ئەگەر دەنگ بە دانانەوەی مەسعود نەدرێت چی دەقەومێت!؟

Sunday, 02/08/2015, 17:37

8847 بینراوە


ئەم هەواڵە بە یارمەتی کەسێکی ناسراوی نێو پارتیی نووسراوەتەوە، کە ئێمە لە بەیاننامەکەی قونسوڵخانەی ئەمەریکی و ئەڵمانیی لە هەولێرەوە دەست پێدەکەین.
لەو بەیاننامەیەدا کە قونسوڵخانەی ئەمەریکی دەریکردووە تێیدا دەڵێت: داوا لە ئاسایشی هەولێر دەکەین کە ژیانی فەرمانبەر و کارمەندانی قونسوڵخانەکەمان بپاریزێت، هەروەها قونسوڵخانەی ئەڵمانیاش بە هەمان دەستور ئاگاداری فەرمانبەر و ئەڵمانییەکانی دانیشتووی هەولێری کردۆتەوە. http://erbil.usconsulate.gov/em-07302015.html
سەرچاوەکە دەڵێت هەرچەندە لە بەغدا لە ماوەی ئەو چەند ساڵەی رابردوود ئاڵۆزتر بووە لە چاو هەولێر، بەڵام سەفارەتی ئەمەریکی بەیاننامەی هاوشێوەی ئاوای دەرنەکردووە! ئەمە یەکەمجارە قونسوڵخانەی ئەمەریکا بەیاننامەیەکی ئاوا دەربکات، گومانەکان زۆرن یەکێک لەوانە ئەمەیە، کە ئەمەریکا وای بۆ دەچێت ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی نێو دەسەڵاتی حیزبەکانی باشوور، مەسعود بارزانی هەڵنەبژێرنەوە، ئەوا ئاسایشی هەولێر و هەرێمەکە لە لایەن پارتییەوە دەکەوێتە مەترسییەوە، ئەمەریکا دەزانێت پلانێک لە هەولێر بەڕێوەیە بۆ ئەوەی ئاسایشی هەولیر و ناوچەکانی دیکە بشێوێنێت، رەنگە بە بیانووی کاری تیرۆریستانەی داعشەوە و بۆ سەرنجڕاکێشان دەست بۆ فەرمانبەر و هاوڵاتی ئەمەریکیی، یان باڵیۆزخانەی ئەمریکی ببرێت، چونکە مەترسی ئەوە هەیە ئەو رێککەوتنە ژێر بەژێرەی پارتیی و داعش ئەگەری فڕاندنی ئەمەریکییەکانیش بگرێتەوە، هەندێک کەس پێیان وایە رەنگە ئەم بەیاننامەیە گەمەی موخابەراتی ئەمەریکا خۆشی  بێت، دەنا هیچ پێویست بەمە نەدەکرد و دەیتوانی لە ئیستاوە ئامادەباشی بۆ بکردایە و گوێچکەی بارزانی توند بگرتایە، نەک داوا لە ئاسایش و پاراستنی هەولێر بکات! گومانەکە هێمای ئەوەش دەدات، کە رەنگە دیسان ئاسایش تەقینەوەیەک بکات، هاوشێوەی ئەوەی کە پێشتر لە ساڵانی رابردوودا بەبیانوی جیاوازەوە لە کەرکوک و هەولیر کردوویەتی تەقینەوەی. رەنگە دوای ئەوەش چەند کەسێک لە دیلەکانی نێو زیندانی پاراستن لە ناویاندا چەند داعشێک وەک سیناریۆ بهێنن و تێکەڵ بەو رووداوەیان بکەن، بڵێن ئەمانە بەو کارە تیرۆریستانە هەڵساون.
سەرچاوەکە دەڵێت: ئەگەر پاراستن کارێکی وا بکات، شوێنێکی گونجاو هەڵدەبژێرێت کە زۆرتین کەسی لێکۆبووبێتەوە، ئەو شوێنەش تا ئیستا نازانرێت کوێیە، بۆیە باڵیۆزخانەی ئەڵمانیاش داوا لە کارمەند و کەسەکانی خۆی دەکات توخنی ئەو شوێنانە نەکەون وەکو کە ئاپورەی خەڵکی لێکۆبۆتەوە، گومانێکی دیکەش بۆ هەموو ئەگەرەکانی سەرەوە ئەوەیە، کە هەموو ئەمانە رەنگە پروپاگەندەی پاراستن و بنەماڵەی بارزانی خۆیان بێت، بەو شەڕە سایکۆلۆژییە بیانەوێت لایەنەکانی دیکە ناچار بکەن و بیانترسێنن، تا دەنگ بە مەسعود بارزانی بدەنەوە گوایە ئەو کارە ئەنجام دەدەن ئەگەر بیر لەوە بکەنەوە دەنگ بە سەرۆکایەتی مەسعود نەدەنەوە! بەمە ئاژاوە بخاتە نێو هەرێم و شاری هەولێرەوە، تا دەنگدانەوەیکەی میدیایی گەورەشی لێبێتەوە، سەرچاوەکە دەڵێت ئەگەر تەقینەوەیەکیش بوو بۆ نمونە رەنگە لە بەردەم پەرلەمانیشدا ئەمە ئەنجام بدات.
ئیستاش رۆژ بە رۆژ هاریکاریی و پەیوەندی نێوان پارتیی و داعش بەرەو ئاشکرابوون دەچێت، لەوانەشە پارتیی و تورکیا داوا لە داعش بکەن، کە هێرشەکانیان توند و چڕتر بکەنەوە بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی دیکەی هەرێم، چەکدارەکانی پارتی ئاسانکاری بکەن تا چەند ناوچەیەک وەکو ئەوەی شەنگال داگیر بکات.
ئەو سەرچاوەیە دەڵێت: پارتی ناتوانێت وەکو جاران راستەوخۆ بارەگا بگرێت و گڕیان تێبەربدات، بەم شێوەیە ئاسایشی شار و هەرێم تێک بدات، بۆیە ئەو رێگایانەی سەرەوە دەگرێتە بەر. لە هەمانکاتدا وەکو سەرچاوەکە دەڵێت، پاراستن دەمانچەی بێدەنگ (کاتم)ی دابەش کردووە بەسەر زۆرینەی کاربەدەستانی پاراستن و پیاوانی خۆیدا، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت، کە بەمزوانە کاری تیرۆریستانە ئەنجام دەدەن و کۆمەڵێک کاری نەخوازراوی دیکە دەکەن وەکو تیرۆرکردنی چەند کەسایەتییەک. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە هەروەکو فازیل میرانی رایگەیاند کەوا شەقام لە پارتی هار کراوە، بیانەوێت بەمە کەمێک دەنگی شەقام بێدەنگ بکەن. ئەم هەموو ئاژاوەیە، کە بەڕێوەیە لە پاشدا دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشت ئەم کارانەوەیە و مانەوەی مەسعود وەکو سەرۆکی هەرێم بۆ ئەم کاتە پێویستە و بۆ ئەوەی ئاسایش لە هەرێمدا جێگیر بکرێتەوە.
 سەرچاوەکە دەڵێت لە کاتی هەڵنەبژاردنەوەی مەسعود بارزانی، شتێک روو دەدات، کە لە بەرژەوەندی کورد و هەرێمدا نابێت، بەڵام مەسعود بارزانی لە پێناوی مانەوەی خۆیدا دەست بۆ هەموو کارێکی قێزەوەن  دەبات، لەلایەکی دیکەوە کادیران و ئەندامانی پارتی وا راسپێردراون کە بچنە ناو خەڵکییەوە بە پەناگوێیاندا بپرسکێنن و ئەو ترسە بڵاوبکەنەوە، گوایە کەس دەرەقەتی بنەماڵەی بارزانی نایەت، پارتی خەتەرە، نابێت کەس لێیان نزیک بێتەوە، بەمە هەستی نائومێدی و تەسلیمبوونیش بخەنە ناو خەڵکیییەوە.
شایانی باسە، کە سەرباری ئەو هەموو هەڕەشە و گوڕەشانە، نەک حیزبەکان، تەنانەت لە دەڤەری زەرد و لە سۆران، لە بادینانیش بە ئاشکرا دژی دانانەوەی مەسعود بارزانیین، ئەو بارزانیانەی کە بە هەزار پیاوەکەی بنەمالەی بارزانی ناسراون لە ئیستادا ئەوانیش ترسیان لێنیشتووە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە