کێ بەرپرسیارە لە جینۆساید کردنی ئێزیدیاندا؟

Friday, 07/08/2015, 22:45

3453 بینراوە


کوشتوبڕی خەڵکی سیڤیل و بێتاوانی ئێزیدیان لە شەنگال و گوندەکانیان پێش ساڵێک لەمەوپێش یانی لە ڕێکەوتی 03/08/2014 لەلایەن چەتەکانی داعشی ئیسلامی سونیەوە،تاوانێکی هێندە مەزنە کە هاوتای تاوانی هۆڵۆکۆست و ناکازاکی و هێرۆشیما و هەڵبجەو ئەنفالە،چونکە ئێزیدیان تەنها گوناحێک هەیان بوبێت ئیسلام نەبونیان بوو. لێرەدا دەکرێت بپرسین؛ئاخۆ لەنێو ئەو تاوانەدا، خودا تاوانباری سەرەکیە یان ئیسلام وەک خۆی یان ناسیۆنالیزم و کاپیتاڵیزم؟
لەو پرسیارەدا دەتوانین کۆی تاوانباران بەدی بکەین،چونکە ئەو کۆ چەمکە بەشداری سەرەکین لەنێو کوشتوبڕو بێحورمەتی کردن بەکەسایەتی ئێزیدیاندا.
جینۆساید کردنی ئێزیدیان لەلایەن داعشەوە، هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئیسلام نەبوون و لەنێو دینی ئیسلامدا ئەوان کافر و زەندیقن و خودا نەهی لێ کردوون، لێرەدا بۆمان ڕوون دەبێتەوە کەلەم تاوانەدا خودی خودا و ئیسلام بەشداری سەرەکین، ڕەنگە زۆرێک بپرسن کە ئەو تاوانە هیچ پەیوەندی بەخودا و ئیسلامەوە نیە. ئەو پاساوە ڕەزیلانەیە تەنها کەسانێک لێی دەدوێن کە لەبنەڕەتدا لەئیسلام و قورئانەکەیشیان تێی نەگەیشتوون. داعش، پێش هەرچ شتێک و دەستبردنی بۆنێو تاوان و کوشتوبڕەکانی، کار لەسەر قورئان و بنەڕەتی ئیسلام دەکات،ئەوان ئەوەی زۆر پشتی پێ دەبەستن و مرۆڤەکانی خۆیانی پێ تەڵقین دەکەن، ماناکانی ئەو دنیایە،یانی جێگاوڕێگایان لەبەهەشتی مەوعوددا. ئایا لێرەدا ئیسلامی سیاسی لەکۆی موسوڵمانان زیاتر ئاشقی خوداو بەڵێنەکانی خودا نین؟ ئاخۆ لەکۆی هێرشەکانیاندا پشتیان بەخودا قایم نیە؟ ئاخۆ گەر خودا بوونی هەبێت، دەکرێت لێی بپرسین هۆکار چیە لەفەرز کردنی ئاینێک بەسەر ئاینێکی تردا؟ ئاخۆ گەر خودا هەبێت، چۆن دەبێت کەئاگای لەوە نەبووبێت کە ئێزیدیانیش مرۆڤن و ئەو درووستی کردوون؟ لێرەدا دەتوانین بگەینە بڕیارێکی یەقین، کەئەویش ئەو پرسیارەیە؛ ئاخۆ گەر خودا تاوانبار نەبێت لەو تاوانەدا بەمانای ئەوە نایەت کەخودا بوونی نیە؟ یان گەر خودا ئاگای لەهەموو شتێکە بۆ ڕێگر نەبوو لەبەردەم ئەو چەتانەدا تابەو تاوانە هەڵنەستن؟ چونکە ئەوانی داعش تەنها ئیسلام بوون دەناسن و کار لەسەر دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسلامی دەکەن. دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەش بەمانای ڕەت کردنەوەی کۆی ئەوانە دێت کە ئیسلام نین و تەنانەت لەسەر پەیڕەوی مەزهەبی سونیش نین.
پرسیارێکی دی ئەوەیە کە کێ یان چ لایەنێکی ئیسلامی هەیە ئەو بوێریەی تێدا بێت و بڵێت کە موحەمەد پەیامبەری ڕاستەقینەی ئیسلام نەبوە؟ئاخۆ گەر گشت ڕێک بوون لەسەر ئەوەی کە موحەمەد تەنها پەیامبەری ڕاستەقینەی ئیسلامە،چۆن دەبێت نکوڵی بکەن لەو مێژووە خوێناویەی سەردەمی فتوحات و هێرشەکانی پەیامبەرو خەلیفەکانی دوای ئەو بۆسەر ئەو میلەتانەی کە ئیسلام نەبوون و لەژێر ڕکێفی ئیسلامدا نەبوون؟ بۆیە دەکرێت مرۆڤەکانی نێو ئاینی ئیسلام بگەن بەو بڕوایەی کە چەتەکانی داعشیش ئیسلامن و بەهیچ کلۆجێکیش لایان نەداوە لەو ئاینە،بەپێچەوانەوە داعش دەربڕینێکی دروستی ئیسلام و بنەما سەرەکیەکانی ئیسلامە،ئیسلامێک کە دەگاتە خاوەنی هێز و بڕیاردان.
ئەو جۆرە ئیسلامەی پێشتر و لەنێو دەسەڵاتە بەناو عیلمانیەکاندا هەبوە،ئەوە ئیسلام نەبوە،بەڵکو خەڵەتاندن بوە لەژێر ناوی ئیسلامدا. من وەک خۆم هیچ گومانێکم لەئیسلام بوونی ڕاستەقینەی داعش نیە و بەتایبەتیش پەیڕەوی کردنی لە مەزهەبی سونیدا.
لەلایەکی تر دەکرێت ئەو جینۆساید کردنەی ئێزیدیان تەنها ڕوو بەڕووی چەمکی ئایدۆلۆژیای دینی نەکەینەوە،بەڵکو دەکرێت هەنگاوێک ئەو دیوو بڕۆین و چەمکی ناسیۆنالیزمیشی تێدا جێ بکەینەوە. ناسیۆنالیزم بوون بەمانای کەڵەکە کردنی ڕقی کوێرانە دێت لەنێو کۆمەڵگا و تاکەکانی نێو کۆمەڵگادا بەدژی ئەوانی تر کە خاوەن زمانێکی جیاواز و هەڵگری کەلتورێکی جیاوازترن لەچاو ئەماندا. ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیزم،وەک بەشی سەرخانەکەی لەژێر ناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی نەتەوەیەکدا کاردەکات کەخاوەن زمانێکی هاوشێوەن،بەڵام لەبنەڕەتدا،ناسیۆنالیزم و سەرانی ئەو پێڕەوە سەر بەچینی چەوسێنەر و باڵا دەستی نێو کۆمەڵگان. ناسێۆنالیزمی عەرەبی،بەتایبەتیش وڵاتی سعودیە و قەتەر تا دەگات بە دەوڵەتە ناسیۆنالیست ئیسلامیەکەی تورکیا،بەڕاستەوخۆی بەشدارن لەکۆمەک کردن بەداعش،چونکە بۆ ئەوانی ناسیۆنالیستی خاوەن دەوڵەت،چونە پێشی مەدی داعشیزم لەناوچەکەدا دەتوانێت لەلایەک نەزانی و دەرخستنی ژیری لەنێو دیدی تاکی کۆمەڵگادا،یانی دابڕانی تاک لەم زەمەن و کاتەی ئێستای و گەڕاندنەوەی بۆسەردەمی سەرەتای ئیسلام، دەورێکی باش بگێڕێت و بەقازانجی ئەوانی سەرانی ناسیۆنالیزم -ئیسلام تەواو ببێت. لێرەدا دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە خودی دینی ئیسلام لەگەڵ چەمکی ناسیۆنالیزمی باودا پێکەوە گونجاو وە گرێدراوی نێو پاراستنی بەرژەوەندیە چینایەتیەکانیانن.
ئەوە فەتوادەرانی سعودیە بوون کە حەڵاڵ کردن و بکەنیزەک کردنی ژنانی ئێزیدیان دەرکردوو و تاوانەکانی داعشیا پیرۆز کرد. کەواتە ئیتر داعش بزوتنەوەیەکی سیاسی بەدەر لەو دوو چەمکە نیە،بەپێچەوانەوە ئەو بزوتنەوە توند ڕەوە دینیە هەڵقوڵاوی نێو ئەو دوو چەمکەیە.
بەشداری ئەو دەوڵەتانە لەتەقویەت دان بەداعش و بەرنامەی داعشدا، لەتاوانی جینۆساید کردنی ئێزیدیاندا ئەو ڕاستیە نیشان دەدات. وەک پێشتر ئاماژەم پێدا کە گوناحی ئێزیدیەکان تەنها ئەوەیە کە خاوەنی ئاینێکی جیاوازن و ئیسلام نین، لەلایەکی تر ئێزیدیەکان وەک زمان و نەتەوە کوردن.
تا ئێرە بۆ بەرەی دژ ڕوونە ئاستی تاوانەکەیان بەدژی خەڵکی بێ دیفاعی ئێزیدیان لە شەنگالدا. لێرەدا گرنگە دەستمان بخەینە نێو دەستنیشان کردنی لایەنە کوردیەکانی هەرێم لەنێو ئەو تاوانەدا کە دەرهەق بە هەزاران مرۆڤی ئێزیدیان کرا؛ ئاخۆ دەبێت دەوری پارتە کوردیەکانی هەرێم چی بێت لەنێو ئەو تاوانەدا؟!
پارتە کوردیەکانی هەرێمی کوردستانیش بەشدارن لەو تاوانە دڕندانەیەدا،لەبەرئەوەی ئەوان وەک هێزی سەربازی بوونیان هەبوە لە شەنگال و گوندەکانی ئەو دەڤەرەدا. پرسیار ئەوەیە بۆچی ئەو هێزەی کەناوی پێشمەرگەیە ئامادەیی خۆڕاگری و ڕووبەڕوو بوونەوەی نەبوو لەبەرانبەر داعشدا؟ ئاخۆ ڕاکردنی ئەو هێزە زۆرەی پێشمەرگە لە شەنگالدا و ئاگادار نەکردنەوەی خەڵکی لەوەی کە داعش هێرشیان بۆدێنێت،تەنها تاوانی سەردارانی ئەو هێزەی پێشمەگە بوە لەشەنگالدا یان ئەوانیش ئەوامریان لەسەروو خۆیانەوە پێکراوە تا بەرگری نەکەن و خەڵکیش ئاگادار نەکەنەوە لەوەی فریای خۆی بکەوێت؟ ئاخۆ هێزی پێشمەرگەی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆرینە نەبوون لە شەنگالدا؟ ئایا ڕاکردنی ئەو هێزە زۆرە و چۆڵکردنی ناوچەکە بۆ داعش، ڕێک نیشان دەری پلانێکی لەپێشدا داڕێژروا بۆکراو نەبوە؟ لێرەدا دەبێت بڵێین پارتی چی دەکات لەنێو ئەو گەمە قێزەونەدا! ئایا پارتی تەنها ویستی بەناڕاستەوخۆ تۆڵە لە ئێزیدیان بکاتەوە لەڕێی داعشەوە، کە لەکاتی دەنگدانەکاندا ئێزیدیان نەچونەتە ژێر ڕکێفی پارتی و مەیلیان بەلای پێکاکادا بوە؟ گەر وابێت و لە ئایندەدا دادگایەکی سەربەخۆ بوونی هەبێت،پارتیش هێندەی داعش تاوانبار ناکرێت؟ یان دەکرێت بپرسین باشە بۆچی هێزی پێشمەرگەی یەکێتی نیشتیمانی تادوا سات بەرگری نەکرد و نەیتوانی جوامێریەک بەخۆی و مێژووەکەی ببەخشێت و ڕێگر بوایە لە جینۆساید کردنی ئێزیدیاندا لەلایەن داعشی ئیسلامی چەتەوە. ناکرێت هیچ لایەنێکی سیاسی بوێری لێ بکرێت و بێ تاوانبار کردن دابنرێت لەهەرێمدا تا دەگات بەو پارتە ئیسلامیانەی کەهێزیان نەبوە وەک هێزی سەربازی.
سەرجەم ئەو پرۆسە قێزەونە بەبەشداری و پلانی چەوسێنەرانی سەر کۆمەڵگا بوە و وەک سەفەقەیەکی سیاسی چوتە پێشەوە. ئاخۆ بۆ دەکرێت حەوت گەریلا مەزنترین قارەمانێتی ئەنجام بدەن و دژی هێزی داعش بوەستنەوە و خەڵکی دوور بخەنەوە لەوەی نەکەونە نێو چنگی چەتەکان؟ ئایا گەر ئەو هێزە زۆرەی پێشمەرگە بیخواستایە بەرگری بکات،نەی دەتوانی؟ بێگومانم لەوەی گەر شەنگال وەک موسڵ هەرزان فرۆش نەکرایە،ئەوا مەحاڵ بوو داعش بیتوانیایە پێی بخاتە نێو شەنگالەوە؟
هێنانی هێزی ڕەشی داعش بۆ عێراق، پەیوەندی بەو ململانێ سیاسیە هەیە لەناوچەکەدا. دیارە دەوڵەتی سێدارەی ئاخوندەکان ڕۆڵێکی ئێجگار زۆر دەبینێت لە عێراق و سوریادا، بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو مەدە، درووست کردنی داعش و تەقویەت دانی ڕاستەوخۆ یان بە ناڕاستەوخۆی لەلایەن دەوڵەتانی سونی مەزهەب لەلایەک و لەلایەکی تر بۆ جێگاو ڕێگای زلهێزانی جیهان لەو کیشوەرەی ناوی ڕۆژهەڵاتە، هاوبەشێکی ڕێکن لە هێزدان بەداعش و قوڵتر کردنەوەی مەدی ڕاسیزمی مەزهەبی و دینی و قەومیدا. کۆی ئیحاساساتی دواکەوتوانەی ئەو سێ چەمکەش وادەکات کەبەئاسانی کۆمەڵگا خلۆر بکاتەوە بۆنێو جەنگێکی بێکۆتایی نادیار.
لەلایەکی ترو بەهێز کردنی داعش لەبەشێکی نیوە زیاتر بۆ پەلاماردانی شۆڕشی ڕۆژئاوای کورستان بوو، وە تا ئەم چرکەساتەش هێرشی بەردەوامی ئەو چەتە ئیسلامە دڕندەیە دەبینن بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژئاوی کوردستان،بەڵام لەلایەن یەکینەکانی پاراستنی گەلەوە هەمیشە ڕۆژئاوایان لێ دەکەن بەگۆڕستان. چونە پێشی مەدی پێشکەوتن خوازیانەی پێکاکا و شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لەڵایەن پەیەدەوە،ئەو بومەلەرزە مەزنەیە کە عەرشی کۆی چەتەکانی ئیسلام و ناسیۆنالیزمی هێناوەتە لەرزین. دیارە بۆ دەوڵەتانی سەرمایەداری جیهانیش بەئاستێک خواستی چونە پێشی ئەو مەدە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەیان نیە،چونکە ئەوانیش ناخوازن کۆمەڵگایەکی سیکولار و دوور لەجەنگ هەبێت و بەرژەوەندیە قازانج پەرستیەکانیان ڕوو لەکەمی بکات. ڕەنگە بڵێن ئەوە ئەمریکایە وا کۆمەک بەیەکینەکانی پاراستنی گەل دەکات لە شەڕیان دژی داعش، بەڵام ئەوە ڕاستیەکە نیە،بەپێچەوانەوە، کاتێک گشت بەرەی ئازادیخواز لەجیهاندا هاودەنگ بوو لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستاندا لە ڕوبەڕوو بونەوەی داعش و دەرپەڕاندنی داعش لەکۆبانیدا، کارێکی وای کرد کە ئەمریکا بەناچاری کۆمەکیان پێ بکات.
بۆئەوەی زیاتر دوور نەکەوینەوە لە ئەسڵی بابەتەکە، دەکرێت بپرسین ئاخۆ دەوڵەتانی زلهێزی سەرمایەداری جیهانیش بەسەرکردایەتی ئەمریکا و ڕوسیا و ئەوڕوپا تا دەگات بەچینیش، بەشدار نین لەو جینۆسایدەی ئێزیدیاندا؟ بێگومان بەڵێیە وەڵامەکە، چونکە ئەوانی زلهێزی سەرمایەداری بۆخۆیان پاڵ پشتی کۆی مانەوەی توند ڕەوی دینی و قەومین لە ڕۆژهەڵاتدا. بۆئەم سەدەی بیستویەکەمەش، زیندوو کردنەوەی توند ڕەوی دینی و مەزهەبی دەتوانێت هێندەی بیرە نەوتەکان قازانج بەخش بێت بۆ کۆی چەتەکانی کاپیتاڵیزمی قازانج پەرست. کەواتە لێرەدا دەتوانین بگەین بەو دەرئەنجامەی کە کۆی ئەو چەمکانەی لەسەروە ئاماژەم پێدا،بەشدارن لەنێو ئەو تاوانە کەم وێنەیەدا و داعش دەتوانرێت وەک پرۆژەی سەدە ببینرێت لەنێو پلانە چەوسێنەرەکانی زلهێزان و ڕاگرتنی پایە دیکتاتۆریەکانی سەرانی دەوڵەتانی حاکمدا، تاچیتر مەدێکی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی نەتوانێت سەرهەڵبدات و بەرژەوەندیەکانی ئەوانی چەتە بخاتە مەترسیەوە. بۆیە دەتوانین بڵێین؛مەخابن،خەڵکی سیڤلی ئێزیدیان بێگوناح بوون و کرانە پاروی چەوری نێو پلانە دڕندانەکانی هێزە چەتەکانی ئەم سەدەیە! گشت هێزە سیاسیە خاوەن هێزەکان بەشدارن لەگەڵ داعشدا و وەک داعشیش تاوان بارن لەکۆی کوشتوبڕی ئێزیدیان و گشت خەڵکی بێتاوانی عێراق و سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمدا. ئێمە لەسەدەیەکی ئێجگار خەڵەتێنەر و ڕەشدا دەژین،کەکۆی ڕاستیەکان و ژیان دۆستیەکان ئاوەژوو دەکرێتەوە و دەستبڕی و چەتەیی و تاڵان کردن دەخرێتە جێگایان. ئەویش تەنها لەڕێی ئەو سێ چەمکەی کەناوی چەمکی دینی و ناسیۆنالیسیتی و کاپیتاڵیزمیە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە