شانازییت پێوە ناکەم، دادگاییت دەکەم سەرۆک بارزانی

Sunday, 02/08/2015, 0:57

10572 بینراوە


شاسوار عەبدولواحید کە دەسەلاتی مافیای کوردیی و بازرگانەکانی خوێن و خیانەت  یارمەتییان داوە، ئەمیش وەک خۆیان ببێتە بازرگان، بەشێک لە سلێمانی داگیربکات و ببێتە خاوەنی لایەکی سلێمانی، هەروەها بە پارەی خەڵکی چاڤیلاند دروست بکات، بە قەرزی ساختەی بانک کۆمپانیای نالیا دابمەزرێنێت، ئیستا وەکو سیاسییەکیش کەوتۆتە وتار نووسین، رەنگە چەند نووسەرێکی دەوروبەری یارمەتیشیان دابێت و نەسیحەتیان کردووە، ئەمیش نەسیحەتی مەسعود بارزانی دەکات. بەناونیشانی: (شانازیت پێوە دەکەم سەرۆک بارزانی بۆ ئەم وتارە مێژووییەت)، لێرەدا خوێنەری ساویلکە بەوە تەفرە دەدات، گوایە ئەمیش لەگەڵ نوێکردنەوەی مەسعود بارزانییدا نییە بۆ سەرۆکایەتی هەرێم، پێی دەڵێت خۆت دەست لەو پۆستە بکێشەرەوە، با مێژووە جوانەکەی کە بنەماڵەکەتان هەیەتی بەهۆی ئەم پێداگرتنەی تۆوە ناشرین نەبێت.
شاسوار واحید دەیەوێت بەم تەکنیکە نوێیە، کە وەک ساتیرە پەیامێک پێشکەشی کردووە، بەناوی مەسعود بارزانییەوە ئەم پەیامە رابگەنێت، لە پاڵێیدا دەیەوێت پێمان بڵێت بنەماڵەی بارزانی ٨٠ ساڵە خەبات دەکەن، قوربانییان داوە، لە پێناو کورسی دەسەڵاتدا نەبووە، بەڵکو لە پێناو خزمەتی ئەم گەلەدا بووە، ئەوەی کە ئیستا دەگوزەرێت پێچەوانەی ئەو مێژووەیە، کە کاک مەسعود خەریکە دەیشێوێت و گوماناوی دەکات، دیسان وشیاریی بە سەرۆکی هەرێم دەدات کە زوو فریای خۆی بکەوێت پەیامێکی ئاوا دەربکات، ئەوا کاک شاسواریش شانازیی بە کاک مەسعودەوە دەکات.
 بەلای کاک شاسواری بازرگان و خاوەنی نالیا و چاڤیلاندەوە، ئەگەر کاک مسعود کارێکی وای کرد، ئەوا چارەسەری کێشەکانی هەرێم دەکات و مێژووی بنەماڵە لە مەترسی لەکەداربوون رزگار دەبێت. بە کاک مەسعودیش دەڵێت ئەگەر ئەمەت کرد، ئەوا لە زۆر شتی دیکەش رزگارت دەبێت، ئەوە دەسەلمێنیت تۆ کەسێکی دیکتاتۆر نییت، فەرمو قسەکەم پشتڕاست بکەرەوە، بە راگەیاندنێکی ئاوا هەرچی رەخنە و پەڵەی رەشە بەسەر بنەماڵەکەت بڕەوێنەوە.
کاک شاسوار دەیەوێت پێمان بڵێت، ئەگەر کاک مەسعود کارێکی وای کرد، ئەوا ئێوەش هەروەک من شانازیی بکەن، شانازی بەوەوە بکەن کە کاک مەسعود هێندە لێبوردە و دڵسۆزە، بۆ خۆی دەست لە دەسەڵات هەڵدەگرێت و دەیەوێت کوردستان ئارام بێت و شەڕی کورد لەگەڵ کورددا روو نەدات، دووبەرەکی و فیتنەیی نەکەوێتە ناومانەوە. هەموو جیهان شانازی بەو سیستەمەوە دەکات کە بە راستیی کاک مەسعود سەلماندی ئەوپەڕی دیموکراتییە.
مەسعود بارزانی کابرایەکی درۆزن و بێ بەڵێنیشە، کاک شاسوار گەرەنتی ئەوەشی دەداتێ ، ئەوا راستگۆ و  خاوەن بەڵین دەردەچێت.
کاک شاسوار لە کۆتاییدا لەو خەیاڵە خۆشە بە ئاگاداێتەوە و ئاواتەخۆزە کاک مەسعودەکەی کارێکی وا بکات، و دەڵێت: ئەگەر گوێم لێ بگیرایە یان پرسم پێ بکرایە ئەوا من ئەم تێبینییەم دەدا بە سەرۆکی هەرێم و هانم دەدا وتارێکی لەم جۆرە بدات.
منیش بە کاک شاسوار عەبدولواحید دەڵێم: مێژووی مەسعود بارزانی پڕە لە خیانەت و تاوانکردن، بە دەرکردنی پەیام و راگەیاندنێکی ئاوا خاوێن نابێتەوە، تا تۆ شانازیی پێوە بکەیت! ئەو رووە ناشرینەی هەیەتی، شایانی ئەوە نابێت جوان ببێت، تەنیا نمونەیەکی وەک تۆ نەبێت، کە لە مانای جوانیی و شانازیی و گەورەیی مرۆڤەکان نەگەیشتوویت، بەڵکو ئەوەندە تێگەیشتوویت کە هەست دەکەیت هەمووتان لەناو پاپۆڕێکدان، بە نغرۆبوونی ئەو پاپۆڕە ژیانی تۆش لەگەڵ بازرگانەکانی سیاسەت و خوێن و دراودا  دەکەوێتە مەترسییەوە، مەسعود وەک سەرۆکی خێڵ و حیزب، ئێوەش وەک سەرۆکی چاڤیلاند و نالیا، هەروەها وەکو هاوڕێی مافیاکانی دەسەڵات پاشەڕۆژتان دەکەوێتە مەترسییەوە. جگە لەوە ئەگەر لە مەسعودیش وەشایەوە و بەگوێی تۆی کرد، ئەوە جێگای شانازی نابێت، بەڵکو وەکو هەموو  تاوانبار و دوژمنێک کە دژ بە گەل و نەتەوەکەی خۆی کاری کردووە، دەبێت دادگایی بکرێت، نمونەی ئێوەی بازرگانیش لەگەڵیاندا دەبێت دادگایی بکرێن، چونکە ئێوە گیرفانی ئەو مافیا دزانەن، کە پارەی دزیی و تاوانەکانیان بۆ سپی دەکەنەوە. میللەتی زیندوو دەبێت نمونەی وەکو ئێوە ریسوا و زیندانی بکات.
(مافیاکانی دەسەڵات، نووسەرە دەربارەکان، ئێوەی بازرگان) یەک چارەنووس چاوەڕێتان دەکات، هەموو لە ناو کەشتییەکدان، ئەو کەشتییە دەبێت قڵپ بکرێتەوە.
-----------------------------------------------
 (شانازیت پێوە دەکەم سەرۆک بارزانی بۆ ئەم وتارە مێژووییەت)
هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئازیزانم
وەک هەموو لایەکتان دەزانن ماوەیەکە مەسەلەی باس و خواستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خەریکە لە مەسەلەیەکی یاساییەوە دەبێتە کێشە بۆسەر هەرێمەکەمان و هاووڵاتییانی خۆشەویستی کوردستان .
ئەوەی بۆ من بووەتە جێی دڵگرانی ئەوەیە کە هەندێک وا ئەم مەسەلەیە پیشان دەدەن کە من زۆر تامەزرۆی کورسی دەسەڵات بم و زۆر خوازیاربم کە لەو پۆستەمدا بمێنمەوە، هەروەها وەهای پیشان دەدەن کە بوومەتە هۆی دروست بوونی کێشە لە هەرێمی کوردستان .
دەمەوێت ئەوەتان پێڕابگەیەنم کە ئێمە وەک بنەماڵەی بارزانی و هەروەها وەک پارتی دیموکراتی کوردستان ماوەی دەیان ساڵە و بگرە نزیکەی زیاتر لە ٨٠ ساڵە لەم کوردستانە خەبات دەکەین، کاتێکیش خەباتمان کردووە و قوربانیمان لە پێناویدا داوە، ئەوا لەپێناو کورسی دەسەڵات نەبووە، لەپێناوە ئەوەشدا نەبووە کە دیکتاتۆرێک لابەرین و دیکتاتۆرێکی تر دروست بکەین یان سیستەمێکی دیکتاتۆری دروست بکەین، بەڵکو لەپێناو ئەوەدا بووە کە هەرێمێکی دیموکرات دروست بکەین تاوەکو ببێتە هەوێنی دەوڵەتێکی کوردی سەربەخۆ لە داهاتوودا کە هەموو جیهان و دۆستانمان شانازی بکەن بەو جۆرە سیستەمەی کە ئێمە دایدەمەزرێنین و نەیارانیشمان دلتەنگ بن کە ئەو نموونە جوانەی حوکومڕانیمان پێشکەش کردووە.
من وەک مەسعود موستەفا بارزانی کە لە ئێستادا ئێوەی خۆشەویست بۆ ماوەی دە سالە شەرەفی بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکی هەرێمتان پێڕاسپاردووم، دەمەوێت چیتر بەردەوام نەبم لەم پۆستەدا، نەک لەبەر ئەوەی کە پێم وایە سەرکەوتوو نابم، یان کارەکەم پێ ناکرێت، یان داوام لێکراوە کارەکە نەکەم، بەڵکو بە پێچەوانەوە دەزانم کە زۆر لە جاران باشتر دەتوانم بەردەوام بم و زۆر کاری تری گەورەشم ماوە جێبەجێی بکەم، هەروەها لە ڕووی یاساییشەوە دەکرا کە ڕێگەچارەیەکی وا بدۆزینەوە کە بەردەوام بم، بەڵام خۆم ئەوە قبوڵ ناکەم و پێشتریش لە چەندین موناسەبەدا باسم کردووە کە قبوڵی ناکەم ماوەی سەرۆکایەتیم بۆ درێژ بکرێتەوە .
من دەمەوێت وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەک کەسێک کە لە منداڵیمەوە بەردەوامم لە خەباتی چەکداریم لەپێناو ئەم کوردستانەدا، دەمەوێت پیشانی هەموو دنیای بدەین کە ئێمە وەک کورد جیاوازین لە میللەتانی تری ئەم ناوچەیە، ئێمە وەک کورد ئەگەر بوارمان بدەن و بهێڵن دەوڵەتی خۆمان هەبێت ئەوا نموونەیەکی زۆر جیاواز و زۆر جوانی حوکمڕانی پێشکەش دەکەین، دەمەوێت من وەک خودی خۆم مێژوییەک تۆمار بکەم بەوەی کە من یەکەم کەسم واز لە پۆستی سەرۆکایەتی دەهێنم و بەجێیدەهێلم بۆ کەسێکی تر و توانا و وزەیەکی تر، دەمەوێت ئەمە ببێتە دیاردە و بگرە ببێتە یاسا و چیتر لە کوردستانەکەمان هیچ سەرۆکێک لە دوو خول زیاتر پۆستی سەرۆکایەتی وەرنەگرێت، تاوەکو یەکەم بەردی بناغەی دیموکراسی فیعلی دابنێین و یەکەم بەردی بناغەی دەوڵەتی کوردی دابنێین کە ئەویش دیموکراتی راستەقینە و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتە .
هیوادارم توانیبێتم لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا لە بەڕێوەبردنی پۆستی سەرۆکایەتی خزمەتێکی بچووکم بەم میللەتەم کردبێت، دەزانم کارمان زۆر ماوە، بەڵام دڵنیام لە دوای من کەسێک دێت کە لە من باشتر ئەم وڵاتە بەڕێوەدەبات و باشیش دەزانم کە لە هەرێمەکەمدا سەدان و هەزاران و بگرە ملیۆنان کەسی دلسۆز و خەمخۆر هەن کە خۆشەویستییان بۆ وڵاتەکەیان هیچی کەمتر نییە لە خۆشەویستی من بۆ خاک و وڵاتەکەم .
لە کۆتاییدا داواکارم کە حزب و لایەنە سیاسییەکان لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک بۆ دەستنیشانکردنی شێوازی سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و دواتریش هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ هەرێمەکەمان.
هەمیشە سەرفراز و سەربەرز بن .
 
براتان: مەسعود بارزانی - سەرۆکی دەست لەکار کێشاوەی هەرێمی کوردستان
-----------------------------------------------------
 
ئەگەر گوێم لێ بگیرایە یان پرسم پێ بکرایە ئەوا من ئەم تێبینییەم دەدا بە سەرۆکی هەرێم و هانم دەدا وتارێکی لەم جۆرە بدات.
شاسوار عەبدولواحید


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە