە دەڵێی داوی جاڵجاڵۆکەیە هەر لە پاشا دێت، دو وەزیرەکە ناوێرن ڕاستی بە پاشا بڵێن چونکە بە  بێعەقڵ و ناشایستەی پۆستەکانیان دەردەچن، پاشاخۆیشی ناوێرێ ڕاستیەکە ببینێ و بیدرکێنێ، چونکە ئەویش بە بێعەقڵ و ناشایستەی پاشایەتیەکەی دەردەچێ. هەمو دەست و پێوەند و دەرباری پاشا هەمان شتیان بەسەردێ. ڕۆژێک لە بۆنەیەکی گشتیدا پاشا بە جلە نوێکانە وە لەگەڵ  دەست و پێوەندەکانی دەچێتە بازار بۆ ناو خەڵک،  ژن و پیاوانی تەماشاکەریش هەمان شتیان بەسەر دێ بۆیە هاواردەکەن (وای جلە نوێکانی پاشا چەند جوانە)، لە پڕ مێرمنداڵێک  لە ناو خەڵکەکە وە هاواردەکات : (وای خۆ پاشا جلی لەبەردا نیە ! ) ، وردە وردە هەمو خەڵکەکە هاواردەکەن (وای خۆ پاشا جلی لەبەردا نیە!). پارتی ویستی لە باکور و ڕۆژاوی کوردستان بە پارە لە ڕێی چەند حیزبۆکەیەکی  دەستکردی  خۆیە وە بەرەنگاری پەکەکە  و پەیەدە بێتەوە، بەڵام سەرکەوتونەبو، ئەوەتا  لە شەڕی دژی داعش دا پەیەدە بۆ ئەمەریکا و ئەوروپا و ڕوسیا تەنیا هێزێکی باوەڕپێکراوە، پەکەکەش بۆ ئەوروپا ئەو هێزەیە کە داوای لە تورکیا بۆ دەکات وتووێژی ئاشتیی لەگەڵدا نەبڕێت. وا گومانکرا کە پارتی بۆ سەرقاڵکردنی خەڵك و لە بیربردنەوەی کێشە  بنەڕەتی و زۆرەکانی هەرێم، بە شێوەیەکی نهێنی ویستبێتی لە ڕێی  چەند  چڵکاوخۆرێکەوە لە سنوری ئێران شەڕێک هەڵگیرسێنێ لە نێوان پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و و پەکەکە، لە مەیشیاندا سەرکەوتو نەبو. هەمو حیزبە گرنگ و سەرەکیەکانی کوردستان لە ناو پەرلەمانەوە و لە دە رەوەی پەرلەمان  کۆدەنگن لە سەر ئەوەی دەبێت سیستمی حوکم لە باشوری کوردستان پەرلەمانی بێت و سەرۆکی هەرێم تەشریفاتی، پارتی دەیەوێت سەرۆکایەتی بێت و مەسعود بارزانی بە هەمو دەسەڵاتەکانی ئێستایەوە دو ساڵی تریش بە سەرۆکی بمێنێتەوە. لەشەوی  ٢٥ ی ٧ وە  فڕۆکە جەنگیەکانی تورکیای داگیرکەر زاڵمانە پەلاماری پێشمەرگەکانی پەکەکە دەدەن، لە ڕۆژی ٢٧ ی ٧ چەند  هەزارتێکۆشەری دڵسۆز لە  ژن و پیا و منداڵ و مێرمنداڵ و گەنج لە هەر چوار پارچەکەی کوردستانەوە بە ڕۆحێکی نەتەوەیی - مرۆڤدۆستیی - ئاشتیخوازیی بڵند بە مشتەکۆڵەی دەستیان تەحەدای ساروخ و ئاگری بێبەزەیی فانتۆمەکانی تورکیا یان کرد و  بە پێ دەیان کیلۆمەتریان بڕی و چون بۆ چیای قەندیل و وەک هاوسۆزی لە گەڵ پەکەکە  و بۆ شەرمەزارکردنی ئەو هێڕشانە ی تورکیا لە قەندیلی ژێر ئاگردا خۆپیشاندانێکی مەزنیان کرد، لە مەشیاندا پارتی کورتی هێنا : پارتی ئەو هێرشانەی تورکیای مەحکوم نەکرد و هیچ هاوسۆزیەکی لەگەڵ قوربانیانی بێتاوانی ئەو بۆمبابارانانە نەکرد و بەمە لە ڕیزی نیشتمانی و نەتەوەیی دەرچو! باشە ئەو هەموە ڕۆژنامەوان و وێنەگر و فلیمگر و سیاسی و پسپۆڕ و شیکەرەوە و ڕاوێژاکار و مامۆستای زانکۆیانەی  دەوروخولی مەسعود بارزانی یان داوە و بە دەفتەر دۆلاری لێوەردەگرن ئەو هەموە ڕاستیە نابینن کە پارتی لە ڕیزی نیشتمانیی (هەرێم) و لە ڕیزی نەتەوەیی هەر چوار پارچەکەی کوردستان دورکەوتۆتەوە و وابڕوات لەو ڕیزە تەواو دەچێتە دەرەوە؟ یا ئەو سوپای ڕاوێژکار و سکرتێرانەی کاک مەسعود ڕاستیەکان دەبینن بەڵام  لە بەر پۆستەکانیان ناوێرن پێیبڵێن؟ ئەی کاک مەسعود خۆیشی ئەم ڕاستیانە نابینێ یا نایەوێ بیانبینێ؟ کێ بێت ڕون و ڕەوان وەک مێرمنداڵی چیرۆکەکەی سەرەوە ڕاستیە تاڵەکانی سیاسەتی پارتی بە کاک مەسعود بڵێ؟ 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە