هاتنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردی لە نەتەوەی کورد پیرۆزبێ  

لێرەدا کرتە بکە بۆ گوێگرتن لە سرودی: (جەژنە جەژنی کوردستانە. جەژنی نەورۆزە)


پێلاوەکانی میللەت و کەرامەتی بەرپرسان

Friday, 31/07/2015, 21:41

3339 بینراوە


ماف نادرێت و ئەسێنرێت ئەمە تەواو دروستە، ئەوانەی مافەکان زەوەت دەکەن کێن و ئەوانەی مافەکانیان لێ زەوت دەكرێت کێن و سەربە کام چینی ناوکۆمەڵگان ئەگەر کۆمەڵگا تەصنیف کرابێت بۆچینە جیاوازەکان؟
کوردستانی ئێمە مەملەکەتێکە کە پڕە لەقەیران و نادادپەروەری، چواردەوری مەملەکەتەکەیشمان دوو ھێندەی قەبارەی قەیرانەکانی چاوی دووژمونانی لەسەرە و ئەوەندەی تر ھۆکارە بۆ گەورەبونی قەیران و دڵەڕاوکێکانی ناوخۆیی!
ئیتر قسەلەسەر ئەوە ناکەین کە لەماوەی ٢٣ ساڵدا پارتی و یەکێتی چۆن مەملەکەتیان بەڕێوەبردەوە و دەبوو چی بکەن و نەیان کرد، قسەش لەسەر ئەوەناکەین کە  میللەت لەماوەی ئەو ٢٣ سالەدا بۆچی نەیتوانی بۆھەمیشە بەرپرسان و سیاسیەکان فێری ئەوەبکات کە بە باشی گوێڕایەڵبن و خۆیان بپارێزن لە نەعەرتەی میللەت!
قسەی ئێستامان لەسەر کەرامەتی بەرپرسان و پێڵاوەکانی میللەتە، دەپرسین ئەگەر ئەوانەی بەرپرسن و سەرۆکن و ئەم مەملەکەتە بەڕێوەدەبەن مرۆڤن یان بوونەوەرێکی ترن و ھیچ ھەستێکیان نیە و لەماناکانی ڕەوشت و کەرامەت و پیرۆزیی ئینسان نازانن، ئەگەر مرۆڤ بن خۆدەبێت لەکۆی ھەزاران جار تەریق کردنەوە و ڕوشاندنی کەرامەتیان تەنھا جارێک شەرمەزارببن و ھەستی تۆراویان بۆبگەڕێتەوە و لەوە زیاتر خۆیان و خەڵکەکەیان فریو نەدەن ، خۆئەگەر مرۆڤیش نین ئەوە دیارە لە ئەزەلەوە میللەتی ئێمە مەحکوم کراوە بە چەوساندنەوە و بەو شێوەش  دەبینە یەکەمین مەمللەکەت کە کۆمەڵێک مەخلوقی جیاواز لەسەر زەوی حوکمیان بکات 
مافەسەرتایەکان و مافە گشتیەکانی ئینسان مانای سەروەری مرۆڤ بون دەگەیەنێت بۆھەرمرۆڤێک کە لەوە تێبگات بەھای مرۆڤ بون چییە ھەر بۆیە مرۆڤەکان شەڕی بۆدەکەن و لەبەرامبەریدا ھەموو پیرۆزیەکانی ناو میژوو دەخەنە ژێر پێڵاوەکانییەوە، کاتێک گەنجانی کوردستان  کەرامەتی سەرۆک و بەرپرسان دەخەنە ژێر پێڵاوەکانیانەوە، مانای وا نیە کە گەنجان لەدەرەوەی مۆراڵەوە ئاراستە دەکرێن و درک بە بەھاکانی مرۆڤ ناکەن و نابەرپرسانە دەجوڵێنەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە ئەوان مافە زەوتکراوەکان ئاراستەیان دەکات و توڕەدەبن، ئەوان ھەست دەکەن کەوەک ئینسانێک ھیچ بەھایەکیان نەماوە و دەیانەوەێت ببنەوە بەخاوەنی بەھاکانی خۆیان وەک مرۆڤێک، ئەوان بەرپرسیارترین چینی ناو کۆمەڵگان و دەیشزانن چۆن و بەچی شێوەیەک بەرپرسانە مامەڵەبکەن لەگەڵ توڕەبوونەکانی خۆیاندان و کەمتەرخەمی و خەم ساردی بەرپرساندا.
دەرئەنجام  ئەگەر بەرپرسان ناتوانن کێشەسەرەتایەکان چارەسەر بکەن و ناشتوانن لەماوەیەکی دیاری کراودا کۆی کێشەکانی ئێستای میللەت چارەسەر بکەن، ئەوا یان بەکۆمەڵ بکشێنەوەو لەوە زیاتر خۆیان نەکەنە مەخسەرە و بەردەوام نەبن لە پۆستەکانیان، یان ئەگەر ترسیان لە توڕەبونی خەڵک نییە و ھیچ قورساییەکی توڕەبونی خەڵک نابینن و بە ئەقڵی میللەت قاقا لێ ئەدەن ھەروەک دوو دەیەی ڕابردوو، ئەوا دەبێت لە کۆتایدا بپاڕێنەوە بۆ ئازادکردنی کەرامەتیان لە ژێر پێڵاوەکانی میللەدا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە