دەبێت ئەم راستییەش بخەینە بەرچاو، هەرچەند مامۆستا بەتوانا و لێهاتووش بێت، ناتوانین ئەوە بڵێین، کە مامۆستا گەیشتۆتە لووتکەی شارەزایی و توانا و زانیاری، هیچ پێویستییەکی تازەی بە راهێنان و وەرگرتن و و بە دواداچوون نەماوە .. بەڵکو هەمیشە پێویستی بە دواداچوون هەیە و، هەردەم پێویستی بە وەرگرتنی زانست و زانیاری و رۆشنبیری زیاتر و زیاتر هەیە .. پێویستە نەچەقی و ئاگای لە شارەزایی و بیردۆزە تازەکانی فێرکردن و پەروەردەی تازە هەبێت .. بە تایبەتیش لە بواری پیشەکەی خۆیدا، کە کارە سەرەکییەکەی فێرکردن و پەروەردەکردنە .. بۆیە پێویستە ئاستی خوێندنی مامۆستایان بەرزتربکرێتەوە، لە ئاستی ( پەیمانگاوە ) بگۆڕێت بۆ ئاستی ( زانکۆ) پێویستە مامۆستایانی قۆناغی بنەڕەتیش دەرچووی زانکۆکان بێت و، بڕوانامەی بەکەلۆریۆسیان هەبێت .. ساڵانەش کۆرسی تایبەتی راهێنانیان و شارەزایی تازە بۆ مامۆستایان بکرێتەوە، بە تایبەتیش بۆ مامۆستایانی تازەی کەم ئەزموون و، کەم شارەزای بواری پەروەردە و، رێبازە سەرکەوتووەکانی فێرکردنی بابەتەکانی وانەکان .. بۆ ئەوەی کادیرانی پەروەردە و فێرکردنی بە توانا پێ بگەیەنن .. کە لەگەڵ پێشکەوتن و داهێنانەکانی ئەم سەردەمەدا دەربەرن ودانەمێنن .. لە ئاستی بە دیهێنانی پێویستی و هیوا و ئامەنجەکانی ئەمڕۆ و، داهاتوودای گەلەکەمان بن .
لە ئەمڕۆدا، رادەی پێشکەوتنی نەتەوەکان و کۆمەڵگاکان، بەوە دەپێورێت، کە تا چەند ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایانە، بایەخیان بە پێشکەوتن و بە یاسا و، بە پەیڕە و پروگرامی پێشکەوتووی پەروەردەی منداڵانیان داون .. تا لەگەڵ گۆڕانکاری و تازەگەرییەکان و داهێنانەکان و گۆڕانکارییەکانی سەردەمدا بگونجێن .. ( جوبـران خەلـیل جوبـران ) دەڵێت : " نیشتمان لەسەر ئەستۆی سێ کەسدا بنیات دەنرێت : جووتیارێک خواردنی دەداتێت .. سەربازێک دەیپارێزێت .. مامۆستایەکیش پەروەردەی دەکات "
لێرەدا ئەرک و رۆڵی کاریگەری مامۆستایانی ( باخچەی ساوایان ) لەبەرچاو دەگرين، کە بە تایبەتی بە خوشکان سپێرراون و، بە ( دادەکـان ) ناودەبرێن، هۆی پێ سپاردنی ئەم ئەرکە پیرۆزەش بە خوشکان .. لەبەر ئەوەیە کە ئەوان شایستەی ئەم ئەرکەن، چونکە بە سۆز و دڵ نەرم و نەرم ونیان و میهرەبانن .. لێو بەخەندە و رووگەشن .. زمان شیرینن .. کە لە لای پیاوان ئەم تایبەتمەدیانە بەو رادەیە نین .. دادەکان، تا رادەیەکی باش دەتوانن جێی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی دایکان بگرنەوە .. بێگومان تەمەنی قۆناغی ( باخچەی ساوایان ) گرنگترین و هەستیارترین قۆناغە لە ژیانی منداڵییەتیدا .. کە بەشی هەرە زۆری خەسڵەتەکانی کەسێتی مرۆڤ لەم قۆناغەدا دروست دەبن .. بۆیە ئەم قۆناغە، بە قۆناغی دروستبوونی کەسێتی مرۆڤ ناوزەند دەکرێت ..ئەو مامۆستا و دادانەی کە لە ( باخچەکانی ساویان )ی زۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکاندا، ئەرکی پەروەردەکردنی منداڵانیان پێ دەسپێرن، لە ئاستێکی بەرزی زانیاری و شارەزایی و رۆشنبیری و پەروەردەیی و سۆزداری و ئەکادیمیدان .
وەکو پێوەر بۆ هەڵبژاردنی ( دادەکـان ) ی باخچەکانی ساوایان، کۆمەڵێک خەسڵەت و تایبەتمەندی کەسێتی و، ئاستی پەروەردەیی و زانستی و رۆشنبیری هەن، کە پێویستن لە دادەکان و لە مامۆستایانی باخچەکانی ساوایاندا هەبن، چونکە دادەکان بە شێوەیەکی سەرکی بەشداری خێزان دەکەن، لە دانانی بناغەی دەروونی و زانستی مرۆڤدا .. کە منداڵانی ئەمڕۆمانن و .. هیوای داهاتووی گەلەکەمانن .
رۆڵی ( دادەکان ) تەنها فێرکردن و، گەیاندنی زانست و زانیاری نییە بە منداڵان، بە شێوەی تەڵقین ئاسایی، بەڵکو رۆڵێکی زۆر هەستیار و گرنگیان لە ئەستۆدایە .. بەر لە هەموو شتێک، پێویستە بە سۆز و خۆشەویستییەکی راستی دایکانەوە، رەفتار لە گەڵ منداڵانی باخچەکەیدا بکەن .. چونکە ئەو منداڵانە لە قۆناغێکی هەستیاری ژیانیاندا، دایکیان و ماڵییان بە جێ دەهێڵن .. هەروەها پێویستە دادەکان رۆڵێکی سەرەکییان لە کاری پەروەردەییدا هەبێت .. چونکە ئەوان لەگەڵ منداڵاندا تێکەڵ دەبن و، ئەرک و کاری سەرەکیشیان پەروەردەکردنی دروست و فێرکردن و ئاراستەکردنی راستە .. منداڵانیش چاو لە کارەکان و لە رەفتارەکان و لە هەڵس و کەوتەکانی ئەوان دەکەن .. کاریگەری و رەنگدانەوەیان لە ژیانی ئەمڕۆ و لە داهاتوویاندا دەبێت .
دادەکان دەتوانن، توانا و بەهرە و ئارەزوو و حەزی منداڵانی باخچەکەیان دیاری بکەن و .. توانا و بەهرە و ئارەزووەکانیان بقۆزنەوە و، بە راستی پەروەردەیان بکەن و، بە جوانیش ئاراستەیان بکەن .. هاندەریان بن بۆ گەشەکردنی بەهرە و تواناکانیان .
مامۆستا دڵسۆزەکان، دادە خۆشەویستەکان .. منداڵان ئەمانەتێکی زۆر گەورەن و، بە ئێوە سپێرراون .. چارەنووسیان لە ئەستۆی ئێوەدایە .. هەرگیز نابێت پشتگۆیان بخەن .. بەڵکو بە ئەوپەڕی خۆشەویستی و دڵسۆزییەوە پەروەردەیان بکەن، بە زانست و زانیاری هەمەڕەنگەی بەسوود، زاخاوی بیر و هۆشیان بدەن .. بە تایبەتیش لەم سەردەمە چارەنووسازەی گەلەکەماندا، کە لە گەلێ لاوە دوژمنانی کورد و کوردستان، پیسترین و گڵاوترین پیلان لە دژی هیوا و خواستەکانی گەلەکەمان دەگێڕن و، هەڕەشە لە داهاتووی کورد و کوردستان دەکەن .. بەڵام گەشبین و دڵنیاین، کە سەرکەوتن بۆ ئێمەی کوردی خۆڕاگر و کۆڵندەر دەبێت .. مامۆستایان، دادەکان، ئەی پێشمەرگە دلێر و دڵسۆزەکانی گۆڕەپانی پەروەردە و فێرکردن .. ئێوەن ئایندی کورد و کوردستان دیاری دەکەن .. بڕوا و هیوامان پێتانە، کە ئێوەی دڵسۆز، هەرگیز درێغی ناکەن و .. بە ئەوپەڕی تواناتانەوە هەوڵدەدەن .. بۆ هێنانەدی ئامانجەکانی پەیامە پیرۆزەکەتان .