چەمکی سازان و هێڵە سوورەکان

Friday, 07/08/2015, 22:31

3108 بینراوە


زۆرکەس لەڕواڵەت بینان، لەگەڵ هەر هێوربوونەوەیەکی کاتیی بارودۆخی هەرێمی سیاسیی باشووری کوردستان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسیەکان، کەخاوی و کرانەوە بەخۆیەوە دەبینێت، دیواری هیواکانیان هەڵدەچنن و ئەم باوەڕە چەکەرەدەکات کە ئێمەش بەرەبەرە خەریکە دەکەوینە سەر ڕێچکەی دیموکراسی و پێکەوەژیان و یەکتر قبوڵکردن، و فێربوونی فەرهەنگی دیموکراسی.. بەڵام دوای بەسەرچوونی کاتێکی کورت، کاتێک قەیرانێکی سیاسی سەرهەڵدەداتەوە، هەموو هیواکان دەبنەوە بڵقی سەئاو، ودیسان دڵەڕاوکێ وترس لەوەی کێشەکان تەشەنە بکەن و بگەڕێینەوە خاڵی سفر، باڵ بەسەر هەموواندا دەکێشێتەوە. و ئەم قەیرانە سیاسیەی ئەمڕۆش سەبارەت بەپرسی سەرۆکایەتی هەرێم و پڕۆژەی دەستوور یەکێک لەو کێشە مەترسیدارانەیە، کەجارێکی تر ماهیەتی سیستەمی پارتایەتی و شێوازی بیرکردنەوەو پەیڕەوکردنی سیاسەت دەخاتەوە خانەی گومان و شکەستهێنانی سەرتاپای پرۆسەی سیاسی دەکات بە ئەگەرێک.
ڕۆژانە بێ جیاوازی گوێمان لە لایەنەکان دەبێت، باس لەدەسەڵاتی خەڵک و گەڕانەوە بۆخەڵک و ڕێزگرتن لەخواستی خەڵک دەکرێت. بەڵام گشت ئەمانە لەڕاستیدا تەنیا واژەو دەسەواژەی ناو لێدوان و ڕاگەیاندنەکانەو هیچ لایەنێک بەگەڕانەوە بۆ خواست و بەرژەوەندی خەڵک ڕەفتارێکی سیاسی ئەنجام نادات. بێگومان هەمووان حساب بۆ ئەوەدەکەن کە گوفتارو کارەکانیان جێگای ڕەزامەندی خەڵک بێت، بۆ ئەوەی ڕێژەی لایەنگرانیان زۆرتر بکەن. یان لانیکەم لەدەستی نەدەن. بەڵام ئەمە بەشێوازێکی دیماگۆگیانەی وا بەڕێوەدەچێت، کە هەمووان ناتوانن پەی بەمە ببەن کە بەرژەوەندییەکی ڕەهای حزبی دەکرێت بەمنەتێکی زۆر بەسەر خەڵکەوە.
ئەم ماوەیە زێدە گوێمان لە چەمکی سازان دەبێت. کە بەجۆرێک دەخرێتە ڕوو گوایا چارەسەرییەکی سیحراوی و موعجیزەئاسا بۆ تەواوی کێشەکان لەخۆی دەگرێت بەڵام پێمان ناڵێن واتای سازان چییە! ناڵێن کە ئەم چەمکە چەندە لاستیکییەو لەگەڵ ئەوەدا کە سازان، واژەیەکە لەیەکەمین لێکدانەوەیدا نەرمی و  لێبووردەیی و تەحەمول و سنگفراوانی دەنوێنێت، لەهەمان کاتدا دەشتوانێ واتای پێچەوانەی وەک سەپاندن، و بایکۆتکردن و یاخیبوونیشی هەبێت.
 سازان، بۆخۆی گەوهەری دیموکراسییەو بەبێ سازان دیموکراسی بەڕێوە ناچێت. بەڵام  لەهەمان کاتدا ئەو پرەنسیپەشە کە دوو وڵاتی وەک عێراق و لوبنانی تووشی گێژاوێکی واکردووە کە لوبنان پتر لەساڵێکە بێ سەکۆمارەو عیراقیش لەگەڵ هەر هەڵبژاردنێکدا دەکەوێتە لێواری لێکهەڵوەشان و قەیرانی بێ کۆتایی. کە واخەریکە هەرێمیش بەرەو چارەنووسێکی نادیارو تاریکی وەها بەرێت.
ئەمڕۆ کێشەی سەرۆکایەتی و پرسی دەستوور، بۆ لایەنەکان بۆتە پرسی مان و نەمان. و بۆ پارتی کە تا ئێستا سەرۆکایەتی لەدەست خۆیدا بووە، پێیوایە بەلەدەستدانی ئەم پۆستە، دەکەوێتە پەراوێزەوەو  لایەنەکانی تریش بەهەمان شێواز پێیانوایە کە مانەوەی ئەم پۆستە لەدەست پارتیدا، هەروەک ڕابردوو بەواتای پەراوێزخستنی ئەوان و قۆرخکردنی دەسەڵات بەگشتی لەلایەن پارتیەوە، کەچیتر تەحەمول ناکرێت. ئەوەش کە کێشەکەی گەیاندۆتە ئاستی قەیران یەکگرتنی چوار لایەنە سەرەکیەکەو هێشتنەوەی پارتی بەتەنیاو بوونی بە کەمینە لە پەرلەماندایە.
 هەرچەندە بەلای پارتییەوە زۆر گرنگە مەسعود بارزانی لەپۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا بمێنێتەوەو لێسەندنەوەی ئەم پۆستە بەجۆرێک لەسووکایەتی دەزانێت. بەڵام مەترسیە گەورەکەی پارتی ئەمە نییە. بەڵکو ئەوەیە کە ئەم پۆستە نەک لە کەسایەتی مەسعود بارزانی بەڵکو بۆ یەکجاری لەدەست پارتی بێتە دەرەوە. چونکە ئەگەر گرفت تەنیا مەسعود بارزانی بووایە، ئەوە بەئاسانی بەمە چارەسەر دەکرا کە برازاکەی یان یەکێک لەکوڕەکانی جێگای ئەو بگرنەوەو خۆشی لەپشتی پەردەوە هەر سەرۆک و بڕیاربەدەس بووایە.
هەروا پێداگریەکەشی لەسەر ئەوەی سیستەمی حوکم سەرۆکایەتی بێت و سەرۆک نەک لە پەرلەمان بەڵکو ڕاستەوڕاست لەلایەن خەڵکیەوە هەڵبژاردنی بۆ بکرێت، نەهیچ پەیوەندییەکی بەدیموکراسییەوە هەیەو نەهیچ خوێندنەوەیەکیشی تێدایە بۆ ئایندە. بەڵکو تەنیاو تەنیا هەوڵدانێکە بۆ هێشتنەوەی ئەم پۆستە لەدەست خۆیدا. چونکە ئەگەر سەرۆک لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، ئیتر نە تەزویر بەئاکامی هەڵبژاردنەکان، نە دەمچەورکردن، و نە یاریکردن بەعاتیفەی خەڵک و کاریگەری ڕاگەیاندن لەسەریان هیچ ڕۆڵێکیان دەمێنێت. بەڵکو ئەگەر تەنیا لایەنە تەکنیکییەکەی لەبەر چاوبگرین وپارتەکانی تر لەسەر کاندیدێکی تر ڕێکەون، ئەوە بەئاسانی وخێرایی پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت و کەسێکی تر دەبێتە سەرۆک. بەڵام کارەکە هێندەش ئاسان نییە. چونکە چەندە مەترسی لەسەر پارتی هەیە کە ئەم پۆستەی لەدەست بچێت هێندەش مەترسی لەسەر لایەنەکانی ترو بەگشتی پرۆسەی سیاسی لەهەرێمدا هەیە کەپارتی بەپشتیوانی هێزو پارە خۆی بسەپێنێت و یانیش بەگشتی پرۆسەی سیاسی لەشیرازەو کۆنترۆڵ دەرچێت. ئیتر یان جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ دوو ئیدارەیی، یانیش بۆ بارودۆخێک کە پێشبینیکردنی لەتوانادا نییە.
هەرلەبەر ئەمەیە کە پارتی پتر لەلایەنەکانی تر پێداگری لەسەر سازان دەکات. سازانیش بەلای پارتیەوە لەدەست نەدانی ئەم پۆستەیە بەهەر نرخێک بێت. بەڵام پرۆسەی سازان لەگەڵ ئەو هەموو هێڵە سوورانەدا یەکناگرێتەوە کە پارتی بۆ لایەنەکانی تری ڕیزکردووە. چونکە تا هێڵی سوور زۆرتربن سازان زەحمەتر دەبێت. هێڵە سوورەکانی پارتیش تەنیا بەسەرۆکایەتی سنووردار نابێت. بەڵکو بەسەلاحیەتەکانی و کۆمەڵێک پۆستی گرنگ و هەستیار... و ئەگەر لەبەر هەرهۆیەک یەکێک لەمانەی لەدەستدا، ئەوە هەوڵدەدات ئەو پۆستە بێکاریگەرو بێ ناوەرۆک بکات.
لەسیستەمی دیموکراسیدا هیچ پارت و کەسایەتی و پۆست و پلەوپایەک هێڵی سوور نین. بەڵکو ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری ژیانی هاوڵاتیان، سەروەری خاک و ئاسمانی وڵات، سامانی نەتەوەیی... هێڵی سوورن. کەچی ئەمانە لای ئێمە لەپەمەییش کاڵترن.
لەسیستەمی دیموکراسیدا کاتێک کێشە لەسەر کەسایەتییەک درووست دەبێت، بەرلەوەی کەسێک زۆری لێبکات، تەنانەت ئەگەر مافداریش بێت، خۆی دەسپێشخەر دەبێت و دەست لەکار دەکێشێتەوە. دەستبەرنەدان لەکورسی لەسیستەمی دیموکراسیدا جێگای نابێتەوەو تەنانەت چەند نموونەی وەک بەشارئەسەد لەسووریاو عومەرحەسەن بەشیر لەسودان، و رۆبێرت موگابی لە زیمبابۆی.. لێدەرکەی ئیتر دەبینین لەجیهاندا باوی نەماوەو مایەی شەرم و ڕیسواییە. 
لەم ناوەدا، زۆرجار کەسانێک بەتایبەتی لەوانەی سەربەپارتین ئەم پرسیارە دەکەن، کە ئەگەر مەسعود بارزانی بڕوات و کەسایەتییەکی دیکەی سەر بەلایەنێکی تر جێگای بگرێتەوە دەتوانێ لەو باشتر ئەرکەکانی ڕاپەڕێنێت؟ من پێموایە نەخێر..! چونکە گرفتەکە چەندە پەیوەستەی تاکە، چەند ئەوەندە پەیوەستەی ئەم سیستەمە سیاسییە لەکارکەوتوو، و قەیرانخوڵقێنەیە.
بە ئیحتیمالی هەرەزۆر، کێشەی ئەمجارەش بەمە کۆتایی دێت کە مەسعود بارزانی ببێتەوە سەرۆک. ئەمەش بەم واتایەیە کێشەکان نەک چارەسەر  بەڵکو، بۆ کاتێکی تر هەڵدەگیرێن و بەواتایەکی تریش هیچ کێشەیەک چارەسەر نابێت. چۆن هاتووە هەروادەبێت. و بەگشتی مەسعود بارزانی ببێتەوە سەرۆک یان یەکێکی تر، حوکم لەهەرێمی کوردستاندا نەک بە پشتبەستن بە یاسا، و ژمارەی کورسی لایەنەکان لەپەرلەمان. بەڵکو بەپشتبەستن بە هێزی چەکدارو پارە بەڕێوەدەچێت. کە هەردووکیان لەڕێگای زۆرەملێ و نایاساییەوە بەدەستهاتوون. و بەپشتبەستنیش بەم دوو فاکتەرە نایاساییە، پەرلەمان و هێزی دادوەری لەژێر هەژموونی حزبدا بێ ناوەرک و کارتۆنی دەکرێت. 
لەگەڵ گشت ئەمانەدا، ئەگەر سەرۆکی هەرێم چ ئێستا یان پاش چەندساڵی تر لە لایەنێکی تری دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بێت، یەک سوودەی دەبێت، کە ئەزموونی دەستاودەستکردنی دەسەڵات کە بنەمایەکی هەرەسەرەکی دیموکراسییە تاقی دەکەینەوە. کە نابێ ئەمەش بەکەم بگیرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە